کورد تورکی کوێر کردووه‌

ناسر حەفید


ده‌سته‌ڵاتی تورکیا بایی ئه‌وه‌نده‌ ناتوانێت له‌ خه‌و هه‌ستێت که‌ ئه‌وروپا بیکات به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌کێتییه‌که‌یدا. ئه‌رکێکی نیشتیمانییه‌ بۆ تورک که‌ خۆی له ‌به‌رده‌می ئاوێنه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپییدا را بگرێت. پرسیار له‌ خۆی بکات: ئێمه‌ کێین که‌وا نه‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی بتوانین له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تری ئه‌وروپادا له‌ ماڵێکدا بژین و به‌ زمانێکی ئینسانیی قسه‌ بکه‌ین له‌ یه‌کتریی تێ بگه‌ین؟
تورک ئه‌م توانایه‌ له‌ کوێوه‌ بهێنێت که‌ دان به‌م راستییه‌ تاڵه‌ی خۆیدا بنێت؟ تورک ئه‌م بوێرییه‌‌ چۆن په‌یدا بکات که‌ به‌یانییه‌ک له‌ خه‌و هه‌ستێت خۆی بگۆڕێت؟ تورکیا که‌ی ئه‌بێت به‌ تورکیای ئیسمائیل بێشکچی؟
تورک له‌به‌ر ئه‌وه‌ مافی مرۆڤ پێشێل ناکات چونکه‌ خاوه‌نی سوپا و یاسای شمشێره‌. به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆحی تورک گیروده‌ی جه‌هله‌. تورک هێشتا له‌ سه‌ده‌کانی به‌ردینه‌وه‌ خه‌به‌ری نه‌بۆته‌وه‌. ده‌سته‌ڵاتی تورکیا وا ده‌زانێت هێز ئه‌وه‌یه‌ که‌ سوپاکه‌ی بتوانێت چیاکانی کوردستان داگیر بکات. سه‌ربازه‌کانی سه‌ری بڕراوی کورد به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرن. تورکیا له‌وه‌ تێ نه‌ گه‌یشتووه‌ ئیراده‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزت هه‌بێت بۆ پێشێلکاریی به‌ڵام موراڵی ئه‌وه‌ت هه‌بێت به‌ کاری نه‌هێنیت. شانازیی سه‌ربازه‌کانی تورک ئه‌وه‌یه‌ که‌ قاچه‌ له‌پۆستاڵگیراوه‌کانیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر سنگی جەنگاوەرە ‌کوژراوه‌کانی کورد. تورکیا هێشتا له‌سه‌ر ئه‌م چه‌رخه‌ خه‌به‌ری نه‌ بۆته‌وه‌ ئه‌م شانازییه‌ی ببینیت چه‌ند شه‌رمه‌زارییه‌. ناحەزه‌کانی تورکیا چاویان له‌ تاوانه‌کانی ده‌وڵه‌ت ده‌نوقێنن. ده‌یانه‌وێت تورکیا هه‌ر له‌ جێگه‌دا بێ و له‌ جه‌هلی خۆیدا بڕزێت.
هه‌ر جارێک حکومه‌تی تورکیا مافێک ئه‌دات به‌ کورد مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی‌ شه‌رمه‌زار ده‌کات. هه‌واڵێک دێت په‌ڕله‌مان یاسایه‌‌ک لا ئه‌دات. یاسایەک کە هه‌ر کوردێک وشه‌ی کوردیی به ‌کاربهێنێت سزای ئه‌دات. مرۆڤ له‌وپه‌ڕی دنیا دائه‌چڵه‌کێ و ده‌پرسێت: بۆ یاساو دەوڵەتی ئاوا ماوه‌ له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌که‌مان؟
ئه‌مانه‌ ماف نین ده‌سته‌ڵات ئه‌یاندات به‌ کورد. ئه‌وه‌ تورکیایه‌ هه‌موو جارێک جه‌هلی خۆی ده‌ر ده‌خات.
