ئانتۆنی گیدێنز
وەرگێڕ: عەتا جەماڵی
دێڤید هێڵد : زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر پێشوازییان له‌م كۆڕانه كردووه، سه‌ربه‌رزم به‌وه‌ی له دووهه‌م كۆڕی زنجیره وتاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی LSE له خزمه‌ت ئێوه‌دام. ته‌وه‌ری كۆڕی ئه‌م هه‌فته‌یه “ئاسۆی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه”یه كه بابه‌تێكی زۆر بنچینه‌یی و شایانی سه‌رنجه.
تۆنی گیدێنز له ساڵی 1974ه‌وه ده‌ناسم، یه‌كه‌مجار له بۆستۆن چاوم پێیكه‌وت، له‌وێ كۆڕی هه‌بوو و له‌كاتی نانی نیوه‌ڕۆدا دیدارم له‌گه‌ڵ كرد، له‌و كۆڕ و دیداره دوو شتم له‌بیر ماوه: تۆنی خه‌ریكی خواردنی ساندویچێكی زۆر گه‌وره بوو كه به هه‌موو ته‌مه‌نم هی ئاوا گه‌وره‌م نه‌دیتبوو و هاوكات باسیشی له داهاتووی پرۆسه‌كانی تیۆریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌كرد، دڵنیا نه‌بووم كامیان زیاتر كاریان تێ‌كردم، به‌ڵام بۆ ئه‌نجامدانی هاوكاتی ئه‌و دوو كاره ده‌بوو ئافهرهمی پێبڵێی.
تۆنی له‌ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی رابردوودا به‌ڕاستی ئاڵاهه‌ڵگری تیۆریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بووه و به‌ڕاستی ئه‌وه شاكارێكی گه‌وره‌یه و ده‌رخه‌ری سێ شته: یه‌كه‌م وزه و توانای ئه‌وه كه وێنه‌ی نییه و دووهه‌م، زیره‌كی و توانایی زه‌ینیی ئه‌وه كه به‌رده‌وام له جه‌رگه‌ی كێشه‌كان و بابه‌ته ئهمڕۆژینه سیاسییه‌كان و گشتییه‌كاندا ئاماده‌یی هه‌بووه. ته‌وه‌ری كۆڕی ئه‌مڕۆ ته‌وه‌رێكی پڕگرنگه، هه‌موومان حه‌ز ده‌كه‌ین گوێمان له وته‌كانی ئه‌و بێت، كه‌واته له‌وه زیاتر چاوه‌ڕێتان ناهێڵم و داوا له ئانتۆنی ده‌كه‌م وته‌كانی ده‌ستپێبكات.
تۆنی گیدێنز: سپاستان ده‌كه‌م، زۆر شادم به‌وه‌ی دێڤید به‌رپرسایه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م دانیشتنه‌ی له ئه‌ستۆیه، له هه‌ر دانیشتنێكدا یه‌كێك له ئه‌ندامانی باڵای زانكۆی LSE بهڕیهبهری كۆره‌كه ده‌بن و له كۆتایی هه‌ر وتارێكدا به پرسیاره‌كانی خۆیان تیرهبارانم ده‌كه‌ن، له دوای ئه‌ویش وه‌ڵامی دوو، سێ پرسیاری ئاماده‌بووان ده‌ده‌مه‌وه.
د‌یڤید هێڵد مامۆستای پله یه‌كی زانستی سیاسیی زانكۆی LESیه و هه‌روه‌ها پسپۆڕێكی جیهانیی “به‌جیهانیبوون” ه. ته‌وه‌ری به‌جیهانیبوون ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندیی هه‌رپێنج كۆره‌كه ده‌بێت و هه‌ست ده‌كه‌م ده‌بێ ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندیی هه‌موو كاره‌كانی ئێوه‌ش بێت، چونكه به‌ڕاستی باسی سه‌رده‌مه. ئه‌گه‌ر پێویستیتان به شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته هه‌یه ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر كتێبه‌كانی دێڤید هێڵد، كتێبی “گۆڕانه جیهانییه‌كان” گرنگترین كتێبی ئه‌وه له‌و بواره‌دا، ره‌نگ بێ ئه‌م كتێبه وردترین و پڕوردهكاریترین باسێك بێت كه سه‌باره‌ت به به‌جیهانیبوون له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه و زۆر ساكار و زانایانه نووسراوه.
بۆ لێدوان له‌سه‌ر داهاتووی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه پێویسته سه‌باره‌ت به رابردووهكهشی قسه بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌وه تێبگه‌ین كه چی به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی ئاراسته‌داری وه‌ك ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا دێت پێویسته شێوازی پێگه‌یشتن و بیچمگرتنهكهشی له‌ماوه‌ی هه‌تا دووسه‌د ساڵی رابردوودا بزانین.
هه‌روه‌ك له كۆڕی رابردوودا ئاماژه‌م پێكرد LSE دامه‌زراوه‌یه‌كی جیهان-نیشتمانی و فره‌نه‌ته‌وه‌یه، هه‌ر بۆیه‌ش من به هاسانی ده‌توانم له كه‌سه‌كان بپرسم “خه‌ڵكی كوێن؟” پێموانییه له وه‌ڵامدا ناوی ناوچه‌یه‌ك بێنن و بۆ وێنه بڵێن “خه‌ڵكی ئاسیام” یا “ئه‌ورووپیم”، ئێوه له وه‌ڵامدا خۆتان به خه‌ڵكی وڵاتێكی تایبه‌ت ده‌ناسێنن و مه‌به‌ستتان له وڵاتێكی تایبه‌تیش نه‌ته‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت یان ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌یه‌كی تایبه‌ته. ئه‌وه‌یكه ئێوه ئاوه‌ها وه‌ڵامێك ده‌ده‌نه‌وه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ستی په‌یوه‌ستبوون به كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌رده‌وام هێزێكی زۆر به‌هێزه له ژیانی ئێمه‌دا. له‌م كۆڕه‌دا هه‌ر له‌م ته‌وه‌ره ده‌دوێم و به‌گشتی وه‌ڵامی كه‌سانێك ده‌ده‌مه‌وه كه لهمڕۆژدا نكۆڵی له گرنگیی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه ده‌كه‌ن.
نكۆڵی له به‌رده‌وامبوونی بایه‌خی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه تاڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ندیی به ته‌وه‌ری به‌جیهانیبوون و هاتنه ناو چاخی گلۆباڵه‌وه هه‌یه كه له‌كۆڕی رابردوودا باسی ئه‌وه‌مان كرد. هه‌ندێك له‌و ژمارانه‌ی به‌كورتی ئاماژه‌م پێدان وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ تێكڕمانی بایه‌خی رۆڵی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه و ئه‌نجامه شیكارییه‌كانی له رۆڵی دادگاییكردنێكدا بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی رۆڵی نه‌ته‌وه كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیرێت. ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به‌م جۆره بیرده‌كه‌نه‌وه له بناغه‌دا باس له كۆتایی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه ده‌كه‌ن. ئه‌و كتێبانه‌ی لهسهرپهڕهكانیاندا باسی كۆتایی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه كرابێت له كتێبخانه‌كه‌مدا ژماره‌یان ناگاته سێ كتێب، یه‌كێك له نموونه باشه‌كان نووسه‌ری ناوداری ژاپۆنی، “كێنیش ئۆمی” یه كه له كۆڕی رابردوودا به كورتی ئاماژه‌م پێكرد. ئه‌و كتێبی زۆری له‌م باره‌یه‌وه نووسیوه، ئۆمی یه‌كێك له ناودارترین ئه‌و نووسه‌رانه‌یه كه له ماوه‌ی بیست ساڵی رابردوودا ئه‌م ته‌وه‌ره‌ی ورووژاندووه و شتێك نییه كه به‌تازه‌یی دایهێنابێت. ئه‌و چه‌مكی “ئابووریی بێ‌سنوور” ی داهێنا و یه‌كێكه له هه‌مان ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه كتێبێكی له‌ژێر ناوی “كۆتایی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه” نووسیوه. كاكڵی قسه‌ی ئه‌م گرووپه چییه؟ تێزی سه‌ره‌كیی ئه‌مانه ئه‌وه‌یه كه له ئابووریی جیهانیدا كه به‌ره‌و یهكپارچهتربوون ده‌چێت، ئه‌كته‌ری تر جێگه‌ی “نه‌ته‌وه” ده‌گرنه‌وه و ئه‌م پرسه جگه له ئاسته جیهانییه‌كه‌ی له ژیانی گه‌ره‌ك و ته‌نانه‌ت تاكی ئیمه‌شدا ده‌وری هه‌یه. به‌پێی بۆچوونی ئۆمی، پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ی بازاڕ و پێكبهستهیی ئابووری و هه‌رێمگه‌رایی ئابووری كه له كۆڕی رابردوودا باسم لێ‌كرد، ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریتیی “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه”ی له‌رزۆك كردووه. به‌ڕای ئه‌و له ساڵانی داهاتوودا شاهیدی نوێكردنه‌وه‌یه‌كی پێكهاته‌یی و گۆڕانێكی گه‌وره له رۆڵی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا ده‌بینن، ئه‌ویش وه‌ك هه‌ندێك له نووسه‌رانی تر به‌ڵگه‌ی ئه‌وه ده‌هێننه‌وه كه له‌ماوه‌ی دوو، سی ده‌یه‌ی داهاتوودا، “ده‌وڵه‌ت-شاره‌كان” به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر جێگه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان ده‌گرنه‌وه. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه له‌وانه‌یه شاهیدی سه‌دان “ده‌وڵه‌تشار” ده‌بین كه وابه‌سته‌یی و په‌یوه‌ندییه‌كی كه‌میان به ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كانی پێشووه‌وه كه به‌شێك بوون له‌وان، هه‌بێت. ئه‌وان ناسنامه‌ی خۆیان له‌سه‌ره‌تادا به به‌شداری له ئابووریی جیهانی و سروشته تایبهتییهكهیان له‌م به‌شدارییه‌دا، به‌ده‌ست ده‌هێنن. بۆ وێنه شاره گه‌وره‌كانی وه‌ك “هۆنگ كۆنگ”، “بارسلۆنا”، “نیویۆرك” و “له‌نده‌ن” ناسنامه‌ی ئابووری-سیاسی- كولتووریی خۆیان زیاتر به به‌شداریكردن له ئابووریی جیهانی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی جیهانیی گه‌وره‌تردا به‌ناوی شاره جیهانییه‌كان ده‌زانن هه‌تا ئه‌وه‌ی به‌ره‌نجامی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن كه به‌شێكن له‌و. له‌به‌ر ئه‌وه ئابووریی بێ‌سنوور بۆ ئۆمی راستییه‌كه و له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه له‌ئاستێكی فره‌تردا ئه‌و سنوورانه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان دیاری‌یان ده‌كه‌ن، بێبایه‌خ ده‌كات.
