هێرشی ئێران بۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵات

سەردار ئەزیز

🔴


بۆ یەکەمجار ئێران وادەی ۲۲ی مانگی ئەیلولی داناوە بۆ داخستنی بارەگاکانی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لەباشور. لە هەمانکاتدا ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، لە گەڵ حکومەتی عێراقدا ڕێکەوتەوە. ڕێکەوتنەکە لە چەند خاڵێکی سەرەکی پێکدێت کە هەمووی پەیوەستە بە کوردستانەوە، نوێنەراتی هەرێم تیایدا بەشدارن، بەڵام لایەنی سەرەکی نین. ئەم جۆرە مامەڵەیە دەرخەری کۆمەڵێک لە خەسڵەتی نوێیە لە پەیوەندی ئێران و عێراق و کوردستاندا.
وەک لێکۆڵەری ئێرانی حەمیدڕەزا عەزیزی لەخانەی بیری کلینگەدێل پێی گوتم، ئێران کێشە دروستدەکات‌و عێراق دەکاتە بەڕێوبەری، مەبەستی ئێران لەمڕوەوە زیاترکردنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە لەهەرێم، بەتایبەتی لەبوارەکانی ئاسایش و پاراستنی سنوردا.
لەکاتێکدا کە ئەم حکومەتەی عێراق بۆ ئێران وەک دەرفەتێکە چونکە یەکەمجارە حکومەتێک هەیە کە بەتەواوی سەر بە ئێرانە. ئەو کەسەی لە لایەن عێراقەوە دانراوە بۆ سەرپەرشتی پرسەکە، ڕاوێژکاری ئاسایشی حکومەتی عێراقی قاسم الاعرجییە. قاسم سەر بە جەماعەتی بەدرە، لە ئێران ساڵانێکی زۆر ژیاوە، کاری ئیستخباراتی زۆری لە گەڵ ئێرانییەکاندا کردوە، فارسیزانە و هاودیدی دونیابینی ئێرانە بۆ ناوچەکە.
ئێستا سەرقاڵی کارێکم بە زمانی ئینگلیزی لە سەر ئەم پرسە. لێرەدا دیدی خۆم بە پوختی دەخەمە ڕوو. ڕایەکان لە سەر ئەوە کۆکن، کە ئێران ئەمجارە لە سەر ئەم پرسە زیاتر جیددیە. هەردوو یەکێتی و پارتیش و ئەوانیتریش جەخت لە جیدیی بونی ئێران دەکەنەوە. هۆکاری جیدیی بونی بۆ دۆخی لاوازی کورد دەگەڕێتەوە لە ناو خۆیدا و لەبەرامبەر بەغدادا.
جگە لە دانانی مەوعید بۆ ئەنجامدانی کارەکەی، ئێران ئەمجارە لە ڕێگای بەغداوە زیاتر فشار دەکات. هەندێک هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە حکومەتی ئێستای بەغدا زۆر زیاتر سەر بە ئێرانەو، ئەمەش وەها دەکات کە کارئاسانی بکات بۆ ئێران لەم بوارەدا.
ئەم دۆخە وەها دەکات کە هەندێک فشارەکان وەها ببینن کە بەشێکە لە پرۆسەی زاڵکردنی عێراق بە سەر کوردستاندا. ئەوەی بۆ من جێگای سەرنجە بۆچی ئێران بەم کارانە هەڵدەستێت لە کاتێکدا بە ڕای زۆر لە کەسانی نزیک لە هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان، ئەو هێزانە کاریگەریی و مەترسییان نیە لە سەر ئێران. بۆچی ئێران فشار لە سەر یەکێتی و پارتی دەکەن کە بە باشی ئەم پرسەیان بۆ بەڕێوەبردوە، هەتا ئێستا؟
حەمیدڕەزا پێیوایە، ئەمە بەشێکە لە ئەوەی لای ئێرانییەکان پێی دەوترێت، هەوڵدان بۆ تەوقکردن. ئەم پرسە زۆر ئاڵۆزە، لێرەدا بە کورتی لە سەری دەوەستم، چونکە بەشێکی ئێجگار کاریگەریی داڕشتنی دونیابینی و سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە. پرسی تەوقکردن سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق، لەو کاتەوە ئێرانییەکان و زۆرێک لە شرۆڤەکارانی چەپی ڕۆژئاوایی ئەم چەمکە بەکاردەبەن، گوایە ئەمریکا هەوڵدەدات کە ئێران تەوقبکات.
لە ئێستادا ئەم پرسە زیاتر ئیسرائیل لە پشتیەوە دەبینرێت، بە تایبەتی پاش ڕێکەوتنی ئەبراهام لە نێوان وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیلدا. بەڵام لە ڕاستیدا بۆ من ئەم پرسی تەوقکردنە، زیاتر لە ئەفسانە دەچێت. لەم ڕوانگەیەوە بۆ زیاتر ڕەگی لە چەمکێکی تر یان دونیابینییەکی تری ئێرانییدا هەیە کە مەزڵومیەتە. خۆی چەمکی مەزڵومیەت ڕەگی قوڵی لە دونیابینی شیعەدا هەیە. بەڵام لە پاش کۆماری ئیسلامی چوە ئاستێکی ترەوە. بیرمەندی هیندی ئەمریکی هۆمی بابا، لە پئشەکیەکی کتێبی ئازارچەشتوانی سەر زەویدا، ئەم پەیوەندییە زیاتر دەردەخات. لای بابا، سەحوەی شیعە لە شەستەکان و حەفتاکان بوو بە بنەمای شۆرشی ئیسلامی ئێران، ئەو تێزەی کە خومەینی پەرەی پێدا لە بنەڕەتدا تێزێکی مارکسییە، کە هەروەها لە بزوتنەوەکانی ئازادیخوازی دونیای سێدا بونی هەیە.