ده‌وڵه‌تی سوید له‌و په‌ڕی دنیا ده‌رفه‌ت ئه‌دات به‌ منداڵه‌ کورد له‌ قوتابخانه‌کانیدا زمانه‌که‌ی خۆیان بخوێننن. ئه‌مه‌ درۆی نیسان نییه‌. حکومه‌تی تورکیی به ‌ره‌سمیی ناڕه‌زایی دژی حکومه‌تی سویدیی ده‌ر ده‌بڕێت. سویدییه‌کان له‌ زمانی باڵنده‌ و ئاژه‌ڵ، رووه‌ک و ماسی تێ ده‌گه‌ن. به‌ڵام سه‌ریان ده‌ئاوسێ و به‌ وشه‌ی سویدییش له‌م زمانه‌ تورکییه‌ تێ ناگه‌ن. ئاخر زمان هه‌ر وشه‌ نییه‌.
تورک دان به‌ بوونی کورددا نانێت. کورد به‌ تورکیی نه‌بێت ناتوانێت به‌ چاوی تورکدا ره‌ت ببێت. کورد تورکی کوێر کردووه‌. تورک به‌م چاوه‌ کوێره‌وه‌ ته‌ماشای دنیاش ده‌کات.
هۆ قارداش! سوید وڵاتێکی تره‌. نه‌ته‌وه‌یه‌کی تری لێ ده‌ژی. که‌وتۆته‌ ئه‌و په‌ڕی تۆپی زه‌وییه‌وه‌. نه ‌که‌وتۆته‌ ناو تورکیاوه‌. هه‌ر کاتێک لافاو سویدی راپێچ کرد بۆ ناو تورکیا ئه‌وسا مه‌یه‌ڵه‌ له‌ قوتابخانه‌کانیدا منداڵه‌ کورد به‌ زمانی دایکیان قسه‌ بکه‌ن! ئه‌رێ تورکیا ئه‌مه‌ زه‌وقه‌ یان نه‌خۆشیی؟
کێ له‌ جیاتی ده‌وڵه‌تێک ته‌ریق ده‌بێته‌وه‌ با له ‌ناو پۆستاڵێکدا گوڵێک بڕوێنێت بۆ سه‌بوریی!
کورد چاوی تورکی کوێر کردووه‌. تورک به‌م چاوه‌ کوێره‌وه‌ منداڵه‌کانیشی به‌ خێو ده‌کات. دایکێکی تورک له‌ وڵاتی سوید ته‌له‌فون هه‌ڵ ده‌گرێت بۆ قوتابخانه‌ی منداڵه‌که‌ی:
“هه‌لاو! منداڵه‌که‌م نایته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌. به‌ وانه‌کانی ئێوه‌ نه‌خۆش که‌وتووه‌. ئێوه‌ له‌ ده‌رسدا باسی کوردتان کردووه‌. منداڵه‌که‌ی من به‌م باسه‌ تای به‌رز ده‌بێته‌وه‌.”
ئێ دایکم باشتر نییه‌ ته‌له‌فون بکه‌یت بۆ خوداوه‌ند؟ لێی بپرسیت بۆچی دنیای وا خواروخێچ دروست کردووه‌ تۆ سه‌رت پێی بیه‌شێت؟ ئه‌رێ قارداش تۆ به‌ راستیی وایت یان حه‌نه‌ک ده‌که‌یت؟
قارداش! بۆچی چاوه‌ڕێی قه‌ڕنێکی تر ده‌که‌یت چاوه‌کانتی تێدا بکه‌یته‌وه‌؟ له‌ جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا روخایت. له‌و رۆژه‌وه‌ چاوت به‌ دنیادا هه‌ڵ نایه‌ت. هه‌تا چاوت نه‌که‌یته‌وه‌ ته‌مه‌نی روخانت هه‌ر درێژتر ده‌بێته‌وه‌.
قارداش چۆن قه‌ده‌غه‌ی ده‌که‌یت چۆله‌که‌کانی کوردستان به‌ کوردیی بجریوێنن؟ ده‌نوکی که‌وی چیاکان چۆن ده‌به‌ستیت نه‌قاسپێنن؟ چۆن به‌رخۆله‌کان فێر ده‌که‌یت به‌ تورکیی بباعێنن؟ قارداش مه‌ترسه‌ مانگاکان له‌ کوردستان به‌ تورکیی نابۆڕێنن! که‌ڵه‌شێر به‌یانیان به‌ تورکیی بانگ نادات! مه‌ترسه‌ کورده‌کان له‌ زێدی خۆیاندا به‌ کوردیی بئاخڤن!