ئه‌م تیۆرییه تێزێكی قه‌یرانساز و باوه، هه‌روه‌ك پیده‌چێ هه‌مووتان بزانن ئه‌م تێزه تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ شێوه بۆچوونی باسی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هاوئاهه‌نگه. رێژه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ت ئه‌و رۆله‌ی له رابردوودا بوویه‌تی دۆڕاندوویه‌تی. ده‌ڵێن زۆرینه‌ی خه‌ڵك حه‌زێكیان بۆ سیاسه‌ت نه‌ماوه و هه‌ر بۆیه بۆ وێنه تێكه‌ڵی بزووتنه‌وه‌ی دژه جیهانیبوون ده‌بن. ئه‌وانه له‌و بڕوایه‌دان كه دیموكراسی به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بڕیاردان له چوارچێوه‌یه‌كی نوێ‌دا سواوه و بێكهڵك بۆته‌وه. ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌وان باسی لێده‌كه‌ن ئیتر له‌و به‌ستێنه گشتییه پێناسهكراوهدا كه له تیۆریی سیاسیی كلاسیك‌دا له چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌دا پێناسه ده‌كرا پێكنایه‌ت. دێڤید هێڵد هه‌ڵوێستێكی زۆر وردبینانه‌تری له‌م بواره‌دا هه‌یه و سه‌باره‌ت به‌م دیاردانه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێشتر نووسیویه‌تی. ئه‌و كۆمه‌ڵێك نووسینی سه‌باره‌ت به به‌رده‌وامیی به‌ستێنی گشتیی نه‌ته‌وه‌یی له جیهانێكدا كه زۆریه‌ك له كێشه و گرفته‌كانیش كه له به‌ستێنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه سه‌رچاوه ناگرن، هه‌یه.
پێده‌چێ خۆپێشانده‌رانی سه‌ر شه‌قامه‌كانیش هه‌ر بڕوایه‌كی له‌م شێوه‌یه‌یان هه‌بێت، چوونكه ئه‌وانیش ده‌ڵێن جیهان به‌ده‌ستی “ده‌سه‌ڵاتی كۆمپانیاكان” داگیركراوه، ته‌واوی جیهان له‌ژێر نفووزی بازاڕدایه و ئه‌م كێشه‌یه ره‌وایی دیموكراتیك له بیچمه زهروورییهكهی واته چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌باته ده‌ر. خاڵێكی گرنگ كه سه‌رنجتانی به‌ره‌و لای راده‌كێشم ئه‌وه‌یه كه رادیكاڵ و چه‌پی رادیكاڵ له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه هاوده‌نگن. بزووتنه‌وه راسته توندڕه‌وه‌كانی جیهان به‌شوێن ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت-نهتهوهوهن و له‌و باوه‌ڕه‌دان كه هه‌ندێ هێز هه‌ن كه له هه‌وڵی هڵۆڵ كردنی ده‌سه‌ڵاتی پێشتر دامه‌زراوی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دان، هه‌ر بۆیه وه‌ك چۆن له سه‌ره‌تادا باسم كرد ئه‌م باسه گرنگه ته‌نیا سه‌باره‌ت به پێكهاته‌كان نییه، به‌ڵكوو باسێكه سه‌باره‌ت به “ناسنامه” ش،باسێكه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئێمه كێین؟ خه‌ڵكی كوێین؟ له چ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كین؟ چلۆن خاله سه‌ره‌تاییه‌كانی ناسنامه‌ی خۆمان پێناسه ده‌كه‌ین؟ و گه‌لێك پرسیاری له‌و شێوه‌یه.
بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستێك له‌م بواره‌دا پێویسته سه‌ره‌تا دوو كار بكرێت، یه‌كێك له‌وانه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌ویتر پێویستی به ورده‌كاریی زیاتره. یه‌كه‌م كارێك كه ده‌بێ بكرێت روونكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك جیاوازییه چهمكییهكانه. له‌م ئاراسته‌یه‌دا به‌تایبه‌تی پێویسته له‌نێوان “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه” ، “نه‌ته‌وه” و “نه‌ته‌وه‌خوازی”(ناسیۆنالیزم یاخود نه‌ته‌وه‌گه‌رایی) جیاوازی دابنێین. ئه‌م سێ چه‌مكه زۆرجاران به یه‌ك مانا به‌كار ده‌هێنرێن و ئه‌مه‌ش زیاتر به‌هۆی ره‌چاوكردنی كورتنووسی و خێرانووسییهوه ده‌بێت و منیش دژایهتییهكم له‌گه‌ڵیدا نییه، به‌ڵام زۆر گرنگه وه‌ك چه‌مك جیاوازییان بۆ دابنێین. به‌كورتی مانای هه‌ركام له‌م سێ چه‌مكه شی ده‌كه‌مه‌وه.
ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌ر له هه‌ر شتێك پێكهاته و داڕشتێكی سیاسییه. ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه جۆرێك سیسته‌می سیاسییه كه تایبه‌تمه‌ندیگه‌لی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و له‌ڕاستیدا ده‌درێته پاڵ سیسته‌مێكی سیاسی كه ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌وێكی تایبه‌تدا ده‌كات كه به‌پێی سنووره‌كانی دیاری ده‌كرێت. دواتر به ورده‌كارییه‌كی زیاتره‌وه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه باس ده‌كه‌ین. ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به شێوه‌یه‌كی نه‌ریتی كۆنترۆڵی ده‌زگایه‌كی یاساییه و ته‌شكیلاتی ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربازیی له‌به‌رده‌ستدایه و له‌به‌ر ئه‌وه داڕشت و پێكهاته‌یه‌كی سیاسییه.
“نه‌ته‌وه” كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیمبۆلیكه كه له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌یه‌كدا بیچم ده‌گرێت و هه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی دواتر ئاماژه‌یان پێده‌كه‌م هه‌میشه‌ش له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا بیچم ناگرێت. كاتێك پرسیارتان لێده‌كرێت “ئێوه كێن؟” و “خه‌ڵكی كوێن؟” نه‌ته‌وه, ناسنامه‌تان پێده‌به‌خشێت. نیشانه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێن، مێكسیكی، هیندی، چینی، ئینگلیزی و یان…
پێندیكت ئیندرسۆن یه‌كێك له تیۆریسازه به‌ناوبانگه‌كانی ناسیۆنالیزم، نه‌ته‌وه به “كۆمه‌ڵگه‌ی گریمانی” ناودێر ده‌كات. كۆمه‌ڵگه‌ی گریمانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیمبۆلیكه كه پێوه‌ی په‌یوه‌ستن. ئه‌گه‌ر شارۆمه‌ندی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن(لانیكه‌م به ره‌چه‌ڵه‌ك) ئه‌مه ناسنامهێك به ئێوه ده‌به‌خشێت و “به‌رده‌وامی ” و “مێژوو” دێنێته گۆڕێ. هه‌روه‌ك ئیندرسۆن ئاماژه‌ی پێده‌كات و به‌و هۆیانه‌ی دواتر باسیان ده‌كه‌م زۆریش گرنگه، پێكهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیمبۆلیك بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كارێكی گه‌لێك دژواره. بۆ ئافراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هاوبه‌ش كه مرۆڤه‌كان هه‌ست بكه‌ن پێی به‌سته‌ن كاتێكی زۆر پێویسته و هه‌میشه‌ش له مه‌ترسیی هه‌ره‌شه‌دایه. له زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كاندا گه‌لێ ره‌وتی ئاژاوه‌گێڕ و فیتنه هه‌ن كه ده‌توانن نه‌ته‌وه یان كۆمه‌ڵگه‌ی سیمبۆلیك بخه‌نه به‌ر مه‌ترسییه‌وه.
