پەیجوور: ھادی عەزیزی
لەم نووسینەدا، سەرەتا بە ئاراستەیەكی ھەڵە دەست پێدەكەین كە زۆرینەی ڕۆژھەڵاتناسان و مێژوو نووسان وەكوو مێتۆدێكی لێكۆڵینەوە و ئامرازێكی مێژوویی، كردوویانە بە ڕێچكە و لە سەر ھەمان بنەماش دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان و بەتایبەتی فارس، خۆیان لە سەر ئەو ڕێبازە بەھێز كردووە.ئەم مێتۆدە وەك سەرەتایەك ھێندە ڕێگە خۆشكەر بوو ھەتا فارسەكان تەنانەت لە ناوەندە ئاكادمییەكانیشیاندا بە چەند قات زیاتر چەواشەكاریشی پێوە دەكەن.نموونەی بەھێزی سەلماندنی ئەو درۆ و چەواشەارییانەی ئەوان كاری وایكرد كە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە لەندەن كتێبێك لە سەر ھەخامەنشی و كەسایەتی كورشی فارسی بنووسن و پێیان بسەلمێنن كە ئەوە ئێوە نین كە بەم شێوە باسی خۆتان دەكەن.(Irving FinkelThe Cyrus Cylinder: The Great Persian Edict from Babylon)مێتۆد و شێوازە ھەڵەكەی ناو ڕۆژھەڵاتناسان و مێژوونووسان:[[بە شێوەیەكی نەریتی كوردەكان وەك ئێرانی و بنەچەكی ئێرانی دەناسرێن، ھەر بۆیە بە شێوەیەكی گشتی بە ھێندوئەورووپی ھەژمار دەكرێن، چونكە دەڵێن بە ئێرانی قسە دەكەن]]ئەم شێوازە بە گشتیی لە لایان زمانەوانان و لێكۆڵەرانی مێژوویی زمانەوە پەرەی پێدراوە و ئەو فاكتانەی كە وەك بنەڕەتی تێزەكە پشتی پێ سپێردراوە، تەنیا وێكچوونی زمانییە.ھەڵەی گەورەی ھەموو مێژوونووسان و لێكۆڵەران ئەوە بوو كە ھیچ كاتێك نەیانوسیتووە یان نەیانتوانیوە، زمانی كوردی لە گەڵ زمانە “ناسامییەكان” ـی ناو ڕۆژھەڵاتی ناوین یان میزۆپۆتامیا لێك بدەنەوە، ھەر چی لە لێكۆڵینەوەكانی ئەوان دەرەكەوێت تەنیا و تەنیا لە مێژووی دەوڵەتی میدیێەوە لە سەر كورد خوێندنەوە دەكەن كە ئەوەش، ھەموو گریمانەكان بێ ھێز دەكات.سەرھەڵدانی دەستەواژەی ھێندوئەورووپی و دواتر گۆڕانی بە ھێندوئێرانی و ھێندوئەڵمانی، ھەروەھا تێكەڵبوونی تێزێكی ھەڵە بە ناوی “ئاریایی” لە گەڵ ئەم دەستەواژانە، مەجالێكی بۆ فارس ڕەخساند كە لە دوای ئەویكە لە سەردەمی موزەفەرەدین شای قاجاردا كە یاسایەكی كرچ و كاڵی بنەڕەتییان بۆ دامەزراندنی وڵاتێكی یەكدەست نووسیبۆوە، بەم تێزانە لە سەردەمی ڕەزای پەھلەویدا نەخشەیەكی نوێ بە باڵادەستی فارس بە سەر نەتەوەكاندا بكێشنەوە و “ممالك محروسە” كە جاران تا ڕادەیەك خۆیان باڵادەستی خۆیان بوون، بە یەكجاری لە ناو وڵاتێكی تازە بە ناوی ئێران بخنكێندرێن، كە كوردستانی ئێمەش لەم پیلانە بێ بەری نەبوو.بۆ ئەوەیكە ئێمە بەرپەرچی ھەموو ئەو تێزانە بدەینەوە، پێویستە بە شێوەیەكی بنەڕەتی ھەموو تێزەكان شیتاڵ بكەین و بە سەر مێژوویاندا بچینەوە.شیكردنەوەی پێ بە پێی ئەم قۆناغانە دەتوانێ ڕۆشنگەرییەكی بەھێز بە ئێمە ببەخشێ، كە دواتر بتوانین زیاتر لە حەقیقەتی “كورد و كوردستان” تێبگەین.وەك سەرەتا باسمان كرد بە ھۆی ھەبوونی ھەندێك بەڵگە و وێكچوونی زمانی كورد بەستراوەتەوە بە لقی زمانە ئێرانییەكان و ئەوەش كارێكی وای كرد كورد بكەوێتە بازنەی زمانەكانی ھێندوئەوروپییەوە كە زمانی كوردی لە ھەموویان كۆنتر بوو.مێژووی تێئۆری ھێندوئەورووپی زۆر كۆن نییە و كاتی خۆی دادوەرێكی سەربازی بریتانیا بە ناوی سێر ویلیام جۆنز(sir william jones 1746-1794) كە وەك حاكمێك لە ھێندوستانی ژێردەستی بریتانیا بڕیاری دەدا، ساڵی ١٧٨٦ بە سەرنجدان بە پەیوەندی نێوان زمانی سانسكریت و یۆنانی و لاتین، بیرۆكەی ھێندوئەوروپی بە مێشكدا ھات، بەڵام ئەو كاتە ھیچ ناوێكی لێنەنا.