ئاوەز (عەقڵ) و گومان: یان گومانی سەربەست وەک بەردی بناغەی ئاوەزی داهێنەر

 د. ئاسۆس محەمەد مەلا قادر


گومانی سەربەست ڕەچەشکێنی لە بێژنگدانی ئەو هزر و بیرۆکە گوماناویانەیە، کە شیان و نەشیانیان

هێشتا لە ڕوانگەی ڕاستەقینەی بابەتیانەوە نەسەلمێندراوە. ئاستی سەربەستی و بیرتیژی خودی کەسەکە بەردی بناغەی تەتڵەکردن و هەڵاوێرەکردنی گومانە شیاو نەشیاوەکانن. واتا مرۆڤ دەبێت ئەوەندە بوار بە خۆی بدات، کە هیچ بڕیارێکی پێشوەختە نەدات بەر لە هەڵسەنگاندنی هەموو ئەگەرە شیاوەکان لەسەر بنەمای پێوەر و پێوانەی ئاوەز (عقل).

ئاوەز (عقل) چەمکێکە هیچ مرۆڤێک نیە نەیبیستبێت. ئاوەز بە واتا وشەییەکەی بریتیە لە توانای گیانی مرۆڤ لەسەر ئاستی پەیبردن و تێگەیشتن و داڕشتنەوەی ڕیزبەندی شتە پەیوەندیدارەکان لەسەر بنەمایەکی ژیربێژی. هەر لە سۆمەرییەکانە تا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان  ئەم چەمکانە جێگەی مشت و مڕو لێکدانەوەی دانا و زانایان بوونە. تەنانەت گلگامێش ( ٢٦٥٠ ب.ز.)، کە فەرمانڕانی بنەماڵەی یەکەمی ئوروک بووە و سێیەکی ئەم فەرمانڕانە خودابووە، ئامۆژگارییەکانی لە خوداوەندەکان وەرگرتووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕێنوێنی و ئامۆژگاری خوداوەندەکان سەرکەشییەکانی بە ئەزمون تاقی دەکاتەوە. هەر بۆیەش خشتەی یەکەمی داستانی گلگامێش دەڵێ: “ئەوەی کە قوڵایی و بینی و بناغەی زەوی بینی، ئەوەی کە شتە پەنهان و شاراوەکانی بینی و ئەوەی وشیاری لەبارەی هەموو شتێکەوە هەیە…”. دەبینین گلگامیش سود لە ئامۆژگاری خوداوەند و ئەزمونی ژیانی وەردەگرێت. گلگامیش لێرەدا تەنها نموونەیەکی هەرە کۆنە لە هەوڵی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە ئامۆژگاری هێزی دانا و تێگەیشت و تێکهەلکێشانیان لەگەڵ ئەزموون و بەسەرهاتدا. جا بۆیە ئامانجمان لە نووسینی ئەم کورتە بابەتە شەن و کەوکردنێکی زانستیانەی مێژووی چەمکی ئاوەز و تێگەیشتن و وشیاری نیە، بەڵکو ئەوەی هزری ئێمە سەرقاڵ دەکات بریتیە لە کردنەوەی گرێ کوێرەیەک. ئەویش ئەو پرسیارەیە ئایا چەمکە ڕەها و نابەرجەستەکان تا چەند و بەچ شێوەیەک خۆیان لە هەڵس و کەوت و کرداری بەرجەدستەدا ڕەنگ دەدەنەوە. هەر لەم سۆنگەیەشەوە کاتێک دەستم بە نووسینی ئەم بابەتە کرد پرسیارێکی پڕ لە گومان و وروژێنەر لە مێشکمدا سەری هەڵدا، ئەویش ئەوەیە ئایا بابەتەکە و هەوڵدانی کردنەوەی ئەم گرێ کوێرەیە هەر لە بنەڕەتدا لەوانەیە کارێکی نا ئاوەزییانە (نا عەقڵانی) بێت. هەر لەسەرەتاوە گومانی ئەوەم هەبوو نەتوانم وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە و وەڵامێکی گونجاو بدۆزمەوە، چونکە کورد دەڵێ: “چۆلەکە خۆی چی و گۆشتاوی چی”، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دڵم خورپەی دەکرد و دنەی دەدام، کە لەوانەیە دەست بەرداربوونی گەڕان بە دوای وەڵامی پرسیارەکەدا بە هامان شێوە نا ئاوەزیانە (نا عەقڵانی) بێت و گومانم هەبوو ئەم پەندە کوردیەم بەسەردا جێ بەجێ ببێت، کە دەڵێ: “ڕێوی دەمی نە دەگەیشتە ترێ دەیگوت نایخۆم ترشە”. ئینجا هەر بەدەردی کورد دەڵێ”: “ڕێویەکی جوڵا و لە شێرێکی خەوتوو باشترە”. بۆیە منیش بڕیارم دا شەن و کەوێكی ئەو گومان و پرسیارانە  بکەم: ئایا ئاوەز لەڕووی کردارییەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر جێ بەجێ دەکرێت بۆچی بەم هەموو جۆر و ئاستە جیاوازانە جێ بەجێ دەکرێت؟ ئایا بۆچی تێگەشتن لەم چەمکە ئەوەندە بە جۆراوجۆری پیادە دەکرێت؟ بە مەبەستی ئاسانکردن و گەیشتن بە وەڵامەکان لێرەدا بەردی بناخەی وەڵامەکان بە بەردی گومان دەست پێدەکەم. مەبەستم لە گومان ئەو گومانە نیە، کە بەرەو دڕدۆنگی و خولانەوە لە ناو گێژاوی بەدگومانی و سەرلێشێوان و بوختانمان دەبات و بەشێوەیەکی نا وشیارانە بەرەو هەڵدێرمان دەبات … بە پێچەوانەوە گومان بە واتا ئاوەزگەراییەکەی ڕێگەی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ئاوەز لەبواری کرداری و پیادەکردنیدا خۆش دەکات. بەڵام ئایا جیاوازی لە نێوان ئاوەز بەواتا نموونەییەکەی و “پەتی و ڕەبەق” و ئاوەز بەو شێوەیەی هەریەکە لە تاکەکان لەسەر بنەمای گومان جێ بەجێی دەکەن چیە؟ بیگومان چەند خاڵیکێ هاوبەش لە نێوان هەر دوو ئاستەکەدا هەیە.

