ئەنوەر سوڵتانی
“ئەم وتارە، لە سەر داوای ئەکادێمیای کوردی لە هەولێر، بۆ کۆنفەرانسێک نووسرا کە بڕیار بوو چەند ساڵێک پێش ئێستا سەبارەت بە سمایل ئاغای سمکۆ، لە هەولێر بەڕێوە بچێت بەڵام دواتر بڕیارەکە هەڵوەشایەوە و کۆنفەرانس بەرێوە نەچوو. من ئەودەم بۆ نووسینی وتارەکە ماوەی چەند هەفتە سەردانی “ناشناڵ ئارکایڤ” ی بریتانیام کرد لە لەندەن و بە هەندێک بەڵگەنامەی پەیوەندیداری وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لەو ساڵانەدا چوومەوە. دیارە ژمارەی ئەو بەڵگەنامانەی وا بابەتی سەبارەت بە سمکۆ و ئێران و عیراقی سەردەمی ئەویان تێدا بێت گەلێک زۆرن و کارەکەی من تەنیا لەبەر ڕووناکایی هەڵبژاردەیەکیان بەڕێوە براوە. هەڵبژاردەکەش زیاتر ساڵی ١٩٢٢ دەگرێتەوە کە تێیدا زیاتر باس لە مەسەلەی “پەیوەندیگرتنی بریتانیا لەگەڵ سمکۆ” دەکرێت و ئەوە خاڵی سەرەکی لێکۆڵینەوەکەی من بوو. ئەوانیتر بەگشتی هەواڵی هەڵسوکەوتی سمکۆن و هاتوچۆکردنی بۆ عیراق و تورکیا. من وێنەی ژمارەیەکی زیاتر لە بەڵگەنامەکانم هەڵگرتووە کە دەکرێ لە دواڕۆژدا کەڵکیان لێ وەربگیرێت.”٩/١٢/٢٠٢١
سمایل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆ (١٨٨٧ – ١٩٣٠)، له سه‌رده‌م و بارودۆخێکی ئاڵۆزی کۆمه‌ڵایه‌تی – سیاسی کوردستان و بەگشتی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ژیا و حکوومەتی ئێران بە شێوەیەکی ناجوانمێرانە کوشتی- سه‌رده‌مێک که مۆرکی ئه‌م دیاردانه‌ی به‌سه‌ره‌وه بوو:
– بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی شوێنی ژیانی سمکۆ عه‌شیره‌یی و به کێشه‌ی نێوان هۆزه‌کان و بێ هه‌ڵوێستیی و گه‌لێک جاریش هاوکاری و ته‌نانه‌ت داره‌ده‌ستیی حکوومه‌تی ناوه‌ندی لە لایەن هەندێکیان و سەربژێوی لە حاندی دەوڵەت لەلایەن هەندێکی دیکەیانەوە، پێناسه ده‌کرا؛
– شوێنایه‌تی ژیانی هۆزی شکاک لە ئێران، سێ کوچکه‌ی دراوسێیه‌تی تورکیا و ڕووسیا و له ڕێگه‌ی عیراقی تازه بنیات نراویشه‌وه ئینتیدابی بریتانیا بوو؛
– له ناوخۆی ئێران‌دا، سمکۆ و هۆزه‌که‌ی له دراوسێیه‌تی تورکی ئازه‌ربایجانی و ئاسۆری و ئه‌رمه‌نی و جووله‌که‌ی ئازه‌ربایجاندا ده‌ژیان؛
– سەرمایەداری لە کۆمەڵگای ئێرانی دوای شۆڕشی مەشرووتە (١٩٠٦)دا خەریکی گەشەکردن بوو.
– بەڵام قۆناغی ئابووری- کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هێشتا هەر فیئۆداڵی بوو.
– شۆڕشی مه‌شرووته خوازیی ئێران سه‌رکه‌وتبوو – شۆڕشێک که کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی بێ سنووری قاجاره‌کان و پشتیوانه ڕووسه‌کانیان هێنا و به‌شوێنیدا حکوومه‌تی په‌هله‌وی به پشتیوانی ئینگلیزییه‌کان له ئێران دامه‌زرا؛
– دوو ساڵ دواتر، و دوای کەوتن و هەستانەوەی چەندساڵە، شۆڕشی مه‌شڕووته له وڵاتی عوسمانیش بە تەواوەتی سه‌رکه‌وت؛
– جه‌وهه‌رئاغای برای سمکۆ ساڵێک پێش سه‌رکه‌وتنی مه‌شرووته‌ی ئێران واته له ١٩٠٥ و له کاتی خزمه‌ت کردنی حکوومه‌تی ئێران‌دا، به‌ده‌ستی ئه‌وان له ته‌ورێز کووژرا!؛
– له ١٩٠٧ واتە ساڵێک دوای مه‌شڕووته‌ی ئیران، ڕووسیای تزاری و حکوومه‌تی ئینگلیز ، خاکی ئێرانیان کرد به سێ به‌شه‌وه: باکوور بۆ رووسیا، باشوور بۆ ئینگلیز و ته‌نیا به‌شی ناوه‌ڕاست به پێته‌ختی تارانه‌وه، وه‌ک ئێرانی سه‌ربه‌خۆ مایه‌وه؛ ناوچه‌ی ژیانی سمکۆ و هۆزه‌که‌ی وه‌ک به‌شێک له باکووری ئێران که‌وته به‌شی ڕووسیاوه؛
– ٩ ساڵ دوای مه‌شڕووته‌ی ئێران، شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی له ١٩١٤دا، ڕوویدا؛
– له ١٩١٥ دا، دوو ده‌سه‌ڵاته ئیستیعمارییه‌که‌ی ڕووس و ئینگلیز ئێرانه به سێ به‌شکراوه‌که‌ی خۆیانیان کرد به تاقه دوو به‌شه‌وه و هه‌رکام نیوه‌ی خاکی وڵاته‌که‌یان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان- ئیتر نیشانەیەک له ئێرانی سه‌ربه‌خۆ نه‌ما- ناوچه‌ی ژیانی سمکۆ و هۆزه‌که‌شی وه‌ک پێشتر، به‌شێک له باکووری ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیای پێک ده‌هێنا؛
– له ماوه‌ی هه‌ر ئه‌و شه‌ڕی جیهانییه‌دا شۆڕشی ئوکتۆبری ١٩١٧ ی ڕووسیا کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی تزاره‌کان هێنا و به‌شێکی به‌رچاو له خاکی ئێران و عوسمانی که سیاسه‌تی ئیستیعماریی ڕووس داگیری کردبوو، درانه‌وه به خه‌ڵکی ئه‌و دوو ولاته و نه‌قشه‌ی دابه‌شکرانی ئێران له نێوان ڕووسیا و ئینگلیزدا هه‌ڵوه‌شایه‌وه، ناوچه‌ی ژیانی سمکۆش کەوتەوە ژێر ڕکێفی ئێران؛
– ئینگلیزه‌کان له ساڵی ١٩١٩ دا په‌یمانێکی دۆستایه‌تی ئێران و بریتانیایان له‌گه‌ڵ وثوق الدوله‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی ئێران مۆر کرد، که زۆرێک له نیشتمانپه‌روه‌رانی ئێرانی دژی ده‌وه‌ستان، ئاشکرایه دوای ئه‌و په‌یمانه، ئینگلیزەکان ئاماده نه‌ده‌بوون له‌گه‌ڵ ڕاپەڕیو یاخود نه‌یارێکی حکوومه‌تی ئێران‌دا دۆستایه‌تی و هاوکاری بکه‌ن. نوێنه‌ری بریتانیا بۆ ئیمزای ئه‌و په‌یمانه، سر پرسی کاکس بوو که دواتر بوو به مه‌ندووبی سامی له عیراق؛
– لە ساڵی ١٩٢١دا حکوومه‌تێک به ناوی حکوومه‌تی عیراق دامه‌زرا و که‌وته به‌ر ئینتیدابی ئینگلیز و پاشانیش له ژێر چاوه‌دێری ئه‌واندا بوو به ولاتێکی سه‌ربه‌خۆ؛
– له ساڵی ١٩٢٢ دا په‌یمانێکی دۆستی له نێوان یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت و ئێران مۆر کرا و دوابه‌دوای ئه‌و په‌یمانه، ئه‌وانیش نەیاندەویست دژ بە حکوومەتی ناوەندی یارمه‌تی سه‌ره‌ک هۆزی بەشێک لە هەمان ئەو وڵاتە’دۆست’ەی خۆیان دژ بە حکوومەتی ناوەندی بده‌ن.