جۆنز لە ئێرانی ئەو كات كە ھێشتا ناوی ئێران نەبوو، زۆری ھاتووچۆ دەكرد و شارەزاییەكی باشیشی لە فارسیدا ھەبووە، تەنانەت ئەو بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی ماوەیەكیش لە شاری حەڵەبی ئەو كات ماوەتەوە كە بەشێكی زۆری دانیشتوانیشی كورد بوون، بەڵام ئەم زاتە ھیچ كات خۆی لە كوردستان و چیاكانی زاگرۆس نەداوە و تەواو لە زمانی كوردی بێ ئاگا بووە.ھەر بۆیە بیركردنەوە لەم تێزە لە ڕووی بنەڕەت و بناغەی زمانناسییەوە نەبووە، چونكە ئەو تەنیا بەو زمانانە قسەی كردووە.پێشتر لە لایەن ھەندێك خەڵكی دیكەوە سەرنجی پەیوەندی نێوان زمانە ئەورووپییەكان درابوو، بەڵام ئەوە یەكەمین جار بوو كە كەسێك بەو جۆرە ئەو ھەموو زمانانە بەیەكەوە ببەستێتەوە كە لە یەك دوور بوون وجۆنز زمانی سانسكریتیشی بە تێئۆرییەكەوە بەستبۆوە.دواتر ساڵی ١٨١٣ زایینی لێكۆلەرێكی دیكەی بریتانی بە ناوی تۆماس یەنگ(thomas young 1773-1829) بۆ یەكەمجار دەستەواژەی ھێندوئەورووپی(Indo-eropean) بۆ ئەو كۆمەڵە زمانانە دانا.ھەر لەو سەرووبەندا و دواتریش ئاڵمانییەكان بەم تێزەوە تێوەگلان و زۆرینەی جار لە بڕی دەستەواژەی ھێندوئەورووپی دەستەواژەی ھێندوئەڵمانی(Indo-germanic) ـیان بە كار ھێناوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕاوە كە ئاڵمانەكان دەستەواژەی ھێندوئەورووپییان قەبوڵ نەدەكرد.زۆرینەی لێكۆڵینەوەكانی ئەو كاتی ئەورووپا لە سەر ئاراستەیەكی فكری دەكرا كە لە تەوڕاتەوە وەرگیرابوو و لێكدانەوەی ھەڵە بۆ تەوڕات ئەو بوو كە پێیان وابوو ئەم زمانانە تەنھا لە یەك بنەچەی زمان، بەڵكوو لە یەك ڕەگەزیشەوە ھاتوون، ئامانجی ئەورووپییەكان لەم گەڕانانەدا ئەوە بوومێژووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بدۆزنەوە.لە لایەكی دیكەشەوە ئەوان بۆ دیتنەوەی ڕەچەڵەكی خۆیان لە ناو مشت و مڕێكی زۆر كەوتبوون.لە سەدەی ھەژدە و نۆزدەھەمدا زۆر بە چڕی بە شوێن ڕەگەزی خۆیاندا دەگەڕان و حەولیشیان ئەوە بوو لە ڕۆژھەڵات شوێنێك بدۆزنەوە كە جێگەی سەرھەڵدانی ئایینە كۆنەكان بوو.ئەورووپییەكانی ئەو كات بە زانستی ئەو كارەیان نەدەكرد، چونك ھۆژمۆنی ئایینی مەسیحی لە ناو نووسینەكاندا باو بوو و لە ھەمووشی گرینگتر ھێشتا زانستی ئاركیۆلۆژی دەستی پێنەكردبوو، ھەر بۆیە ھەرچی ئەوان دەیانزانی ناوی ئەو نەتەوانە بوو كە لە كتێبە ئایینییەكاندا باسی كرابوو، كە میدی یان ماد و فارس و جوولەكە و ھێندی لە خۆ دەگرت، ئەو كات ھێشتا ناوگەلێكی وەك سۆمەری و ھوری ناسراو نەبوون، ھەر بۆیە ئەوان لە ناو ئەو نەتەوانەدا دەگەڕان كە ناویان دەزانین.لە ئاكامی ئەو ھەموو گەڕانەدا، گوتیان كە ئەم گەلە ئاری(aryan)بووە و مانای ناوەكەشی یانی ڕەسەن(noble).[ئەمە ھەڵەیەكی ھەرە گەورەتر بوو كە ئەوان تێی كەوتن و لە بەشی سەلماندنی ڕیشە و ڕەگەزی كورد لە بەشی دووھەمی وتارەكەدا بە وردی و فورمولیزەكراو بەرپەرچی دەدەینەوە]بە پێی باوەڕی ئەوان گوایە ئەم گەلە لە باكووری ھێندوستان ژیاون و دواتر بوونەتە سێ بەش كە بریتین لە مید یان ماد و فارس و سانسكریت.یەكەمین جار ئەو بڕیارە لە لایەن كڕیستییەن لاسێن(christian lassen 1800-1876) ـەوە درا.ئەو داوای كرد وشەی ئاری یان ئاریایی لە بڕی دەستەواژەی ھێندوئەورووپی بە كار بھێنرێت وەك ناوێكی گشتی بۆ خێزانی زمانی ھێندوئەورووپییەكان و ئەو گەلانەی قسەیان پێكردووە، لە سەر ئەوەی ناوی ئاری، دەتوانێ ھەستێكی ھاوبەشی ڕەچەڵەكی و جوگرافیایی بە ھەموو ئەم خەڵكانەی ناو بازنەی ھێندوئەورووپی ببەخشێ كە ئەمەیان وەك بڵێی لە سەر بنەمای مێژوویی سەری ھەڵداوە كە تەواو نازانستی بوو.