سێ فیشەک تا ئازادی

نووسەر:دوکتور پژواک کەوکەبییان

ستراتیژی سێ قۆناخی بۆ ڕزگاری لە ئیستیعماری ئێران

سەرەتا

کوردستان موستەعمەرەی ئێرانە، کوردستان مستەعمەرەی فەرهەنگی، ڕامیاری، نیزامی، ئابووری ئێرانە. درێژەکێشانی ئەو ئیستیعمار و چەوساندنەوە سەقامگیرە، هێژمۆنی پێکهاتەکانی ئیستیعماری ئەوانی بە دامەزراوە و ئاسایی کردووەتەوە، زەین و لەشی کوردستان، شەکەتی زوڵم و داگیرکەری ئیستیعمار و تاڵانە.

سێ شێوەی لە ئیستیعمار : ئیستیعماری زەین، ئیستیعماری لەش و ئیستیعماری دامەزراوەیی، کۆڵەواری وبێدەرەتانی کوردستانیان لێکەوتۆتەوە.

ئێران بە زەبر و زۆر موستەعمەرەیەک ئیدارە دەکات و سیاسەتێکی تێدا بەڕێوە دەبا کە لە ڕیاکاری و دەغەڵکاری و چەواشەکاری و وەحشیکەری دا لە جیهان بێ وێنەیە، ئێران بە شەرمەزارییەکی تەواو دەستی بە سەر خاک و وڵاتی زاگڕۆس و کوردستان دا داگرتووە و یاساگەل و ڕێساگەلێکی وەدی هێناوە کە هیچ پەیوەندییەکی دەگەڵ بیر وبۆچوونی دانیشتوانی کوردستاندا نییە هیچ، بەڵکوو دژایەتییەکی بەرچاو و زەقی لەگەڵ هەموو ئەودان و نەریت و فەرهەنگەیە کە بە درێژایی مێژوو لە کوردستاندا ڕەچاو کراون و دەکرێن و جێی ڕێزن بۆ کوردەواری. چونکە لەمەڕ ئەو یاسا و و ڕێسایانە هیچ پرسێک بە نەتەوەی کورد نەکراوە و هیچکامیشیان هیچ بەرژەوەندییەکیان لەگەڵ هیچ لایەنێکی کورد دا نییە و تەنیا شتێکن داسەپاو و نامۆ لە کوردەواریدا.

چۆنیەتی هەنووکەیی زاگرۆس یەکان وەک ئەوانە دەچێت کە، لە گرتووخانەکانی ئێراندا دەست بەسەرن. کوردەکان ڕزگار کردنی خاک و وڵاتی خۆیان بە مانای داماڵینی کۆت و زنجیری دەست و پێیان و نیری دیلی لە ملیان دەزانن کە بە سەروەری و مەزنەیەتی سەرلەنوێ خۆیان بە سەر وڵاتی خۆیاندا لێک دەدەنەوە. لە بواری مێژوویەوە ئێران وەک ئاغایەک بە سەر زاگرۆسەوەیە کە، هەر خەریکی زوڵم و ستەم بووە و هەر دەستکەوتێک کە بە هۆی شۆڕش و سەرهەڵدان و سەر بزێوی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و خۆ ڕزگار کردن لەو ئیستیعمارە، لە چاو لوتف و مەڕ حەمەتی ئەو ئەربابەوە نابێت سەیر بکرێت، بەڵکوو لە مەرگ و نەمان و فەوتانی ئەو داگیرکەرە دا مسۆگر دەبێ. هەووەڵین دەستکەوت، کاتێک دەستەبەر دەکرێ کە زانیاری و وشیاری و چاوکراوەیی کورد لە ڕاست بوونی داگیرکەر و ئیستیعمارگەر و تاڵانچییەکی بە نێوی ئێران لە سەر خاک و زێدی باب و با پیرانیدا هەست پێکدا و خاک و خۆی بە داگیرکراو بزانێت.