هه‌ردووك ئه‌مانه -ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه-پێویسته له “نه‌ته‌وه‌خوازی” جیا بكرێنه‌وه. نه‌ته‌وه‌خوازی به تێگه‌یشتنی من دیارده‌یه‌كی ده‌روونییه و هه‌مان هه‌ست كردن به په‌یوه‌ستبوون به نه‌ته‌وه‌وه‌یه. نه‌ته‌وه‌خوازی به واتایه‌كی تر سووته‌مه‌نییه‌كی ده‌روونییه بۆ موتۆڕی كۆمه‌ڵگه‌ی سیمبۆلیك و جۆرێك هه‌ست به هۆگری كردن، ده‌خیل بوون و پێشمه‌رگ بوون و ده‌روه‌ستیی سۆزدارانه بۆ نه‌ته‌وه‌یه. پێویسته جیاوازی بكه‌ین له‌نێوان ئه‌م سێ چه‌مكه‌دا، چونكه لانیكه‌م یه‌ك یان دوانیان ده‌توانن به‌بێ یه‌ك یان دوانه‌كه‌ی تریان بوونیان هه‌بێت، بۆ وێنه ده‌كرێت “نه‌ته‌وه”یه‌كی به‌بێ “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه” هه‌بێت. له حاڵه‌تێكدا “نه‌ته‌وه”یه‌ك خۆی وه‌ك “كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیمبۆلیك” ده‌ناسێت به‌ڵام، بیچمی “ده‌وڵه‌ت”ی نییه، “نه‌ته‌وه‌خوازی” ده‌توانێت ببێته موتۆڕێكی بزوێنه‌ر بۆ ئاواتی گۆڕان به‌ره‌و “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه”. گه‌لێك نموونه‌ی له‌و جۆره له جیهاندا هه‌ن. له نموونه لۆكاڵییه‌كانه‌وه وه‌ك سكۆتله‌ندا و ویڵز له بریتانیاوه بگره هه‌تا كورده‌كان و زۆر گرووپی تر كه هه‌موویان خۆیان به نه‌ته‌وه ده‌زانن (یان لانیكه‌م زۆریان ئه‌و هه‌سته‌یان هه‌یه) و له هه‌مان كاتدا ده‌وڵه‌تیان نییه.
بۆ تێگه‌یشتن له‌و گۆڕانكارییانه‌ی ئه‌مڕۆ له نه‌ته‌وه‌كاندا دێنه دی و هه‌روه‌ها چییه‌تیی راسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه و ئاڵوگۆڕه‌كانی داهاتووی، رامان له ره‌وتی كامڵبوونی مێژوویی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه گه‌لێك گرنگه. گرنگترین خاڵی شایانی رامان له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌یه كه رابردوو و مێژووی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه زۆر له‌وه كورتتره كه زۆر خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له بیرمه‌ندانیش پێێانوایه. ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه داڕشتێكی مێژوویی تاڕاده‌یه‌ك نوێیه و زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و پێكهاتنی ئه‌ورووپا و هه‌ندێ كۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ك ئه‌مریكا، ئۆستراڵیا و نیووزیله‌ندا كه ئه‌ورووپییه‌كان تیایدا ده‌ژیان. بۆ یه‌كه‌م جار ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له‌م به‌شه له جیهان دامه‌زرا و دواتر په‌ڕگیر بۆوه، كه‌واته “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه”، جیاوازه له‌گه‌ڵ “نه‌ته‌وه”، چونكه “ده‌وڵه‌ت”، “نه‌ته‌وه”، “نه‌ته‌وه‌خوازی” به‌پێچه‌وانه‌ی “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه: به‌رده‌وام بوونیان هه‌بووه. (ئانتۆنی ئیسمیت) كه له نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی LSE یه به‌باشی ده‌ریخستووه كه زۆرێك له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان خاوه‌نی پێشینه‌یه‌كی ئهتنیكین. له‌ڕاستیدا پێشینه ئه‌تنیكییه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ مێژوویه‌كی دوور له‌حاڵێكدا كه خودی “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه” هه‌تا ڕاده‌یه‌ك نوێیه. پێده‌چێ رهگێكیان له مێژووی رابردوودا هه‌بێت به‌ڵام، خۆیان مێژوویه‌كی درێژیان نییه و ئه‌م خاله زۆر گرنگ و چاره‌نووسسازه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێره‌دا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه كراوه كه جیا له‌وه‌ی زۆرێك له خه‌ڵك مۆدێرنیته و شارستانییه‌تی مۆدێرن له ده‌لاقه‌ی گۆڕانه ئابوورییه‌كان و شۆڕشی پیشه‌سازی و سه‌رهه‌ڵدانی تێكنۆلۆژیای پیشه‌سازی له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه‌وه سه‌یر ده‌كه‌ن، ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ش به‌ڕاده‌ی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌یی ئابووریی مۆدێرن پاژێكه له مۆدێرنیته. رێژه‌یه‌كی كه‌م له بیرمه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌رنجیان داوه‌ته ئه‌م خاله، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌یكه به‌تایبه‌تی له‌م دوو سه‌ده‌یه‌ی دواییدا چی به‌سه‌ر جیهاندا هاتووه، خاڵێكی گه‌لێك گرنگه. ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له بناغه‌وه جیاوازه له جۆره‌كانی ده‌وڵه‌ت كه به‌ر له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان پێكده‌هێنا، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌و جۆرانه هه‌تا سه‌ده‌ی بیسته‌میش به‌رده‌وام بوون. ده‌كرێ ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان به‌شێوه‌ی سیسته‌ماتیك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌راورد بكرێت. ئه‌گه‌ر له رۆحی ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه تێبگه‌ین رێیه‌كی دوور و درێژمان بۆ تێگه‌یشتنی چییه‌تیی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌واتای داڕشتێكی سیاسیی خاوه‌ن ستراكتۆر بڕیوه. رێگه‌م بده‌ن له‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌دا ئاماژه به پێنج خاڵ بكه‌م:
یه‌كه‌م، ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان له‌خۆیاندا “پارچه پارچه” بوون. مه‌به‌ست له ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان بیچمه پێش مۆدێڕنه‌كانی ده‌وڵه‌ته وه‌ك چینی كۆن كه هه‌تا نزیك سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌ر به‌رده‌وام بوون یان رۆمی كۆن و شارستانییه‌ته نه‌ریتییه‌كانی ئه‌ورووپا له سه‌رده‌می فیۆدالدا. ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان به‌بێ ناوازه سه‌رجه‌م پارچه پارچه و له‌ت له‌ت بوون. كارل ماركس ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كانی به “گوێنییه په‌تاته” ده‌شوبهاند و راستیشی ده‌گوت، به‌و واتایه كه له ده‌وڵه‌ته نهریتییهكاندا ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ناوه‌ندی له ئارادا نه‌بوو. ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ناوه‌ندی ته‌نانه‌ت له دوایینترین ده‌وڵه‌ته نهریتییهكاندا وه‌ك چین به‌هیچ شێوه هه‌ڵگری به‌راورد كردن نییه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ناوه‌ندی له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كاندا. نه‌بوونی په‌یوه‌ندی و نه‌بوونی یه‌كپارچه‌یی ئابووری-سیاسی ده‌بووه هۆی ئه‌وه كه بۆ ده‌زگای سیاسیی ناوه‌ندی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆ له ژیانی ئاسایی و رۆژانه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا ده‌ژیان زۆر قورس ببێته‌وه. خه‌ڵكی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه له‌ڕاستیدا “هاوڵاتی” نه‌بوون، چونكه ئه‌و رۆله چالاكه‌یان نه‌بوو كه هاوڵاتیانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له ده‌وڵه‌تێكدا هه‌یانه. سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاتی جێگیر بوونی ده‌زگایه‌كی سیاسیی كۆكراوه‌ی ده‌سه‌ڵات. ئێمه هێنده خوومان به‌م حاڵه‌ته نوێیه‌وه گرتووه كه بۆمان ئه‌سته‌مه له‌وه تێبگه‌ین تا چ ڕاده له‌ڕووی مێژووییه‌وه بیهاوتایه. بێبایه‌خ بوون به‌م بابه‌ته گه‌لێك باسی هه‌میشه‌یی لێكه‌وتۆته‌وه.
