سوننە و شيعە لە ڕەهەندی جيوپۆلەتيکييەوە

ڕەنج نەوزاد

لە ئێستادا پرسی سوننە و شيعە لە چوارچێوەی جيوپۆلەتيک و دابەشبوونی بەرەکان لە سيستەمی جيهانی و ئيقليمیدا، درووست نييە تەنيا لە ڕوانگەی دينی و مەزهەبييەوە تەماشای بکرێت، بەڵکو زیاتر ڕەهەندێکی جيوپۆلەتيکی ئاڵۆزی هەیە. ئەم هاوکێشە سياسی و جيوپۆلەتيکيانە وایان کردوە کە سوونە و شيعە تەنيا یەک گروپ، یان یەک بەرە نەبن. بەو مانایەیی نە سوونە یەک بەرەیە و نە شيعە، هاوکات نەک هيچ لایەکيان تەنيا لە چوارچێوەی ئيسلامدا قەتيس نەبوونە، بەڵکو لە هەندێک کات و هاوکێشەی سياسيدا، تەنانەت لە چوارچێوەی سوونە یان شيعە وەک مەزهەبيش قەتيس نابن و تێکەڵ دەبن. ئەم پرسە لەسەر ئاستی جيوپۆلەتيک چوارچێوەیەکی زۆر فراوانتری هەیە لە ئاين و مەزهەب.

ئەگەر تەماشایەکی هاوکێشە سياسييەکان و دابەشبوونی بەرەکان بکەين، ئەوا دەردەکەوێت کە بەرەی سوننە لە ناوچەکەدا، سەر بە بەرەیەکی فراوانترە کە ئەمريکای مەسيحی پرۆتستانتی سەرکردایەتی دەکات و ئيسرائيلی جووەکانيش بەشێکە لەم بەرەیە. لە کاتێکدا گروپی سوونەی تر هەن، دژی ئەم بەرەیەن. بۆ نموونە گروپەکانی سەر بە ئيخوانيزم، لە ئیستادا سەر بە بەرەی شيعەن. دەوڵەتێکی وەک قەتەر، لەسەر ئاستی جيهان سەر بە بەرەی ئەمريکایە، کەچی لەسەر ئاستی ناوچەکە، بۆ هەندێک پرس سەر بە بەرەی شيعەیە، بۆ نموونە بۆ پرسی جەنگەکەی غەززە و ململانێکانی لەگەڵ ئيماڕات و سعوودييە لە ساڵانی پێشوو. تورکيا وەک دەوڵەت سەر بە بەرەی ئەمريکا و سوننەیە، بەڵام لەسەردەمی ئەردۆگان، بە تايبەت لەسەر ئاستی گوتار، هەندێک کات نزيکبووەتەوە لە بەرەی دژە سوننە. بە تايبەت لە کاتی بەهاری عەرەبی و پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئيخوانەکان. لە ئێستادا دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ بەرەی سوننە و ئەمريکا. وەک دەردەکەوێت، تەنانەت بەشێک لە سوونەکانيش، لەم ڕەهەندەوە، سەر بە بەرەی سوننە نين.

بە سادەیی بەرەی سوونە لە ناوچەکەدا، سعوودييە و ئيماڕات و بەحرێن و ميسر و ئوردن و ئيسرائيل و تورکيا… لە خۆدەگرێت. لەسەر ئاستی جيهان، لە ڕووی ستراتيژی و جيوپۆلەتيکييەوە، نزيکایەتييان زیاتر لەگەڵ ئەمريکا ئەوروپا و ناتۆ هەیە. واتە بەرەی ئەمريکا، سوونە و ئيسرائيل لەخۆدەگرێت.

لەبەرامبەردا بەرەی شيعە لەناوچەکەدا، تەنيا شيعەکان لە خۆ ناگرێت، بەڵکو گروپی سوونەی وەک حەماس و جيهادی ئيسلامی فەڵەستينیش بەشێکن لەم بەرەیە. قەتەر بۆ کۆمەڵێک پرس سەر بەم بەرەیەیە، بەڵام لە چوارچێوەی گلۆپی سەوزی ئەمريکا. بەشێک لە حيزبە ئيسلامييە سوونەکانی باشووری کوردستان، هەر لەم بەرەیەوە نزيکترن. خودی ئەم بەرەیە لەسەر ئاستی سيستەمی جيهانی، بەشێکە لە بەرەی چينی ئيلحاد و ڕووسيای ئەرسەدۆکس. هاوکات، وڵاتێکی وەک ئازەربيجان کە زۆرينە شيعەن، لەڕووی جيوپۆلەتيکييەوە سەر بە بەرەی سوونە-ئەمريکا-ئيسرائيلە، دژ بە بەرەی شيعەیە.

