وەرگێڕ:لە سۆئێدییەوە حامید مائیلی
سێکولاریزم وه‌ک فەلسەفەیەک
ئه‌گه‌رچی مانایه‌کی سێکولاریزم لاوازکردنی دین ده هه‌رێمی کار‌و باری مه‌ده‌نی و کۆمەڵایەتییدایه ، به‌ڵام ئه‌غڵه‌ب سێکولاریزم به یه‌ک سیستێمی فه‌لسه‌فی دەزانن که خاوه‌نی پاشه‌رۆی شه‌خسی ، سیاسی ، فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت به خۆیه‌تی . سێکولاریزم وه‌ک یه‌ک فه‌لسه‌فه تاڕاده‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ سێکولاریزم وه‌ک یه‌ک پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی جێوازی هه‌یه . به‌ڵام بابزانین سێکولاریزم چ شێوه فه‌لسه‌فه‌یه‌که ؟
فه‌لسه‌فه‌ی سێکولاریزم به شێوه‌ی جۆراواجۆر شرۆڤه‌یان کراوه ، که هه‌ڵبه‌ت هه‌ر هه‌مووشیان وێکچوویهکی گرینگ‌یان ده‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه . جورج یاکووب ئووک ، ڕسکێنه‌ری وشه‌ی سێکولاریزم مانای فه‌لسه‌فییه‌که‌ی به ڕاشکاوانه‌ترین شێوه ده کتێبی سێکولاریزمی ئینگلیسی دا ئاوا باس ده‌کا :
سێکولاریزم سیستێمی ئه‌رکداری له‌مه‌ڕ ژیانی ئه‌و دونیایییه یه . سیستێمێک که ته‌نیا له سه‌ر بنه‌مای له‌به‌رچاوگرتنی مرۆڤایه‌تی پێکهاتووه و به گشتی که‌سانێک هه‌ڵگری ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که ئیلاهییاتیان پێ ناڕوون ، هه‌ڵگری که‌مو کوڕی ،وجێ باوه‌ڕنه‌بوون ده‌زانن ، کۆڵه‌که‌کانی ژێر میچی سێکولاریزم ئه‌و خاڵانه‌ی ژێره‌وه‌ن :
1-باشکردنی ژیانی ئه‌و دونیایییه‌ی خه‌ڵک به که‌لکوه‌رگرتن له که‌ره‌سه‌کانی ماددی کە لەبەردەستی مرۆڤایەتیدان.
2–ئه‌گه‌ر قەرارە وشتێک به نێوی موعجیزه هەبی ئه‌وه له‌ودونیایه یه بەس .
3– به‌رژه‌وه‌ندی دەکردەوە وهەڵوێستی خێرخوازانە و ئێرەیی دایه ، جاچ دونیای دوای مه‌رگ ببێ یان نه‌بێ .
4– کردەوە وهەڵوێستی خێرخوازانە ده‌و دونیایه‌یه‌دا بەشه و درێژه پێدانیشی به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤایەتیدایه .
ڕابێڕت گڕین ئینگڕسۆن ، زانا و ئازاده‌ی ئه‌مریکایی سێکولاریزمی ئاوا تاریف ده‌کا ،
سێکولاریزم دینی مرۆڤایه‌تی یه ، به کار‌و باری ئه‌و دونیایه‌یه‌وه خۆ خه‌ریک ده‌کا ، خوازیاری ئه‌و شتانه‌یه که سه‌رکه‌وتوویی و تێر وته‌سه‌لی دانیشتوانی ئه‌و دونیایه‌ی به دواوه بێ . سرنجی ئێمه به‌ره‌و دونیایه‌ک ڕاده‌کێشێ که ژیانی تێدایه ،به‌و واتایه که هه‌ر ئینسانێک خاوه‌ن بایخی تایبەت بە خۆیەتی ، خاوه‌ن بیری سه‌ربه‌خۆیه ، مافی گشتی مرۆڤایەتی له مه‌نبه‌ر ودەستەڵاتی تاقمێک به بایه‌ختر داده‌نێ ، و ده‌ڵێ ”ئه‌وانه‌ی که ده‌کێشن ڕه‌نج ،ده‌بێ ببنه خاوه‌ن گه‌نج و ئه‌وانه‌ی ماڵی خەڵک دە ژێر چۆکی خۆیان دەنێین ده‌بێ ده‌ست و پێ به کۆت بکرێن. سێکۆلاریزم ڕه‌خنه‌یه‌کی ڕاشکاوانەیە دژ به‌و زەبر و زەنگ و سه‌ره‌ڕۆیییەی ده‌سته‌ڵاتدارانی کلیساکان له ڕاست خه‌ڵکی هه‌ژار کە کراونەتە دیلی ئه‌ڕواح و جه‌ندۆکان.سێکۆلاریزم بزووتنه‌وه‌یه‌که دژ به‌قوربانی کردنی ئه‌و ژیانەی ئێستا ده‌ڕێگای ژیانی دوای مردن که هیچکاممان هیچی لێنازانین ،ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له خوداکانی ده‌وێ خه‌ریکی کاری خۆیان بن تا ئێمه بۆ خۆمان و بۆ مرۆڤایه‌تی بژین بۆ ئێستا نه بۆ ڕابردوو ، بۆ ئه‌و دونیایه‌ی کە تێیداین و نه بۆ دونیای دوای مردن کە نازانین هەیە یان نا.تێده‌کۆشێ دژ بە توند وتیژی و خه‌راپه‌لە ڕاست مرۆڤایەتی ،حەول دەدەین کە نه‌زانی و هه‌ژاری و نه‌خۆشی لە کۆمەلگا دا هەڵوێژێرین ”.
ویرژیلیۆس ده کتێبه‌که‌یدا به نێوی زانیاری دینی ،ده‌تاریفی سێکولاریزمدا ئاواده‌ڵێ:
”سستێمێکی به‌رینی ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵایه‌تییه به مەبەستی باشتر کردنی چۆنیه‌تی ژیانی ئینسانەکان ، به بێ تێوه‌گلانی دین کە ته‌نیا بە توانایی و عه‌قلی ئینسانی ،زانست و پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه به‌ڕیوه دەچێ سێکولاریزم یه‌ک ڕوانگه‌ی به‌رچاوه که لایه‌ن زۆربه‌وه سه‌لماوه و مه‌به‌ست له‌و به‌ریوه‌بردنی کار وبار و چالاکی یه‌کان و پێکهاته‌کان به مه‌به‌ستی غه‌یره دینی و هاوته‌ریب ده‌گه‌ڵ به‌خته‌وه‌ری و ڕزگاری ئینسانەکان دە دونیایه دا ده‌بێ”.
ده‌و دوایانه‌داش بێڕنارد لووئیس چه‌مکی سێکولاریزم ئاوا باس ده‌کا:
”لە دەستپێکەوە وشه‌ی سێکولاریزم ده ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده ده زمان ئینگلیسی ده‌کارکراوه ، و ناوه‌ڕۆکێکی ئیدۆئۆلۆژییانه‌ی بووه .له ده‌ستپێکی ده‌کارکردنیدا له شێوه ڕاهێنانێک ده‌دوا که به پێی ئه‌وچالاکییه‌کان ده‌بێ به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌خلاقێک بێ که به‌خته‌وه‌ری دونیایی ئینسانەکانی لێبکه‌وێته‌وه ، و شتگەلێک له مه‌ڕ هێزی مێتافیزیکی و دونیای دوای مردن و بابه‌تی له‌و شێوه‌یه ده‌بێ وه‌لابنرێن ، پاشان سێکولاریزمیان به‌و مانایه به‌رینتره ده‌کارده‌کرد که پێکهاته‌کانی جه‌ماوه‌ری ، به تایبه‌ت فێرکردن و ڕاهێنانی گشتی ده‌بێ سێکولارانە بێ نه‌ک دینی . ده سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ، ئه‌و وشه‌یه واتای به‌رینتری وه‌خۆگرت ، که له ماناکانی ڕابردووی و نوێی وشه‌ی سێکولار سه‌رچاوه‌ی گرتبوو . ئه‌وڕۆ ئه‌غڵه‌ب وێڕای ”جیایی پێکهاته‌کانی دینی و ده‌وڵه‌تی ”که که‌لکی لێوه‌رده‌گیرێ ،که تا ڕاده‌یه‌ک به‌رابه‌ره ده‌گه‌ڵ وشه‌ی فه‌ڕانسه‌وییه‌که‌ی لائیسیته که که‌وتۆته سه‌ر زمانه‌کانی دیکه‌ش .به‌ڵام هێشتا ده زمانی ئینگلیسی دا ده‌کار ناکرێ ”.
به پێی ئه‌و تاریفه ،سێکولاریزم یه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی ئەرێنییە که به گشتی داخوازی به‌خته‌وه‌ری ژیانی ئه‌و دونیایه‌ی ئینسانه‌کانە. باشبوونی هه‌لومه‌رجی ئینسانه‌کان به یه‌ک ته‌وه‌ری ماددی داده‌نێ نەڕووحانی ، باشترین ڕێگا بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ژیانێکی به‌خته‌وه‌رانه بۆ ئینسانان دە سێکولاریزم دا دەبینێ نەک ده دەست هەلگرتن لە ژیانی ئێستا ودیلی و کڕنۆش له ڕاست هێزی میتافیزیکی دا .
سێکولاریزم وه‌ک یه‌ک بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی
(سه‌لماندنی یه‌ک پێکهاته‌ی خۆڕسکاوی سه‌ر به خۆ و جوێ له دین )
ئه‌گه‌ر چی ئه‌وڕۆ”سێکولاریزم” واتایه‌کی به‌رته‌سکتری وه‌خۆگرتووه ،به‌ڵام لایه‌نی فه‌لسه‌فی خۆی هه‌ر وا پاراستووه ، به تایبه‌ت کاتێکی که له گۆڕه‌پانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بێته گۆڕێ . ده سه‌راسه‌ی مێژووی سێکولاریزم دا ،ئه‌و چه‌مکه زۆر شێلگیرانه داخوازی پێکهاتنی یه‌ک هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ و خۆ ڕسکاوی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بووه که ناتوڕالیست یان ماتریالیست بێ . گۆڕه‌پانێکی که له سه‌رووی دین و به دوور له باوه‌ڕگه‌لی به هێزی له‌سه‌رووی سروشت (مێتافیزیکی ) .