ئەوەی کاری بنەڕەتی ئەمەی کرد، عەلی شەریعەتی بوو، کە ئەو ڕۆژگارەی لە پاریس خوێندکاربوو فانۆنی خوێندەوە و پاشان ئازار چەشتوانی سەر زەوی وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی. بە دیدی بیرمەندی فەرەنسی جیل کەپێل شەریعەتی جیاوازی نێوان چەوسێنەر و چەوسێنراوی گۆڕی بۆ چەمکی قورئانی موستەکبەرین و موستەزعەفین. بەمجۆرە تیورەی ململانێی چینەکان بوو بە بەشێک لە خیتابی ئیسلامی.
کورد واتەنی ئەم ڕاوە ڕێویەم بۆیە کرد هەتا پاشخانی چەمکی تەوقدراو و تەوقدان ڕوون بکەمەوە. بەرای من تەوقدان شێوازێکی تری چەمکی مەزڵومیەتە. ئێران لە ئێستادا تەوق نەدراوە، بەڵکو وڵاتانی وەک پاکستان و ئەفغانستان و ئاسیای ناوەند و عێراق جگە لە ئازەربایجان هەموو پەیوەندییان باشە یان باشترە لە پەیوەندییان لە گەڵ ئەمریکادا. وڵاتانی کەنداو، هەوڵی تەوقدانی ئێران نادەن بەڵکو زیاتر لە ئەوە دەترسن ئێران تەوقیان بدات لە غەزە و عێراق و یەمەنەوە. هەروەها وڵاتانی وەک قەتەر، عوممان، یەمەن، پەیوەندییان لە گەڵ ئێراندا هەیە و سعودییەش لە ئاشتیدایە و هەڵکشانی چین پشتیوانی ئێرانی تۆکمەتر کردوە.