ئاوەز بۆیە پێویستە تاوەکو لە هەڵس و کەوت و کردار و ڕەفتاردا ڕەنگ بداتەوە.ئینجا ئەگەر هاتوو نەیتوانی لەکردار و ڕەفتاردا رەنگبداتەوە، ئەوا تەنها وەک هزر و بیرۆکە دەمێنێتەوە و کورد گوتەنی مرۆڤ لەم بارەدا دەبێتە کەسێکی قسە دروست و هیچ لەبارادا نەبوو. بیرۆکەکانیش تەنها وەک بیرۆکە دەمێننەوە. لە هەمان کاتیشدا ئەم هزر و بیرۆکانە لای ئەو ئاوەزەی ئەم هزر و بیرۆکانە گەلاڵە دەکات تەنها وەک گومان دەمێننەوە و بەرجەستە نابن. چونکە ئەگەر ئەم هزر و بیرۆکانە شیاوی جێبەجێکردن بن، ئەوا خۆیان لە هەڵس و کەوت و کردار و گفتاردا دەردەخەن و بەرجەستە دەبن و خۆیان لە قاوخی هزر و بیرۆکە دەرباز دەکەن. ئەمەش یەکێکە لەو پاساوانەی هەمیشە وەک پارسەنگێک لە نێوان هەر دوو تای تەرازوی ئاوەزی کرداری و نا کرداریدا دەستا و دەستی پێدەکرێت. لە ڕاستیدا ئاوەز سەربەستە بە چ شێوەیەک ئەم هزر و بیرانە دەخاتە بواری جێ بەجێ کردنەوە، بەڵام هەرگیز لەوەدا سەربەست نیە ئاستی تێگەیشتن و زیرەکی و داڕشتنی قاڵبی ژیربێژیانەی واتا و شتەکان بە ئارەزوی خۆی فراوان بکات، چونکە ئەمەیان وابەستەی چەندین هۆکاری دیکەیە. هەر ئەمەشە وا لە ئاوەز دەکات گومان لەم جۆرە چەمکانە بکات و خۆی بەرەو دەربازبوون لەم دژیەکە هەڵدەکوتێ. لەسەروبەندی هەوڵدان بۆ خۆ دەربازکردن لەم دژیەکە پێویستە ئاگاداری تەڵەی نا ئاوازیانیەی بیرتەسکانە بین. لەو قۆناخەدا کە هێشتا کێشی تای تەرازوی نێوان گۆمان و ڕاستی یەکلایی نەبۆتەوە، پێویستە دڕنە لەو پاساونە دا نەگیرین، کە ڕیزبەندی پەیوەندی لێکدانەوەی هۆکارەکان بە ئاقاری سەپاندنی ڕەمەک و ئارەزووەکاندا دەبەن. پێویستە لەم قۆناغەدا دڕنە لە چەمکەکانی وەک “هەر دەبێت، بێ چەندوچۆن و بێ سێ و دوو” دا نەگرین و نابێت لەسەر ئەم جۆرە هەڵوێستە ڕشتبین. کاتێک ئاوەز لەبارەی چەند چەمکێکی وەک سەربەستی و دادپەروەری دەکەوێتە گومان و ناتوانێت لە ڕوانگەیەکی بابەتیانەوە گەڵاڵەیان بکات و بیانخاتە بواری جێ بەجێکردنەوە، ئەو کاتە هزر دەگاتە ئەو ئاستەی بڵێ ئەم چەمکانەی سەرەوە چەمکی نەشیاون. کورد گوتەنی هەر تەنها قسەن. لەم سەروبەندەدا تێکهەڵکێشانی ئاوەز و گومان و هێشتنەوەی بوار بۆ تەتڵەکردن و هەڵنانی ئەم چەمکانە، ئاوەز لە هەڵدێران دەگێڕنەوە. چونکە چەمکی سەربەستی هەر لە بنەڕەتەوە جێگەی مشت و مڕە، بۆیە پێویستە لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی گومانەکانیشدا سەربەستی ڕەچاوبکرێت و گومان دەم کوت نەکرێت. گومانێکی ژیرانە ڕێگە لە چەمکی سەربەستی و چەمکی دادپەروەری ناگرێت و بڕیاری ڕەها لەسەر نەبوونیان نادات. گومانی ئاوەزگەرایی و ژیرانە بواری بیرکردنەوە بۆ هەموو چەمکە کێشە لەسەرەکان دەهێڵێتەوە و دەرگایان لەسەر داناخات.