پێشووش ، ده وڵاتانی مه‌سیحی دا بوونی ده‌وڵه‌تیان به یه‌ک پێداویستی ده‌زانی که تەنیابۆ ڕاگرتنی نه‌زمی گشتی پێویستیان پێیده‌بێ وبه‌گشتی ده‌وڵه‌تیان به پێکهاته‌یه‌ک ده‌زانی که ده خزمه‌ت ده‌سته‌ڵاتدارانی گه‌نده‌ڵی کلیساکاندابێ وبە به‌رهه‌ڵستێک لە سەرڕێی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکیان کە ئه‌رکی سه‌ره‌کییان گوێڕایه‌ڵی له کلیسا و تاعەت بوو ده‌زانی .درووست به پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌ت که پێیوابوو کلیسا پێکهاته‌یه‌کی موقه‌دده‌سه که ده‌وڵه‌ت ده‌بێ سه‌ر به ئه‌و بێ وێڕای وەیکە ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ به‌رپرسی پاراستنی نه‌زمی گشتی بێ ، به‌ڵام دیسان هەربه‌رپرسیاره‌تی گرینگتر له سه‌ر شانی کلیساکانە که به‌رپرسی ئه‌ڕواحی خه‌ڵک و به‌خته‌وه‌ری ژیانی دوای مردنیانی لە ئەستۆیە .
ورده ورده چه‌مکی ده‌وڵه‌ت وه‌ک مه‌رجێکی پێویست ، سه‌لمێندراوی خۆی له ده‌ست دا . بۆ وێنه ،توماس ئاکویناس ، گه‌وره زانای خوداناسی کلیسای کاتولیک پێداگری له سه‌ر وه‌یکه ده‌وڵه‌ت پێکهاتەیەکە جێی باوه‌ڕی خودایه ده‌کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کار و ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت ده‌بێ ببێته ئه‌وه که هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی وا بخولقێنێ که به‌خته‌وه‌ری ژیانی دوای مردنی خه‌ڵک یش دابین بکا . به‌و پێیه ،ئاکویناس ده‌وڵه‌تی له سه‌رووی کلیسای داده‌نا ، به‌ڵام ئاکامی کرده‌وه‌کانی دەوڵەتی به نێگاتیڤ نه‌ده‌زانی .
به‌ڵام ده‌گه‌ڵ سەرهەڵدانی ڕێنسانس له ئیتالیاش ، ئه‌و ڕوانینه ئیسلاحکراوه‌ش ئاڵوگۆڕی به سه‌رداهات . ڕێنسانس شوڕشی بیر و ڕا به کرده‌وه هاته مه‌یدان و ته‌واوی ئوروپای گرته‌وه . هه‌ر له ده‌ستپێکی چاخی ڕێنسانس ، نووسه‌رانی وه‌ک دانته له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون که حاکمانی دونیا ماف و ئه‌رکیان هه‌یه که به بێ هیچ گوێڕایه‌ڵییه‌ک بۆ کلیسا حکومه‌ت بکه‌ن . ئه‌و ڕوانگه‌یه تا دوایی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست په‌ره‌ی نه‌ستاند ، به‌ڵام به تێپه‌ڕ بوونی زه‌مه‌ن ئه‌و خاڵه بنه‌ڕه‌تییانه‌ی فه‌یله‌سوفه‌کانی سیاسی ڕێنسانس ، وه‌ک ماکیاوێلی ، ده سه‌رتاسه‌ری ئوروپادا به جوانی وه‌رگیرا . به‌ڵام دابڕانی یه‌کجاری له ڕابردوو ، ده‌ستکه‌وتی فه‌یله‌سوفانی سیاسه‌ت نه‌بوو ،به‌ڵکوو ئاکامی ته‌نگژه و جێوازی بۆچوونه‌کان ده نێو مه‌سیحییه‌ت دا بوو . بیر و ڕای سوننه‌تی له سه‌رئه‌و باوه‌ڕ بوو که ڕاهێنانئ مه‌سیحییه‌ت ده‌بێ به‌ڕیوه‌به‌ری کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی بێ. به‌ڵام ئه‌و تێڕوانینه ده ماوه‌ی شه‌ڕه‌کانی مه‌زهه‌بی سه‌رده‌می پڕۆتستانه‌کان ڕوو به فه‌وتان بوو . ده‌و سه‌رده‌مه پڕ له کێشه و ئاژاوه یه‌دا مه‌سیحییه‌کان ده‌ستیان دابووه کوشتاری یه‌کتر و ده‌وڵه‌ته مه‌سیحییه‌کان هه‌ڵیانده‌کوتایه سه‌ر ده‌وڵه‌ته مه‌سیحییه‌کانی تر . به‌ڵام هه‌ر زوو خه‌ڵک به‌و ئاکامه گه‌ییشتن که ده‌بێ مه‌سیحییه‌ت و حکومه‌ت و فه‌رهه‌نگ له یه‌کتر جیا بکرێنه‌وه .
خه‌ڵک به دوای ڕێگایه‌که‌وه بوون که هه‌موو به بێ له به‌رچاوگرتنی باوه‌ڕگه‌لی دینی له سه‌ری پێکبێن به مه‌به‌ستی به‌ڕیوه‌بردن و هێوه‌رکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا. بۆیه هێندێک په‌نایان برده به‌ر فێر کردن و ڕاهێنانی مافی سروشتی ، ڕاهێنانێک که له فه‌یله‌سوفه‌کانی چاخی باستانی یونان وه‌رگیرابوو ؛ هێندێک یش به لێکدانه‌وه‌ی جێواز له مه‌سیحییه‌ت وه‌ک ده‌ئیسم (یەکتاپەرەستی بێ تێوەگلانی دین)،خۆیان خه‌ریک کردبوو . بزووتنه‌وه‌ی ئومانیزمی یونانی یه‌کان و ڕوومی یه‌کانی چاخی باستان نه‌خشێکی به‌رچاویان ده‌و ڕه‌وته‌دا ده‌گێڕا .
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به‌و واتایه نییه که مه‌به‌ستی فه‌یله‌سوف و سیاسه‌توانانی ئه‌و سەردەم له جیایی ده‌وڵه‌ت و کلیسا ئه‌وه بووبێ که ئێمە ئه‌وڕۆ له ڕۆژاوادا ده‌یبینین . چۆنیه‌تی ئه‌وڕۆ ته‌واو بۆ جه‌ماوه‌ری سه‌ده‌ی شازده نامۆ بووە ، و به دووره که ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ ئەگەر ئەو سەردەم به ئه‌وان پێشنیار کرابوایه ، وه‌ریانگرتبا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ر له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون که مه‌سیحییه‌ت بۆ پاراستنی ئه‌خلاق و وه‌فاداری به ڕێبه‌رانی سیاسی یه‌کان پێویسته. ئه‌وان به دوای دابڕان له مه‌سیحییه‌ت و وه‌لانانی ئه‌و نه‌بوون ، به‌ڵکووئەوان هاتبوونه سه‌ر ئه‌وباوەڕە که مه‌سیحییه‌ت سه‌رچاوه‌یه‌کی وێچوو بۆ دامرکاندنی ته‌نگژه‌کانی دینی و سیاسی ئه‌و سه‌رده‌م کە شه‌ڕ و پێکدادان که وه‌ک تاعوون که‌وتبووه گیانی ئوروپا نییە . که وابوو ئه‌وان به دوای سه‌رده‌مێکی نوێ بۆ بیر وڕای خۆیانەوە بوون که به یارمه‌تی ئه‌و بتوانن گیر وگرفتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان به بێ تێوه‌گلاندنی ڕیبازی دینی یان ڕێبه‌رانی دینی چاره‌سه‌ر بکه‌ن .
ههنگاوێکی گرینگ ده‌و بواره‌دا ،هێنانه گۆڕێی باسی مافی سروشتی له لایه‌ن زانایانی وه‌ک هابز و گڕۆتیووس بوو .هوگۆ دوگوورت ، که نێوی هوله‌ندییه‌کەی ئه‌و گڕۆتیووس بوو ( مافناسێکی سه‌ده‌ی هه‌فده‌بوو که کتێبێکی ناسراوی به نێوی (شه‌ڕ و ئاشتی )هه‌یه کە فه‌رهه‌نگی تووندئاژووانه‌ی دینی ئه‌وسه‌رده‌می هوله‌ندی کێشایه ژێر پرسیار ودەیگووت ”:که ئینسانه‌کاندەبێ سه‌ربه‌خۆن بن تابتوانن هه‌لومه‌رجی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان به پێی پێداویستییه‌کانی خۆیان. خه‌ڵک مافی ئەوەیان هه‌یه که خۆیان قانوونی خۆیان دابنێن ، ڕێکخراوی سیاسی خۆیان دابمه‌زرێنن ، و ته‌سمیم بگرن که چۆن کار وباری سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان ڕێکوپێک بکه‌ن وبه‌ڕیوه‌به‌رن . ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نییه که ئینسانه‌کان به ڕاستی ده‌توانن نه‌خشی سه‌ره‌کی بۆ به‌خته‌وه‌ربوونیان بگێڕن _ و ئه‌وه ڕاشکاوانه‌ترین هه‌ڵوێستێک بوو که له ڕاست ئه‌و تووند ئاژووانه‌ی دینی نواندی” کە هەر ئەوەش بە بایی گیانی تەواو بوو.
بنه‌مای ئه‌و فه‌لسه‌فه حقووقی یه ، ئازادی مرۆڤ بوو . که ئه‌و تێڕوانینه واتایه‌کی دونیاشمول ( ئونیوه‌رسال ) ی به خۆوه گرتبوو تا بیر و بۆچوونێکی نوێ له مه‌ڕ ئینسان وده‌وڵه‌ت بێنێته گۆڕێ .به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی کلیسای کاتولیک ، که مافیان به پێی بایخه‌کانی مێتافیزیکی و له ژێرچاوه‌دێری ناوه‌ندی ئیمپڕاتوری سیاسی ده‌زانی . تێڕوانینی نوێ ، پارێزه‌ری سه‌ربه‌خۆیی گه‌لان و ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان بوو وخه‌ڵکیان به خاوه‌ن مافی خۆبه‌ریوه‌بردن و دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان به بێ هیچ چاوه‌دێرییه‌ک و تێکه‌ڵاوییه‌ک له لایه‌ن کلیساوه ده‌زانی .
ده ڕوانینی نوێ‌دا ،له ده‌وڵه‌ته مه‌سیحییه‌کان چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌کرا که له سه‌ر هه‌موو شت پێک بێن ، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی ده‌کرا که هه‌موو به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیانه‌وه بن . به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌به‌ستگه‌لێک که بەڕێوەبەرانی وڵات به گونجاوی ده‌زانێ .به تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن ئه‌و ڕوانگه‌یه که‌وته نێو ئه‌و چوارچیوەیە که هه‌ڵوێستی سیاسی ده‌بێ به پێی هه‌لومه‌رجی هه‌رێمی وبه له‌به‌رچاوگرتنی جێوازییه‌کانی فه‌رهه‌نگی بگیرێ نه له سه‌ربنه‌مای ڕیبازی دونیاشمولی( ئونیوه‌رسال ) .