بۆیە بانگەشەی تەوقدان دەربڕی ئەو دۆخەیە کە ئێران نایەوێت ڕێگریی لێبکرێت لەوەی کە دەیکات لە ناوچەکە.
بەڵام ڕەهەندێکی باسنەکراو لەم پرسەدا هەیە، ئەویش پرسی تەنگەبەری زەنگەزورە، کە ئێران و ئەمرینیا و ئازەربایجان پێکەوەدەبەستێت. ئەگەر ئازەربایجان بتوانێت دەستی هەبێت بە سەر ئەم تەنگەبەرەدا، ئەوا تورکیا و ئازەربایجان ڕاستەوخۆ پێکەوە گرێدەدرێن، ئێران لە ناوچەکە دادەبڕێت، ئازەربایجان چێگای ئێران دەگرێتەوە بۆ سەرچاوەی وزە بۆ تورکیا.
ئێران لە میانەی پۆلێنکردندا دەچێتە خانەی ئەو وڵاتانەی کە بە خاوەن دەسەڵاتی مامناوەندی دادەنرێن. دەسەڵاتی مامناوەندی، دۆخێکە کە بە ئاسانی ئەوانیتر، بە تایبەتی زلهێزەکان، ناتوانن بیانخەنە نێو پلانەکانیان، بەڵام بە تەنهاش ناتوانن ستراتیژەکانیان فەراهەم بکەن. بۆیە ئێران زیاتر بە دوای دەرفەتدا دەگەڕێت، بۆ سەپاندنی ئامانجەکانی. هەرچەندە ئێران لە ئەدەبیاتیدا خۆی بە وڵاتێکی زلهێز دەبینێت و هەمیشە خۆی بەرابەرێک بۆ زلهێزەکان لە قەڵەم دەدات. ئەم دۆخە بەشێکە لە وەهم و غروری باڵای ئێرانی.
بەڵام ئێستا ئێران زیاتر خەمی ناوخۆی وڵاتیەتی هەتا چەسپاندنی هەژەمۆنیەت. هەڕەشە بۆ سەر پارتەکانی ڕۆژهەڵات زیاتر سیمبولیکە بۆ گەیاندنی پەیام بۆ ناوەوە. بەم پێیە ئێران لەم هەنگاوەیدا چەند ئامانجێک دەپێکێت: یەکەم، سودبینین و بەکاربردنی دەوڵەتی عێراقی، درێژەدان بە سیاسەتی تەوقدان و مۆژەڵەکردنی زیاتری پارتی و یەکێتی، لە میانەی کۆتاییهێنان بە فیدرالیەتی عێراق و بە ناوەندکردنی زیاتری.
بەڵام ئەو ڕەهەندەی کە زیاتر ڕەنگە بۆ ئێرانییەکان جێگای بایەخ بێت، کشانی زیاتری دەسەڵاتی تورکیایە بۆ کوردستان. تورکیا وڵاتێکی تری مامناوەندە و بە دوای ئەجیندای هەرێمی خۆیدا دەگەڕێت. ئێران و تورکیا، دوو وڵاتی خاوەن پاشخانی ئیمپراتۆرین و وەک دوو ناوەند مامەڵە لە گەڵ یەکتردا دەکەن. بەم پێیە هەرگیز ڕاستەوخۆ بەرکەوتن ناکەن لە گەڵ یەکتردا، سنورە ڕاستەوخۆکانیان بە هێمنی دەپارێزن. بەڵام بە پرۆکسی، یان لە ڕێگای هێزی ترەوە، لە جێگای تر ڕکەبەری یەکتر دەکەن. لە هەمانکاتدا زۆرجاریش هاوکاریی و پشتیوانی یەکتر دەکەن، بۆ نمونە زۆرجار ڕویداوە، بە هەماهەنگ هێرشیان کردوەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هێزی کوردی ڕەنگە لە تورکیا و ئێران بە هاوکێشەی دۆست و نەیار مامەڵە بکات، کە جۆرێکە لە ساویلکەیی و کاڵفامی سیاسی، بەڵام ئێران و تورکیا وەک ئامراز بۆ ئیدارەدانی پەراوێز مامەڵە لە گەڵ هێزە کوردییەکاندا دەکەن.
دوا رەهەند کە رەنگە جێگای بایەخ بێت، زلهێزە، کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی و چین دەگرێتەوە. بە پێی زانیارییەکانی من، ئەمریکا پەیوەندییەکی زۆر لاوازی ئاست نزمی لە گەڵ ئۆپۆزسیونی ئێرانیدا هەیە، بەبێ جیاوازیی. لە سەردەمی ئۆبامادا، وەک پەیامێک کە ئەمریکا ئامانجی گۆڕینی ڕژێم نیە، ئەمریکا هەموو دیدارەکانی لە گەڵ ئۆپۆزسیونی ئێرانیدا سڕ کرد، ئەمە لە سەردەمی ترەمپیشدا درێژەی هەبوو. ئێستا دەلاقەیەکی بچوک کراوەتەوە، بەڵام کاریگەری ئەوتۆی نیە. پەیوەندییەکانم لە واشنتۆن و هەولێر پێم دەڵێن کە سەرباری ئەوەی کە ئەمریکا ڕێگا بە لۆبییکردنی هەندێک هێز دەدات، بەڵام بە هیچ جۆرێک بەشێک نیە لە ئەولەویەتی. لایەنە ئۆپۆزسیونەکان زۆر هەوڵی پەیوەندی دەدەن لە گەڵ ناوەندی نێودەوڵەتیدا، بەڵام هەوڵەکانیان بێ دەرئەنجامە.