دووهه‌م، ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان ناسنامه‌یه‌كی گشتیی كولتووری و زمانییان نه‌بووه. هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێ نموونه‌ی ناوازه‌ش هه‌بووه. ناسنامه‌ی كولتووری و چه‌مكی نه‌ته‌وه تا راده‌یه‌كی زۆر پێكه‌وه په‌یوه‌ستن. له شارستانییه‌ته نهریتییهكاندا خه‌ڵكانێك كه له لادێ بچووكه‌كاندا ده‌ژیان زۆربه به زمانێكی جیاواز له چینی ده‌سه‌ڵاتدار قسه‌یان ده‌كرد و چینی ده‌سه‌ڵاتدار په‌یوه‌ندیی زمانی یان كولتوورییهكی زۆر كه‌می له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی دانیشتوانی ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیدا هه‌بوو. هه‌ندێ گوتوویانه كه ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان له‌ڕاستیدا جۆرێك ده‌زگای باجگری و تۆقاندن و ملهوڕی بوون و رێبه‌رایه‌تیی سیاسیی ناوه‌ندیش دوو كاری گرنگی ئه‌نجام ده‌دا:
یه‌كه‌م، باجی له خه‌ڵك وه‌رده‌گرت و دووهه‌میش هه‌ندێ جار ناچاری ده‌كرن له شه‌ڕه‌كاندا به‌شداری بكه‌ن، كه‌وابوو ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی رێكخراوی كولتووری یان زمانی نه‌بوون، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌میشه ئه‌م ئاڕمانجهیان هه‌بووه. (هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێ ناوازه‌ی وه‌ك سویسراش هه‌یه). چه‌مكی نه‌ته‌وه به‌گشتی په‌یوه‌ندیی به بابه‌تی كولتووری هاوبه‌ش و به‌گشتی زمانی هاوبه‌شه‌وه هه‌یه و ئه‌مه خاڵێكی گه‌لێك گرنگه، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ده‌یانهه‌وێ ببن به ده‌وڵه‌ت، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت خۆیان هه‌ر به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه پێناسه ده‌كه‌ن. سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م به‌دواوه به‌رده‌وام له‌ژێر كاریگه‌ریی سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا بووه و كاریگه‌ریی له كۆمه‌ڵگه‌ی گریمانكراو, كه بێندیكت ئیندێرسۆن ئاماژه‌ی پێده‌كات وه‌رگرتووه و ده‌ركه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ده‌زگای ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می یه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌یی هاوپێ بووه. تیۆریسازانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه وه‌ك “ئێڕنێست گێڵنر” (ئه‌ویش پێشتر له LSE وانه‌ی ده‌گوته‌وه) به‌رده‌وام پێداگریی له‌سه‌ر رۆڵی سیسته‌می یه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌یی له پێگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا كردووه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان ئه‌وها نه‌بوون.
سیهه‌م، ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان هیچكات مافی قۆرخكردنی به‌كارهێنانی ئامرازه‌كانی توندوتیژییان نه‌بووه، به‌م پێیه له ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كانی وه‌ك چین، هه‌میشه له‌نێوان ناوه‌ندی سیاسی و فه‌رمانده سه‌ربازییه ناوچه‌ییه‌كاندا بۆ كۆنترۆڵ كردنی ئامرازه‌كانی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ، ململانێ هه‌بووه. له ده‌وڵه‌ته نهریتییهكاندا فه‌رمانده سه‌ربازییه ناوچه‌ییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌ییان هه‌بووه (هه‌روه‌ك تاڕاده‌یه‌ك له ئه‌فغانستانی ئه‌مڕۆدا دبیندرێت)، چونكه ده‌وڵه‌تی نه‌ریتی به‌هیچ رێگه‌یه‌ك نه‌یده‌توانی كۆنترۆلی ئامرازه‌كانی توندوتیژیی سه‌ربازیی بۆخۆی قۆرخ بكات، له‌به‌ر ئه‌وه پرۆسه‌ی قۆرخ كردنی توندوتیژیی سه‌ربازی له ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیشدا قۆناغێكی دیاریكه‌ر بووه له پێگه‌یشتنی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا. ئاسان نییه كه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه بۆ هه‌موو وڵاته‌كان له‌به‌رچاو بگیرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌ندێ وڵاتاندا هه‌ڕه‌شه‌ی خراوه‌ته سه‌ر، به‌ڵام ئه‌م مافی قۆرخ كردنه بۆته تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرنگ به‌تایبه‌تی بۆ وڵاته خۆراواییه ئه‌ورووپییه‌كان و ده‌توانرێ ئه‌وه‌ش به سه‌رهه‌ڵدانی هێزی پۆلیس ده‌ستنیشان بكرێت. له‌پاش ده‌ركه‌وتنی هێزی پۆلیس له بارودۆخه نائاساییه‌كاندا پۆلیس ده‌ست ده‌داته دابینكردنه‌وه‌ی ئاسایشی ناوخۆ و سوپاش بۆ دابینكردنی ئاسایشی ده‌ره‌كی. ئه‌م پۆلێنبه‌ندییه نیشانده‌ری قۆرخكاریی سه‌ركه‌وتووانه‌ی ئامرازه‌كانی توندوتیژی له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدایه. پێویسته سه‌رنجی ئه‌وه بدرێت كه ئه‌م بابه‌ته به درێژایی مێژوو زۆر نائاسایی بووه. له ده‌وڵه‌ته نهریتییهكاندا ته‌نانه‌ت نه‌ده‌كرا به ئاسایشه‌وه سه‌فه‌ر بكرێت. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌م حاڵه‌ته (له سه‌رده‌می ئێمه‌دا) دووباره گه‌ڕاوه‌ته‌وه و تۆڕه جیهانییه تیرۆریستییه‌كان به تێكنۆلۆژیای پێشكه‌وتووه‌وه سه‌رله‌نوێ سه‌فه‌ره‌كانیان مه‌ترسیدار كردووه. ئه‌مڕۆ ههندێكهس ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ن: “ئایا له‌پاش رووداوی یازده‌ی سیپته‌مبه‌ر به‌ڕاستی ده‌توانین به ئاسایشی ته‌واوه‌وه سه‌فه‌ر بكه‌ین بۆ نیویۆرك؟ ” ئه‌مه له‌حاڵێكدایه كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك به‌تایبه‌تی له خۆراوا به ئاسایش و ئارامی له سهفهرهكانیاندا راهاتبوون. سه‌فه‌ری بێ گرفت دیارده‌یه‌كی مۆدێرنه و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له مێژوودا بوونی نه‌بووه.
چواره‌م، هه‌روه‌ك جوگرافیزانهكان ده‌ڵێن، ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان ” كه‌وشه‌ن” یان هه‌بووه نه‌ك “سنوور” . ئه‌م بابه‌ته‌ش گرنگایه‌تییه‌كی زۆری هه‌یه. ئه‌گه‌ر “كه‌وشه‌ن”مان هه‌بێت دابه‌شكارییه‌كی وردی ئه‌وتۆمان له‌سه‌ر نه‌خشه نابێت، به‌ڵكوو ناوچه‌گه‌لێكی پلهبهندیكراو له ئارادا ده‌بێت كه ئۆتۆریته‌ی سیاسیی ناوه‌ندی ورده ورده له‌سه‌ریان كه‌م ده‌بێته‌وه. له ده‌ورووبه‌ری چینی كۆن دیوارێك هه‌ڵچنرابوو، زۆرێك له‌ئێوه ره‌نگه پێتان وابێت ئه‌و دیواره سنووری چین بووه، به‌ڵام وانییه، هه‌میشه له‌سه‌ر داگیركردنی ناوچه‌كانی هه‌ردووك به‌ری دیواری چین كێشمه‌كێشم هه‌بووه و فه‌رمانده سه‌ربازییه ناوچه‌ییه‌كان له ناوه‌ندی سیاسی زیاتر كۆنترۆڵیان به‌سه‌ر دیواره‌كه‌وه هه‌بوو. به‌م پێیه داهێنانی “سنوور” دیارده‌یه‌كی بێ وێنه بووه له مێژوودا. “سنوور” هێڵێكه كه ده‌كرێت له‌سه‌ر نه‌خشه دیاری بكرێت و شوێنێكه كه له‌وێدا ئۆتۆریته‌ی ده‌وڵه‌تێك به كۆتایی ده‌گات و ئۆتۆریته‌ی ده‌وڵه‌تێكی تر ده‌ست پێده‌كات. سنووربه‌ندی, ره‌وتێكی زۆر دژوار و درێژخایه‌ن بووه له مێژوودا. هه‌ندێجار سنووره‌كان وه‌ك ئه‌فریقا به ده‌ستی ئه‌ورووپییه‌كان دیاری كراون و پاشهاتگهلێكیشیان لێكه‌وتۆته‌وه. ته‌نیا كاتێك ده‌شێ بگوترێت كه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئۆتۆنۆم و سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه كه “سنوور”مان هه‌بێت، چونكه ده‌زگای سیاسیی نه‌ته‌وه هاوپانتای سنووره‌كانه.