لەسەروەشڕاکە ،ئەو نیسبه‌تگرایی سیاسییه ته‌واو زاڵ نه‌بوو ،لە جیاتی بۆچوونی مەسیحییەت لە مەڕ چۆنییەتی ژیان دونیایی ، بیرۆکەی سێکولارانە له ڕاهێنانی دونیا شمولگرایی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی هاته گۆڕێ . که به پێی ئه‌و ڕاهێنانانه‌ی سێکولاریزم ، جێوازی فه‌رهه‌نگی له ڕاست وێک‌چوویی و یه‌کسانی مرۆڤایه‌تی هیچ بایخێکی پێنه‌ده‌درا . هه‌موو مرۆڤه‌کان ، به بێ جێوازی جێگای ژینیان ،فەرهەنگییان ،زمانیان ، خاوه‌نی پێداویستی و ویستگه‌لی بنه‌ڕه‌تی وه‌ک یه‌کن و ئەرک و مافییان بەرابەرە . ده‌ئاکامدا ئه‌و تێڕوانینه به گشتی سه‌لمێندرا که هێندێک خاڵی گشتی و دونیاشمولی ئابووری ، سیاسی و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ن که ده‌بێ ببنه پێواری تایبه‌ت بۆ داوه‌ری له مه‌ڕ سیستێمی ئابووری ، سیاسی ، وکۆمه‌ڵایه‌تی .دونیاشمولگرایی مه‌سیحییه‌ت ، که به وه‌دیهاتنی ڕێفۆڕمی پڕۆتستان برینێکی قووڵی ده‌له‌شی که‌وتبوو ، ده‌ئاکامداده‌روه‌ستی دژایه‌تی ئه‌و ڕوانگه و بۆچوونه دونیاشمولگرایی نوێیه نه‌هات و ته‌سلیمی بوو .چون هه‌م ڕوانگه نیسبیگرایی و هه‌م دونیاشمولگرایی که دوو بۆچوونی نوێ بوون به تایبه‌تمه‌ندی سێکولارییه‌وه ،ده‌وڵه‌تیان نه به گوێڕایه‌ڵی کلیسا و نه به پارێزه‌ری بۆچوون وبایخگه‌لی مێتافیزیکی ده‌زانی .
ئه‌و دوو ڕوانگه‌یه به‌دوای دابینکردنی گۆڕه‌پانێک له ده‌سته‌ڵات بوون که تێدا ماریفه‌ت ، هه‌ڵسوکه‌وت ، بایخه‌کان ، و هه‌ڵوێسته‌کان سه‌ربه‌خۆبن که بتوانرێ پێداویستییه‌کانی مرۆڤ ئازاد وسه‌ربه خۆ وبه بێ هیچ مه‌رج و به‌ڵێنێک له ڕاست ده‌سته‌ڵاتی کلیسا ، له لایه‌ن پێکهاته‌کانی مرۆڤ دابین بکرێن .
سێکولاریزم یه‌کێک له گرینگ‌ترین ڕووداوه‌کانی دونیای ڕۆژاوایه . ئاسه‌وار و توانایی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سێکولاریزم نه ته‌نیا جێوازی ڕۆژاوای ئه‌وڕۆی له ڕۆژاوای سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستی خستۆته به‌رچاو ،به‌ڵکوو ئەوێی له بواری جێوازی فه‌رهه‌نگیشه‌وه ده‌گه‌ڵ شوێنه‌کانی دیکه‌ی دونیایه ده‌خاته به‌رچاو . ڕۆژاوای ئه‌وڕۆ به گشتی به هۆی ڕووداوی ڕه‌وتی سێکولاریزم بۆته ئه‌و ڕۆژاوایه که ئێستا هه‌یه. هێندێک لە سەر ئەو باوەڕەن کە هەر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستای ڕۆژاوا بۆ هێندیک بۆتە هۆی ڕیزگرتن لەسێکولاریزم وبۆ هێندێکشیان بۆتە هۆی دژایه‌تی کردنی . به‌ڵام سێکولاریزم چییه و له کوێوه هاتووه ؟ بۆچی ڕوانینی سێکولار ده دونیای ڕۆژاوادا بۆته شانازی نه له جێگاکانی دیکه‌ی دونیادا ؟ به‌شکوو فام و تێگه‌ییشتنێکی ڕوونتر له سێکولاریزم یارمه‌تیده‌ر بێ تا نه‌خش وئاسه‌واری ئه‌و له سه‌رکۆمه‌ڵگای ئه‌وڕۆیی باشتر هه‌ست پێبکه‌ین . بێ بوونی فامێکی درووست له سێکولاریزم نه ده‌کرێ پاریزگاری لێبکرێ ونه دژایه‌تی ده‌گه‌ڵی .
مانای سێکولاریزم
(دۆزینه‌وه‌ی ڕیشه‌ی سێکولاریزم ده به‌رهه‌مه‌کانی جۆرج یاکووب هالی ئووک دا)
وێڕای گرینگی سێکولاریزم ، هاوفکرییه‌کی ئه‌وتۆ له سه‌ر مانای ئه‌و چه‌مکه لە گۆڕێ . به‌شێکی ئه‌و کێشەیە دەگەرێتەوە سەر تێگه‌یشتن له ”سێکولاریزم” ،چونکوو ده‌کرێ سێکولاریزم به مانای جۆراوجۆر لێکبدرێتەوە . ده‌گه‌ڵ وه‌ش که ئه‌و مانایانه سەرەڕای لێک نیزیک بوونیان ، جێوازه‌ییه‌کانیشیان ئه‌وه‌نده بەرچاون که بتوانن تێگه‌ییشتن له سێکولاریزم دژوار بکەن .
وشه‌ی سێکولاریزم ده زمانی لاتین دا به واتای ”ئه‌وڕۆیی”و ”سه‌ر به‌و جیهانه” یه هاتووه و به پێچەوانەی”مەزهەبی بوون ”و ”ڕووحانی بوون” . ئه‌وڕۆکه کاتێکی له سێکولاریزم وه‌ک یه‌ک شێوه‌په‌روه‌رده و ڕاهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تی باسده‌کرێ ، ئه‌غڵه‌ب مه‌به‌ست له بیر و بۆچوون و فه‌لسه‌فه‌یه‌که که ئه‌خلاقی ئینسانی به بێ تێوه‌گلانی دین داده‌ڕێژێ و به دوای په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌کردنی زانست و که‌ره‌سه‌ی زانستی بۆ مرۆڤایه‌تی بە مەبەستی دە خزمەت مرۆڤایەتی دا بوونە .
وشه‌ی سێکولاریزم بۆهه‌ووه‌ڵین جار ده ساڵی 1846 زایینی (جۆرج یاکووب هالی ئووک) ی ئینگلیسی بۆ ناساندنی بیرێکی نوێ که ته‌نیا به ئاسته‌نگ و پرسیارگه‌لێکه‌وه خه‌ریک ده‌بێ که به پێواری ئه‌زموونی ژیانی ئه‌و دونیایه ده‌کرێ تاقی بکرێنه‌وه،که‌لکی لێوه‌رگرت .
هالی ئووک ئاشتیخوازێکی سوسیالیست له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو که ده‌وڵه‌ت ده‌بێ ده‌حه‌ولی دابینکردنی پێداویستی یه‌کانی ئێستای چینی کرێکار و لێقه‌وماوان و بەشمەینەتاندا بێ ، نه پێداویستی یه‌کانی ژیانی دوای مردن و ڕووحانی دانیشتوان .
هه‌ر وه‌ک له باسه‌که‌ی سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێکرا ، ده‌کارکردنی سه‌ره‌تایی وشه‌ی سێکولاریزم دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ دینی پێوه‌دار نه‌بووه ، به‌ڵکوو ئاماژه به‌و بیرۆکەه بوو که ده‌وڵه‌ت ده‌بێ تەنیا ئەرکی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی و ئه‌وڕۆیی بۆخه‌ڵک بێ نه دڵه‌ڕاوکه لە ژیانی نەناسراوی دوای مردنی ئه‌و خه‌ڵکه . بێ‌شک ئه‌و باوه‌ڕه ده‌گه‌ڵ زۆربه‌ی سیستیمه باوه‌ڕییه‌کان ، له‌وان مه‌سیحییه‌تی سه‌رده‌می هالی ئووک نه‌ده‌گونجا ، به‌ڵام به‌و مانایه‌ش نه‌بوو که بەهەڵستکاری له سیستیمی حکومەتی دینییه‌کان نەکا .دواتر هالی ئووک مانای ڕاشکاوانه‌تری بۆئه‌و وشه ڕسکاندووه‌ی‌ی خۆی هێنایه گۆڕێ .
سێکولاریزم حەول بۆ په‌ره‌سه‌ندنی فیزیکی ،ئه‌خلاقی و فکری سروشتی مرۆڤه‌کان دەدا تا به‌رزترین ڕاده‌یه‌ک که دە سەردەمدا ده‌لوێ . ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ژیانێکه که هه‌موو بواره‌کانی گه‌شه و گه‌شانه‌وه‌ی ئه‌خلاق و سروشتی مرۆڤایه‌تی ده‌گرێته‌وه بێجگه له ئاتێئیستی. تئیسم ( خواباوەڕی ) ده ئینجیل دا بۆ گه‌شه کردن و سه‌رکه‌وتوویی مرۆڤ هێندێک ڕێباز و کرده‌وه‌گه‌لی مادی پێشنیار ده‌کا ، و ئه‌و هاوبه‌شییانه‌ی ئینجیل و سێکولاریزم وەک به‌ستێنێک بۆ یه‌کێتی ئه‌و دووه دەزانێ ، تا ئه‌و جێیه که بۆمانکرێ بناخەی ژیان به عه‌قڵ دابڕ‌ێژین و به خزمه‌ت بیڕازینێنه‌وه .
ده‌بینین که پێداگری ئه‌و هه‌روا له سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ماددی و ئه‌و دونیایییه‌یه و نه کار وباری غه‌یری ماددی ،ڕووحانی ،یان ژیانی دوای مردن . لێره‌ش دیسان ده شیکردنه‌وه و شرۆڤه‌ی ئه‌ودا دژایه‌تییەک ده‌گه‌ڵ دین وه‌به‌رچاو ناکه‌وێ . کاکڵی سێکولاریزم له ده‌ستپێکدا وه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌کی غه‌یره دینی (نه‌ک دژه‌دینی ) دێته گۆڕێ که سه‌رقاڵی ڕەخساندنی هەلومەرجی دابینکردنی پێداویستی یه‌کانی مرۆڤایەتی و لە گۆڕی لابردنی ئاسته‌نگه‌کانی سەر ڕێێ دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی ژیانی ئه‌و دونیایه ده‌بێ ، ونه پێداویستی یه‌کان و دڵه‌ڕاوکێ یه‌کان ژیانی ئه‌گه‌ری دونیای دوای مردن . به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی ماتریالیستی یش هه‌ر به سێکولاریزم داده‌نێ . فه‌لسه‌فه‌یه‌ک که هه‌م که‌ره‌سه‌گه‌لی له‌بارکردنی ژیان و هه‌م سروشتی دونیایه به ماددی دابنێ .