– هەر له‌و ساڵانه‌دا بوو کە له ئێران و عیراق نه‌وت دۆزرایه‌وه و ئینگلیزه‌کان په‌یمانی هه‌ڵێنجان و کڕینی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی هه‌ردوو وڵاته‌که به‌ست؛ له‌و کاته به‌دواوه نه‌وت بوو به فاکته‌رێکی گرنگی نه‌ک هەر ئابووری، به‌ڵکوو سیاسیش له دیاریکردنی سیاسه‌ته‌کانی ئینگلیز له ناوچه‌که‌دا.
سمکۆی لاوی باوک و برا بە ده‌ستی ئێرانییه‌کان کووژراو، له‌و بارودۆخه ئاڵۆزه‌دا ده‌ژیا. له که‌سایه‌تی ئه‌ودا، چەشنە خولیایەکی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و ده‌رهاتنی گه‌له‌که‌ی له‌ژێر چه‌پۆکی ئێران لەگەڵ ئاره‌زووی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی خوێنی که‌س وکاره به ناحه‌ق کووژراوه‌که‌ی خۆی ئاوێتە ببوو. ئامانج و ڕۆح و فیکری خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی ٤٠ ساڵ پێشتری شیخ عوبه‌یدیللای نه‌هری، بەتایبەت له فه‌زای ناوچه‌کانی سنووریی ئێران و عوسمانی و له ناو بنه‌ماڵه و عه‌شیره‌ته‌که‌ی ئه‌ودا مابووه‌وه؛ سمکۆ به خزمایه‌تیش ده‌گه‌یشته‌وه شیخ عه‌بدولقادر و سه‌ید ته‌ها (کوڕ و کوڕەزای شێخ عوبه‌یدیللای نەهری).
کۆدیتای ١٩٢٠ ی سه‌ید زیائه‌ددینی ته‌باته‌بایی و ڕه‌زاخانی میرپه‌نج، کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی قاجاری لایه‌نگری ڕووس له ئێران هێنا و دوای ماوه‌یه‌ک ڕه‌زاخان بوو به یه‌که‌م ده‌سه‌ڵاتداری ئێران و دوای چوار ساڵیش، به پادشای ئێران. یه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سیاسه‌تێک که ڕه‌زاشا په‌یڕه‌وی ده‌کرد، به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و لێدانی سه‌ره‌ک هۆزه‌کان و به‌گژ یه‌کدا کردنیان بوو. ژماره‌یه‌کی زۆری سه‌ره‌ک هۆزه کورد و لوڕه‌کان له زیندانی ڕه‌زاشادا مابوونه‌وه و ئه‌وانه‌ش وا نه‌گیرابوون، هەر له دواڕۆژی خۆیان دڵنیا نه‌بوون. سوپای تازه دامه‌زراوی ئێران له ناوچه‌کانی باکوور و ڕؤژئاوای ئێران حاکم و ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ره‌کی بوون و ژیانی مه‌ده‌نیی شار وگونده‌کانیان پێشێلی حوکمی توندوتیژ و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی خۆیان کردبوو. ئازادییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک زمانی زگ‌ماک و جل وبه‌رگی نه‌ته‌وایه‌تی له کورد و نهتهوهکانیتر یاساخ کرابوون.
له ساڵانی سه‌ره‌تای حکوومه‌تی ره‌زاشادا، ئێران چه‌ند ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی له ناوچه دووره‌ده‌سته‌کانی چوار گۆشه‌ی وڵاتی به‌خۆیه‌وه بینی:
– ڕاپەڕینی شێخ محەمەدی خیابانی لە تەورێز؛
– بزووتنه‌وه‌ی میرزا کوچک خان و جه‌نگه‌ڵییه‌کان به یارمه‌تی ئیحسانوڵڵاخانی کرماشانی و خاڵۆقوربانی کوردی هەرسینی له گێڵان؛
– سەرهەڵدانی شێخ خه‌زعه‌لی عەرەب له باشوور؛
– ڕاپەڕینی محه‌ممه‌د ته‌قی خانی په‌سیان له خۆراسان؛
– ڕاپەڕین خەڵکی لوڕستان و قارەمانیەتیی قەدەم خێر؛
– ‘کۆدیتای سوور’ی ئه‌بولقاسم لاهووتی کرماشانی و ژاندرمهکان له ته‌ورێز؛
– ڕاپەڕینی سه‌ردار ڕه‌شیدی ئه‌رده‌ڵان له ڕوانسه‌ر و کوردستان؛
– ڕاپەڕینی مەحموودخانی دزڵی و مەحموودخانی کانی سانان لە مەریوان و هەورامان؛ و
– ڕاپەڕینی سمکۆ له ئازه‌ربایجان و کوردستان.
ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه، کەم وزۆر، هاوکات بەڵام لێک دابڕاو و بێ ئاگا له‌یه‌کتر و هه‌ندێک جار دژ به یه‌کیش بوون و هیچکام هه‌وڵی پێکه‌وه لکان و یارمه‌تیدانی ئه‌ویتریان نه‌دا و له ئه‌نجامدا ڕه‌زاشا و سپای ئێران، توانییان به هاسانی و یه‌که یه‌که تێکیان بشکێنن و نه‌یانهێڵن. جێگەی سەرنجە سەرکردەی شەش لەو حەوت ڕاپەڕینانە کورد بوون: سمکۆ، سەردار ڕەشید، مەحموودخانی دزڵی، مەحموودخانی کانی سانان و لاهووتی کورد بوون، ‘پەسیان’یش بە گوێرەی هەواڵی مامۆستا محەممەد عەلی سوڵتانی، کورد بوو هەر دەرەبەگی کوردی قوچانیش کوشتیان؛ قەدەم خێری لوڕیش هەر بەکورد دادەنرا هێزی سوپایی بزووتنەوەی جەنگەڵیش لە هەرسینییە کوردەکانی کرماشان بە ڕێبەرایەتی خاڵۆ قوربان و خاڵۆ مراد پێک هاتبوو!
ڕاپه‌ڕینی سمکۆ ئاڵقه‌یه‌ک له‌و زنجیره راپه‌ڕینانه بوو. بەڵام سمکۆ نه‌یتوانی عه‌تفی خه‌ڵک و هاوکاریی ڕاپه‌ڕیوه‌کانی دیکه‌ی ئێران به‌ره‌و خۆی ڕابکێشێت و ئه‌وه که‌مایه‌سییه‌کی گه‌وره‌ی ڕاپەڕینه‌که‌ی بوو. تێک گیرانی له‌گه‌ڵ ئاسۆرییه‌کان و هەندێک جاریش ئەرمەنییەکان، هه‌روه‌ها شه‌ڕ وپێکدادانی له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجانییه خۆجێییه‌کان دوو له‌و ناته‌واوییه بەرچاوانه بوون که ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ئه‌ویان پێ دیاری ده‌کرا. به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی ڕۆژی ١٦/١٠/١٩٢٦ ی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ده‌ڵێت:
“سمکۆ ئه‌وه‌نده جێگه‌ی ڕق و کینه و ترسی خه‌ڵکی ئازه‌ربایجانه، که حکوومه‌ت ده‌توانێ حیساب له‌سه‌ر هاوکاری کردنی دانیشتووانی غه‌یره‌کوردی ئازه‌ربایجان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له کورده‌کانی ئه‌وێ [بۆ لێدانی سمکۆ] بکات.”
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی کوردی، کوردانی هه‌ندێک ناوچه‌ی وه‌ک مه‌هاباد و سه‌قزیش ناڕه‌زایی زۆریان له ده‌سه‌ڵاتداریی ئەو و مه‌ئمووره خۆجێییه‌کانی واته هه‌ندێک سه‌ره‌ک هۆزی موکریان هەبوو . گرتنی شاری مه‌هاباد بۆ سمکۆ، هاسان چووه سه‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که دژایه‌تییان نه‌کرد و ته‌نیا ژاندرمه‌کانی مه‌لیکزاده بوون له به‌رانبه‌ریدا وه‌ستان ئەوانیش تووشی ئه‌و کوشتاره گەورەیە هاتن؛ به‌ڵام سه‌ره‌ڕای پێشوازی کردنی خه‌ڵک، شاره‌که له لایه‌ن سواره و سوپای سمکۆوه تاڵان کرا و به گوێره‌ی ڕاپۆرتی مژدەدەره ئوروپاییه‌کانی ‘میسیۆنه‌ریی کوردستان’ له مه‌هاباد، ئه‌وانیش وه‌ک خه‌ڵکی شاره‌که که‌وتنه به‌ر تاڵان وبڕۆ و که‌سێکیشیان به ده‌ست سواره‌ی عه‌شیره‌تی شکاکه‌وه لێ کووژرا . نه‌ک هه‌ر سه‌رچاوه ئێرانییه‌کان وەک دوو کتێبی ئه‌حمه‌دی که‌سره‌وی ، به‌ڵکوو هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی کوردی وه‌ک بیره‌وه‌رییه‌کانی مامۆستا هه‌ژاریش ڕاستی ئەو تاڵان و ڕووتاندنەوانە ده‌رده‌خه‌ن. ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌یه‌کی خه‌باتکاری وه‌ک قازییه‌کان له‌گه‌ڵ سمکۆدا تووشی کێشه هاتن و ده‌گوترێت نه‌مر میرزا ئه‌بولحه‌سه‌نی سه‌یفولقوزاتی قازی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداریی سمکۆوه له ورمێ ده‌ست به‌سه‌ر کرابێت.
واهەیە بتوانین پاساوی ئەو دڵڕەقی و دەستدرێژی و دوور لە یاسابوونەی سپای سمکۆ بەو قسەیە بدەینەوە کە دەگوترێت هەموو هێزێکی عەشیرەتی لە هەموو شوێنێکی دیکەی جیهانیش هەمان ئەو کردەوانەیان بووە کە ئەوان بوویان. بەڵام بۆ نموونە ئاسۆرییەکان، کە دوای کووژرانی ماڕ شەمعوون لە زێد و خاکی خۆیان هەڵکەنران و هەرگیز وڵاتی لەدەستچوویان دەست نەکەوتەوە، ئەو پاساوانەی ئێمە قەبووڵ ناکەن، ئازەربایجانییەکانیش بە هەمان شێوە.
سمکۆ بڕوایه‌کی قورس و قایمی به خه‌ڵک و هێزی ناوخۆیی کورد نه‌بوو و زیاد لە گه‌له‌که‌ی خۆی و دراوسێکانی، واته ئازه‌ربایجانی و ئاسۆری و ئه‌رمه‌نی، پشتی به هێزی ده‌ره‌وه‌یی وه‌ک تورکیا و بریتانیا و ڕووسیا (دواتر یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تی) بەستبوو. نزیک بوونه‌وه له تورکیا و هاوکاری کردنی ئەوان بۆ لێدانی ئاسۆرییه‌کان و کوشتنی ماڕ شه‌معون نیشانه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌و پشت بەستن و هاوکاری کردنەی بێگانانە. هه‌وڵی زۆری سمکۆ له پێناو په‌یوه‌ندی کردن و وتووێژ له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی ئینگلیزیش کە بابەتی ئەم لێکۆڵینەوەیە بێت، هه‌مان ئه‌و ڕاستییه ده‌رده‌خات.