ئاڵمانەكان پێشتر لە ساڵی ١٧٧٠ بە وشەی arier ئاشنا ببوون كە ئەوان ئەم وشەیەیان لە زمانەوانێكی پسپۆری ھێندی و فارسی بە ناوی Abraham haycinthe anquetil-duperron وەرگرتبوو كە ئەویش وشەكەی لە ئاڤێستا و Rigivida(سەرچاوەی ھێندی كۆن)وەرگرتبوو.[Larrimore end Eigen, 2006, p 175]بەڵام ھەڵبژاردنی ئەم ناوچەیە بنەمایەكی چەوتی ھەبوو، چونكە ئەوان بە ھەڵە تێگەییشتن لە تەوڕات بەو ئاكامە گەییشتبوون.لە تەوڕاتدا باسی ئەوە دەكا ھەموو مرۆڤایەتی لە باخی ئەدێن(جنات عدن garden of eden) ـەوە ھاتووە.[لە ھەر دوو ئایینی كریستیان و جوودا باسی ئەوە دەكرێت كە ئادەم و حەوا لە ئەدێنەوە ھاتوون و زاناكانیش زۆریان حەول دا ئەن شوێنە بدۆزنەوە، بەڵام وەك دەگوترێت چیرۆكەكە سۆمەرییە و ئادەم بە شێوەی Adamu نووسراوە و ئەو ناوچەیەش لای سۆمەر پێی دەڵێن Edin](Tsumura, 1989, p 123)ئەورووپییەكان لە سەدەی ھەژدەھەمدا باخی ئەدێن ـیان بە شوێنێك دەزانی كە دەكەوێتە لای كشمیر و تبت ـەوە و ھەتاكوو سەدەی بیستەم لە سەر ئەو باوەڕە بوون، بەڵام دوای دەركەوتنی تێكستە سۆمەرییەكان، دەڵێن بنەچەی تەوڕات لە سۆمەر و مێزۆپۆتامیاوە وەرگیراوە و باخی ئەدێنیش ھەر لەو ناوچەیەیە.بۆ بنەڕەتی زمان و ڕەچەڵەك و دیتنەوەی ئەو شوێنە بە پێی خواست و بەرژەوەندی وڵاتان جێی گۆڕاوە.لێكۆلەرێكی ئاڵمانی بە ناوی جولیۆس كلاپرۆس( 1783-1835 Julius Klaproth) كە مووچەخۆری رووسییای قەیسەری بوو، لە سەر ئەوەیكە ڕەوایی بە ئەم پڕۆژەیە بدات، ئاماژەیەكی بۆ زمانەكانی ناوچەكە كردووە و باسی ئەوە دەكا كە دوای تۆفانەكەی نوح مرۆڤ ھەمووی پەنایان بۆ چیاكان بردووەو بنەچەكی مرۆڤ لە ھیمالیا و قەوقازەوە دەست پێدەكا. بۆ پاداشتی ئەو كارەی كرا بە ئەندامی ئاكادیمیای ڕووسی و دواتریش نازناوی ئاكادێمیسییەنی پاشایەتیان پێدا.(Eigen and larrimore, 2006, p 173)لە ڕاستیدا تێئۆری ئاریایی و ئەورووپی لە ھەموو سەردەمێكدا بە مەبەستی سیاسی بە كار ھاتووە. figueira 2002 فیگوێریا لە دوو توێی كتێبێكدا باس لە بەكارھێنانی ناسنامە جیاوازەكان بۆ مەبەستی جیاواز دەكات و بەشێكی زۆریشی بۆ ئەفسانەی ئارییەكان تەرخان كردووە.فیگیوێریا دەگێڕێتەوە كە چۆن بریتانیاییەكان سودیان لەو تێئۆرییە وەرگرتووە و چۆن بە یارمەتی ئەو ئەفسانەیە خۆیان لە گەڵ ھێندییەكان كردووەتە ھاوڕەگەز و مانایەكی مێژوویی و ڕەواییان بە داگیركردن و حوكمڕانی لە ھێندوستان داوە و خۆیان بە تەواوكەری ئاریاییەكان داناوە، [وەك ئەوەی وا ئێستا ڕێك فارس دەرحەق بە كورد دەیكا].ھەروەھا چینی خوێندەوار و دەسەڵاتداری ھێند لەم تێئۆرییە كەڵكیان وەرگرتووە كە خۆیان بە ھاوشان و ھاوڕەگەزی بریتانیاییەكان بزانن، بۆخۆشیان ھەندێك شتیان بە ئەم تێئۆرییە زیاد كردبوو كە دەیگوت: ھێندی لە ڕەگەزی پاكی ئارین و ئایینی ھێندووسی لە بنەڕەتدا ئایینی ئاریاییەكان بووە و ئیسلام و ئایینەكانی دیكە تێكیان داوە.ئەم بیرۆكەیە ئێستاش ھێندووەكان وەك چەكێكی سیاسی كەڵكی لێوەردەگرن.ئەو تێئۆرییە ھەتا ئەمڕۆش لە ناو ئێراندا سوودی لێوەردەگرن و بە مەبەستی مانادان بەم نەخشە سیاسییەی ئێران، فارسەكان خۆیان بە ئاریایی دەزانن و بە كوردیش دەڵێن تۆش ئاریایی و ڕەسەنیت و ھەموومان لە یەك ڕەچەڵەكین و نەتەوەكانی عەرەب و تورك دەبنە ھۆی تێكدانی وەڵاتی ئاریاییەكان.