ئه‌وڕۆکه به گشتی ئه‌وتۆ فه‌لسه‌فه‌یه‌ک به ئومانیزم ( مرۆڤگه‌رایی ) یان ئومانیزمی سێکولار ده‌زاندرێ ، وسێکولاریزم لانیکه‌م ده زانستی ئینسانی دا به واتای زۆر به‌رته‌سکتردا دێته به‌رچاو . مانای سه‌ره‌تایی ”سێکولار”وله‌وانه‌ش مانای هه‌ره گرینترینی ئه‌و ڕه‌وتی ” غه‌یری دینی ”بوونی ئه‌وه ده ئه‌وتۆ که‌لک لێوه‌رگرتنێکدا ڕه‌وتیک به سێکولار ده‌زاندرێ که دونیایی و شاره‌ستانییه‌تی (مه‌ده‌نی )یە .ده واتای دووهه‌میدا به ڕه‌وتێک ده‌گوترێ که وەک دژبه‌ری ڕه‌وتی تەقەدوسگرایی و خه‌وش ونەگۆڕی هه‌ڵنه‌گردا دێ. ده‌و چه‌مکه‌دا شتێک به سێکولار داده‌نرێ که بۆ په‌ره‌ستن و کڕنۆشبردن نابن ، به‌ڵکوو بۆڕه‌خنه‌لێگرن و پێداچوونه‌وه ده‌بن .
ڕیشه‌ی دین لە سێکولاریزم دا
(سێکولاریزم وه‌ک ڕاهێنانێکی جێی شانازی بۆ مه‌سیحییه‌ت)
تا ئه‌و جێگایه‌ی که ئه‌وڕۆ چه‌مکی سێکولاریزم به گشتی ده دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ دیندا دێته گۆڕێ ، ڕه‌نگبێ زۆرکه‌س نه‌زانن که سێکولاریزم له ده‌ستپێکه‌وه ده به‌ستێن و داوێنی دین دا ڕسکاوه . ئه‌و ته‌وه‌ره هه‌روا له‌وانه‌شه بۆ زۆریه‌ک له بەپارێزەکانی دینی که په‌ره‌سه‌ندنی سێکولاریزم به قه‌باحه‌ت و کاره‌سات ده دونیای مۆدێڕن‌دا ده‌زانن ،سه‌رسوورهێنه‌ر بێ .
ده‌ڕاستیدا ده‌توانرێ ڕیشه‌ی جێوازی نێوان ده‌سته‌ڵاتی دونیایی و دونیای دوای مردن ده کتێبی ئینجیلی چاخی نوێ‌دا بدۆزینه‌وه .ده‌و کتێبه‌دا وتارێک له عیسا مه‌سیحه‌وه هاتووه که ده‌ڵێ ”ئه‌رکی سه‌زار به سه‌زار و ئه‌رکی خودا‌ش به خودا بسپێرن ” دواتر ئاگووستین قه‌ددیس که له زاناترین ئیلاهییات زانانی مه‌سیحییه‌ت بووە ،جێوازی به‌رچاوتر و لێزانانه‌تری نێوان ئه‌و دوو ده‌سته‌ڵاتەی هێنایه کایه‌وه .ئه‌و نێوان دوو ”شار”جیوازی دانا و یه‌کیانی به شاری دونیا واتهcivitas terrense ئه‌ویده‌که‌یانی به شاری خودا واتهcivitas ناساند .
”شاری دونیا ”و ”شاری خودا”دوو وشه بوون که ئاگووستین بۆ شیکردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستی خۆی له گه‌شه‌ی مێژوویی ده‌کاری دەکردن.به‌ڵام خه‌ڵکانی دی له‌و دوو وشه‌یه بۆمه‌به‌ستگه‌لێکی ترکه‌لکیان وه‌رده‌گرت. هێندێک که به‌دوای ڕێگایه‌که‌وه بوون وه‌ک پاساو بۆ سه‌لماندنی سیستیمی پاپ ( سه‌رۆک قه‌شه‌ی کاتولیک )، ده‌یانگووت که ته‌شکیلاتی کلیسای کاتولیک هه‌ر ئه‌ویە کە نێوی بە ”شاری خودا”یکردووە و هه‌ر به‌و هۆیه‌ش ده‌وڵه‌ته‌کانی مه‌ده‌نی ده‌بێ وه‌فاداری خۆیان بۆ کلیساکان ڕابگه‌یێنن . هێندێکی دیکه‌ش که به دوای پاساو بۆ سه‌لماندنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌ت له ده‌سته‌ڵاتی کلیساوه بوون ده‌یانگووت مه‌به‌ستی ئاگووستین له شاری خودا و شاری دونیا نیشانده‌ری ئه‌و گرینگایەتی یەیەکه شاری دونیا هه‌یه‌تی . به‌ڵام ده‌ئاکامدا ئه‌و لاینگری له سیستێمی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی سه‌ربه‌خۆ بوو کە له کلیسا جوێبوو ،و ده‌سته‌ڵاتی به ده‌سته‌وه گرت . ده ئوروپای سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست دا وشه‌ی لاتینی saecularis یان بە ”واتای حاڵی حازر ” ده‌کار ده‌کرد . هه‌روه‌ها به‌و ڕووحانییانه‌ی که سوێندی ڕببانییه‌تیان نه‌خواردبوو سێکولاریان پێده‌گوتن . ئه‌و ڕووحانیانه‌ی که له جیاتی هه‌ڵبژاردنی ڕێبازی خۆ ته‌ریککردنه‌وه و گۆشه‌نشینی ڕاهیبانه ، خه‌ریکی کار وباری دونیایی و ئه‌وڕۆیی بوون یش هه‌ر سێکولاریان پێده‌گوتن .
له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که چونکوو ئه‌و ڕووحانییانه کاری”دونیایی ” ده‌که‌ن ، ناتوانن خاوه‌نی ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئه‌خلاقی و کرده‌وه ئیلاهییه بن که تاک ده‌بێ بیبێ . له‌به‌روه‌یکه ئه‌و که‌سانه ”دونیا ”یان هه‌ڵبژاردووه ، ئه‌وانیان به نه‌بوونی خلووسی نییه‌ت که بوونی له هه‌ر ڕووحانێکی پایه‌به‌رز چاوه‌ڕوان ده‌کرا ،داده‌نا .به‌ڵام که‌سانێک که سوێندی ڕه‌ببانییه‌تیان خواردبوو ده‌یانتوانی ببنه خاوه‌نی ئه‌و ستاندارده که یه‌ک ڕووحانی پایه‌به‌رز ده‌بێ بیبێ .هه‌ر له‌به‌روه‌ش ده سیستێمی پلە به‌ندی کلیسادا شتێکی به دوور له نه‌ریت نه‌بوو که به چاوێکی نزمتر چاو له‌و ڕووحانییانه بکه‌رێ که به سێکولار ناسرابوون .
به‌وجوره ده‌بینین که ته‌شکیلاتی کلیسا ته‌نانه‌ت ده سه‌ده‌کانی هه‌ووه‌ڵی مه‌سیحییه‌ت یشدا ده نێوان سیستیمێکی دینی ته‌واو عه‌یار و سیستیمێکی دینی به عه‌یارێکی که‌متری دینییەوە ،بەڵام کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و دونیایییە جێوازیان داده‌نا . ئه‌و جێوازی دانانه دواتر بووه هۆی جێوازیگه‌لی تر که باوه‌ڕمه‌ندان به خودا ده‌نێوان ئیمان وشعوور و نێوان یەکتاپەرەستی و وەحدانییەتی وجوود جێوازییان داده‌نا .
ئیمان و وه‌حی هه‌رله‌زۆوه ده‌سته‌واژه‌یه‌کی به موڵکی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای کلیساکان دانرابوو . به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن ، هێندێک له‌زانایانی بواری خوداناسی به‌ڵگه‌یان ده‌هێناوه که هه‌رێمێکی جێواز له ماریفه‌ت هه‌یه که سه‌ر به عه‌قڵ وشعوور و مشووری مرۆڤایه‌تی یه . به‌و جۆره ئه‌وان خوداناسانه‌ی سروشتیان هێنایه گۆڕێ . ده‌و خوداناسانه‌ی سروشتییانە دا ماریفه‌تی خودایی نه ته‌نیا ده‌توانێ له ڕێگای ئیمان و وه‌حی یه‌وە بێ ،به‌ڵکوو عه‌قڵی مرۆڤ یش ده‌توانێ به دیتن و سرنج‌دان ده سروشت دا به‌و ماریفه‌ته خودایی یه بگا.
له زۆوه باوه‌ڕ به‌وه بووه که ئه‌و دوو هه‌رێمه‌ی ماریفه‌ت ،واته عه‌قڵ و وه‌حی ، په‌یوه‌ندییه‌کی هاوبه‌شی سازده‌که‌ن .به‌ڵام ئه‌و یه‌کێتییه هێنده‌ی نه‌خایاند . له سه‌ره‌خۆ تاقمێ له زانایانی بواری خوداناسی ،که بەرچاوترینیان denus skotsو wiliam ukami بوون . ده‌یانگووت که ته‌واوی ئیمانی مه‌سیحییه‌ت له سه‌ر بنه‌مای وه‌حی یه ،وله‌به‌روه‌شه که‌پڕەله دژیه‌کتری (ته‌ناقووز ) که سه‌ر له عه‌قڵی مرۆڤایه‌تی ده‌شێوێنن .
ئه‌و زانایانه‌ی بواری خوداناسی به‌و ئاکامه گه‌ییشتن که عه‌قڵی مرۆڤ و ئیمان به وه‌حی تا سه‌ر ناتوانن به‌یه‌که‌وه بسازێن . عه‌قڵی مرۆڤ ده‌بێ ده‌هه‌رێمی ئه‌زموونیدا خۆبه شته‌هایه‌کی ماددییه‌وه خه‌ریک بکا ، ئه‌گه‌ر چی ڕه‌نگبێ عه‌قڵێ مرۆڤایه‌تی یش هه‌ر به‌و ئاکامه بگا که ئیمانی دینی و ئیمان به وه‌حی متافیزیکی پێیده‌گا . به‌ڵام ناتوانێ عه‌قڵ و وه‌حی ده یه‌ک سیستێمی لێکۆڵێنه‌وه و توێژینەوەییدا لە تەنیشت یەکتر به‌شداری بکەن . وەک چۆن ئیمان ناتوانێ بنه‌مای عه‌قڵ بێ ، عه‌قڵ یش ناتوانێ بنه‌مای ئیمان بێ .