له به‌راورد له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌کانی پێشووی کورد، سمکۆ زیاترین بایه‌خی به په‌یوه‌ندییه سیاسییه لاوه‌کییه‌کانی خۆی داوه هه‌ر له تورکیاوه تا بریتانیا و ڕووسیا ته‌نانه‌ت ئێرانیش، وه‌ک چۆن دوای سه‌رهه‌ڵدان و شه‌ڕ و پێکدادان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه زێده‌که‌ی خۆی و ناسناوی “سردار نصر‌ت” لە حکوومەتی ئێران وه‌رده‌گرێت و ته‌نانه‌ت ڕه‌زاشا لە گوندی “چاری” (چەهریق) دەچێته چاوپێکه‌وتنی. به‌شێک له هۆکاره‌کانی ئه‌و عه‌تفه واهه‌یه بارودۆخی ئێران و کوردستان بووبێت له په‌یوه‌ندی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و وه‌ربوونی سوپای ڕووس و عوسمانی به ناوچه‌که‌دا و پێکهاتنی عیراق و حزووری ئینگلیزه‌کان له‌وێ، هه‌روه‌ها دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی شێخ مه‌حموودی به‌رزنجی له سلێمانی و تێکگیرانی تورک و ئینگلیزییه‌کان له ناوچه‌که.
ئه‌وه‌ی ئینگلیزه‌کان بگرێته‌وه، سمکۆ له ماوه‌یه‌کی دوورودرێژی دوای ١٩١٨ تا کووژرانی ناجوانمێرانه‌ی له ساڵی ١٩٣٠ دا، ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی نامه نووسین بۆ کاربه‌ده‌ستانی بریتانیا له عیراق و به‌هۆی که‌سانی وه‌ک سه‌ید ته‌های شه‌مزینی و بابه‌کرئاغای پشده‌ره‌وه په‌یامی دۆستی و هاوکاری بۆ ئینگلیزه‌کان نارد به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه هیچیان لێ شین نه‌بوو و یه‌ک دوو دیداریشی له‌گه‌ڵ مه‌ئموورانی پلە چوار وپێنجی حکوومه‌تی بریتانیا له عیراق، جگه له ساردوسڕی و لێک دوورکه‌وتنه‌وه‌ی زیاتر، هیچی لێ نه‌که‌وته‌وه.
هۆکاری سارد وسڕیی ئینگلیزه‌کان له به‌رانبه‌ر سمکۆ و بزووتنه‌وه‌که‌ی واهەیە لەم خاڵانەدا پۆلین بکرێت:
1. ئینگلیزه‌کان هێشتا کێشه‌یان له‌گه‌ڵ شێخ مەحموودی بەرزنجی یه‌کلایی نه‌ببوه‌وه و نه‌یانده‌ویست کێشه‌یه‌کی تازه‌تر و واهه‌یه گه‌وره‌تر له کوردستان ئەویش لە ئێران، بنرێته‌وه؛
2. ئینگلیزەکان به تایبه‌ت ئاگاداری په‌یوه‌نده‌کانی سمکۆ له‌گه‌ڵ تورکان بوون و باوه‌ڕی ئەوەیان پێی نەبوو لە حاڵەتی سەرکەوتنیدا گوێ لەمست، یان تەنانەت هاوکارێکی باش بێت بۆیان؛
3. دوابه‌دوای شۆڕشی مه‌شڕووته له ئێران و هاتنه سه‌ر حوکمی ڕه‌زاشا، ده‌سه‌ڵاتی بریتانیا له ئێران په‌ره‌ی سه‌ندبوو و نه‌یانده‌ویست ئه‌و په‌یوه‌نده باشە بۆ خاتری کورد تێک بده‌ن و ئێرانێک که به هی خۆیانیان ده‌زانی و ئاڵقه‌یه‌ک بوو له زنجیره‌ی حوکم و ده‌سه‌ڵاتیان هەر له چینه‌وه تا هیندستان و ئێران و مێزۆپوتامیا و میسر، لاواز یا پارچه‌پارچه بکه‌ن به‌تایبه‌ت دوای په‌یمان به‌ستنی ساڵی ١٩١٩یان له‌گه‌ڵ وثوق الدوله، هیچ کەس و لایەنێکیان دوور ونزیک بیری له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه پشتی کحوومەتی ناوەندیی ئێران بۆ کورد، یان ئاسۆری و ئه‌رمه‌نی نیشته‌جێی قوژبنێکی دووره‌ده‌ستی وڵاتەکە، بەربده‌ن.
4. پازدە-بیست ساڵێک بوو دیاردەیەکی تازه له په‌یوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا هاتبووه ئاراوه ئه‌ویش دیارده‌ی نه‌وت بوو. نه‌وتی ناوچه‌که سه‌ره‌تا فه‌ڕه‌نسییه‌کان که‌شفیان کردبوو به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی بەهێزی سیاسی و سپایی ئینگلیز له هەموو ڕۆژهەڵاتی ناڤین له ده‌ست ئه‌وانی سه‌ندبوو و له‌و بڕگه تایبه‌ته‌دا ئینگلیزه‌کان خاوه‌ن و ده‌ست ڕۆیشتووی ئێران و عیراق و چاڵه نه‌وته‌کانیان بوون که له ڕێگه‌ی هه‌ندێک په‌یمانه‌وه له‌گه‌ڵ عیراق و ئێران، هه‌ڵێنجان و هه‌نارده کردنی ‘ئاڵتوونی ڕه‌ش’یان بۆ خۆیان تاپۆ کردبوو؛
5. بازاڕی که‌ل وپه‌لی هاورده‌ی هه‌ردوو وڵاته‌که له ده‌ست خۆیاندا بوو و نه‌یانده‌ویست له شوێنێکی ستراتیجیکی وه‌ک ئازه‌ربایجان و کوردستان که ده‌روازه‌ی گرنگی رۆژئاوای ئێران بوون، به‌ندوبه‌ستێک دروست بکرێت و هه‌نارده‌ی شتومه‌کی بازرگانی و خزمه‌تگوزاریی بۆ ناوخۆی ئێران تووشی گرفت بێت؛
6. هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌بێ ئاماژه به دیارده‌یه‌کی دیکه بکرێت: ناوچه دووره‌ده‌سته سه‌ر سنووره‌کانی ئێرانی فێئۆداڵی، له لایه‌ن سه‌ره‌ک هۆز و فیئۆداڵه گه‌وره‌کانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌بران. خواستی دابڕان و دوورکه‌وتنه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی تازه دامه‌زراوی سه‌رده‌می ڕه‌زاشا خواستێکی قانوونمه‌ندی چینایه‌تی ئه‌و فێئۆداڵ و سەرەک هۆزانە بوو، کە له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ڕه‌زاشاوه دژایه‌تی ده‌کرا- ڕەزاشا، خه‌ونی دروستکردنی حکوومه‌تێکی ناوه‌ندیی به‌هێزی ده‌بینی و له‌گه‌ڵ ده‌ره‌به‌گ و موجته‌هیدانی ئایینی واته دوو قوتبی ده‌سه‌ڵاتی نەریتیی سەردەمی فێئۆداڵی له چوارگۆشه‌ی ئێران‌دا که‌وتبووه شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌کانییه‌وه. هه‌ربۆیه‌ش زوربه‌ی ئه‌و سه‌ره‌ک عه‌شیرانه، یا ده‌بوایه گوێڕایه‌ڵی حکوومه‌ت بن یان ساڵانێکی دوورودرێژ لە زینداندا بخەون، یان ده‌ست بده‌نه چه‌ک و شه‌ڕه‌جه‌نگی حکوومه‌تی ناوه‌ندی بکه‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش که کاره‌که ده‌یکێشایه شه‌ڕی چه‌کدارانه، حکوومه‌تی ڕه‌زاشا به مستی پۆڵایین وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه و له ڕێگه‌ی ناردنی سوپای چه‌وسێنه‌ری تێرنه‌خۆری به‌رتیل وه‌رگر و تاڵانکه‌رەوە و به یارمه‌تی سه‌ره‌ک هۆزانی وەفادار بەخۆی، بێ به‌زه‌ییانه له ڕاپه‌ڕیوه‌کانی ده‌دا و سه‌رکوتی ده‌کردن. سمکۆ نه یه‌که‌مین و نه دوامین سه‌ره‌ک هۆزی ڕاپه‌ڕیوی ئێرانی سه‌رده‌می ره‌زاشا بوو و چاره‌نووسیشی له‌وانیتر جیاواز نه‌بوو.