لەم نێوانەدا سەرلەبەری توانای ئاوەز بەشێوەیەکی مەند و ژیرانە هەر دوو لایەنی ئاوەز هەڵدەسەنگێنێت، بۆ ئەوەی چەمکە ڕەبەقەکانی وەک سەربەستی و دادپەروەری و ڕاستی و شکۆ و ئابڕو… پیادە و بەر جەستەببن. واتا گومانی ژیرانە ئەم چەمکانە لەسەر بنەمای ئاوەزی نموونەیی و “پەتی/ ڕەبەق”ەوە جارێکی دیکە هەڵدەسەنگێنێت. ئینجا بۆ ئەوەی ئەم چەمکانە لە ناویشیاندا چەمکی سەربەستی و دادپەروەری بە نەشیاوی نەمێننەوە، ئەوا پێویستە لەوە دڵنایبین، کە ئەم چەمکانە لە ڕووی بابەتیەوە ڕاستەقینەن و ئاستی ئەم ڕاستەقینەیەش هەر لە بواری پیادەکردندا دەردەکەوێت. ئەمەش دەبێتە بنەمای یاسا و پەیڕەوێکی سەلمێندراو لە سەر بنەمای ئەو ئاوەزەی شیاوی جێبەجێکردنە. ئینجا ئەم سەربەستیە جارێکی دیکە دەتوانێت ببێتە مایەی داڕشتنی پەێڕەوێک، کە سەر لەنوێ گومانی ئاوەزگەرایی و ژیرانە و ئاوەزی کرداری لەسەر هەڵدەچندرێت و لە هەڵدێری گومانی نا ژیرانە دەمانپارێزن. تاکەکان لە ڕێگەی گومانەوە هۆکاری خودی دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ڕاستی و نا ڕاستی لە یەک جیابکەنەوە. ئەم بە ڕاستی دانانە خودیەش بریتیە لە ڕەنگدانەوەی ئاوەز لە بواری جێبەجێکردندا.

ئاوەزی مرۆڤ هەرگیز تووشی گیروگرفتی گومان نەدەبوو، ئەگەر پێداویستیە خودییەکانی تەنگیان پێ هەڵنچنیبایە، بۆ ئەوەی ئەو گرێ  کوێرانە بکاتەوە کە ئاڵۆزن و ناتوانێت دەستبەرداری بیر لێ نەکردنەوەیان ببێت. ئەم ئەرکە ئاڵۆزانە ئاوەزی مرۆڤ وەک دەنکە گەنمەکان دەخەنە نێوان دوو بەرداش و ئاوەزی مرۆڤیش ناچارە لە ڕێگەی گومانەوە ئەم هەوڵی کردنەوەی ئەم گرێ  کوێرە ئاڵۆزانە بدات. گومان لێرەدا دەبێتە تاکە كڵاو ڕۆژنە، کە ئاوەز لە ڕێگەیەوە دەیەوێت ئەم چەمکە ڕەهایانە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. گومان بەردی بناغەی کردار و ڕەفتارە. گومان هەم بە لایەنە ژیرییەکەی، کە بەرە و تێگەیشتن و ئاوەزگاریمان دەبات، کردار و ڕەفتارە و هەم بە لایەنە خراپەکەی، کە بریتە لە گومانی خراپ و بوختان و قسە هەڵبەستن، هەر کردار و ڕەفتارە. لەباری دوەمدا گومان هیچ یاسایەکی ژیر و ئاوەزگەرایی تێدا نیە و لەگەڵ چەمکەکانی سەربەستی و ڕەوشتدا دژیەکیەکی تەواویان هەیە.