لەسەر ئەم بنەمایە، لە ڕووی سياسی و واقعييەوە زۆر هەڵەیە ئەگەر ڕەهەندی دينی و مەزهەبی بکرێت بە ڕەهەندی سەرەکی بۆ ڕوانين و تێگەيشتن لەم بەرە و گروپ و سياسەتی دەوڵەتانە. بۆ نموونە لەم جەنگەی غەززە، گروپێکی وەک حەماس و ئيخوانييەکان، دەيانەوێت وای پيشانبدەن کە ئەوە جيهاد و شەڕی مسوڵمانە دژ بە دەوڵەتی زايۆنی. لە کاتێکدا هەر خودی حەماس خۆی بە هاوپەيمانی بەشار ئەسەد و حيزبوڵا و ئێران دەزانێت، کە بە پێی داتا فەرمييەکان، بە هەموو مێژووی ئيسرائيل بە ئەندازەی پانزە ساڵی ئەم بەرەیە مسوڵمانی سوونەی نەکووشتووە و ئاوارەی نەکردوون. هاوکات خودی ئەم بەرەیە لەگەڵ چين و ڕووسيا هاوپەيمانە، کە ئاشکرایە ئەم دوو زلهێزە سياسەت و ڕەفتاريان چۆنە بەرامبەر بە کەمينە مسوڵمانەکانی خۆیان. حەماسی سوونی دەبێتە هاوپەيمانی بەشار ئەسەدی عەلەوی کە بە سەدان هەزار سووری سوننەی کووشتووە و بە مليۆنانی ئاوارە و زيندان و بريندار کردوە، کەچی دژی سعوودييە و ئيماڕات و ميسرە گوایە ئەمانە لەگەڵ ئيسرائيلن و دژی مسوڵمانانن! چونکە لە بنەمادا، ئاين و مەزهەب ڕۆڵی سەرەکی نابينن، بەڵکو بەرژەوەندييە جيوپۆلەتيکی و دابەشبوونی بەرەکان ڕۆڵی سەرەکييان هەیە. لەم ئاستەدا، ئاين و مەزهەب تەنيا ئامرازێکن بۆ دەستکەوتە جيوپۆلەتيکييەکانی بەرەکان، هەر وەک ئامرازەکانی تر؛ سووپا و ميديا و ئابووری و تەکنەلۆژيا و نەوت…

ئەم تێڕوانينە، کە لە واقعدا بە ڕوونی دەرکی پێدەکرێت، تيۆری پێکدادانی شارستانييەکان بە هەڵە دەخاتەوە. کە گريمانەی سەرەکی ئەم تيۆرييە ئەوەیە بەرەکان لەسەر بنەمای شارستانييەت و کولتور و ئاين درووست دەبەن و ململانێ و هاوکاری یەکتر دەکەن… لە واقعدا بەو شێوەیە نييە، بەشێک لە مسوڵمانان (چ سوننە و چ شيعە) لە یەک بەرەن لەگەڵ ئەمريکا و ئيسرائيل. بەشێکی تر لە مسوڵمانان (چ سوننە و چ شيعە) لە بەرەی چين و ڕووسيان. واتە بە هيچ شێوەیەک شارستانيەتی ئيسلامی بەرەیەکی نييە لەسەر بنەمای ئاين و کولتور. بۆ نموونە ئێرانی شيعە لەگەڵ ئەرمينيای مەسيحييە دژ بە ئازەربيجانی شيعە. ئيماڕاتی سوونە لەگەڵ ئيسرائيلی جووە دژ بە ئێرانی شيعە و ئيخوانی سوونە. تايوان وەک نەتەوە و کولتور چينين، لە بەرەی ئەمريکایە دژ بە چين… ئاڵوگۆری دەوڵەت لە بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی تر، پابەندە بە گۆڕينی ڕژێمی دەوڵەتەکە، یان گۆڕان لە بەرژەوەندييەکان. بۆ نموونە ئێرانی پێش ١٩٧٩ لەبەرەی ئەمريکا بوو، بە هۆی گۆڕانی ڕژێم و ئايدۆلۆژیای دەوڵەتەکە، چووە بەرەی دژە ئەمريکا. لە هەردوو سەردەمەکەش ئێران وڵاتێکی زۆرينە شيعە و مسوڵمان بووە.