بەم شێوەیە دەیانھەوێ كورد بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و كورد حوكمڕانی ئێران بە بەشێك لە ڕاستیی مێژوویی بزانێت و لە ناو ئەم نازناوە ئەفسانەییە قەبوڵی دەسەڵاتیان بكات و لە ھەمان كاتیشدا ئێرانیەكان دەیانھەوێ مانایەكی مێژوویی بە پانئێرانیزم بدەن.زۆربەی جار بە كورد دەڵێن: تۆ لە خێڵە ئاریاییە ڕەسەكانی و وەكوو ئەوە وایە میداڵیای خەڵات بە كورد ببەخشن.نكۆڵی لەوە ناكرێ كە پەیوەندی نێوان بە ناو زمانە ھێندوئەورووپییەكان ھەیە، بەڵام دەستنیشانكردنی یەك ڕەگەز وەك بنەچەی ئەو زمانانە شتێكی مەحاڵە، لە بەر ئەوەی زمان و ڕەگەز دوو شتی جیاوازن.مەرج نییە ھەموو ئەوانەی بە زمانی ھێندوئەورووپی قسە دەكەن لە یەك ڕەگەز بن و جگە لەوەش ھیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە پاڵپشتی ئەو بۆچوونە بكات.ئەم ھەڵانە تا ڕادەیەكە كە رودیگێڕ ئیشمیتی ئاڵمانی(schmitt rûdiget) باس لە تێزی زیرەكانەی ژیلبێرت لازاد(gilbert lazard) لە كتێبی compendium lingurum iranicarum كە بە ناوی زمانی ئێرانی و ئاریاییەوە، دەگەرێتەوە بۆ سەر ئەو كتێبەی كە بە سیاسەت و بناغە لە ئاڵمان لە ساڵی ١٩٠٣ چاپ كراوە.[Grundriss der iranischen philologie, wilh geiger-ernst kuhn]لەم كتێبەدا بە بیانووی وێكچوونی زمانی بە ئاشكرا پەرە بە ھزری ئێرانچییەتی دەدرێ، بێ ئەوەی باسێك لەوە بكەن كە تێزی ھێندو ئێرانی چۆن دامەزراوە. لە ھەمووی ئەوانە خراپتر ژویس بلو (Joyce blau) وەك كوردیزانێك كە زیاتر شارەزایی لە كورمانجی ژووروودا ھەیە، بە چەند نووسینێكی زمانی دەیھەوێ ڕەچەڵەك و نەتەوەی كوردیش لە بەر یەك بپچڕێنێ و ھەوارمی و زازا وەك نەتەوەی جیاواز نیشان دەدا و لە زمانەوانەوە دەبێت بە ئاركیۆلۆژیست.[ژویس بلو ئێستا لە ئەنستیتۆی بەناو نەتەوەیی كورد لە پاریسە و شاگردی كاموران بەدرخان بووە].لە گەڵ گۆڕانی باری سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ئاڵمانەكاندا ئەم تێئۆرییەش گۆڕانی بە سەردا ھات و ئەیگن و لاریمۆر(Eigen and larrimore, 2006) لە كتێبێكدا بە ناو نیشانی: داھێنانی ڕەگەز لە لایەن ئاڵمانەكانەوە، باس لەوە دەكەن كە ئاریایی وەك ئەفسانەیەك لە سەدەی ھەژدە و نۆزدەدا پەرەی پێدراوە و دواتریش تەنانەت بووەتە ھۆی ئەویكە ڕەگەزیشی لە سەر دابمەزرێت.”the german in vention of race”لەم كتێبەدا دەڵێ: ئەفسانەی ئاریایی دوورە لە زانست و پێداگریشن لە سەر ئەوەیكە ئاریایی تەنیا وەھمێكە.ئاریا یان ھاریا ناوچەیەك بووە لە باكووری ئەفغانستان و باكووری ڕۆژھەڵاتی ئێرانی ئێستا و باشووری توركەمەنستان كە ھیچ پەیوەندییەكی بە زانستی زمانناسی و ڕەگەزناسییەوە نییە، ھەتا ڕەچەڵەكیشی لە سەر بدۆزنەوە.ھەر بۆیە ئێمەی كورد بەم جوگرافیایەی ئێستامان كە نێوان چوار دەوڵەتی داگیركەر و ھەروەھا بە پێلانی زلھێزانی دنیا دابەشكراوە، دەبێ زۆر بە وردی لە سەر زمان و ڕەچەڵەكی كورد ھەڵوێست بگرین.ڕەچەڵەكی كورد و لێكۆڵینەوە لە سەر ئەم ڕێبازە:وەكوو لە بەشی یەكەمدا باسمان كرد كە بە گریمانەی وێكچوونی زمانی دەیانویست و دەیانھەوێ ڕەچەلەك بۆ كورد بدۆزنەوە و بە زۆر بە ئێرانییەوە بلەكێنن، بەڵام بە پێشكەوتنی زانست و بە پێی نوێترین لێكۆڵەوەكانی DNA لە مرۆڤناسیدا نیشانی داوە كە بە چوونەژوورەوە بۆ ناو ڕیشەی سەرەتایی، ئەژدادی كورد باپیری ئەو مرۆڤانەن كە لە دەشتە كشت و كاڵییەكانی باكووری نێئۆلۆتیك واتە كوردستانی ئەمڕۆ ژیاون و ئەم جوگرافیایەش بە گشتی باكووری ڕۆژاوای ئێرانی ئێستا و ڕۆژھەڵاتی نزیك ئوراسیا(نێوانی ئەورووپا و ئاسیا) دەگرێتەوە.