گه‌رچی که‌سایه‌تی سمکۆ خۆی و نه‌بوونی پێگه‌ی به‌رینی کۆمه‌ڵایه‌تی و دڵڕه‌قی نواندن له‌گه‌ڵ خۆیی و بێگانه‌ش واهه‌یه به‌شێک بووبێتن له هۆکاری ئه‌و پارێز و دوورییه‌ی ئینگلیزه‌کان، به‌ڵام بێگومان ئەوانە ته‌نیا به‌شێکی بچووکی مه‌سه‌له‌که بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئینگلیزه‌کان له‌گه‌ڵ که‌سانی وه‌ک ڕه‌زاشادا په‌یوه‌ندی نزیکیان هه‌بوو که له دڵڕه‌قی و توندوتیژیدا گره‌وی له‌هه‌مووان بردبووه‌وه. هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و دووری کردنانه بریتی بوو له به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی – ئابوورییه‌کانی بریتانیا له ئێران و عیراقی تازه دامه‌زراو له لایه‌ک و شه‌ڕ و تێکگیرانیان له‌گه‌ڵ تورکیا له سه‌ر سنووره‌کانی سێ وڵاتی تورکیا و ئێران و عیراق له لایه‌کیتر.
لەبیرمان نەچێت کە پەیمانی سایکس-پیکۆ (١٩١٦) تازە مۆرکرابوو و هەر ئەویش دەرفەتێکی گەلێک باشتر لە فەڕانسەی بۆ دەستوەردان لە ناوچەکە بە ئینگلیزەکان دابوو. ئەوان وەک فەڕانسییەکان لایەنگری ئیستیعماری ڕاستەوخۆ نەبوون و دەسەڵاتیان دەدایە گوێ لەمستە خۆجێ ییەکانی خۆیان وەک ڕەزاشا و شێخ و سەرەک هۆزە عەرەبەکان لە عیراق و سعوودیا و ئوردەن و… بە کردەوەش، وڵاتەکانیان لە ڕێگەی ئەوانەوە بەڕێوەدەبرد.
ئه‌و چەند فاکته‌ره سه‌ره‌کییه و هه‌ندێ هۆکاری که‌متر گرنگی وه‌ک سیاسه‌تی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت له ناوچه‌که، یه‌کده‌ست و هاوده‌نگ نه‌بوونی کوردی ڕۆژهه‌ڵات و نه‌بوونی پڕۆگرام و به‌رنامه‌یه‌کی ڕۆژین کراوی سیاسیی دژبەرانی ڕەزاشا، که له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه سیاسییه‌کانی ناوچه‌دا یه‌ک بگرێته‌وه، به سه‌ریه‌که‌وه بووبوونه جامی جیهان نمای سیاسه‌تی بریتانیا بۆ دووره‌په‌رێزی له سمکۆ و له‌وه‌دا هه‌موو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، وه‌زاره‌تی موسته‌عمه‌رات، باڵوێزخانه‌کانی بریتانیا له تاران و ئانقه‌ره و به‌غدا، هاوده‌نگ بوون. مه‌ئموورانی ناوچه‌یی و حاکمانی سیاسی و سپایی بریتانیا له هه‌ندێک شار و شاروچکه‌ی باشووری کوردستان وه‌ک سلێمانی و ڕه‌واندزیش که‌م و زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕوانگه گشتییه‌دا هاوهه‌نگاو بوون و ئه‌گه‌ر هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندیی کاتی و بڕگه‌یی بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی ڕاسپێرراوی وه‌ک سه‌یدته‌های شه‌مزینی و بابه‌کرئاغای پشده‌ر داواکاریی سمکۆیان به به‌غدا ڕاگه‌یاندبێت و پرسی سه‌ڵاح بوون یان نه‌بوونی چاوپێکه‌وتنی ئه‌ویان له‌گه‌ڵ دامه‌زراندبێتن، هیچکامیان جیددی نه‌بوون یاخود، هەموویان کاتیی و به گوێره‌ی پێداویستییه کاتییه‌کانی ڕۆژ بوون؛ له هه‌موو حاڵه‌تێکیشدا ڕووبه‌ڕووی دژایه‌تی نواندنی به‌غدا و له‌نده‌ن دەبوونه‌وه. ئه‌وه کورته‌ی باس وخواسێکه که ماوه‌ی زیاد له ١٢ ساڵ درێژه‌ی کێشا و تا کووژرانی سمکۆ له ١٩٣٠ دا هیچ به‌روبوویه‌کی بۆ خۆی و بزووتنه‌وه‌که‌ی و کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و کورد بەگشتی، نه‌بوو.