خاڵی پێنجه‌م و كۆتایی ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان له‌ناو سیسته‌می ده‌وڵه‌تاندا نه‌بوون. بیرتان ده‌هێنمه‌وه كه زۆربه‌ی مێژووی مرۆڤ یاخود به لایه‌نی كه‌مه‌وه شه‌ش هه‌زار ساڵی هه‌ر به‌م شێوه‌یه بووه و سه‌رده‌مه‌كه‌ی هه‌تا سه‌ده‌ی بیسته‌م درێژه‌ی كێشاوه. ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان زۆربه‌ی جار به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی تایبه‌تدا زاڵ بوون و له‌لایه‌ن گرووپه باجدهرهكانهوه گه‌مارۆ ده‌دران. گرووپه باجده‌ره‌كان گرووپگه‌لێكی ئه‌تنیكی بوون كه له ئیمپراتۆرییهكاندا باجیان به ناوه‌ندی ئیمپراتۆری و له سیسته‌مه دهرهبهگییهكاندا به‌رده‌وام به لۆڕده ناوچه‌ییه‌كان ده‌دا. كاتێك له‌ناو سیسته‌مێك له ده‌وڵه‌ته‌كاندا بن پێویسته سه‌باره‌ت به سنووره‌كان رێك بكه‌ون و پابه‌ند بن به رێككه‌وتنی ده‌وڵه‌ته‌كانی تریش. لانیكه‌م له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه‌وه و ته‌نانه‌ت به‌ر له‌ویش له ئه‌ورووپا هه‌میشه سیسته‌مێك له ده‌وڵه‌ته‌كان بوونیان هه‌بووه. ئه‌م سیسته‌مه سه‌ره‌تا له خۆراوا سه‌ری هه‌ڵدا و به‌دوای ئه‌وێشدا زۆربه‌ی به‌شه‌كانی تری جیهانی گرته‌وه. دامه‌زرانی روو له گه‌شه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه و وه‌رچه‌رخانی مێژوویی له ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كانه‌وه كه سه‌رده‌مایه‌كی دوور و درێژ زاڵ بوون, به‌ره‌و ده‌وڵت-نه‌ته‌وه, مۆدێرنه‌كان پاشهاتگه‌لی تێكده‌رانه‌ی له هه‌ندێ شوێنی جیهان لێكه‌وتۆته‌وه كه پێویسته لێی تێبگه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی من بتوانم به هه‌ڵسه‌نگاندنێك بڕیار بده‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌یكه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌ره‌و رۆچوون ده‌چێت یان نا.
ئه‌مڕۆكه سێ چه‌شنه تێكهه‌ڵكێش له ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه - نه‌ته‌وه‌خوازی له‌ئارادا هه‌یه. بیچمی یه‌كه‌م هه‌مان “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی كلاسیك”ه . ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی كلاسیك ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تیادا هه‌یه كه پێشتر سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان باسم كردن. ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی كلاسیك سه‌ره‌تا له ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا و ناوچه و ده‌وڵه‌ته كۆڵۆنییهكانی ئه‌ورووپییه‌كاندا پێكهات، پاشان بۆ به‌شه‌كانی تری جیهان په‌ره‌ی سه‌ند و له ناوچه‌گه‌لێكی وه‌ك ئه‌مریكای لاتین یان مه‌كسیك به سنوورگهلێكی تایبه‌ته‌وه به‌باشی ده‌ركه‌وت و جێگیر بوو، به‌ڵام ئه‌وه له هه‌موو شوێنه‌كانی جیهاندا رووی نه‌دا. له ئه‌نجامدا جۆرێكی دووهه‌م له داڕشتی سیاسی بیچمی گرت كه به نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ت ناوی ده‌هات.
“نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ت” به‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌گوترێت كه یان به‌ر له‌وه‌ی “كۆمه‌ڵگه‌ی سیمبۆلیك” بتوانێ پێكبێت، پێكهاتوون، یاخود نه‌یانتوانیوه ده‌ستیان به كۆمه‌ڵگه‌ی سیمبۆلیكی نه‌ته‌وه رابگات و له هه‌مان كاتدا بیچمیشیان گرتووه. نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ته‌كان زیاتر له‌و ناوچانه‌دا پێكهاتوون كه كۆڵۆنیالیزمی ئه‌ورووپی به‌سه‌ریاندا زاڵ ببو. له‌و وڵاتانه‌دا ئه‌و سنوورانه‌ی له‌لایه‌ن ئهورووپییهكانهوه دیاری كران له‌گه‌ڵ راسته‌قینه‌ی گشتیی مێژوویی نه‌ده‌گونجان بۆیه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه هه‌میشه كێشه‌ی پێكهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیمبۆلیكی رێكوپێكیان هه‌بووه. زۆربه‌ی نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ته‌كان له ئه‌فریقان چونكه ئه‌فریقا كیشوه‌رێك بووه كه به‌ده‌ستی وڵاته خۆراواییه‌كان به‌شێوه‌ی وشیارانه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا جیا كرانه‌وه. نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ته‌كان له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان ناسه‌قامگیرترن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌واندا په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان هێزی كاریگه‌ری نیشتمانی و ده‌خیل بوونی سیمبۆلیكی دانیشتوانه‌كه‌یدا نییه. به‌م پێیه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له‌گه‌ڵ دابهشكاریگهلی ئه‌تنیكیی جیاوازدا رێك بخه‌ن. هه‌ندێ له دابه‌شكارییه ئه‌تنیكییه‌كان به‌ناچار له‌گه‌ڵ ئه‌و سنووره نیشتمانییانه‌دا كه ده‌سه‌ڵاته كۆڵۆنیالیستهكان دیاری‌یان كردوون ناگونجێن.
ده‌سته‌ی سیهه‌م، “نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان”ن . نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان له‌مڕۆدا به‌تایبه‌تی له پانتای جیهانیدا به‌رجه‌سته بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام لانیكه‌م به درێژه‌ی سه‌د ساڵی رابردوو بوونیان هه‌بووه. نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت, خه‌ڵكانێك ده‌گرێته‌وه كه په‌یوه‌ستن به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیمبۆلیكهوه, به‌ڵام خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه نین. تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه سیمبۆلیكه هه‌مان ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ن كه بێندیكت ئیندێرسۆن جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌كات، به‌واتایه‌كی تر: زمانی هاوبه‌ش، مێژووی كولتووریی هاوبه‌ش و جۆرێك له مێژووی سیمبۆلیك و تاڕاده‌یه‌كیش ده‌ستكردی هاوبه‌ش. به‌م پێیه نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان، “نه‌ته‌وه‌خوازی”یان هه‌یه چونكه سه‌رڕێژن له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. “نه‌ته‌وه”شیان هه‌یه، چونكه خاوه‌نی جۆرێك له كۆمه‌ڵگه‌ی سیمبۆلیكن، به‌ڵام “ده‌وڵه‌ت”یان نییه، به‌ڵام ئاواتی گه‌یشتن به ده‌وڵه‌تیان هه‌یه. گه‌لێك نموونه‌ی نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت هه‌ن كه ئاماژه‌م به هه‌ندێكیان كرد. نه‌ته‌وه‌ی كورد یه‌كێكه له‌وان كه له‌نێوان چه‌ند وڵاتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دابه‌ش كراوه. هه‌ندێك بۆچوون له‌سه‌ر ئه‌وه كه پێویسته كوردستان ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بێت له‌ئارادا هه‌یه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت نییه و مشتومڕی توندیش له‌سه‌ر ئه‌مه كراوه. هه‌ڵبه‌ت هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت هه‌میشه نابێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ململانێی توند. گه‌لێك نه‌ته‌وه هه‌ن كه لانیكه‌م رێژه‌یه‌كی خه‌ڵكه‌كه‌یان خوازیاری ده‌وڵه‌ت بن. له ئه‌ورووپاش نموونه‌گه‌لی جۆراوجۆری له‌و شێوه‌یه هه‌ن. چاره‌نووسی سكۆتله‌ندا و كاتالۆنیا و باسك ده‌بێ به چی؟ ئایا سویسرا ده‌توانێت به یه‌كپارچه‌یی بمێنێته‌وه؟ بۆچی چێكۆسلۆڤاكیا دابه‌شكرا؟ ئایا به‌لژیكاش دابه‌ش ده‌بێت؟
ئێستا ده‌توانین چ ئه‌نجامگیرییه‌ك سه‌باره‌ت به داهاتووی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه بكه‌ین؟ ده‌بێ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره چه‌ند مه‌رجێكی پڕپێچ وپه‌نا له‌به‌رچاو بگیرێت. ئه‌وه‌یكه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌گه‌لێكی ساكار هه‌ن و له‌ڕێگه‌ی گوشاری جیهانییه‌وه به‌ره‌و لاوازبوون ده‌چن، بۆچوونێكی ساویلكانه‌یه. كۆمه‌ڵێك پرۆسه‌ی جۆراوجۆر له جیهاندا به‌ڕێ كه‌وتوون. هه‌ندێكیان پاشماوه‌ی پرۆسه درێژخایه‌نه جیهانییهكانن و هه‌ندێكی تریشیان به‌ره‌نجامی كارتێكه‌رییه‌كانی بهجیهانیبوونن. داوا ده‌كه‌م رێگه‌م بده‌ن به‌په‌له چه‌ند خاڵێك سه‌باره‌ت به داهاتووی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه باس بكه‌م به‌ڵكوو بتوانم له‌كاتی دیاریكراوی خۆمدا كۆتایی به وتاره‌كه‌م بێنم.