ئەژدادی كورد لە ڕێگەی ئەو كۆچەرانەی كە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە ھاتوون بە شێوەیەكی میلیتاریزەكراو بە ئێرانی كراون.ئەم داتا نوێیانە نیشانی داوە كە كورد لەم كۆچەرانە نییە كە بە ناوی ئێرانی لە ئاسیای ناوەڕاستەوە ھاتوون و ھەروەھا لەو كۆچەرانەش نییە كە لە ئەورووپاوە ھاتوون.ئەم نێرینە نوێیە دەیسەلمێنی كە كورد لە باری زمان و ئیتنیك و نەژاد باگراوەندێكی جیاوازی ھەیە كە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ باپیرانی كورد.ئەم بەرچاوروونییەش كە دەڵێ كورد لە ژێنێك و تۆرەمەیەكی جیاوازن لە زانستێك بە ناوی زانستی چەند رشتەیی كە بریتییە لە: palaeo/archeo-genetic evidence كە دەبێتە گۆڤان(شواھد) ی دێرینەناسیMainly DNA research on skeletonلێكۆڵینەوە لە سەر ئێسك و پرووسك یان ئیسكلێتEvolutionary anthropology-DNA genealogy of people living todayمرۆڤناسیی گەشەیی/گەشەكردوو لەو مرۆڤانەی وا ئێستا دەژینHistorial terminology-mainly cuneiزاراوەكانی مێژوو- ڕێڕەوی ڕاست یان خەتیOnomasticon, linguistics(in paticular re constraction of old-irania using the example of ergative)زانستیی بنچینەیی زمانەوانی مێژوویی بۆ ناوی تایبەت(چاك كردنەوەی ئەو ناوانەی وا لە ئێرانی كۆندا ھاتووە وەك زمانێكی بێ كەماسی)Sience of historyكە دەبێتە زانستی مێژوو، ھەموویان پێكەوە ئەم زانستە نوێیەیان پێك ھێناوە.ئەم زانستە كاتێك بۆ یەكەمجار سەربەخۆیی كوردی وەك ڕەچەڵەكی جیاواز و خەڵكی ڕەسەن سەلماند لە لایەن دوو كەس لە ئان ئاربوور و بۆستۆنی ئامریكا ھاتە ئاراوە كە ئەم كەسانەن.گیرنۆت ل.ویندفۆھێر(gernot l.windfuhr) كە ئێرانۆلۆژیستە و ھەروەھا ئاناتول ئا.كلیۆسۆڤ(anatole a.klyosov) كە ژێنۆلۆژیستە.شرۆڤەی سەلماندنی ڕەچەڵەكی كورد:كورد لە مێژوودا ھەر لە سۆمەرەوە ھەتا ئاشووری و ئەكەدی و یۆنانی ھەر كامەیان ناوێكیان بۆ نووسیوە كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەڕك نەكردنی ناوی ڕاستەقینەی كورد و ھەروەھا ئەوەیكە ھەر كامەیان بە زمانی ئاخاوتنی خۆی ناوی كوردی ھێناوەبەڵام یەكەمین لێكۆڵینەوەكان لە سەر كورد لە لایەن دوو مسیۆنێری ئیتالییەوە دەستی پێكرد كە لە لایەن كلیسای كاتۆلیكەوە بۆ بە مەسیحی كردنی كورد ڕاسپێردرابوون.ئەم دوو ئیتالییە بە ناوەكانی مائۆریزیۆ گارزۆنی(maurizio garzoni 1734-1804) و ژۆزێپ كامپانیل(giuseppe campanile 1762-1835) كە ھەندێك كتێب و نووسینیان لە سەر كورد و زمانەكەی ھەیە.ساڵی ١٩٩٠ ی زایینی لە لایەن كەسێكی دیكەی ئیتالییەوە بە ناوی لوییگی لوكا كاڤاڵی-سفۆرزا(luigi luca cavali-sforza 1922-2018) لە لێكۆڵینەوەیەك لە ژێر ناوی: مێژووی جوگرافیای ژێنەكانی مرۆڤ(the history and geography of human genes) گۆمی ھەموو لێكۆڵینەوەكانی دنیای شڵەقاند و بیرۆكەیەكی نوێی سەبارەت بە كورد ھێنا ئاراوە كە دەیسەلمێنێ كورد نە لە ئاسیا و نە لە ئەورووپاوە نەھاتووە، بەڵكوو خەڵكی ڕەسەنی كوردستانن.شیكردنەوەی تێگەیێشتنە ھەڵەكان لە كورد كە جاران كرابوون:١.ھەڵەیەك بە ناوی كورد و باكووری ڕۆژاوای ئێران ئەم تێئۆرییە بە ھەڵە میدی یان مادەكانی بە ھۆی وێكچوونی زمانی بە ھێندوئێرانی بەستووەتەوە و دەیھەوێ بڵێ كورد وەك نەوەی مادەكان ئیرانین، چونكە بە ئێرانی قسە دەكەن.ئەم شتە تا ئێستاش وەك دامەزراوەیی باس دەكرێت بەڵام وشەی زۆر لە مادەكاندا نەدۆزراوەتەوە كە ئەوە بسەلمێنێ.