لە باری دووەمدا گومان ئاستی ژیری و لێهاتوویی کرداریانە و توانای بڕکردنی ئاوەز لە پێوانە دەدات و دەری دەخات، ئاخۆ ئاوەز تا چەند کردارە و تا چەند هەر چەمکە. خودی گومان پڕە لە کەم کورتی و تەنانەت پڕ بە پێستی چەمکی گومانیش نیە. بۆ ئەوەی لە ئاستی توانای جێبەجێکردنی ئاوەز و ژیری تێبگەین دەبێت لەگەڵ گوماندا تێکیان هەڵبکێشین و لە ئاکار و ڕەفتار و کردەوەدا تاقیان بکەینەوە. ئینجا بۆ ئەوەی زانیارییەکان بەرهەمی یاسایەکی سەلمێندراو بن، ئەوا پێویستە گومان بە ڕێزەوە سەیری بکرێت و جێبەجێنەبوونی ئاوەز واتای ئەوەیە ئەم ئاوەزە لە جێگە و شوێنی خۆیدا بە کار ناهێندرێت. کەواتە گومان بە لایەنە ژیرییەکەی دەبێتە هۆی گەیشتن بە ئاستی دانایی.

مەرجی سەرەکی تاقیکردنەوەی گومان بریتیە لە سەربەستی ئەگەرە شیاوەکانی خودی گومانەکە. واتا پێویستە ئەوەندە بوار بە گومانەکە بدرێت، کە هەموو ئەگەرە شیاوەکانی جێبەجێکتدنی لە ڕووی ژیربێژییەوە ڕەچاو بکرێن بەبێ ئەوەی پێشتر بڕیار لەسەر “نەشیاوی” و یان بڕیار لەسەر ئەوەی “هەر دەبێت وابێت بدرێت”. ئاوەز لەم سەروبەندەدا بوار بە توانای تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی گومانەکە دەدات و هەڵگێڕ و وەرگێر بە هەموو ئەو ئەگەرە شیاوانە دەکات، کە دەشێ ببنە هەڵس و کەوت و گفتار و ڕەفتاری کرداری. ئەمەش خۆی لەخۆیدا لە بێژنگدان و شەن و کەوکردنی گومانە شیا و نەشیاوەکانە. ئەو گومانانەی هێشتا لە جیهانی ڕاستەقینەدا لە ڕووی بابەتیەوە نەتواندراوە ئاستی بەرجەستەبوونیان بسەلمێندرێت، پێویستیان بە سەربەستیەکی تەواوی ژیرانە هەیە تاوەکو سەرلەبەری ئاستی شیان و نەشیانی بەرجەستەبوونی راستەقینەیان بسەلمێندرێت. ئینجا چ بەرجەستەبوون و سەلماندنی بوونی بابەتیانە و ڕاستەقینەیی گومانەکە و ڕەنگدانەوەی لە سەر ئاستی کردار و ڕەفتاردا چ سەلماندنی نەشیاوی گومانەکە و خاڵی بوونەوەی لە بیرۆکەیەکی نەشیاودا هەر ئاستی ئاوەز لە ڕوانگەی کردارییەوە ڕەنگدەدەنەوە. ئەمەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوزە، بۆیە زۆر گرنگە ئەو کەسانەی ئاستی بڕکردنی ئاوەز و ژیریان لە ڕوی کردارییەوە فراوانترە ڕێنوێنی ئەو کەسانە بکەن، کە ناتوانن گومانەکانیان لەسەر بنەمایەکی ئاوەز گەرایی و ژیربێژیانەوە شەن و کەو بکەن و شیاوی و نەشیاوی گومانەکانیان لە بێژنگبدەن و بوونی ڕاستەقینەی بابەتیانەی گومانەکانیان لە ڕوی کردار و رەفتارەوە بەرجەستە بکەن.