ئه‌وانه‌ی خواره‌وه هه‌ندێک به‌ڵگه‌ی وه‌زاڕه‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له ناشناڵ ئارکایڤ یان “ئاڕشیوی نه‌ته‌وایه‌تی مه‌مله‌که‌ته یه‌کگرتووه‌کانی بریتانیا”ن که ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه به ڕوونی ده‌سه‌لمێنن (و لەڕاستیدا ڕوانگەکانی نووسەر پشت ئەستوور بەوانە). دیارە ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌کی دژ یان جیا له‌وە هاتبێته ئاراوه، تاکه که‌سی، کاتی و خۆجێ یی بووه و نەگەیشتۆتە هەنگاوێکی جیددی بۆ پەیوەندیگرتنی فەرمیی ئینگلیزەکان لەگەڵ سمکۆ:
1. وێده‌چێت له کۆتاییه‌کانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا مه‌سه‌له‌ی کلدانییه‌کان لەناوچەکەدا گرنگ بووبێته‌وه و به‌وه تۆمه‌تبار کرابێتن که ڕووسیا و بریتانیایان له پشته و ده‌یانه‌وێت ئازه‌ربایجان داگیر بکه‌ن و بکه‌ونه شه‌ڕه‌جه‌نگی کورده‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش تورکیا وئێران که‌وتبوونه په‌له‌قاژه و له ئه‌نجامدا سمکۆ و ماڕ شه‌معوونیان به‌گژ یه‌کتردا کرد و ئه‌و ڕووداوه ناخۆشه‌ی کووژرانی ماڕ شه‌معوون لەلایەن سمکۆوە له ساڵی ١٩١٩ دا ڕووی دا.
ته‌نیا یه‌ک له ده‌یان فایلی ناشناڵ ئارکایڤ کە سه‌باره‌ت به وڵاتی تورکیای ساڵی ١٩١٩بێت، زیاد له ٥٠ به‌ڵگه‌نامه‌ی سه‌باره‌ت به کلدانی و ئاسۆرییه‌کانی تێدا پارێزراوه. یه‌ک له بابه‌ته‌کان نامه‌ی مانگی یه‌ک و دووی ئه‌وساله‌ی “شۆڕای نه‌ته‌وایه‌تی کلدانی و ئاشۆری” یه، که ئاڕاسته‌ی سه‌ره‌ک کۆماری فه‌ڕه‌نسا و للۆید جۆرج سه‌ره‌ک وه‌زیرانی بریتانیا کراون. کلدانییه کاثۆلیکه‌کان نامه‌یان ته‌نیا بۆ سه‌ره‌ک کۆماری فڕه‌نسا ناردووە بەڵام یه‌عقووبییه‌کان بۆ مه‌لیکه‌ی بریتانیا و شۆڕای ناوبراویش بۆ هه‌ر چوار حکوومه‌تی بریتانیا، فڕه‌نسا، ئه‌مریکا و یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تی. له نامه‌یاندا بۆ للۆید جۆرج داوایان کردووه ئیجازه به نوێنه‌ره‌کانیان بدرێت له‌گه‌ڵ مه‌ندووبی سامی و نوێنه‌ری سیاسی به‌ریتانیا له سووریادا وتووێژ بکه‌ن. به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی هه‌ر ئه‌و فایله له لایه‌ن نوێنه‌رانی کلدانی له شاری تفلیسی گورجستانه‌وه به هه‌مان ناوه‌رۆکه‌وه نێرراوه و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی چه‌ندلاپه‌ڕه‌ییش هه‌یه که بریتییه له کۆپی توێژینه‌وه‌یه‌کی دوورودرێژی ٨ ی نوامبری ساڵی ١٩١٨ ی باسیل نیکی تین جێگری کۆنسوولی ڕووسیا له ورمێ سه‌باره‌ت به کلدانییه‌کانی ده‌وروبه‌ری ورمێ.
2. بریتانییه‌کان به گشتی خوازیاری هێمنایه‌تی ناوچه‌که و دژ به ئاڵۆزی و ئاژاوه‌ی ناو ئێران و عیراق بوون. ئه‌وان ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌و تاقه هۆکاره‌ش بووبێت هاوکاریی یان پشتگیریی کورد و ئه‌رمه‌ن و ئاسۆری، یان کلدانییه‌کانیان نه‌ده‌کرد و ته‌نانه‌ت له بشێوی و ئاڵۆزیی دوای کووژرانی ماڕ شه‌معوونیشدا به هانای ئاسۆرییه‌کانه‌وه نه‌چوون. ئه‌وه‌ی خوارەوە نموونه‌یه‌ک له هه‌ڵوێستیانە به‌رانبه‌ر به کورد: ڕاپۆرتی ڕۆژی ٧ ی مانگی ٩ ی ١٩٢١ ی مه‌ندووبی سامی له به‌غدا:
“پێشنیار ده‌که‌م هاوکاریی ڕه‌سمی سه‌ره‌ک هۆزه کورده‌کان له‌وپه‌ڕی سنووره‌کانی خۆمان [واته عیراق] نه‌که‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویستی کرد، له ده‌رفه‌تی وه‌دیهاتنی خواسته‌کانیان که‌ڵک وه‌ربگرین بۆئه‌وه‌ی سه‌لامه‌تی سنووره‌کانی عیراق زامن بکه‌ین. ناکرێ ئه‌وه نه‌زانین که واهه‌یه کێشه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ حاکمانی ئێستایاندا بته‌قێته‌وه به‌ڵام من به دڵنیایی خۆ له لایه‌نگیرییان ده‌پارێزم. کاره‌که‌ی ئێمە تەنانەت به هه‌ر شێوه‌یه‌کی وریایانه‌ش بەڕێوە ببرێت، به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کرێین که هاوکاریمان کردوون.”
3. به‌ڵگه‌نامه‌ی ڕۆژی ٢/١١/١٩٢٢ ی مه‌ندووبی سامی له به‌غداوه بۆ وه‌زاڕه‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له له‌نده‌ن:
“سمکۆ په‌یامێکی گه‌لێک دۆستانه‌ی ناردووه و داوای چاوپێکه‌وتنی لێمان کردووه. ئه‌سته‌م و له به‌ر ناسیۆنالیسته کورده‌کان[ی عیراق] مه‌ترسیدار ده‌بێت ئه‌گه‌ر پێشنیارەکە بده‌ینه دواوه. ئایا [باڵوێزخانه‌ی بریتانیا له] تاران پێی سه‌ڵاح نییه به هیچ شێوه‌یه‌ک قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ین؟”
وه‌ڵامی سرپرسی لۆره‌ین، باڵوێزی بریتانیا له تاران (٣/١١/١٩٢٢):
“به بێ هیچ گومانێک ده‌بێ وای پیشان بده‌ین که هیچ په‌یوه‌ندێکمان له‌گه‌ڵیدا نییه، ده‌نا ئێران لای وا ده‌بێت که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئێمه هانمان داوه.”