ئەو تێئۆرییە كە كورد مادەكانن لە سەدەی نۆزدەھەم لە لایەن مێژوونووسێكی ڕۆمای كۆن بە ناوی بارتوڵد جۆرج نیبور(barthold georg niebur 1776-1831) كە بە ئاڵمانی نووسیبووی سەری ھەڵدا، كە نووسەر دەڵێ كورد نیوە ئارامی ونیوە ماد و فارسن.[vorträge über alte geschiche, Berlin, 1843]{half aramaeie and half median-persian people}{kurden ein halb aramäisches und halb medisch-persian che volk}دواتر ئەم تێئۆرییە لە لایەن مێژووناسی ڕووسی ڤلادیمیر فیدۆرڤیچ مینۆرسكی كە كورد لە مادەكانن بە جیھانی كرا.(vladmir fedorvich minorsky 1877-1966)٢.باكووری ڕۆژھەڵاتی ئێرانی ئەمڕۆ:ئەم تێئۆرییە لە لایەن ڕۆژھەڵاتناسێكی سوئیسییەوە بە ناوی ئاڵبێڕت سوسین(albert socin 1844-1899)لە نووسێنیكدا بە ناوی (grundriss der iranischen philologie) باس لەوە دەكا كە كورد لە ڕۆژھەڵاتی ئێرانەوە ھاتوون و دواتر بەرەوە ڕۆژاوا ڕۆیشتوون.٣.باشووری ڕۆژاوای ئێران:ئەم تێئۆرییە لە ئەوانەی دیكە سەقەتتر بە ھۆی وێكچوونی زمانی نێوان كورد و بەلوچ و فارس دەڵێ: كورد و بەلوچ و فارس ڕیشەیەكی ئیتنیكیان ھەیە وكورد خەڵكی باشووری ڕۆژاوای ئێرانن.ئەم لێكۆڵینەوەیە ساڵی ٢٠٠٩ لە لایەن كەسێكی ئەرمەنی لە دایكبووی ئێران كە ئێستا لە ئەرمەنستان دەژی، بە ناوی گارنیك ئاساتریان (Garnik asatrian)پێداگری لە سەر كراوەتەوە كە ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەرمەنی ھەر لە سەردەمی داگیركارییەكانی تیگران پاشا لە سەردەمی ئەشكانییەوە خۆی بە خاوەنی ورمێ و باكووری كوردستان دەزانێ و بە ھەموو ڕوانگەیەك حەول دەدەن لایەنی باكووری كوردستان بۆ ئەرمەنی بگەڕێننەوە.دواتر ئەو تێزەش لە لایەن ئێرانۆلۆژیستێك بە ناوی گێرنۆت ویندفۆھێر(Genot windfuhr) بەر پەرچ داروە و دەڵێ: ھیچ بەڵگەیەك نییە ئەوە بسەلمێنێ و ھەرچی ھەیە سەلماندوویەتی كورد لە سەرووی فارسەكاندا ژیاون.ئەم تێئۆریانە كە بە تایبەتی لە سەر كورد ئاماژەمان پێكرد، ھەمووی لە تێزەكانی سەدەی نۆزدەھەمەوە سەرچاوە دەگرێ كە دەیھەوێ لە ڕێگەی وێكچوونی زمانییەوە رەگەز و ڕیشە و جوگرافیای كورد دیاری بكات.تەواوی ئەو تێزانەی ھەتا ئێستا لە سەر كورد نووسراون لە لایەن ئەنجومەنی ئانترۆپۆلۆژی ئامریكاوە بە توندی بەرپەرچ دراونەتەوە و دەڵێن:”ئەوەی ھەتا ئێستا لە سەر كورد نووسراون ھیچی ڕاست نین، چونكە ھەمووی حەول دەدەن ڕەگ و ڕیشەیەكی ھاوبەش بۆ كورد بدۆزنەوە”(American antropological association)(e.g american journal of physical anthropology, vol.101[1996]569-570)لە ڕابردوودا زۆر نموونەی كەم ھەبوون كە بۆ سەلماندنی ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیەك لە زانستی زمانناسی كەڵك وەرگرن.تەواوی ئەوانە لە كاتێك دان كە ھەندێك زاناش دەڵێن كورد ھەر چیایی بوون.بەڵام، بەردی بناغەی سەلماندنی كورد لە لایەن دوو زاناوە دارێژرا كە دەڵێن كورد نەوەكانی گۆتی و لۆلۆیین و خەڵكی ڕەسەنی زاگرۆسن.ئەوانیش نیكۆلای یاكوڤێلڤیچ مار و ئاڤیگدۆر سپایزەر بوون.(nikolai yakovelvich marr 1864-1934)(ebhraim avigdor speiser 1902-1965)[speiser, mesopotamian orogins, 1930, 110-119]ئەم كێشانەی كە لە ڕێی زمانەوانییەوە نەیدەتوانی ڕیشەی كورد بسەلمێنێ، ھەمووی بوون بە ھۆكار كە ئێرانۆلۆژیستی بریتانیایی دەیڤید نیل مەكێنزی لە ئاڵمان لە ساڵی ١٩٦٠ بەو ئاكامە بگا كە بۆ دۆزینەوەی ڕەگەزی كورد، پێویستە لە دەرەوەی گۆڤانی زمانەوانی بۆی بگەڕێن و نووسێنیكی بە ناوی[the orginis of kurdish transactions of the phiblogical society,1961:p8]بڵاو كردەوە.