عارف قوربانی
سەرباری ئەوەی كورد لە باشووری كوردستان زۆر ناڕازین لە حوكمی خۆبەڕێوەبەریی كوردی و ئومێدیان بە ئاییندەی دەسەڵاتدارێتیی كورد لاواز بووە؛ بەڵام هێشتا كوردی بەشەكانی دیكەی كوردستان هەر بە چاوی هیواوە دەڕواننە ئەو هەرێمە. پێیانوایە مانەوە و بەهێزبوونی هەرێم یارمەتیدەرە بۆ كوردی بەشەكانی دیكەی كوردستان. لەڕووی لۆژیكیشەوە دەبوو ئەوە راست بێت كە بزووتنەوەی كوردی لە هەر پارچەیەكی كوردستان گەشە بكات، ببوایەتە هۆكاری گەشەسەندنی بزاوتی كوردی لە بەشەكانی دیكە.
بەڵام بەهۆی هاوكێشەی هەرێمایەتی و دابەشبوونی هێزە دەسەڵاتدارەكانی باشوور بەسەر جەمسەرە هەرێمایەتییەكاندا، مەرج نییە ئەم پێوەرە بەردەوام راست بێت. دەشێت لە هەندێك هەلومەرجی دیاریكراودا بەو جۆرە بووبێت، بەڵام لە چەند لایەنێكیشەوە كوردی بەشەكانی دیكەی كوردستان زەرەرمەندی دروستبوون و بەپێوە راوەستانی هەرێمی كوردستانن، لانیكەم لەو رووەوە كە دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست رێكارەكانی ستەم و چەوساندنەوەی كوردی ئەو بەشانەی دیكەی كوردستانیان فراوانتر كرد بەهۆی ئەوەی نەبا هاوشێوەی كوردی باشوور حوكم و دەسەڵاتی ناوچەكانی خۆیان بگرنەدەست. ئەمە جیا لەوەی بەتایبەت كوردی رۆژهەڵات بۆ موراعاتكردنی باشووری كوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە چارەكە سەدەیەك خەباتی چەكدارییان راگرت.
سەردەمانێك كە هەرێمی كوردستان روو لە گەشەسەندنی ئابووری بوو، لەڕوویەكی دیكەوە بووە دەرفەتێك بۆ باشكردنی ژیان و گوزەرانی كوردی بەشەكانی دیكە، بە سەدان هەزار دەستی كار لە رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستانەوە روویانكردە هەرێمی كوردستان و نەك هەر بژێویی خۆیان و خێزانەكانیان، بگرە دەیانتوانی بەو داهاتەی مانگانە لە هەرێم دەستیان دەكەوت، یارمەتیی كەسوكارەكەشیان بدەن لە پارچەكانی دیكەی كوردستان. واتە هەرێم ئەگەر لەڕووی سیاسیشەوە نەیتوانیبێت یاخود نەتوانێت یارمەتیدەری كوردی بەشەكانی دیكە بێت، دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە جۆرێك لە قەرەبوویان بكاتەوە.
تاوەكو سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، هەرێمی كوردستان لەو رووەوە كارئاسانیی زۆری كرد بۆ كوردی پارچەكانی دیكە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە سەختەی ئابووری كە حكومەت و ژیانی خەڵكیشی گرتووەتەوە، تاوەكو ئەندازەیەك ئەو دەرفەتانەش بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان زۆر كەم بوونەتەوە. رەوشی ئابووریی هەریەك لە توركیا و سووریا و ئێرانیش رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبێت، بە مەبەستی سیاسیی ناوچە كوردییەكانی ئەو وڵاتانە فەرامۆش كراون و رێژەی بێكاری و هەژاری تادێت لە بەرزبوونەوەدان، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی كوردستان؛ وێڕای ئەو گەمارۆ ئابوورییەی جیهان سەپاندویەتی بەسەر ئێراندا، ئێرانیش دەرفەتەكانی كاری لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەرتەسكتر كردووەتەوە. بەهای دراوی ئێرانی بەردەوام روو لە دابەزینە، نرخی كاڵا و شمەكی خۆراكی بەرزدەبێتەوە و ژیانی كوردەكان تادێت سەختتر دەبێت.
ئایا هەرێمی كوردستان لەم هەلومەرجە سەختەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا چی پێدەكرێت و چۆن دەتوانێت دەرفەتی كاریان لە هەرێم بۆ بدۆزێتەوە؟ رەنگە ئێستا حكومەتی هەرێم و تاوەكو ئەندازەیەك زۆرێك لە خوێنەرانیش بڵێن حاڵی خۆمان زۆر جوانە، تاوەكو خەم لە كوردی رۆژهەڵات بخۆین، بەڵام بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەوەمان لێدەخوازێت بەدوای دەروازەكانی رزگاركردنی ژیانی ئەوانیشەوە بین.
لێرەدا پرسێك دەوروژێنم كە دەشێت بكرێتە دەرفەت لەلایەك بۆ رەخساندنی هەل و دەرفەتی كار بۆ هەزاران خێزانی كوردی رۆژهەڵات تاوەكو لە باشووری كوردستان كار بكەن، لە لایەكی دیكەشەوە یارمەتیدەربێت لە كەمكردنەوەی مەترسیی تەعریب لەسەر ئەو بەشەی باشووری كوردستان كە لەژێر قەڵەمڕەویی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندایە.
بە درێژایی نزیك بە دوو دەیەی رابردوو، هەر خێزانێكی عەرەب لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق هەڕەشە و مەترسیی كەوتبێتە سەر، روویكردووەتە هەرێمی كوردستان. لەدوای هاتنی داعشەوە دیاردەكە بە ئەندازەیەك فراوان بووەتەوە كە خەریكە لەڕووی سیاسییەوە دەقۆزرێتەوە بۆ پلان و ئامانجێكی ستراتیجی، كە ئەویش گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان و سەپاندنی سیاسەتی تەعریبە بەسەریدا لە رێگەی مرۆییەوە.