4. به‌ڵگه‌نامه‌ی ڕۆژی ٣/١١/١٩٢٢ ی سر پرسی کۆکس مه‌ندووبی سامی بۆ له‌نده‌ن:
“سمکۆ به هاتنێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو و به ئامانجی چاوپێکه‌وتنی ئێمه، گه‌یشتۆته گوندێکی نزیک هه‌ولێر و ده‌یه‌وێت مۆڵه‌ت بدرێت بێت بۆ هه‌ولێر. چ هه‌ڵس وکه‌وتێکی له‌گه‌ڵدا بکرێت باشه؟”
وه‌ڵامی ڕۆژی ٧/١١/١٩٢٢ ی له‌نده‌ن:
“باڵوێزمان له به‌غدا هیچ هانی سمکۆ نه‌دات باشه.”
5. به‌ڵگه‌نامه‌ی ٨/١١/١٩٢٢ ڕاپۆرتی سر پرسی لۆره‌ین بۆ له‌نده‌ن:
“شکانی سمکۆ له لایه‌ن سوپای ئێران له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بریتانیاوه شتێکی به‌سووده؛… ده‌نا ڕێگای بازرگانی و هه‌نارده کردنی که‌ل وپه‌ی بریتانی بۆ ناوخۆی ئێران ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه؛… واهه‌یه ڕاپه‌ڕینه‌که به‌ره‌و باشوورتر [ی ئێران] بکشێت و بگاته عیراقیش……. ده‌ره‌تان ده‌داته دراوسێکان، ماسی له لیخاو بگرن.”
6. سر پرسی لۆره‌ین، ٩/١١/١٩٢٢بۆ ئه‌تاشه‌ی سه‌ربازیی بریتانیا که هه‌واڵی شه‌ڕی مانگی ئۆکوستی ١٩٢٢ی حکوومه‌تی ئێران دژ به سمکۆی بۆ ناردووه، دەنووسێ:
“به‌هۆی ناسک بوونی پرسی کورده‌وه، هیچ ههنگاوێکی ئه‌رێ یی به‌ره‌و سمکۆ هه‌ڵمه‌هێننه‌وه.”
7. تێلگرافی سر پرسی لۆره‌ین له تارانه‌وه بۆ وه‌زاڕه‌تی موسته‌عمه‌رات:
“حکوومه‌تی ئێران به ئاشکرا داوای له که‌مالیسته‌کان کردووه سمکۆ بگرن. هه‌روه‌ها شکاتیان هه‌یه له شێخ مه‌حموود، که له بانه خه‌ریکی پڕوپاگه‌نده‌ی دژ به ئێرانه له ناو کوردان‌دا. چۆن ده‌بێ مۆڵه‌ت بده‌ین سمکۆ که‌ڵک له میزۆپۆتامیا وه‌ربگرێت بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی دژ به ئێران له ناو کوردان‌دا و هانیان بدات بۆ ڕاپه‌ڕین؟ من چه‌ند جار به ده‌وله‌تی ئێرانم ڕاگه‌یاندووه که ئێمه هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کمان له هاندانی سمکۆدا نییه. ئێستا ئه‌گه‌ر بێت و لێی نزیک ببینه‌وه منیش به درۆ ده‌که‌ومه‌وه. هیچ جێی پرسیار نییه که له‌به‌ر حه‌ساسیه‌تی مه‌سه‌له‌ی کورد [نابێ] به کرده‌وه دژ به سمکۆش هه‌نگاو هه‌ڵێنینه‌وه.”
نامەی ‘کۆلۆنیال ئۆفیس’ واته ئیداره‌ی موسته‌عمه‌رات له له‌نده‌ن بۆ به‌غدا:
“شتێکی نه‌گونجاوه هیچ چه‌شنه په‌یوه‌ندییه‌کمان به سمکۆوه هه‌بێت.”
8. لە به‌ڵگه‌ی ڕۆژی ١٣/١١/١٩٢٢دا، سه‌ره‌ک وه‌زیرانی ئێران داوای له حکوومه‌تی بریتانیا کردووه:
“ئه‌گه‌ر سمکۆ هاته عیراق بیگرن و بیده‌نه‌وه دەست ئێمە.”
بۆچوونی ڕۆژی 1/12/1922 ی باڵوێزخانەی بریتانیا لە به‌غدا سه‌باره‌ت بەو داواکارییه:
“سمکۆ له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه؛ ئه‌گه‌ر بێته ئێره و ببێتە په‌نابه‌ری سیاسی له لامان، په‌یمانێک له نێوان عیراق و ئێران‌دا نییه که به‌گوێره‌ی ئه‌و بدرێته‌وه به ئێران. به‌ڵام باهەر نه‌یه‌ته ناوچه‌که‌مان.”
9. ئه‌تاشه‌ی سپایی ئینگلیز هه‌واڵی تێکشکانی سمکۆ و چوونی بۆ تورکیای ناردووه بۆ له‌نده‌ن و گوتوویه‌تی ئه‌فسه‌رێکی ئێرانی چۆته تورکیا بۆئه‌وه‌ی داوای ئه‌وه بکات ڕاده‌ستی ئێرانی بکه‌نه‌وه.
له نامه‌یه‌کی دیکه‌شدا نووسیویانه کۆپی نامه‌یه‌کی ٥/١٢/١٩٢٢ ی “شه‌یبانی” ناو، ئه‌فسه‌ری فه‌رمانده‌ی سپا له سابڵا‌غ بۆ سمکۆمان گه‌یشتۆته ده‌ست. له‌و نامه‌یه‌دا نووسراوه:
“ئه‌میر له‌شکر جه‌نه‌ڕاڵی فه‌رمانده‌ی له‌شکری غه‌رب ئیجازه‌ی پێداوم پێتی ڕابگه‌یێنم که ئه‌و لێبووردنه گشتییه‌ی وا له‌م دواییه‌دا له لایه‌ن وه‌زیری جه‌نگه‌وه راگه‌یێنرا، تۆش ده‌گرێته‌وه.”
10. به‌ڵگه‌نامه‌ی ڕۆژی ٢/١/١٩٩٣ ی مه‌ندووبی سامی بۆ وه‌زاڕه‌تی موسته‌عمه‌رات له وه‌ڵامی تێلگه‌رافی ئه‌واندا:
“یاریده‌دانی ئێمه به سه‌ید ته‌ها گه‌وره کراوه‌ته‌وه و ڕاست ڕانه‌گوێزراوه. من ته‌نیا وه‌ک ناوه‌ندێک بۆ پشتگیریی کێشه‌کانی باکووری عیراق و کوردستان که‌ڵک له سه‌ید ته‌ها وه‌رده‌گرم بۆئه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ر هێرشی تورک له ناو عیراقدا راوه‌ستن. فه‌رمانی جیددی پێدراوه هیچ کارێک له په‌یوه‌ندیی کوردانی ئێران‌دا نه‌کات؛ به‌رگری له سمکۆش ده‌کرێت بۆ ئه‌و کاره. سمکۆ پێش ئه‌وه‌ی لێبووردنی له لایه‌ن حکوومه‌تی ئێرانه‌وه پێ بدرێت داوای له من کردبوو له لایه‌ن ئه‌وه‌وه نێوبژیگەری بکه‌م. ئێستا ئه‌و ئازادیی ته‌واوی هه‌یه بگه‌ڕێته‌وه ئێران.”