شتێك لە دواتر لە سەر ھەمان كێشە لە لایەن كاڤالی سفۆرزا لە زانستی چەند ڕشتەییدا تێكەل كرا، ڕووناكییەكی زیاتری بەخشی، كە وەك پێشتر باسمان كرد لە ژێر ناوی مێژووی جوگرافیای ژێنەكانی مرۆڤ، كە لە بەشێكیدا لە ھەژدە خاڵی جیاوازدا لێكۆڵینەوەیان لە سەر خەڵكی كوردستان و دەور و پشتی كوردستان كردووە. سەرەتای لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان دەرخست كە كورد لە گەڵ خەڵكی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وێكچوونیان ھەیە.ئەم وێكچوونە سەرەڕای تێكەڵی ژینگە و فەرھەنگ و زمان، توانی ئەوە بسەلمێنێ كورد لە گەڵ خەڵكی ڕۆژھەڵاتی ناوین و ئوراسیا وێكچوونی زیاترە.چەند ساڵ دواتر gernot windfuhr لە وتارێكدا لە ann abor باس لەوە دەكا كە كورد DNA ـەكی جیاوازتری ھەیە، سەرەڕای ئەویكە وێكچوونی لە گەڵ خەڵكی ئەو ناوچەیە ھەیە.ھەر بۆیە ویندفۆھێر سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكانی ئاكامێكی سەرنجڕاكێشی پێشكەش كرد كە بە سێ دەستە دابەش دەبوون.١.كورد و كاسپییەن٢.ئێرانی و فارس وەك ناوڕاستی ئێران٣.ھەزارەی تاجیك(دەری و پەشتوو)لە لێكۆڵینەوەكەی سفۆرزا و ھاوكارەكانی كورد وەك بەشێك لە خەڵكی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە كاسپییەنەكان نزیكترە ھەتا لە فارسەكان و ناوەڕاستی ئێرانی ئەمڕۆ.ھەتا پێش ١٩٩٤ كە ئەم جۆرە لێكۆڵینەوەیە كە بێت چەند زانست تێكەڵ بكا نەبوو.ئەم زانستە نوێیە ئەم سنوورەی بەزاند كە پێشتر باسێكی كلاسیكی لە سەر كورد دەكرد؟! كە تەنیا لە ڕێی زمانەوە بوو كە لە مەیدانێكی گەورە و ئیتنیكیدا خۆی بینیبۆوە، ھەر ئەوانەش بوون بە ھۆكار ھەتا ئەوە نیشان بدرێت كە كورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و میزۆپۆتامیا نزیكە ھەتا ئێران.دوای ئەم لێكۆڵنەوە گرینگانە لە ئاستی ناونەتەوەییدا كۆمەڵێك بەدواداچوونی دیكە كرا كە لێرەدا باسیان دەكەین و وەك نزیكترین و نوێترین لێكۆڵینەوەكانی گوی زەوی لە سەر ڕەچەڵەكی كورد جێی بایەخن.ئەم لێكۆڵینەوانە لە ڕێی بەدەستھێنانی ژێن و dna ئێسكلێتە كۆنەكانی كوردستان و مرۆڤی كوردی ئێستا بەراوەرد كراون و تەنانەت ئەوەش دەركەوتووە كە ھەتا دوێنێ دەیانگوت ھەورام و زازا لە ڕەگەزی كورد دوورن، بە پێچەوانە ھەموو كورد لە كوردستان لە ھەموو شێوەزارەكان و لكەزارەكان، سەرەڕای ھەورزا و نشێوی جوگرافیا، یەك ڕەچەڵەكیان ھەیە.ئەم تاقیكردنەوانە لە ڕێی بە دەست ھێنانی Mtdna, y-Dna, y-chromosome كراوە كە پێشەكی ئەم وشانە بۆ ناساندن شیتاڵ دەكەین.Mtdna:ئەم بەشە و پێكھاتەیە دەگرێتەوە كە ناسینی ژێندا لە دایكەوە بە مناڵ دەگا و دەكرێت لە ڕووی ئەم لێكۆڵینەوەیەوە ڕەگەز و ڕیشەی دایكی مناڵ بدۆزرێتەوە كە بۆ ناسینی ڕەگەز لە لایەن دایكەوە كەڵكی لێوەردەگرن.Y-Dnaلێكۆڵینەوەیەكی تایبەتە كە ئەویش بۆ ڕەچەڵەكناسیی ژێنی مرۆڤ كەڵكی لێوەردەگیرێت.Y-chromosomeلێكۆڵینەوەیەكە لە ڕەچەڵەكناسیدا كە باس لە میراتی باوك بۆ كوڕ دەكا لە ڕێی ژێنۆلۆژییەوە.یەكەم لێكۆڵینەوە نوێیەكان:لە ڕێی ئەم مێتۆدە نوێیە و بەراوەردكردنە، لە ساڵی ٢٠٠٠ بەولاوە لێكۆڵینەوەكان بە شێوەیەكی چڕ دەستی پێكرد كە سەرەتا لە سەر كوردانی توركەمەنستان و ناوچەی فیرووزە تاقی كراوە، ھەتا وەك نزیكترین ڕاگواستانی كورد لە سەردەمی سەفەویدا كە لەگەڵ كوردانی خۆراسان كۆچبەر ببوون، شتێكی نوێ وەدەرخا كە خۆشبەختانە لێكۆڵینەوەكە سەركەوتوو بوو.