قارداش! هه‌زار ساڵی تریش چاوت دا بخه‌یت هه‌موو ئاژه‌ڵێک یه‌ک دڵی هه‌یه‌. دو سی هه‌یه‌. دو چاوی هه‌یه‌. دو گوێی هه‌یه‌. سه‌گ، من، کونده‌په‌پوو، تۆ، به‌راز، که‌ر، تاوس، مشک و حوشتر. تۆ هه‌ر ترست له‌ ئێمه‌ زیاتره‌. تۆ هه‌ر رقت له‌ هه‌موومان زۆرتره‌. تۆ هه‌ر جه‌هلت هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ نیمانه‌.
قارداش پۆستاڵه‌کانت له‌ کوردستان دا بکه‌نه‌ و گوڵیان تیا بڕوێنه‌. ده‌بابه‌کانت مه‌به‌ره‌وه‌ با مریشک هێلکه‌یان تێدا بکه‌ن.
قارداش چاوت بکه‌ره‌وه‌! ئه‌وروپا بووه‌ به‌ ماڵێکی گه‌وره‌. تۆ قوڕتومی کوردت گرتووه‌ ناوێریت به‌ری بده‌یت. وا ده‌زانیت ده‌ستی لێ به‌ر بده‌یت ده‌خنکێیت. نازانیت ئازاد ده‌بیت. وه‌کو منداڵێکی گڕۆز هێشتا گه‌وره‌ نه ‌بوویت ده‌ست بۆ ماڵی خه‌ڵک نه‌به‌یت. تۆ ته‌نها له‌ خاکی خۆتدا جوانیت. ئەگینا لە خاکی زەوتکراوی خەڵکی دیدا قێزەوەندیت.
قارداش! ئه‌م هه‌موو به‌ها جوانه‌ت هه‌یه‌. ئه‌م هه‌موو مرۆڤه‌ میهره‌بانه‌ت هه‌یه‌. ئه‌م هه‌موو هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌ت هه‌یه‌. بۆچی هه‌مووی بۆ رقبوونه‌وه‌ی دڵه‌ برینداره‌که‌ت سه‌رف ده‌که‌یت. بۆچی باخچه‌یه‌کیان لێ دروست ناکه‌یت هه‌موومان له‌ سێبه‌ره‌کانیدا دا بنیشین.
ئه‌م جه‌هله‌ ئه‌ژدیهایه‌ به‌ تۆپ و ته‌یاره‌ له‌ناو ناچێت. ئه‌م ئه‌ژدیهایه‌ ترس و تارکییه‌. چاوه‌کانت بکه‌ره‌وه‌ هیچ له‌ناو به‌رگی جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی رقدا نامێنێت. پڕ ده‌بنه‌وه‌ له‌ ئاسمان و ره‌نگی ده‌ریا، له‌ خۆشه‌ویستیی.
قارداش به‌ میوانیی وه‌ره‌ بۆ قه‌ندیل با لاوه‌کانی په‌که‌که‌ چایه‌کت بۆ لێ بنێن. که‌یبانۆیه‌ک له‌ گوندێکی بناردا نانێکی گه‌رمت بداتێ به‌ ماسته‌وه‌. قارداش ئه‌وه‌ تۆ خه‌ریکی چیت؟ قارداش وه‌ره‌ با توند باوه‌شت پیا بکه‌م. ئه‌و سه‌هۆڵه‌ ره‌قه‌ی ناو سنگی تۆ به‌م دڵه‌ گه‌رمه‌ی من نه‌بێت ناتوێته‌وه‌.
قارداش وه‌ره‌ تۆ سمێلی راستت بتاشه‌! منیش سمێڵی چه‌پم. به‌وه‌ی له‌ هه‌ردوکمان ده‌مێنێته‌وه‌ سمێڵێکی تیا ده‌بێت پێی له‌ ئینسان بچین.
قارداش هه‌موو سوپای دنیا بهێنیته‌ سه‌رم. ئه‌و که‌سه‌ی یه‌کێکی تری دا بێت به‌ زه‌ویدا، خۆشی به‌ پێوه‌ نییه‌.


ناسر حه‌فید


٢٠١٣/١١/١٦