یه‌كه‌م: ئه‌م بۆچوونه كه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌ره‌و فه‌نابوون ده‌چێت، بۆچوونێكی هه‌ڵه‌یه. به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌توانرێت كتێبێك له‌ژێر ناوی “سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه” به‌جێگه‌ی “كۆتایی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه” بنووسرێت، چونكه بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی مرۆڤدا به كرده‌وه “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه” جیهانگیر بووه. زۆرێك له ده‌وڵه‌ته نه‌ریتییه‌كان به درێژایی ساڵانێكی زۆر هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان بوونیان هه‌بووه. سۆڤیه‌ت، دوایین ئه‌و ئیمپراتۆرییانه بوو كه به‌جۆرێك له كۆمه‌ڵێك له وڵاته هاوبهرژهوهندهكانی پێكده‌هێنا. زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ی به‌شێك بوون له سۆڤیه‌ت، ئه‌مڕۆ بوونه‌ته ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌گه‌لی سه‌ربه‌خۆ. هه‌روه‌ها به ئاشكرا ده‌توانین ببینین كه ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌كان له هه‌ندێ به‌شی جیهاندا له رابردوو به‌هێزترن. باشترین نموونه‌كان له هه‌ندێ ناوچه‌ی جیهانن كه هیچكات ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی لێ نه‌بووه. له ئه‌ورووپای خۆراواییش ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان دیسانه‌وه زۆر سه‌ربه‌خۆتر بوونه‌ته‌وه. له وڵاته‌كانی كه‌ناری باشووری سۆڤیه‌تی پێشووش به هه‌مان شێوه‌یه، كه‌واته ناتوانین بڵێین ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌ره‌و فه‌نابوون ده‌چن، به‌پێچه‌وانه ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه پتر له هه‌ر كاتێكی تر به‌ره‌و جیهانی بوون و په‌ڕگیری ده‌چێت. هه‌روه‌ها پێویسته له‌بیرمان بێت كه نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ته‌كان و نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كانیش ده‌خوازن ببنه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه. ته‌نیا لهحالهتێكدا ده‌توانین بزووتنه‌وه‌گه‌لی ناسیۆنالیستیمان هه‌بێت كه بتوانرێت له ئه‌نجامی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌دا بگات به ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه. سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستییهكان له ئاستی جیهاندا به ته‌مای پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ن.
دووهه‌م، ئاشكرایه كه سروشتی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ریی به‌جیهانیبووندا به‌ره‌و گۆڕان ده‌چن.. خاڵی گرنگ لێره‌دایه كه ئه‌م كاریگه‌ریی به‌جیهانیبوونه له‌سه‌ر هه‌ركام له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه كلاسیكه‌كان، نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ته‌كان یان نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان جیاوازه و به‌پێی ئه‌وه كه سه‌باره‌ت به كام یه‌ك له‌وانه قسه بكه‌ین، ئه‌م كاریگه‌ری و گۆڕانانه جیاوازن. “نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان” له سه‌رده‌می جیهانیدا ده‌كه‌ونه ژێر گۆشارێكی زیاتره‌وه، چونكه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناسنامه كولتوورییه لۆكاڵییه‌كان هه‌لی ده‌ركه‌وتن و گه‌شه‌یه‌كی زیاتریان بۆ ده‌ره‌خسێت {و ئه‌وه‌ش ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌خاته ژێر كاریگه‌ریی خۆیه‌وه}. به‌ڵام “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه” له سه‌رده‌می جیهانیدا پێویسته خۆی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی سێ ره‌هه‌نده‌ی به‌جیهانیبوون كه له كۆره‌كه‌ی پێشترمدا ئاماژه‌م پێكردن بگونجێنێت و له‌گه‌ڵ هه‌ندێ كه‌مبوونه‌وه و گواسترانه‌وه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاته‌كانی رابێت. نه‌ته‌وه‌خوازی (ناسیۆنالیزم)ی لۆكاڵی و گوشاره‌كانی نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان له نموونه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ن كه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه ده‌بێ خۆی له‌گه‌ڵیان بگونجێنێت. ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه هه‌روه‌ها ده‌بێ خۆی له‌گه‌ڵ له‌ده‌ست چوونی ده‌سه‌ڵاتی ئابووری له پانتای ئابووریی جیهانیدا بگونجێنێت. به‌واتایه‌كی تر هه‌روه‌ك كارناسانی زانستی سیاسی ده‌ڵێن ده‌بێ ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه بخه‌ینه ناو “حوكمڕانییه‌كی چه‌ند توێوه” و لێیان بڕوانین. ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌ره‌و گۆڕانی بیچمی كارگێڕی-جێبه‌جێكاریی خۆیان ده‌چن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ند جۆرێك له حوكمڕانی و به‌ڕێوبه‌رێتی له توێژه‌كانی سه‌رتر له نه‌ته‌وه‌دا هاوئاهه‌نگ و ئاوێته بوون و له‌لایه‌كی تریشه‌وه مۆدێله‌كانی سه‌ربه‌خۆیی و ئۆتۆنۆمیی ناوچه‌یی له توێژه‌كانی خوارتر له نه‌ته‌وه, به‌ره‌و گۆڕان ده‌چن.
له كۆڕی پێشوودا به‌ناوبانگترین بۆچوونم له‌م باره‌یه‌دا له زمانی (دانێڵ بێڵ)ه‌وه گێڕایه‌وه: “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له‌وه بچووكتر ده‌بێته‌وه كه كێشه گه‌وره‌كان چاره‌سه‌ر بكات و له‌وه‌ش گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه كه كێشه بچووكه‌كان چاره‌سه‌ر بكات”. ئه‌مه ئه‌نجامی هه‌مان ئه‌و سازگارییهیه كه باسم كرد. به‌م مانایه نییه كه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان له ئاستی جیهانیدا به‌ره‌و لاواز بوون ده‌چن، به‌ڵكوو به‌م مانایه‌یه كه جۆری ئۆتۆریتهكهیان به‌ره‌و گۆڕان ده‌چێت.
سیهه‌م، گوته‌زای “ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی”ش خه‌ریكه ده‌گۆڕێت. له‌وانه‌یه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كه‌وتۆته به‌ر چاو پێداخشاندنه‌وه. هۆی ئه‌م چاوپێدا خشاندنهوهیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی شه‌ڕی سارد و كاریگه‌رییه به‌رفراوانه‌كانی هێزه‌كانی به‌جیهانی كردن. له بناغه‌وه ئه‌وه‌ی له ناوچه‌كانی وه‌ك “یه‌كێتیی ئه‌ورووپا”دا روو ده‌دات ئه‌وه‌یه كه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تاڕاده‌یه‌ك خه‌ریكه له “نیشتمان” جیا ده‌بێته‌وه.. ره‌نگه چه‌مكی ئابووریی بێ‌سنوور ته‌واو جێ متمانه نه‌بێت، به‌ڵام ده‌توانرێت ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌بێ ئه‌وجۆره له ناوچه‌گه‌رێتی و پێداگری له‌سه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌و كه له رابردوودا هه‌بوو بپارێزرێت. ئه‌و رێككه‌وتنه هاوبه‌شانه‌ی له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به‌ڕێوه ده‌چن هه‌ندێ له ناسنامه نیشتمانییه‌كانی نه‌ته‌وه به‌شداره‌كانی كاڵ كردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بۆته هۆی لاواز بوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ڵكوو بۆته هۆی دووباره پێداچوونه‌وه به‌سه‌ریدا.