دواتر زنجیرەیەكی دیكە لە لێكۆڵینەوە لە نێوان كوردانی گورجستان و كوردەكانی ئەرمەنستان و كوردەكانی باكوور و كوردی باشوور بە ئێزدی و موسوڵمانەوە كرا، كە خۆشبەختانە وێكچوونێكی زۆری ھێنا ئاراوە و زیاتر كوردی لەم ئیسك و پرووسكانە نزیك كردەوە كە ھەزاران ساڵ لەوە پێش لە كوردستان ژیاون و ئەنجامێكی ئاكادمی گەورەی بە دەستەوە دا ھەتا كورد لەم زنجیرە ئەفسانەییەی ئێرانی بوون بپسێنێ.ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن كەسێك بە ناوی ئیڤان ناسیدز (ivan nasidze) لە ناوەندی ئانترۆپۆلۆژی ئاڵمان لێكۆڵینەوەیەكی جددی لە سەر ژێنی كورد كرا كە جیاوازی ئێم.تی دی ئێن ئەی و جیاوازی وای.كرۆمۆزومی كوردیان دەرخست و ساڵی ٢٠١٠ لێكۆڵینەوەیەكی چەند ڕشتەیی دێرینە ناسیشیان تێكەل كرد.ناوەندی ئانترۆپۆلۆژی ئامریكا و كەسانێكی وەك گێرنۆت ویندفۆھێر و ئاناتول كلیۆسۆڤ پشتیوانییەكی بەھێزیان لەم لێكۆڵینەوەیە كردووە و كەسێكی وەك كلیۆسۆڤ دیسان بە رەخنە گرتن لە گرووپە كۆچەرییەكانی ناوەڕاستی ئاسیا، بە لێكۆڵینەوەیەكی وەردتر توانی ئەوە بسەلمێنێ كە كورد “باپیری ئەو شوانە كۆچەرانەنن كە ھەزاران ساڵ لەوە پێش لە میزۆپۆتامیا و ناوچە كشت و كاڵییەكانی باكووری میزۆپۆتامیا ژیاون”.ئەم ناوچەیەی كە كورد بۆ جاری یەكەم لە نێئۆلێتیكدا لە وێ ژیاوە، دەكەوێتە لای باكووری كوردستان و نزیكە لە پەرستگای گرێ ناڤۆكێ لە ناوچەی خەرابەرشك لە نزیك شاری رحای باكووری كوردستان كە كۆنترین پەرەستگای كۆچەرییە، كە دواتریش ئەم لیكۆڵینەوەیە ئەوە دەسەلمێنێ كە ھێندوئەورووپی زادەی كوردن، نەك كورد لە بازنەی ئەواندا.تێبینی؛خوێنەری بەڕێز ھەر وەك دەبینن لەم وتارەدا بە ھیچ شێوەیەك باس لە ئەو لێكۆڵەرە كوردانە نەكراوە كە لە مێژوودا لە سەر نەتەوەی كورد كاریان كردووە، ئامانجی من لەم كارە یەكەم ئەوە باش دەزانم لێكۆڵەی كورد لە لای كورد بێ خاوەنە، دووھەم ڕوخساری ڕاستەقینەی ھەموو ڕۆژھەڵاتناسان و مێژوونووسان نیشان بدرێ كە زۆر جار كورد دڵی بە بەشێكیان خۆش كردووە.خاڵێكی دیكەی ئەم نووسینە ئەوەیە كە ڕەنگە لە كۆتاییەكەدا كە بە شێوەی زانستی باس لە ڕەچەڵەكی كورد وەك باپیرانی ڕۆژھەڵاتی ناین دەكات، خوێنەر تووشی ئەم ھەستە بكات كە منی نووسەری كورد بۆ لای نەتەوەكەی خۆم ڕامكێشابێ، بەڵام بە ھۆی نوێبوونی زانستەكە كە ھێشتا داگیركەرانی كوردستان دەستیان پێی ڕانەگەییشتووە، دەمەوێ ئەوە بڵێم كە جیا لە سەرچاوەكان وەك پاشكۆی نووسین، ئەم وشانەی خوارەوەش دەتوانن لە لێكۆڵینەوەی زیاتر و حەقیقەتی مژارەكە نزیكتان بكاتەوە.
Mtdna kurdishY-chromosome kurdishY-dna kurdishIvan naidzeMark stonekingDominique quinqueNina bendukidze
خاڵی كۆتایی ئەوەیە كە لە نووسینێكی دیكەدا تەواوی ئەم لێكۆڵینەوە نوێیانە كە dna كورد شتیاڵ دەكا و بەپێی دێرینەناسی بەراوەردی دەكا، بە بەڵگەوە دەخەینە بەرچاوی خۆێنەری كورد.
سەرفەرازی بۆ كورد و كوردستانسەرچاوەكان
:The Origin of Kurds, Ferdinand HennerbichlerAmerican anthropoloLogical association, journal of physical anthropology, vol.101[1996]569-570
كورد كێیە؟ سۆران حەمەڕەش
Ephraim avigdor speiser, mesopotamian orginsIvan nasidze, MtDNA and Y‐chromosome Variation in Kurdish GroupsلێكۆڵینەوەكانیGernot l.windfuhr, ann arborAnatole a.klyosov
- سقوط پول شوروی و تکرار در ایران امروز - 12/21/2024
- دۆزەخ دەروازەی کرانەوەی کوردستان - 12/18/2024
- نقشه جهنمی - 12/13/2024