دوایین هه‌نگاوی به‌ره‌و سێکولاریزم ،ئه‌رکی سێکولاره‌کانی دژ به مه‌سیحییه‌ت نه‌بوو ، به‌ڵکوو ئه‌رکی ئه‌ومه‌سیحییه به ئیمان و باوه‌ڕمه‌ندانه بوو که له وێرانی و کاولکارییەکانی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی وه‌گیان هاتبوون . به‌دوای ڕێفۆڕمی دینی ( ڕێفۆڕماسیۆن ) شه‌ڕێکی یه‌کجار زۆر له سه‌ر ئه‌وه‌یکه باوه‌ڕی درووستی دینی کامیانه ساز ببوو . شه‌ڕگه‌لێک که سه‌رتاسه‌ری ئوروپای گرتبۆوه .له وه‌ڵاتانی پڕۆتستان ،ڕێفۆڕمی دینی هه‌ووه‌ڵین حه‌ول بوو بۆ دابینکردن و سه‌لماندنی نه‌ریتی کۆمه‌ڵگای دینی لای توێژگه‌لێکی یه‌کجار به‌رین له کۆمه‌ڵه‌ی سیاسی ، به‌ڵام ئه‌و حه‌وله به بۆنه‌ی بوونی جێوازێیه‌کی زۆر و ڕوو به گه‌شه ده نێوان ئه‌و تاقمه وده‌ستانه‌دا بێ ئاکام مایه‌وه . ده‌ئاکامدا جه‌ماوه‌ر وه دوای ڕێچاره‌یه‌ک بۆ خۆپاراستن له شه‌ڕ و ته‌نگژه که‌وتن . به‌رهه‌می ئه‌ویش بوو به‌وه که خه‌ڵک به ئاشکرا و ڕاشکاوانه که‌متر ڕاهێنان و فێرکردنه‌کانی تایبه‌ت به دینی مه‌سیحییه‌تیان ده‌کار ده‌کرد و ته‌نیاله‌و بوارانه‌یان که‌لک وه‌رده‌گرت که وا زۆر گشتی و ده‌گه‌ڵ عه‌قڵ گونجاوتر بوون .
ئه‌و ڕووداوه له لای گه‌لانی کاتولیک هێندێکی جێوازی بوو . له‌وه‌یکه کلیسای کاتولیک هه‌مووانی به تۆبزی ده‌کرده ده‌سته‌مۆی بێ ئه‌ملاو ئه‌ملای ته‌شکیلاتی کلیسای کاتولیکی ڕوومی . له سه‌روه‌شڕا کاتولیکه‌کانی یش هێندێک تامی ئازادیان چێشت .
ئه‌و ڕووداوه سەرەڕای هێدییانە وله سه‌ره‌خۆیی بەڵام توانی تێوەگلانی دەستەڵاتدارانی کلیسا دەکار وباری سیاسی‌دا تا ڕادەیەک بەرتەسک بکاتەوە. خه‌ڵک بۆیان دەرکەوت که لە زۆر بواراندا ده‌توانن خاوەن بیر وباوه‌ڕ و ڕاوێژی خۆیان بن لەمەڕژیانی تایبەتی وشەخسی خۆیان،بێ وه‌یکه ده‌سته‌ڵاتی کلیسایان بە سەرەوە بێ . ئه‌و ڕه‌وته تا ده‌هات جیایی نێوان کلیسا وده‌وڵه‌تی بهربهرینتر ده‌کرد و ئه‌وجووته‌ی زیاتر له یه‌کتر جیا ده‌کرده‌وه . به جوریک ئه‌و جیایی یه‌ی نێوان دین وده‌وڵه‌ت وه‌پێش وه‌ڵاتانی پڕۆتستان که‌وت .هه‌ڵبه‌ت به هۆی خسڵەتی کلیسای کاتولیک ، کورتکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کلیسا له هه‌رێمی گشتی کۆمه‌ڵگا ئاوێته‌ی گۆڕانکارییه‌کی سه‌رسوورهێنه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، بۆ وێنه شۆڕشی فه‌ڕانسه ده ساڵی 1789 دا بەرچاوە. شۆڕشێک که دوای ئه‌و گشته هه‌ڵسوکه‌وته زۆره ده‌ئاکامدا ساڵی 1905 قانوونی لائیسیته ،واته جیایی ته‌واوی پێکهاته‌کانی دینی له ده‌وڵه‌تی لێکه‌وته‌وه .
حه‌ول بۆ جوێکردنه‌وه‌ی ئیمان و عه‌قڵ وه‌ک ڕووخسارێکی جێواز له ماریفه‌ت به دڵی ده‌سته‌ڵاتدارانی کلیسا نه‌بوو . له لایه‌کی تریشه‌وه ،کلیسا ڕەوتی بیرکردنەوە و توێژینەوە عەقڵانی لە مەڕ فەلسەفە و خوداناسی لە کۆمەڵگادا کەڕووله زیادبوون وگه‌شه‌کردنی بوو هەر دەهاتوو دڵگرانتر ده‌بوو ،له‌به‌روه‌یکه بزووتنه‌وه‌ی عه‌قڵانی ، عه‌قڵ وشعووری مرۆڤایه‌تی به سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی بۆ دیاریکردنی ئه‌وه‌یکه پێیدەڵێن چ درووسته و چ نادرووسته ،ده‌زانی . بۆیه کلیسا له جیاتی سه‌لماندنی جیایی خۆی له کار وباری مه‌ده‌نی ، ده‌فکری سه‌رکوتی ئه‌و بیرۆکانه دا بوو . به‌و هیوایه که بیرۆکه‌ی ئیمان بە سەر کۆمەڵگادا داسەپێنێ بەو پاساوە کە ئیمان له پێش عه‌قڵه‌وه دێ. ئیمانێکی به درێژایی سه‌ده‌کان پێناسه‌یه‌ک بۆ مه‌سیحییه‌ت بوو و بێرۆکه‌ی عه‌قڵ گرایی خستبووه ژێر ده‌سته‌ڵاتی خۆیه‌وه .
سێکولاریزم و سێکولاریزاسیۆن
(وه‌لانانی دین له پێکهاته‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی )
سێکولاریزم و سێکولاریزاسیۆن په‌یوه‌ندی نیزیکیان ده‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌یه ، به‌ڵام یه‌ک چه‌مک نین، جێوازی ناوه‌ڕۆکی ئه‌و جووته ده‌کرێ ده وڵامی ئه‌و پرسیاره ،که دین ده کۆمه‌ڵگا دا چ نه‌خشێکی هه‌یه ، بدۆزرێته‌وه . سێکولاریزم داخوازی هه‌رێمێکه سه‌ر به‌خۆ بۆ زانست ، بایخه‌گه‌ل و هه‌ڵسوکەو‌تگه‌ل و هەڵوێستگەلێک که به دوور له چاوه‌دێری و دەست تێوەردانی دین بن ، به‌ڵام به هیچ چه‌شنێک نکۆڵی له نه‌خش و بەشداری دین ده کار وباری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دا ناکا . به‌ڵام سێکولاریزاسیۆن به واتای ڕاستەقێنەی وشەکەی یانی وه‌لانانی دین له هەموو هه‌رێمەکانی سیاسی ،کۆمەڵایەتی ،ئابووری ،ڕاهێنان وفەرهەنگی دا دێ .
ده ماوه‌ی ڕه‌وتی سێکولاریزاسیۆن دا ، پێکهاته‌کان ( واته ڕێکخراو و داموده‌زگاکانی ئابووری ، سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی ) له ژێر ده‌سته‌ڵات و چاوه‌دێری دین دێنه ده‌ر . به‌ر له سێکولاریزاسیۆن ، دین ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌سته‌ڵات وچاوه‌دێری به سه‌ر ئه‌و داموده‌زگایانه‌دا بوو. ده حاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆدا ئه‌و پێکهاتانه له ژێر ده‌سته‌ڵاتی ڕێبه‌رانی دینی دا بوون ، بۆ وێنه ته‌نیا قه‌شه‌کان به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌دره‌سه‌کان بوون . ده حاڵه‌تی ناڕاسته‌وخۆ دا ، ئوسوولی دین بنه‌مای به‌ڕه‌وه‌به‌رایه‌تی ئه‌و پێکهاتانه بوون ، بۆ وێنه مافی شارۆمه‌ندێک به پێی پێواری ڕادەی باوه‌ڕمه‌ندی ئەو کەسەبه دین هه‌ڵده‌سه‌نگێندرا .
چ ده ده‌سته‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی دینی دا ، کاتێک ده‌کرێ بڵێین سێکولاریزاسیۆن به کرده‌وه دامه‌زراوه که ده‌سته‌ڵاتی ڕێبه‌رانی دینی له سه‌ر ئه‌و پێکهاتانه ببڕێن و بسپێردرێنه ده‌ست ده‌سته‌ڵاتدارانی سیاسی ، یان ئه‌وه‌یکه ئاڵترناتیوێک بۆ دانانی له جێی ده‌سته‌ڵاتدارانی دینی بدۆزرێته‌وه . ئه‌و ڕه‌وته ئیمکانی ئه‌وه ده‌دا به مرۆڤەکان که سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له ڕاست ڕێبه‌رانی دینی بپارێزن _ و چیدی پێویست نه‌کا له ده‌ره‌وه‌ی کلیسا یان مزگه‌وت یان ده‌یره‌کان یش هه‌ر چاو له زار و گوێڕایه‌ڵ بن بۆ ئه‌و ناوه‌نده ده‌سته‌ڵاتدارانه‌ی دینی .
ئاکامێکی ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی سێکولاریزاسیۆن ،(جیایی دین و ده‌وڵه‌ت) له یه‌کترن که خۆی _ ده‌ڕاستیدا ئهوچهمکه تا ئه‌و ڕاده‌یه وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی سێکولاریزمه که ئه‌و دوو چه‌مکه جیای (دین و ده‌وڵه‌ت) و (سێکولاریزاسیۆن) به یه‌ک شت داده‌نرێن . به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له به‌رچاو بێ که سێکولاریزاسیۆن ڕووداوێکه چه‌ند لایه‌نه که ده ناخی کۆمه‌ڵگادا ڕوودەدا وئاسەواری بە سەر هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و ڕاهێنانەوە بەدی دەکرێ ، به پێچه‌وانه جیایی دین وده‌وڵه‌ت ته‌نیا مانای سیاسییەکەی ئه‌و ڕووداوه ده‌گه‌یێنێ .