واقیعییەت ئەوەیە کە هەرکات نەتەوەکانی داگیرکراو و موستەعمەرە، ئیدارە و بەڕێوەبەرایەتی سیستەمی ماڵی و سەروەت و سامانی خۆیان بە دەست خۆیانەوە بێ، هاوسەنگی داگیرکەری ڕابردوو لەگرێژنە دەچێ. چونکە هەر ئاڵوگۆڕێکی ئابووری و گەشەی سنعەتی کە سەرەتای ئەو بە مەوادی خاو دەست پێ دەکەن کە لە کوردستان دەبرێن و بەتاڵان دەچن، دەبێتە هۆی ئەوەکە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەلایەن مەستەعمەرەکانی پێشوو هەرزانتر لە جاران دەستەبەر بکرێن و ڕەقابەت بۆ ئێرانی ئیستیعمارگەر نەک زۆر دژوارە، بەلکوو تەنانەت نەلواو دەبێ.

ئێمە ئاگادارین کە لە هەنگاوی هەووەڵدا ئەوەیکە بۆ ئیستیعماری ئێرانی گرینگە، بانکەکانی دامەزراو، سەرەتەکانی قازانج، کەلک وەرگرتن لە مڵک و خاکی داگیرکراو و شاڕەگی تاڵانی ئاو، زەوی، کرێکاری بێ حەقدەست، ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و سەرچاوە ژێر زەوییەکانن، ئەگینا باقی شتەکانی تری بەلاوە، هەر هەمووی بۆ فریو و هەڵخەڵەتاندنن.

بەڵێ کوردستانییەکان دەبێ بزانن کە، بە دەست لە سەر دەست دانان ناتوانن چاوەڕوانی هیچ ئاڵوگۆڕێک بن، تەنیا سەروەتێکی کەیلانی وەتەنی» وەتەن دۆستان» زاگڕۆس هەیانە، تینوێتی ئەوانە بە ئازادی وخۆڕزگارکردن لە کۆت و زنجیری ونیری ئیستیعمار وداگیرکاری ئێرانییە وبەس. تا کاتێک ئاڵای بێگانە لە وڵاتی ئێمەدا بشەکێتەوە و خاکی ئێمە لە ژێر چەکمەڕەقانی داگیرکەردا بمێنێتەوە، کوردستان لە بواری نیزامی هەر لەژێر داگیرکەردایە و لە بواری ئابوورییەوە ئیستیعمار کراوە و لە بواری فەرهەنگییەوە پاکتاوی پێناسە کرا و و ئاسمیلە وهەڵاواردە و حەشا لێکراوە.

ڕێ چارەی هەرسێک لەو سێ بوارە ئیستیعمارییانە، تەنیا یەک فیشەکە، بۆیە ستراتیژی سێ قۆناخی بۆ ڕزگاری لەو نەهامەتییانە بە پێویست دەزانین.

ئیستیعماری ئەوەڵ

زەینی کوردستان دیل و لەژێر کارتێکەری و پاپۆکەی ئێرانییەت و ئێرانی بوون دایە. تا زەین و پێناسەی کوردستانی لەو پاپۆکە ئیستیعمارییەی ئێرانی ڕزگار نەکرێ، لەشی ئەو زەینە ئازاد نابێ، لێکجوێکردنەوەی پێناسەی کوردستانی لە پێناسەی ئێرانی، لە پێداویستییەکانی قۆناخی هەووەڵ دەزانین، فام و قبووڵی ئەو بنەمایە کە پێناسەی کوردستانی جوێ لە پێناسەی ئێرانی یە، هەنگاوی هەووەڵە لە قۆناخی هەووەڵدا.

فیشەکی ئەوەڵ دەبێت بە سەربەخۆماندا هەڵتۆقێنین، تا خۆمان لە خەوی غەفڵەت ڕاچڵەکێنین. ئەو فیشەکە هەر ئەو وەخۆ هاتنەوە لەمەڕ ئاسمیلاسیون و دەستەڵاتی زەینی ئێران لەهەموو بوارەکانی ژیانی ئێمەدایە، کە ئەو فیشەکە جارێک بۆ هەمیشە، لەو خەوە هەڵمانهەستێنێ.