چواره‌م: زۆرێك له‌و توندوتیژییانه‌ی له جیهاندا به‌رچاو ده‌كه‌ون په‌یوه‌ندییان به كێشه‌ی دامه‌زراندن و سه‌قامگیر بوونی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كانه‌وه هه‌یه، كه‌واته ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌م ئه‌نجامه كه {ئێستا كه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان له ئاستی جیهاندا تاڕاده‌یه‌ك سه‌قامگیر و په‌ڕگیر بوونه‌ته‌وه}، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه ئه‌و شه‌ڕ و پێكدانانه‌ی له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا ده‌یانبینین ، ئیتر شه‌ڕی یه‌ك ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌دژی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر ، به‌و شێوه‌یه‌ی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌ماندیت، نابێت، به‌ڵكوو پێده‌چێ زیاتر شاهیدی كێشه‌ی ده‌وڵه‌تێكی لاواز له شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتدا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی لاوازی تردا و یان جۆرێك له داگیركاریی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان یان ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌وڵه‌تێكی لاوازیان هه‌یه به ده‌ستی تۆڕه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌بین. ئه‌فغانستان و عیراق و هه‌ندێ ناوچه‌ی تریش له جیهاندا له‌م جۆره‌ن.
له‌مڕۆدا كیشه‌ی ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كان ته‌نیا كێشه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه، به‌ڵكوو كێشه‌كه‌یان هاوئاهه‌نگی و سازانه له پانتاییهكدا كه تیایدا وڵاتانی لاوازتر چوونه‌ته پاڵ كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رفراوانتری نێوده‌وڵه‌تی. (ماری كاڵدۆر) كه یه‌كێك له‌م كۆڕانه به‌ڕێوه ده‌بات، باس له شه‌ڕه نوێیه‌كان ده‌كات. ئه‌و شه‌ڕه نوێیانه‌ی له توندوتیژیی نێونه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر ده‌وڵه‌ته لاوازهكانهوه دروست ده‌بن. ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه له ساڵانی داهاتوودا رووبه‌ڕووی ئه‌و مۆدێلانه ببینه‌وه، هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه بارودۆخه‌كه به‌و راده‌یه‌ی بۆی ده‌چین مه‌ترسیدار نه‌بێت، چونكه پێده‌چێ شه‌ڕه گه‌وره‌كانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان كه له رابردوودا له‌ئارادا بوون، كه‌متر ببنه‌وه.
ئێستاش تریبۆنهكه ده‌سپێرمه ده‌ست دێڤید هێڵد.
دێڤید هێڵد: چل و پێنج خوله‌كی به‌سوود بوو. تۆنی داوای له من كرد كه به پرسیاره‌كانم تیره‌بارانی كه‌م، به‌ڵام به‌هۆی كه‌میی كاته‌وه داوا ده‌كه‌م رێگه‌م بده‌ن دوو پرسیار بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده بوانیش ده‌رفه‌تی یه‌ك دوو پرسیاریان هه‌بێت.
ئه‌م وتارانه تێڕوانین و پێداگرییه‌كی تایبه‌تییان هه‌یه له‌سه‌ر ئاسۆكانی داهاتوو. لێره‌دا دوو بابه‌ت هه‌ن كه زۆر قهیرانسازن و بۆچوونی ئێوه سه‌باره‌ت به‌وان زۆر سه‌رنجڕاكێش ده‌بێت.
یه‌كه‌میان سه‌باره‌ت به ناسنامه‌كانه. ئێوه ده‌ڵێن ئێمه له جیهانێكی فره توێژ و فره ئاستدا ده‌ژین و ئه‌م دۆخه‌ش هه‌موو رۆژ تۆختر ده‌بێته‌وه. ئه‌مه راسته و له‌م زنجیره پلانه‌دا ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له سه‌روو “ناوچه بن نه‌ته‌وه‌ییه‌كان” و خوارتر له دامه‌زراوه هه‌رێمییه‌كانی وه‌ك یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و دامه‌زراوه جیهانییهكانن، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له شوێنێكی وه‌ك یه‌كێتیی ئه‌ورووپاش كه پرۆژه‌یه‌كی سیاسی و په‌سندكراو له ئارادایه و تاڕاده‌یه‌ك پشتیوانیشی لێده‌كرێت ناسنامه‌كان به توندی و سه‌رسه‌ختانه ناوچه‌یین. لێره‌دا پارادۆكسێك خه‌ریكه سه‌ر هه‌ڵده‌دات و ره‌نگه پارادۆكسێكی مه‌ترسیداریش بێت. له‌لایه‌كه‌وه پرش و بڵاویی ئۆتۆریته و سه‌ربه‌خۆییمان هه‌یه و جیهانێكی سیاسیی فره توێ خه‌ریكه سه‌ر هه‌ڵده‌دات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه جۆرێك له ناوه‌ندی بوونه‌وه‌ی ناسنامه له‌ئارادا هه‌یه كه به‌رده‌وام په‌یوه‌سته به قه‌ڵه‌مڕه‌و و نیشتمان و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌وه. زۆربه‌ی خه‌ڵك خۆیان به ئه‌ورووپی نازانن، به‌ڵكوو خۆیان وه‌ك مرۆڤگه‌لێك ده‌بینن كه ره‌گیان له نیشتمانێكی تایبه‌تدایه. ئه‌م پارادۆكسه كۆمه‌ڵێك مه‌ترسیی سیاسیشی له‌گه‌ڵدایه كه حه‌ز ده‌كه‌م رای به‌ڕێزتانی له‌سه‌ر بزانم:
پرسیاره‌كه‌ی دووهه‌میش كه هه‌مبوو هه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌و پرسه‌وه هه‌یه…
تۆنی گیدێنز: ئایا ده‌توانم سه‌ره‌تا وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مت بده‌مه‌وه, چونكه…
دێڤید هێڵد: نا ناتوانی، پرسیاری دووهه‌میشم ده‌پرسم چونكه ده‌مه‌وێ نۆبه به ئاماده‌بوانیش بده‌م، ره‌نگه ئیتر ده‌رفه‌ت نه‌بێت بچمه پشتی مایكرۆفۆن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند خوله‌كێك قۆرخی ده‌كه‌م. پرسیاری دووهه‌مم ئه‌وه‌یه كه…
تۆنی گیدێنز: ئه‌گه‌ر بمزانیبوایه ئاوا ده‌كات پێم نه‌ده‌گوت كۆره‌كه به‌ڕێوه…
دێڤید هێڵد: بێده‌نگ! بێده‌نگ! پرسیاری دووهه‌مم ئه‌وه‌یه كه…
تۆنی گیدێنز: وادیاره پرسه‌كه بۆته پرسی ده‌سه‌ڵات و ده‌بێ به‌رگری له خۆم بكه‌م.
دێڤید هێڵد: هه‌ڵبه‌ت ئێوه ده‌زانن ئه‌و سه‌رۆكه و من دامه‌زراوی ره‌سمیی ئه‌وم ، به‌ڵام به‌و حاله‌شه‌وه پرسیاری دووهه‌مم كه ده‌مویست بیپرسم ئه‌وه‌یه كه: بڕێك له‌و گرنگترین قه‌یرانانه‌ی نه‌وه‌ی ئێمه و نه‌وه‌ی گه‌نجتر رووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵێك پرسی جیهانین. قه‌یرانگه‌لی وه‌ك گه‌رم بوونی جیهان، تێكدانی ژینگه، سه‌قامگیریی دارایی و بارودۆخه‌كانی، یاساكانی بازرگانیی جیهانی و ئه‌وه‌یكه بازرگانیی جیهانی، ئاسووده‌یی و بارودۆخه ژینگه‌ییه‌كان تێكده‌دات نموونه‌گه‌لێكن له‌و پرسه جیهانییانه. ئه‌و پرسانه له سه‌روو سنووره‌كانی ده‌وڵه‌ت-نهتهوهكانهوهن و ئیتر ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كان ناتوانن چاره‌سه‌ریان بكه‌ن.