جیاکردنه‌وه‌ی دین وده‌وڵه‌ت ده ماوه‌ی سێکولاریزاسیۆن دا به‌و مانایه دێ که پێکهاته تایبه‌تییه‌کانی سیاسی _ که به ڕاده‌ی جۆراجوۆر ده ژێر ده‌سته‌ڵاتی ده‌وله‌تدان ، له ژێر ده‌سته‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی دین دێنه ده‌ر . ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نییه که دوای سێکولاریزاسیۆن پێکهاته‌کانی دینی ئیدی ناتوانن له‌مه‌ر کار وباری گشتی جه‌ماوه‌ری و سیاسی‌دا نه‌دوێن ، به‌ڵکوو به‌و واتایه دێ که ڕوانگه‌ی پێکهاته‌کانی دینی نابێ به سه‌ر کۆمه‌لگادا داسه‌پێندرێن ، و یان به پێی ئه‌و ڕوانگه‌گه‌لە بە قانوونی به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا دابنرێن . ده‌کرده‌وه دا ده‌وڵه‌ت ده‌بێ تا ئه‌و جێگایه‌ی که ده‌لوێ له ڕاست باوه‌ڕه‌کانی جۆراوجۆری دینی نێو کۆمه‌ڵگا بێ لایه‌ن بێ ،واتە نه ڕێگریان بێ و نه به‌ڕێوه‌به‌ری خواستەکانیان بێ .
ئه‌گه‌ر چی سێکولاریزاسیۆن ده‌توانێ به شێوه‌یه‌کی هێوه‌ر و ئاشته‌وایییانه به‌ره‌وپێش بچێ ، به‌ڵام زۆر جاران بە داخەوە ئاوا نه‌بووه. مێژوو نیشانیداوه که ڕێبه‌رانی دینی خاوه‌ن ده‌سته‌ڵاتی ماددی ، ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یان بێ به‌ربه‌ره‌کانی نه‌داوه‌ته ده‌ست سیاسه‌توانانی سێکولار . به تایبه‌ت کاتێک که ڕێبەرانی دینی پەیوەندی ده‌گه‌ڵ هێزه سیاسی به پارێزه‌کانی کۆمه‌ڵگا دا نیزیک بووه ،ئه‌و به‌ربه‌ره‌کانییه تووندتر ودژوارتر و زۆر جاران خوێناوی بووه . ده‌ئاکامدا ،سێکولاریزاسیۆن زۆر جاران ئاوێته‌ی شۆڕشی و بزاوی سیاسی کۆمەلگا کراوە،له فه‌ڕانسه کلیسا و ده‌وڵه‌ت دوای شۆڕشێکی خوێناوی له‌یه‌ک جیا بوونه‌وه ، له ئه‌مریکا ئه‌و جیایییه ئاشته‌وایی یانه‌تر بوو ، به‌ڵام ته‌نیا دوای شۆڕشێک و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی نوێ گونجا .
دیاره مه‌به‌سته‌کانی سێکولاریزم هه‌میشه بێ لایه‌نانه نه‌بوون، و قه‌تیش پێویست نه‌بووه که سێکولاریزم دژ به دین بێ ، سه‌ره‌ڕای وه‌یکه سێکولاریزم داشدار و هانده‌ری ڕه‌وتی سێکولاریزاسیۆن یش بووبێ . ئه‌و که‌سه‌ی که لایه‌نگری له سێکولاریزم ده‌کا ، لانیکه‌م مه‌ودایه‌کی بهربهرینتر له مه‌یدانی چالاکی دین به پێویست ده‌زانێ ، به‌ڵام له‌وانه‌شه که ئه‌وتۆ که‌سێک ، لانیکه‌م ده بواری کار وباری دیاریکراوی کۆمه‌ڵایه‌تی یشدا باوه‌ڕی به گۆڕه‌پانێکی سێکولار بۆ چالاکییه‌کانی هه‌بێ .
که وابوو ، جێوازی نێوان سێکولاریزم و سێکولاریزاسیۆن ئه‌وه‌یه که سێکولاریزم زیاتر باسێکی فه‌لسه‌فییه له مه‌ڕچۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگا ،به‌ڵام سێکولاریزاسیۆن حه‌ولی دابینکردن و که‌لکوه‌رگرتن له‌و فه‌لسه‌فه‌یه دەدابۆ بەریوەبردنی کۆمەلگا _ حه‌ولێک که له ده‌رفه‌تی پێویستدا ڕەنگبێ تووند وتیژی یش هه‌ڵبگرێ . له کۆمه‌ڵگای سێکولاردا ده‌نگی پێکهاته دینی یه‌کان کپ ناکرێن . ئه‌و پێکهاتانه هه‌ر وه‌ک خۆیان به ئاشکرا له مه‌ڕهه‌موو بواره‌کانی گشتی کۆمه‌لگادا خاوه‌نی بۆچوونی خۆیانن ، و هیچ ئیمکاناتێکیان لێ ناستێندڕیته‌وه و هیچ به‌رهه‌ڵستێکیان بۆ سازناکرێ و ده‌سته‌ڵاتداری ڕێبه‌رانیان ده‌کڕێته شتێکی ته‌واو خسووسی و شەخسی . هه‌ر که‌س که بیهه‌وێ به داب ونه‌ریتی ته‌واوی مه‌زهه‌بی ژیانی خسووسی خۆی دابین بکا سه‌ربه‌خۆیه و ئازاد ده‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شێوه ژیانه دا ، بێ وه‌یکه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هانبدرێن یان به‌رگریان لێبکرێ .
دین لە کۆمه‌ڵگای سێکولار دا
جێی و ڕێی و نه‌خشی دین له کۆمه‌ڵگا دا ده‌توانێ چبێ ؟
گووتمان که سێکولاریزم دژی تێوه‌گلانی ڕووحانییه‌کانه ده کار وباری مه‌ده‌نی و گشتی کۆمه‌ڵگادا ، ده‌ی ده کۆمه‌لگایه‌کی سێکولاردا چ نه‌خشێک بۆ دین ده‌مێنێته‌وه ؟ بۆ قه‌راره که دین ورده ورده وبه‌خشکە و له سه‌ره‌خۆیی لاواز بکرێ و له گؤڕه‌پانی کۆمه‌لگادا وه‌لابنرێ ؟ ئاخۆ بەخه‌ریک بوونی دین به هێندێک داب ونه‌ریتی سه‌یر و ناگرینگ له شان وباوی فه‌رهه‌نگی ئەوکه‌م ده‌کاتەوە؟ ئه‌وانه هه‌موو پرسیارگه‌لێکن که دژبەرانی سێکولاریزم و سێکولاریزاسیۆن بۆیان بۆته ته‌نگژه‌یەکی فکری . ئه‌وان ده‌ڵێن که دین گرینگتر له‌وه‌یه که به‌و شێوه له ده‌ور و نەخشی دە کۆمەلگادا کەم بکرێتەوە .
له‌به‌رچاوگرتنی شتێک لێره‌دا گرینگایه‌تێکی تایبه‌تی هه‌یه . زۆر جاران ده‌بیسین یان ده‌یخوێنینه‌وه که سێکولاره‌کان ده‌یانهه‌وێ دین له ژیانی گشتی وه‌ده‌ر نێن و ئه‌وی به ژیانێکی خسووسی سنووردار وبه‌رته‌سک بسپێرن . پێیانوایه که سێکولاره‌کان له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕن که لێر وله‌وێ و له کۆڕ وکۆبوونه‌وه‌ی گشتیدا که‌س نابێ له دین بدوێ . ئه‌گه‌ر چی له‌وانه‌یه که هێندێک له سێکولاره‌کان هەڵگری ئه‌وتۆ بیر وبۆچوونێک بن ، ئه‌و به‌رداشته‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که جێوازی بواری خسووسی وجه‌ماوه‌ری زیاتر لەیه‌ک لێکدانه‌وه‌یان هه‌یه .
به باوه‌ڕی سێکولاره‌کان خسووسی بوونی دین به واتای خسووسی بوونی چۆنیه‌تی حیسابی بانکی ئه‌م وئه‌و نییه ،که که‌س نابێ خۆی تێهه‌ڵقوتێنێ یان لێی بکۆڵێته‌وه . له مه‌ڕ جه‌ماوه‌ری بوونیش سێکولاره‌کان ئه‌وه‌ی به واتای خستنە ژێرچاوه‌دێری به مه‌به‌ستی پاراستن و جه‌ماوه‌ری کردنی شته‌کان ده‌زانن ،که وابوو هه‌ڵاوارده‌یی دین له ژیانی گشتی کۆمه‌ڵگا به مانای شاردنه‌وه و پاوان‌کردنی دین له بیر وڕای گشتی نییه . به‌ڵکوو به مانای بێلایەن بوونی دەوڵەت لە ڕاست پشتیوانی یان بەرهەڵستکاری له دین دێتە گۆڕێ . که وابێ خسووسی کردنی دین ، به واتای سڕینه‌وه‌ی ئه‌و لە زەینی کۆمەلگا دا نییه ، به‌ڵکوو ده‌بته ئه‌مرێکی خسووسی ئینسانه‌کان که له هه‌ڵبژاردن یان هه‌ڵنه‌بژاردنیان سه‌ربه‌خۆ و ئازادن .
جا که وایه ده‌بینین که ڕه‌وتی سێکولاریزاسیۆن یان فه‌لسه‌فه‌ی سێکولاریزم به هیچ شێوه‌یه‌ک پێویستی به وه‌لانانی دین ناکا . سێکولاره‌کان له مه‌ڕ نه‌خشی گونجاوی دین ده کۆمه‌ڵگادا ،بۆچوونی جۆراوجۆریان هه‌یه . هێندێک که‌لله‌ڕه‌قانه له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که دین خێری بۆ کۆمه‌ڵگا نییه و له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که ده‌بێ له سه‌ره‌خۆ به یه‌کجاری وه‌لابنرێ . به‌ڵام زۆریش هه‌ن که له پاراستنی نه‌خشی دین ده ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی باوه‌ڕمه‌ندان داکۆکی ده‌که‌ن . ته‌نانه‌ت هێندێک سێکولار هه‌ن له پێکهاته‌کانی کار وباری خێرخوازانه‌ی دینی و چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و پێکهاتانه به مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ژاری و ئێش و ئازارلەژیانی به‌شمه‌ینه‌تان داکۆکی ده‌که‌ن .
ئه‌گه‌ر دین له کۆمه‌ڵگایه‌کی سێکولاردا لاواز ده‌بێ _ چاره‌نووسێکه که ڕه‌نگبێ ڕووبدا ( نابێ هه‌موو تاوانه‌که‌ی ڕاسته‌وخۆ بخه‌رێته ئه‌ستۆی سێکولاریزم و سێکولاریزاسیۆن . ئه‌و دووه ته‌نیا ده‌بێ وه‌ک هۆله به‌رچاو بگیرێن که بوونه که‌م مه‌یلی جه‌ماوه‌رله ڕاست دین .له یه‌ک کۆمه‌ڵگای ناسێکولار(مه‌زهه‌بی) جه‌ماوه‌ر هه‌لومه‌رجی که‌متریان بۆ له به‌رچاونه‌گرتنی دین یان وه‌لانانی ئه‌ویان هه‌یه . ئه‌وتۆ خه‌ڵکێک ڕوو ده‌هه‌ر جێگایه‌ک که بکه‌ن یان ڕووبه‌ڕووی چاوه‌دێری ده‌سته‌ڵاتدارانی دینی ده‌بنه‌وه ، یان ده‌بێ گوێڕایه‌ڵی ڕێبه‌رانی دینی بن دە سه‌راسه‌ری ژیانیاندا یان له ژێرچاوه‌دێری ئه‌واندا بن .