مەرجی هەووەڵ بەئاگا بوونەوەی تاک و گەیوی فکری شارۆمەندان و ناسینەوەی پێناسەی کوردستانی و دەرکەوتن لە کۆت ونیری زەینیەتی ئێرانی بوونە. تاکێکی زاگرۆسی دەبێت ئەو ترسە داسەپاوەی زەینی بەو فیشەکە کە ئاڵقەی هەووەڵی زنجیری بە کۆیلە بوونمانە، لەبەر یەک بترازێنێت و بقەلشێنێ. لە ڕاستیدا تاکیکی کورد ئەوفیشەکە بە زەینی کۆیلایەتی وژاراوی پێشووی و بەسەرچووی خۆیەوە دەنێت و پێناسەی کۆیلە و ژێردەستی و چەوساوەیی خۆی، جارێک بۆ هەمیشە دەکوژێت، ئەو ئینسانە سەرلەنوێ لە دایک دەبێتەوە وەک تاکێکی بە تەواوی جوی لە کەسایەتی پێشووی خۆی. ئینسانێکی ئازاد، شۆڕشگێڕ، بەکەڵک و بە بەرهەم، باوەڕمەند بە خۆی، بنەماڵەکەی، شارەکەی، نەتەوەکەی و وڵاتەکەی. ئەو فیشەکەی دەستپێک، دەبێتە هۆی ئەوەیکە چیتر هەست بە خۆی وەک ئینسانێکی داپڵۆسراو، بچووک کراو، داگیرکراو و ئیستیعمارکراو نەکات و ئیستیعمارگەر و داگیرکەر بە چاوێکی سووک سەیر بکا نەک وەک هێزێکی لە خۆی بەهێزتر. ئەو زەینییەتە ژاراوییەی ئێرانی بوون دەبێ لە لەش و گیانی کورد و وکوردستاندا هێڵانەی کردووە، جاریک بۆ هەمیشە بسڕێتەوە و خاوێن بکرێتەوە، مائۆ تسەتۆنگ قسەیەکی هەیە دەڵێ: (فکر و پرسیارێک کە لە ناخی خەڵکدا، چەکەرە بکا، چەکێکە بە هێز، کە فەوتانیان نالوێ و کە گشتگیریش بوو، نە دەفەوتێ و نە دەمرێت).

فیشەکی دەستپێک بە ئەڵقەی کۆتی زەینی «خۆ بە ئێرانی» زانینە.

ئیستیعماری دووەم

ئیستیعماری دووەم داگیرکەری خاک و وڵات، لەشی شەکەت و دەستبەسەرکراوی زاگرۆسە. داگیرکەری نیزامی و دیلی پێکهاتەکانی ئیستیعماری یە. بوونی فیزیکی ئەو دامەزرا وانەن کە خەریکی تاڵانی سەروەت و سامان و فەرهەنگین. کە خۆی بەڵگەی بەرچاوی تاڵان و دزینن، سیستەمی ڕاهێنان و پەروەردە، ڕیکخراوەکەکانی ئیداری و وڵاتی، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئابووری هەر هەموویان وەک قشڵە (پادگان) ن کە درێژە بە ئیستعمارگەری ئێرانی دەدەن. قۆناخی دووەم، جووڵانەوەیەکە بەرەو ئازادی، سڕینەوەی خاکی کوردستان لەو ئیستیعمار و داگیرکارییە یە. پێویستە کۆتایی بە بوونی داگیرکەر بهێندرێ.

دەست درێژ کەر بە سیستەمی برۆ کرا سییەکەی، ماڵی ئێمەی بڕیوە، بە چەک و چەکمە خەریکی تاڵانە، جا لێرەیە کە دەبێ فیشەکی دووەم باوین، بە گوێڕەی یاسای جیهانی، گرتن و دەستبەسەرکردنی دەستدرێژیکەر لە ساتی دزی و تاوانکردندا، دیفاعێکی مەشرووعە، ئەوە خۆ ڕزگارکردن لە ژێر زەختی ئەو چەکمەیە، کە لە سەر قوڕقوڕۆچکەی میللەتی کورد دانراوە و بڕستی هاوار و داوای هانای خۆ ڕزگارکردنی لێ بڕیوە و ئیزن بە پشوودان و هەناسە کێشانی نادات.