بەشی زۆری ئەو خێزانە عەرەبانەی هاتوونەتە نێو هەرێمی كوردستان، لە شوان و گاوانی لادێكانەوە، تاوەكو پاسەوانی و باخەوانی باخ و ڤێلا و شاگردی كارگە و كارخانەكان و خەریكە سەردەكێشێت بۆ بازرگانی گەورە و كڕینی مۆڵ و چێشتخانە و ئوتێل و شوێنە گەشتیارییەكان، رەنگە ژمارەیان بە سەدان هەزار كەس بێت. بەشێكی زۆریان خۆیان یەكلاكردووەتەوە بەوەی بە یەكجاری نەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان. بەهۆی رەوشی عێراق و مەترسیی كەمبوونەوەی ئاو وەكو لێكەوتەی گرتنەوەی سەرچاوەكانی ئاو لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، هەروەها بەهۆی مەترسیی كەمبارانی و كێشە سیاسییەكانی عێراقەوە، چاوەڕوانكراوە لە ساڵانی داهاتوودا رێژەی هاتنی عەرەب بۆ كوردستان چەندین بەرانبەر بەرزبێتەوە. لەبەر ئەو تایبەتمەندییە خێڵەكییەی كۆمەڵگەی عەرەبیش كە رێژەی خستنەوەی منداڵ و گەشەی خێزان تێیاندا زۆر بە ناسرووشتی بەرزدەبێتەوە، لە داهاتوویەكی دووردا ئەم عەرەبانە وەك چۆن لە سەدەی رابردوو هاتن و بوونە مەترسی لەسەر ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و كەركووك و گەرمەسێر، بۆ چەند دەیەی دیكە دەبنە هەڕەشە لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای تەواوی هەرێمی كوردستان.
مەبەستم لە وابەستەكردنی كوردی رۆژهەڵات بەم بابەتەوە ئەوەیە كە هەندێك رێسا و یاسای تایبەت بە حكومەتی هەرێم هەیە یارمەتیدەرە بۆ هاتنی لێشاوی عەرەب، كە ئەگەر چەند رێنوێنییەك دەستكاری بكرێن، دەتوانرێت ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە بكرێتەوە، بەشێك لەو پێویستییانەی هێزی كار بە كوردی رۆژهەڵات پڕبكرێنەوە لەبری عەرەب، بەمەش لە لایەك بۆ هەلومەرجێكی وەكو ئێستا یارمەتیدەرە بۆ باشكردنی ژیان و گوزەرانی كوردانی رۆژهەڵات و لە لایەكی دیكەشەوە، لەمپەرە لەبەردەم هاتنی عەرەب.
زۆربەی ئەوانەی باخداری دەكەن لە گەرمیانەوە تا بادینان، زۆربەی ئەوانەی مەڕداری دەكەن لە گەرمیانەوە بۆ كوێستان، شوان و باخەوانەكانیان ماڵە عەرەبن. زۆرجاریش ئەم ماڵە عەرەبانە بوونەتە سەرچاوەی كێشە و نموونە زۆرن كە لە چەندین كردەوەی تیرۆریستییەوە تێوەگلاون و تاوەكو ئێستا بە دەیان شانەی نووستووی داعش لەنێو ئەو خێزانە عەرەبانەدا ئاشكرا كراون. تەنانەت پاسەوانی ڤێلا و مەزرەعەی بەرپرسەكانیش زۆربەیان عەرەبن. ئەمە جیا لەو هەزاران بەنگلادیشی و نیپاڵی و فیلیپینی و ….. كە لە ماڵەكاندا كار دەكەن.
چی دەبێت ئەگەر حكومەت رێگەبدات كە مەڕدار و باخدارەكان لەبری ئەوەی خێزانێكی عەرەب دەهێنن و مانگانە كرێی دەدەنێ كاریان بۆ بكات، خێزانێكی كوردی رۆژهەڵات بهێنن ئەو كارەیان بۆ بكات، بەتایبەت لە باخداریدا ئەزموون و شارەزاییان لە عەرەب و كوردی باشوور زیاترە؛ بەڵام هەرێم لە (فەرمانگەی نشینگە) مۆڵەتیان پێنادات، رەنگە بە چەندین تەكلیف و واسیتە بتوانرێت بۆ دوو یان سێ مانگ مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان بۆ وەرگیرێت، دەبێت دوای ئەوە بگەڕێنەوە بۆ ئێران.
ئەگەر هەرێم رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ كارئاسانیی ئەو خێزانە مەڕدار و باخدارانەی كوردستان تاوەكو لەبری عەرەب خێزانی كوردی رۆژهەڵات بخەنە كارەوە، بە دڵنیاییەوە بە دەیان هەزار خێزانی كورد سوودمەند دەبن. بەراوردی بەهای پارەكەیان تمەن بە دینار، وادەكات بتوانن یارمەتیی كەسوكاریشیان بدەن لە رۆژهەڵاتی كوردستان. بەمەش لە لایەك وەكو ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی زەمینەی یارمەتیی كوردی بەشێكی دیكەی كوردستان خۆش دەكەیت و دەرفەتی مانەوەی عەرەبەكانی باشووریش بەرتەسك دەكەیتەوە.
- سقوط پول شوروی و تکرار در ایران امروز - 12/21/2024
- دۆزەخ دەروازەی کرانەوەی کوردستان - 12/18/2024
- نقشه جهنمی - 12/13/2024