ده کۆمه‌ڵگایه‌کی سێکولاردا هیچکه‌س بۆی نییە کە خەڵک به تۆبزی ده‌سته‌مۆی دین یان بایخه‌کانی دین بکا یان بیر وبۆچوونی خۆی بە سەر خەلكی دیکەدا داسەپێنێ مادام خەڵک خۆیان به دڵ له دین داکۆکی نه‌کەن. ئه‌گه‌ر تاقمێکی زۆر له خه‌ڵک خۆیان دینیان هه‌ڵنه‌بژاردبێ ، ته‌شکیلاتی دینی به هۆی له‌که‌میبوونەوەی ئەژماری لایه‌نگران و ئه‌ندامانی دیارە لە داهاتی ئابووری که‌م ده‌بێته‌وه .هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ده‌و کاتانه‌دا حه‌ق به ڕێبه‌رانی دینی بدرێ ئه‌گه‌ر له هه‌لومه‌رجه‌که ناقایل بن. دژایه‌تی سه‌رۆکه‌کانی دین ده‌گه‌ڵ سێکولاره‌کان و سێکولاریزاسیۆن دوو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی وه‌خۆ گرتووه.
هه‌ڵه‌ی هه‌ووه‌ڵ ئه‌وه‌یه که ئه‌وان به‌رپرسیاره‌تی ئه‌وتۆ ته‌نگانەیەک داوێنه سه‌ر شانی سێکولاره‌کان وهێرش دەکه‌نه سه‌ریانکە گۆیا هاندەری خه‌ڵکبوون که دین وه‌لانین ،لە جیاتی ئەوەیکە لە خۆیانن بپرسن کە ئەرێ هۆی سەرەکی دەوەدا کە خەڵک له دین وه‌رگه‌ڕاون چییە؟
هه‌ڵه‌ی دووهه‌م ئه‌وه‌یکه ، هه‌ر حه‌ولێک وه‌ک هێرش بۆ سه‌ر سێکولاریزم له بنه‌ڕه‌ته‌وه نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که نوێنه‌رانی دین ،ناتوانن پشتیوانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک بۆ داشداری لە دین ڕابکێشن ،ئه‌گه‌ر قەرارە دیاریکردن و هه‌ڵبژاردنی دین وه‌ک شتێکی تاکه‌که‌سی و خسووسی له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وە چاولێبکرێ ،ئه‌وبابه‌ته ده‌توانێ به‌ته‌واوی درووست بێ ،که قه‌بووڵکردنی ئه‌و ڕه‌وته بۆ ده‌سته‌ڵاتدارانی دین ده‌بێته کاره‌سات _ ئه‌گه‌ر چی هێشتاش ئه‌و ڕێبه‌رانه‌ی دینی دژ به سێکولاریزم ئه‌و شته‌یان له به‌ر چاو نه‌گرتووه .ئه‌وان به پێی به‌ڵگه‌گه‌لێک ، که‌له تێگه‌یشتن و سەلماندنی ئه‌و نوکته‌یه که دینێک به تۆبزی وزه‌بر و زه‌نگ و به‌نادڵی به سه‌ر خه‌ڵکدا داده‌سه‌پێ خاوه‌ن ئه‌و ڕێزوپێگەیە ناتوانێ بێ که دە هەڵبژاردنی دڵخوازانەی ئەودا ده‌یبێ ،خۆ دەپارێزن . ئه‌گه‌ر ڕێبه‌رانی دین به ڕاستی هاتبنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که تۆبز و زه‌بر و زه‌نگ ته‌نیا ڕێگایه‌که بۆ پاراستنی دین ، ئه‌وان سه‌لماندوویانه که دین خۆی ده خۆیدا ئه‌و ته‌قدووسه‌ی که‌لێی ده‌دوێن نییه‌تی._ و ئه‌و بۆچوونه که سێکولاره‌کان جه‌ختی له سه‌ر ده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێین بۆ به‌خته‌وه‌ری گشتی جه‌ماوه‌ر پێویست ناکا که خۆمان به دین هه‌ڵاوه‌سین بە تەواوی دە زەینی کۆمەلگادا دەبێ جێکەوتبێ و خەڵک بۆیان دەرکەوتبێ کە ڕاستی دە بۆچوونی سێکولارەکاندایە.
ڕخنه‌گرانی سێکولاریزم
(سیکولاریزم بۆ خۆشه‌ویستی هه‌مووان نییه ؟)
پێویست به گوتن ناکا که هه‌موو به گشتی سێکولاریزمیان به دڵ نییه . تەنانهت ئه‌وڕۆش هه‌ن که‌سانێک که نه هه‌ر سێکولاریزم و سێکولاریزاسیۆنی ده به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دا نابینن ، بگره به‌ڵگه‌ش دیننه‌وه که سێکولاریزم سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نه‌خوشینییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه . به باوه‌ڕی ئه‌وان ،نکۆڵی له سێکولاریزم و په‌سه‌ندکردنی بنه‌مایه‌کی دینی بۆ سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ ،کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌قامگیرتر ، به ئه‌خلاقتر، و ده‌ئاکامدا نه‌زمی کۆمه‌ڵگایه‌کی باشتری لێده‌که‌وێته‌وه ، به‌ڵام ئه‌رێ با بزانین کەڕه‌خنه‌گران له سێکولاریزم ڕاست ده‌که‌ن ؟
یه‌کێک له باوترین ڕه‌خنه‌کان له سێکولاریزم وه‌ک یه‌ک فه‌لسه‌فه ڕه‌خنه له جه‌ختکردنه‌وه‌ی سێکولاریزم له سه‌ر ژیانی ئه‌و دونیایییه یه له جیاتی ژیانی دوای مردن یا به‌خته‌وه‌ری ڕووحانییەتی مرۆڤ . به پێی بنه‌مای سێکولاریزم ، کار و کرده‌وه و باوه‌ڕی ئێمه ده‌بێ زیاتر و گرینگتر له هه‌موو شت له سه‌ر بنه‌ڕه‌تی ڕه‌وتی ئێستا و حاڵی حازر بێ و ئه‌و کارانه‌ش دە خزمەت ژیانی خۆمان و ئینسانه‌کانی دیکه‌دا بێ .
سێکولاره‌کان هیچ جه‌خت له سه‌ر نکۆڵی له‌ژیانی دوای مردن ناکه‌نەوە وبە بوون و نەبوونییەوە خۆماندوو ناکەن به‌ڵام ئەوە ده‌ڵێن کە ،بوونی ئه‌گه‌ری ژیانی دوای مردن نابێ ببته هۆی ئه‌وه که هه‌موو هه‌لومه‌رجێکی باش و هه‌ڵکه‌وتوو بدرێته که‌سانێک که خۆیان به دین هه‌ڵاوەسیوە و ده‌ڵێن دوای مردن زیندوو ده‌بینه‌وه . جا لەبەر وەیکە هیچ سەلماوییەک له مهر ئه‌وبەختەوەرییە و ڕێگاگه‌لی گه‌ییشتن به‌و که دوای مردن قه‌راره ببێ ده نێوان دا نییه ،بەو مانایە نییە کە هیچ ڕێگایەکی تربۆ گەییشتن بەو بەختەوەرییە وەک ئاڵتڕناتیوێکی باشتر یان نیزیکتر دانەنێین هەر له‌به‌ر وه‌یکە ئێمه ناتوانین له سه‌ر ئه‌وە که ئه‌رێ له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌وانه‌ی که دین باسیان ده‌کا هه‌ن یان نا ،پێکنایەین . باشە با بڵێین هەیە ،ژیانێکی به‌خته‌وه‌رانه‌ی دوای مردن پێویستی به چ شێوه ژیانێکه له سه‌ر ئه‌و دونیایه ؟ که وابوو خۆ خەریک کردن به کار وباری مێتافیزیکی و له سه‌رووی سروشت ناتوانی هه‌ڵسوکه‌وت و مه‌به‌ست و باوه‌ڕگه‌لێکی عاقڵانه‌ی ئێمه لە سەر ئەو دونیایەبێ .
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ڕوانینه ته‌واو دژی ڕاهێنانه‌کانی زۆربه‌ی دینه‌کانی دونیایه یه . دینه‌کان یش داخوازی باشترکردنی ژیانی مرۆڤایه‌تی هه‌ن ،به‌ڵام داخوازییه‌کانیان زۆرجێوازه ده‌گه‌ڵ داخوازی سێکولاره‌کان . دڵکورکه‌ی بنه‌ڕه‌تی دین لە مەڕ ئاکامی ڕووح ، کرده‌وه‌ی ئێمه یان شیره‌ی شتێکی دیکه‌یه که له ژوورووی دونیای مادی ئێمه‌وه یه . که وابوو ئامانجی دونیایی و مادییان پێ ناته‌واوه و ته‌نانه‌ت به نه‌گونجاوی یشی ده‌زانن هەرله‌به‌ر وه‌یکه به پێی باوه‌ڕی دینی ،کار وباری دونیایییان بە ئامانجێکی درووست بۆ ژیان دانانێن.
ڕه‌خنه‌گران له سێکولاریزم ڕاست بکه‌ن یان هه‌ڵه ،ئه‌و ڕه‌خنه‌یه له سێکولاریزم وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی شه‌خسی داده‌نرێ ، به‌ڵام کاتێکی سێکولاریزم وه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سیاسی له به‌رچاوبگیرێ ، وسێکولاریزاسیۆن یش وه‌ک ڕووداوی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی چاولێبکرێ ، ئه‌و ڕه‌خنه‌یه بێ ئینسافانه‌یه . له‌به‌روه‌یکه ئه‌گه‌ر ئێمه دایبنێن که ڕاهێنانی دینی ڕێگایه‌کی درووسته ، هێشتاش ده‌سته‌ڵاتی سیاسی یان کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ڕاهێنانه به سه‌ر هه‌موو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکدا نابێته پاساوێکی گونجاو .
له‌وانه‌شه خه‌ڵک ته‌سمیم بگرن که له‌ژیانی شه‌خسی خۆیاندا سێکولار نه‌بن ، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌شه ئه‌و ته‌سمیمه درووست بێ ، به‌ڵام خۆیان ده‌بێ ئه‌وه هه‌ڵبژێرن نه ئه‌وه‌یکه که‌سانێکی دیکه تهسمیمیان بۆ بگرن . سێکولاریزم وه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌کی شه‌خسی ، نکۆڵی له دەستتێوەردانی مرۆڤەکان یان تێوەگلانی بایخهگهلی له‌سه‌رووی سروشت له ژیانی شەخسی وتاکه کەسیدا ده‌کا ، و سێکولاریزم وه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سیاسی ، نکۆڵی له ده‌ستتیوه‌ردانی مرۆڤەکان وتێوەگلانی بایخهگهلی له سه‌رووی سروشت ده کار وباری سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی دا ده‌کا جا لێرەیە کە ئێمە دەبێ جێوازی نێوان سێکولاریزم وەک فەلسەفەیەکی شەخسی و وەک فەلسەفەیەکی سیاسی بزانین .