11. به‌ڵگه‌نامه‌ی ٥/٤/١٩٢٤، باس لە وتووێژی ئه‌تاشه‌ی سوپایی بریتانیا له‌گه‌ڵ ڕه‌زاشا دەکات:
“ڕه‌زاشا گوتی شێخ مه‌حموود پیاوێکی مه‌ترسیداره و له‌ناوبردنی بۆ هه‌ردوو ولاتی ئێران و بریتانیا جێی بایه‌خه. گوتم ژن و منداڵی هاتوونه‌ته مه‌ریوان و واهه‌یه خۆیشی بێته ئه‌وێ. گوتی هه‌وڵ ده‌ده‌م مه‌سه‌له‌که ڕوون بکه‌مه‌وه. گوتم هه‌واڵی سمکۆت هه‌یه له کوێیه؟ گوتی له‌گه‌ڵ تورکان له‌وتووێژداین، سمکۆ له‌وێیه به‌ڵام وانییه تورک بیگرن و ڕاده‌ستی ئێمه‌ی بکه‌نه‌وه.”
12. چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌ی ساڵی 1930 باسی کووژرانی سمکۆ به ده‌ست ئێرانییه‌کان ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ده‌مگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه که چه‌ند سه‌ره‌ک هۆزی کوردی عیراقیش له‌و عه‌مه‌لیاته‌دا کووژرابێتن و منداڵه‌کانیشی له عیراق نیشته‌جێ بووبێتن.
ئەنجام
سمکۆ پەروەردەی هەل ومەرجێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی-عەشیرەتی بوو لە جوغرافیایەکی تایبەتمەندی نێوان ئێران، عوسمانی و عیراقی تازەدامەزراودا. ئەو وڵاتانە تەنیا بە ڕواڵەت سەربەخۆ بوون و حاکم و بەڕێوەبەری بەکردەوەی هەموو ناوچەکە، زلهێزە ئیستعمارییەکان بە تایبەت ئینگلیز بوو. نەریتی پەیوەندیگرتنی ڕێبەرانی شۆڕشی نەتەوەیی کورد لەگەڵ زلهێزەکان بە ئامانجی کەڵک لێوەرگرتنیان لە پێناو ئامانجی سەربەخۆیی کورد دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی شێخ عوبەیدیللای شەمزینی (١٨٨٠) و تەنانەت پێش ئەویش. سمکۆش، وەک گەلێک سیاسەتمەداری تورک و عەرەب و ئێرانی، لە ناو ئەو نەریتەدا دەژیا و سیاسەتی دەکرد. لە ناو دەیان سەرەک وەزیرانی ئێرانی سەردەمی پەهلەوییەکاندا تەنیا یەک دوو کەس نەبێت هەرهەموویان ئەنگلۆفیل (واتە لایەنگری سیاسەتی ئینگلیز) بوون و سیاسەتی ئەوانیان لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیاندا دەدیت، ئەو یەکدووکەسەش کە وا نەبوون، یا ئاڵمانۆفیل (لایەنگری ئاڵمان) بوون یان ڕووسۆفیل (لایەنگری ڕووس). سمکۆ لە ڕاستیدا هیچکام لەوانە نەبوو بەڵام هەوڵێکی زۆری دەدا بۆ ئەوەی بتوانێ پەیوەندی بە ڕووس و ئینگلیزییەکانەوە بگرێت بەڵام بەرژەوەندییەکان ئەوان لە ئێران‌دا لەوە گەورەتر بوو کە ناپارێزی بکەن، سمکۆ لەخۆ بگرن و پەیوەندییان لەگەڵ ئێرانییەکان بپچڕێت، بەتایبەت ئینگلیزەکان لە عیراقیشدا حاکمی سەرەکی بوون و کەم تا زۆر نەیاندەخواست کوردستانی باشوور لە کێشەی سمکۆ و کوردی ئێرانەوە بتلێت.
بێ هیوایی لە ئینگلیزەکان سمکۆی دەگەڕاندەوە سەر ئەوەی پشتگیریی تورکەکان مسۆگەر بکات – حکوومەتێک کە یەکەم دوژمنی کەیانێ کوردی بوون و نەیاندەویست لە کوولەکەی تەریشدا ناوی دەسەڵاتدارییەکی کورد ببیسن! هەربۆیەش ئەگەر جاروبارە دەراوێکیان بۆ خۆش دەکرد یا چەکێکیان دەدایە، تەنیا لە پێناو ئەوەدا بوو ماری دوژمنانی خۆیان بە دەستی ئەو بگرن، وەک گرتشیان و بە کوشتنی ماڕ شەمعوون، هەر هەموو گەلی ئاسۆرییان پێ لە خاک و ئاوی ئابا ئەجدادییان هەڵکەند و کردیاننە کۆچبەری بێ ئاو و خاک، کە دوای ئەو ڕووداوە و شەڕی ئاسۆری و موسوڵمان لە ورمێ، ئیتر لە هەموو ئیمپراتۆریەتی مێژوویی ئاشوور، تاقە یەک بستە خاکیان بەدەستەوە نەماوە؛ بەداخەوە سمکۆو سپای کورد بوونە کەرەسەیەک بۆ جێبەجێبوونی ئەو سیاسەتە گڵاوە. ئەوە تەنیا بەشێکی بچووک بوو لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی حکوومەتی تازەدامەزراوی تورکیای دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، سیاسەتێک کە ئەنجامێکی دیکەی جینۆسایدی گەلی ئەرمەن و ڕاگواستن و کوشتاری کوردانیش بەشێکی دیکەی بوو و تا ئێستاش هەر هەیە.
سمکۆ کاتێ لەوانیش بێ هیوا دەبوو، ڕووی دەکردەوە ئێران و بە ئەمنیەتی هۆزەکەی و پلە وپایەیەکی حکوومی بۆ خۆی ڕازی دەبوو بەڵام ئێرانییەکان لە جیاتی سمکۆیەکی سەربزێوی خاوەن دەسەڵات، تەنیا ئارەزووی دیتنی جەنازەکەیان دەکرد- ئارەزوویەک کە درەنگتر هێنایانە دی!
- بەشداری سەرژمێری نەکەن تاماددەی ١٤٠ جێ بەجێ نەکرێت - 11/17/2024
- ئایدیالۆژیای وۆک: توێكاریی وۆكیزم - 11/13/2024
- هەڵبژاردنه پووچەڵەکەی باشوور - 10/26/2024