لە ڕاستيدا ئەم پارادۆکس و تێکەڵبوونە بە پێی سروشتی سياسەت و فکری دەوڵەت، ئاساییە. دەوڵەت بە سروشت عەلمانييە، نە دژی ئاينە نە پشتگيری دەکات. ئەگەر ئاين سوودی هەبوو بۆ بەرژەوەندييەکانی، ئەوا ئاين لای دەوڵەت خوازراوە و دەيکاتە ئامرازێک بۆ هەژموون و خۆپاراستن… ئەگەر ئاين سوودی نەبوو، دەوڵەت دەستبەرداری دەبێت. ئەگەر زیانی هەبوو، ئەوا هەمان دەوڵەت دژی ئاين دەبێت. ئەوەی کە سروشتی و ئاسایی نييە و نامۆیە بە سياسەت و سروشتی دەوڵەت، ئەوەیە کە لە ڕەهەندی ئاينی و مەزهەبييەوە تەماشای سياسەت بکرێت.

ئەوەی گرنگە بۆ کورد (بە تايبەت لەسەر ئاستی نوخبەی سياسی و توێژەر و ميدياکان) چەند تێبينييەکە: ١. ئاين ڕۆڵی سەرەکی نابينێت لە هاوکێشە سياسييەکان، ئاين وەک سوپا و ئابووری و ميديا ئامرازێکە لای سياسييەکان، نەک ئامانج. ٢. خۆلادان لەم بەرە ئيقليمی و جيهانييە ئەستەمە. بمانەوێت یان نا، لە کۆمەڵگەی کوردی و لەناو هێزە سياسييەکان ئەم دابەشبوونە بە پێی دابەشبوونی بەرەکانی دەرەوە درووست دەبێت. زۆر پێويستە کورد لەهەر پارچەیەکی کوردستان، وەک یەک گروپ و پارچە بێت بەرامبەر ئەو بەرانە. واتە هەرێمی کوردستان پێويستە وەک یەک یەکە بچێتە ئەو بەرانەوە، یان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات… نەک چەند حيزبێک سەر بە بەرەی سوونە بن و بەشێکی تر سەر بە بەرەی شيعە. ئەمە پەرتەوازەیی زیاتر درووست دەکات، ئەو کات هەرێم ناتوانێت سوود لە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی هيچ کام لەو بەرانە ببينێت. ٣. چوونە بەرەیەکەوە، مانای ڕاگەياندنی جەنگ نييە دژ بە بەرەکەی تر. بەڵکو دەستنيشانکردنی بەرەیەکە وەک ستراتيژ. درووستبوون و مانەوەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا بە هۆی بەرەی ئەمريکاوە بووە. بەرەی دژە ئەمريکا دەبێت لەوە زیاتر بدەن بە کورد، بۆ ئەوەی کورد وەک ستراتيژ و دوورمەودا، بچێتە بەرەی دژە ئەمريکا. ٤. بێ لایەنی لەم بەرانە، دەکرێت لەسەر ئاستی سەربازی و شەڕەکان بێت، نەک لەسەر ئاستی سياسی و دبلۆماسی. دواجار لە دەسەڵاتی کورد نييە بتوانێت بێ لایەن بێت لەو دابەشبوونە. دەکرێت جۆرێک لە هاوسەنگی هەبێت، بەڵام بێ لایەنی ئەستەمە. ٥. پێويستە بزانين نە بەرەی سوونە، نە بەرەی شيعە، بە مانا ئيسلامی و ئاينی و مەزهەبييەکەی نييە، بەڵکو تەواو جيوپۆلەتيکييە. واتە حەرام و حەڵاڵ، خوا و هەق و کفر و دينداری… لەم بابەتەدا بوونیان نييە. تەنيا دەستکەوتی سياسی و بەرژەوەندی نيشتيمانی و نەتەوەیی هەیە و تاکە پێوەرە.