ڕه‌خنه‌یه‌کی دیکه له سێکولاریزم ،که ده‌په‌یوه‌ندی زۆر نیزیک ده‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ی پێشوودا ، ئه‌وه‌یه که گۆیا سێکولاریزم ناتوانێ بنه‌مایەکی قایم بۆ ئه‌خلاق بێ . به پێی گوته‌ی ڕه‌خنه‌گران ، ئه‌خلاق پێویستی به وه‌رگرتنی بایخگه‌لی له‌سه‌رووی سروشت (مێتافیزیکی ) هەتا هەتایی و موتڵه‌ق هه‌یه کە فه‌لسه‌فه ماتریالیستییەکان یان ئه‌و دونیایی یانه کاتێک نیزامه‌کانی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی پشت ده‌و جۆره بنه‌مایانه بکه‌ن ناتوانن ئه‌و بنه‌مایانه بۆ ئەخلاق دابڕێژن .. ده‌و بواره‌شدا دژ بە سێکولاریزمەکان قسه‌یه‌کی ئەوتۆیان پێ نییه که بیکه‌ن.
ئاسته‌نگی سه‌ره‌کی ئه‌و ئیراده ئه‌وه‌یه که بۆچوون زۆرن که ناتوانرێ بسه‌لمێندرێن ،وه‌ک که دڵێین ، دەی ئه‌گه‌ر هاتووبایخه‌کانی له‌سه‌رووی سروشت هه‌بن ، دەی ئه‌گه‌ر هاتووئه‌و بایخانه بۆ پاراستنی ئه‌خلاق پێویست بن ، ودەی ئه‌گه‌ر هاتووفه‌لسه‌فه‌ی ماتریالیستی نه‌یتوانێ بنه‌مایه‌ک بۆ ئه‌خلاق دابین بکا _ و زۆریه‌ک له فه‌ڕزییه و بۆچوون و ئه‌گه‌ره‌کانی دیکه که هێنانە گۆڕێیشیان جێی پرسیارن ، مخابن ، هه‌ر یه‌ک له‌و فه‌ڕزییه و بۆچوونانه زۆر به سانایی ده‌کرێ هه‌ڵه بن ، و به‌ڵگه‌گه‌لێکی به هێزمان هه‌یه که تا بڵێین که زۆربه‌ی ئه‌و بۆچوونانه به ڕاستی هه‌ڵه‌ن ، بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌یان هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه نیشانی بده‌ین که یه‌کێک له‌و بۆچوونانه هه‌ڵه‌یه ،وتا ئه‌و جێگایه که زۆربه‌ی ئه‌و فه‌ڕزییانه جێی دوڕدۆنگین،خودی ئێراده‌که ده‌خۆیدا جێی دوڕدۆنگییه .
موشکیلێکی دیکه‌ی ئه‌و ئیراده ئه‌وه‌یکه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت قه‌بووڵیشی بکه‌ین که هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه به گشتی له جێی خۆیان بن ،چۆن ده‌توانین قه‌بووڵی بکه‌ین که شته‌که درووستن ؟به واتایه‌کی هاسانتر ، ئێمه ناتوانین بوونی بایخه‌کانی که‌له سه‌رووی سروشتن به گشتی وبە کڵۆ قه‌بوول بکه‌ین دە بوونی ئەو گشتە بایخە جۆراوجۆرانەدا ، ونیزامێکی ئه‌خلاقێکی تایبەت بەیەکێک لەوانە قه‌بووڵ بکه‌ین .باشەکام نیزامی باوه‌ڕمه‌ندی دینی ده‌بێ قه‌بووڵ بکه‌ین و وه‌ک بنه‌مایەکی فەرمی بۆ بەریوەبەرایەتی کۆمەلگا بسەلمێنین و بە گوێرەی ناوەرۆکی یاسا وڕیسای کۆمەڵگا دابین ، کاتێک ئەو گشتە باوەر و دینە جۆراوجۆرە دەکۆمەلگادا بوونیان هەیە ؟ ئه‌گه‌ر وڵامی ئه‌و پرسیاره نه‌توانرێ بدرێته‌وه کە هەر نادرێتەوە ئه‌وکات بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و پلوڕاڵیستی قه‌بووڵکردنی سێکولاریزم له به‌روه‌یکه له ڕاست داخوازی تایبه‌تمه‌ندی هەموو دینه‌کان بێلایه‌نه گونجاوتر و شیاوتره. له‌به‌ر وه‌یکه سێکولاریزم له‌هیچ جۆره نیزامێکی دینی داکۆکی ناکا وله سه‌رووی دانانێ و به سه‌ر خه‌ڵکیشیدا داناسه‌پێنێ .
جاری واشەکە وردەئیرادی لاوازی دیکه‌ش دێنه گۆڕێ کە دەڵێ ، ڕه‌وتی سێکولاریزاسیۆن ده‌بته هۆ که خه‌ڵک له ڕیشه‌کانی دینی و فه‌رهه‌نگی خۆیان نامۆ بن . به گشتی ئه‌و ئیراده بێ بنەمایانە له لایه‌ن مه‌سیحییه‌کانی به پاریز دێته گۆڕێ ،به‌ڵام موسڵمانان و یه‌هوودییه‌کانی به پاریزیش هه‌ر ئه‌و ئیراده‌یان له سێکولاریزم گرتووه. به بۆچوونی ئه‌وان فه‌وتانی چاوەدێری وده‌سته‌ڵاتی دین ده کۆمه‌ڵگای سێکولاردا ده‌بته هۆی ئه‌وه‌یکه خه‌ڵک که‌متر ده‌رفه‌تی پێڕاگه‌ییشتنیان به‌کار وباری دینیان که میراتێکی فه‌رهه‌نگییانه ببێ .
ئه‌و پاساوه سرنجڕاکێشن ،به‌ڵام بێ بنه‌مان ، درووسته که ئه‌مرکایییه‌کان ئه‌وڕۆ زۆر که‌متر له ئه‌مریکاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده له مه‌سیحییه‌ت ده‌زانن . ئه‌و چۆنیه‌تییه له ڕوانگه‌ی ڕاهێنانانه‌وه جێی داخه ،به‌ڵام ناتوانێ یه‌ک پاساوی سیاسی یا کۆمه‌ڵایه‌تی بێ . خه‌ڵک له مێژووی یونانی باستان و سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگی ڕۆم یش که‌متر له سه‌ر ڕابردووی ئه‌و دووه ده‌زانن _فه‌رهه‌نگگه‌لێک که بێ شک نه‌خشی گرینگ‌یان ده ڕسکانی فه‌رهه‌نگی ڕۆژاوا دا هه‌بووه . ئه‌وه نه‌زانی وکەمتەرخەمیییە جێی داخه ، به‌ڵام به‌و مانایه نییه که ده‌بێ بایخه‌کانی دینی یونانی یان ڕۆمی بێنینه ناو بەڕیوەبەرایەتی سیاسی یان پێکهاته‌کانی فه‌رهه‌نگی خۆمان . نه‌بوونی زانیاری خه‌ڵک له مێژووی مه‌سیحییه‌ت و نه‌ریته‌کانی ئه‌ویش به‌و ڕاده‌یه جێی داخه ، نه زیاتر .
هه‌ڵبه‌ت سه‌رۆکه به پاریزه‌کانی دینی ده‌گه‌ڵ ئه‌وڕاستییە کەکاتێک ئه‌ربابه‌کانی دین ده‌ستیان له ده‌وڵه‌ت و فه‌رهه‌نگ کورت ده‌بته‌وه ،ئیمکانی وه‌ده‌ستهێنان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی سەر لەنوێی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته له‌کیس چووانه‌یان هه‌ر دێ که‌متر و دژوارتر ده‌بێ نین .جا دیاره ئه‌وان ده‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه کە بە دڵیان نییە ناگونجێن _ به‌ڵام ده کۆمه‌لگای سێکولار دا ده‌وبواره‌دا ئه‌وتۆکارێکیان له ده‌ست نایه . ئه‌گه‌ر باوه‌ڕه‌کانیان خوازیاری بێ، ته‌نیا سه‌باره‌ت به خۆشه‌ویستی باوه‌ڕه‌کانیانه له لای خوازیاران .کاتێک که ڕێبه‌رانی دینی له ده‌وڵه‌ت یان فه‌رهه‌نگ یارمه‌تی وه‌رده‌گرن ، له بنه‌ڕه‌ته‌وه سه‌لماندوویانه که تەنیاباوه‌ڕیان بەتوانایی ڕاکێشانی سرنجی خوازیارانیش نییه .
ڕاشکاوانە بابڵێین کەهیچ هه‌ڵه‌یه‌ک ده‌و ئیدیعایه‌دا نییه‌کە دەڵێ:خه‌ڵک نابێ سێکولاریزم وه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌کی شه‌خسی چاولێبکه‌ن ده بازاڕی بۆچوون وباوه‌ڕاندا بوونی ڕوانگه‌گه‌لی جۆراوجۆر و دژبه‌یه‌ک ده‌ستکه‌وتێکی بەرچاوە بۆ سەقامگیر کردنی پلورالیزم ودیموکڕاسی ، ئێمە دەبێ ئەوە بزانین ته‌نیا ئه‌و فه‌لسه‌فانە دژایەتی پێکهاته‌کانی سێکولاریزم وه‌ک هەڵسووڕێنەرێکی گۆنجاو بۆ گوڕه‌پانی گشتی وجه‌ماوه‌ری بۆ دیالۆگی نێوان دینه جۆراوجۆره‌کان دەکەن ،که به‌دوای زاڵبوون به سه‌ر کۆمه‌لگا و ئاستەنگ سازکردن بۆ کۆمەڵگایەکی پلوڕاڵییەوەن کەتەنیا مەبەستیان خۆ داسه‌پاندن وپێشێلکاری و خەڵک داپلۆسینە بە بێ لەبەر چاوگرتنی بچووکترین مافی ئینسانئ دانیشتوان .
- وڵامی سەرۆک عەشیرەتی سوورپیستەکان بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا - 11/25/2018
- قاتی و قڕیی نیوێک لە دانیشتوانی ئێران – ئیستیعماری پووڵی، بەشی دووهەم - 11/08/2018
- سێکولاریزم وه‌ک فەلسەفەیەک - 10/27/2018