ئیستیعماری سێیەم

دز لە ماڵ دەرکراوە و ماڵ دەبێت دەستێکی بە سەر و گوێلاکی دابهێنرێت وڕێک و پێک بکرێت. پێویست بە بەرنامە و داڕشتنی پرۆژە ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی هەیە، ئەندامانی ئەو بنەماڵە و دانیشتوانی بڕیار دەدەن کە کارەکان چلۆن بە سەر خۆیاندا دابەش بکەن، پسپۆڕان و لێزانان، هەر کام لە بواری تایبەت بە زانستی خۆیاندا بەشداری ئەو پرۆژەیە دەبن. هەر دەنگێک کە ئەندامان و دانیشتوانی ئەو ماڵە لە سندووقێک دەنگی داوێن. ئاستەنگێکە لە سەر گەڕانەوەی سەر لە نوێی ئیستبداد.

گرفتی کلاسیک و کۆنی وڵاتانی ئێمەی جیهانی سێهەمییەکان، نەبوونی ڕێکخراوانێکن کە لە ژێر چاودێری جەماوەری خەڵکی ئەو وڵاتانەدا بەڕێوە بچن. ئیستبدادی ناوەندگرایی بە شێوەیەکی ناوهاخنکراو و تێ خزێنراو لە زەین و مێشکی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا سازماندراوە. بۆیە نەبوونی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆ لە بەستێنێکی گونجاو بۆ حکومەتێکی خەڵک بە سەر خەڵک دا، بنەمایی ترین گرفتە لە دوای ڕزگار بوونیان لەژێر زەخت وستەم دا. بۆیە ئیستبدادێکی ناوخۆیی و خوماڵی نابێ جێگای ئیستیبدادی بێگانە بگرێتەوە، بۆیە پێکهێنانی ڕیکخراوەگەلی بەڵێنمەند بە یاسا، پێکهاتە و لیژنە و پەرلەمان و دەوڵەتی کوردستان، یەک لە پێداویستییەکانی بەرهەڵستکاری لە مەر ژیاندنەوەی ئیستیبدادی ئێرانی و ڕەت بوون لە قۆناخی سێیەمە، قۆناخی سێیەم، ڕیفراندۆمی گشتی، دامەزراندنی پێکهاتەکانی دیموکراتیک، لیژنە سازی و مۆدێڕنیزاسیۆنی ڕێکخراوەکانی ناوخۆییە.

ئەوە فیشەکی سێیەم و فیشەکی کۆتایییە، لە لەشی کەلەلا و نیوە گیانی ئیستیبداد، ئیستیعمار، زوڵم و ستەم داگیرکەری و دەستدرێژی دەدرێت.

بەشداری لە دەنگدان، ڕیفراندۆم و دەربڕینی بیر و بۆچوون لە ڕاست پرسانێک کە پەیوەندییان بە زاگرۆس و کوردستانەوە هەیە، ئەرک و مافی هەموو کوردێکە، نێلسۆن ماندێلا هەمیشە دووپاتی دەکردەوە کە: “تا قانوونی داگیرکەر لە پاڕڵمانی خاکی وەتەنی خۆمدا پەسەند نەکراوە بە فەرمی نایناسم و لای من ئیعتیباری نییە”. کوردستانیش هیچ قانوونێکی ئێران تا لەپاڕڵمانی زاگرۆس و کوردستاندا پەسەند نەکراوە، بەرەسمییەتی ناناسێت، پەرلەمانی نەتەوەیی کوردستان سەرچاوەی یاسا و ڕێسای حاکم بە سەر کوردستانەوەن و هیچ قانوون و دەستوری کار و ئاییننامەیەک کە لە دەرەوەی پەرلەمانی خاکی کوردستان دا پەسەند کرابێت بە فەرمی و ڕەسمی ناناسێنرێت و هەڵگری هیچ ئیعتیبارێک نییە و شیاوی بەڕێوەبردن نین.

فیشەکی سێیەم، کارتی دەنگدانە، کە کۆتایی بە سیستەمی داگیرکەری، پێکهاتەکانی، یاساکانی، برۆ کرا سییەکەی و ناوەندگراییەکەی دەهێنێت و وەک تیری خلاس لە مێشکی ئیستیعمار و ئیستیبداد و داگیرکەری دەدا.

بژی ئازادی – ئاوەدان کوردستان

Dr. Pejvak Kokabian