له دنیایه‌كدا كه یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌مان ئه‌و پارادۆكسانهن كه باسم كردن، چۆن سامانه كولتووری و سیاسییه‌كان به‌و شێوه‌یه كه هه‌بوون ده‌مێننه‌وه؟ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه بان-نه‌ته‌وه‌ییانه، پێویستیمان به ده‌سه‌ڵاتێكی بان-نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، به‌ڵام به‌رده‌وام، “ناسنامه”، سیاسه‌توانه‌كان به‌ره‌و ده‌نگ پێده‌ران و ناوه‌نده لۆكاڵییه‌كانی هه‌ڵبژێردرانی خۆیان و سیسته‌مه سیاسییه‌كان پاڵ ده‌نێت. دیموكراسیش په‌یوه‌سته به‌وه‌وه كه سیاسه‌توانه‌كان له پله‌ی یه‌كه‌مدا كار بۆ هه‌ڵبژێره‌ران و ده‌نگده‌رانی خۆیان بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی و پرسێكی تایبه‌تییان هه‌بێت كه به ته‌نیایی ده‌ره‌قه‌تی چاره‌سه‌ر كردنی نه‌یه‌ن. ئه‌وه له‌حاڵێكدایه كه ئه‌و پرسانه له ئاستێكی جیهانیتردا هه‌ڵگری چاره‌سه‌رن. رای ئێوه چییه؟ به‌ته‌ما بووم پرسیاری قورسی زیاتر بكه‌م, به‌ڵام هه‌ر به‌م دوو خاله قه‌ناعه‌ت ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌دوای بیستنی وه‌ڵامه‌كه‌ی ئێوه به چه‌ند پرسیاری ئاماده‌بوانیش رابگه‌ین.
تۆنی گیدێنز: بۆ له‌به‌رچاو گرتنی كات هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌وپه‌ڕی كورتبێژییهوه چه‌ند خاڵێك بخه‌مه به‌رباس. پرسیاری یه‌كه‌م پرسیارێكی زۆر درزدۆزانه و وردبینانه‌یه و ده‌بێ هه‌موومان به‌دوای وهڵامهكهیهوه بین. بناغه‌كانی پرسیاری دووهه‌میش له پرسیاری یه‌كه‌مدان. ئایا ده‌توانرێت مۆدێلگهلێَكی كارگێڕی و حوكمڕانیی سه‌رتر له ئاستی نه‌ته‌وه دابمه‌زرێنرێت كه ره‌واییان هه‌بێت و ئه‌و رێگه‌یه به ئێمه بده‌ن كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه بكه‌ین كه به‌گشتی له ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا ناكه‌ونه به‌رباس و له‌و سه‌رترن؟ به‌هۆی بایه‌خی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م ژماره‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕوانن ببینن یه‌كێتیی ئه‌ورووپا تاچه‌نده سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت. من پێموا نییه یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هیچكات بتوانێت شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره به‌خۆوه بگرێت. یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هیچكات ناتوانێت هه‌مان ئه‌و هه‌ستی ئهمهگدارییهی كه نه‌ته‌وه‌كان هه‌یانه به‌دی بهێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نابێته به‌ڵگه بۆ ئه‌وه كه ناتوانێت ببێته ده‌زگایه‌كی حوكمڕانیی كاریگه‌ر. په‌ره‌سه‌ندی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به‌ره‌و خۆراوا، رووداوێكی زۆر دیاریكه‌ره له‌م بواره‌دا. به بۆچوونی من پرۆژه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به‌جۆرێك تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه كه هه‌موو جیهان ده‌بێ به وردی و به حه‌زه‌وه به‌دوایدا بچێت. بیچمگرتنی هاوشێوه‌ی یه‌كێتییه‌كی له‌و چه‌شنه له ئه‌مریكای لاتین یان ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی له باكووری ئه‌مریكای لاتین و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش كۆمه‌ڵه هه‌وڵێكن له ئاراسته‌ی وه‌ڵام دانه‌وه به‌و پرسانه‌ی كه خه‌ریكن سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه كه پێویسته دامه‌زراوه جیهانییه‌كانیش تۆكمه‌تر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كار له‌سه‌ر ئه‌و گرفته گه‌ورانه بكه‌ین كه رووبه‌ڕوویان بووینه‌ته‌وه. ده‌بێ كار له‌سه‌ر به‌ڕێوبه‌رێتیی ئابووریی جیهانی بكه‌ین، به‌ڵام دامه‌زراوه‌گه‌لێكی ره‌وامان نییه كه بتوانن ئه‌و كاره به باشی و كاریگه‌رانه ئه‌نجام بده‌ن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه كه ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك له شه‌قامه‌كان له دژی ئه‌و دامه‌زراوانه خۆپێشاندان ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌یكه واز له‌م دامه‌زراوانه بهێنین كارێكی بونیادگهرایانهیه، پێویسته تۆكمه‌یان بكه‌ین و به‌جێگه‌ی فڕێدانیان، ئه‌و دامه‌زراوانه ئاشكراتر و دهستبژێریتر و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ی جیهانیدا گونجاوتریان بكه‌ین.
رێگه بده‌ن به پرسیاری ئاماده‌بوان رابگه‌ین.
پرسیاری یه‌كه‌م: ئایا له‌و بڕوایه‌دان یه‌كێتیی ئه‌ورووپا یه‌كێك له هێزه‌كانی به‌جیهانی كردنه؟
دێڤید هێڵد: هێزێكی به‌جیهانی كردن یاخود هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له به‌رانبه‌ریدا؟
تۆنی گیدێنز: له ئێستادا هه‌ردووك ئه‌وانه‌یه، واته هه‌م هێزێكی به‌جیهانی كردن و هه‌م په‌رچه‌كردارێك له به‌رانبه‌ر به‌جیهانیبووندا. یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ڕاستیدا له بارودۆخی شه‌ڕی سارد و به‌دژی شه‌ڕی سارد پێكهات و ره‌وتێك بوو بۆ به‌رگری كردن له كه‌شێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌ورووپا له‌نێوان لیبراڵیزمی بازاڕی ئه‌مریكایی و كۆمۆنیزمی سۆڤیه‌تدا، به‌ڵام ئه‌مڕۆكه رۆڵێكی جیاوازتری هه‌یه و ئه‌و رۆله جۆرێكه له په‌رچه‌كردار و وه‌ڵامێكه له به‌رانبه‌ر به‌جیهانیبوون و به‌ره‌و پێش چوونیدا. هه‌ر بۆیه‌ش هه‌م وه‌ڵامێكه بۆ به‌جیهانیبوون و هه‌م ئامرازێكیهتی. هه‌روه‌ك له كۆره‌كه‌ی پێشوومدا ئاماژه‌م پێكرد ئه‌م خاڵه له‌مه‌ڕ زۆرینه‌ی هێزه‌كانی به‌جیهانیبووندا راسته. ئه‌وانه ته‌نیا كاریگه‌ری له هێزه ده‌ره‌كییه‌كانی به‌جیهانیبوون وه‌رناگرن، به‌ڵكوو جۆرێك په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه و دیالكتیكی له‌نێوان یارمه‌تیدان و ده‌ستتێوه‌ردان له به‌جیهانیكردن و وه‌ڵامدانه‌وه به به‌جیهانیبووندا هه‌یه. یه‌كێتیی ئه‌ورووپاش نموونه‌یه‌كی باشه له‌م بواره‌دا.
پرسیاری دووهه‌م: ئه‌گه‌ر قه‌یرانی سه‌ره‌كی ده‌رهاویشته‌ی ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كان بێت، بۆ به‌هێزتركردنی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه چی ده‌توانرێ بكرێت؟
دێڤید هێڵد: ئه‌مه پرسیارێكه كه هه‌ندێ له باسهكانتان تووشی كیشه ده‌كات و خۆی سه‌باره‌ت به قه‌یرانه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دنیای سیاسیی ئه‌مڕۆیه. بۆ راڤه‌ی ئه‌م پرسیاره ده‌كرێ بڵێین قه‌یرانی پاش یازده‌ی سیپته‌مبه‌ر، قه‌یرانی ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كان و كیشهكانیهتی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه به‌گشتی كێشه‌كان و كه‌شی سیاسی، كارگێڕیی جیهانی و دامه‌زراوه جیهانییه‌كانی زۆر به‌هێز نه‌كردووه، له هه‌ندێ له به‌شه‌كاندا ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕیی جیهانی زیاتر بووه. یه‌كێك له‌م بوارانه “نه‌ته‌وه سازی” و “ده‌وڵه‌ت سازی” له‌و ناوچانه‌یه كه ده‌وڵه‌ت یان نه‌ته‌وه‌یان نه‌بووه.
تۆنی گیدێنز: به‌ڵێ به دڵنیایی هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌یه و ئه‌فغانستان و عیراق نموونه هه‌ره باشهكانیانن. ئایا له‌دوای ئه‌و رووداوانه له‌و وڵاتانه‌دا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی له‌بار و كارامه داده‌مه‌زرێت؟ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌و ئاراسته‌یه‌دا بێگومان رۆڵی گرنگ ده‌گێڕێت. به‌م پێیه نه‌ته‌وه سازی هێشتا زۆر گرنگه، به‌ڵام لێره‌دا حه‌ز ده‌كه‌م كه جه‌خت له‌سه‌ر جیاوازیی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه بكه‌م. له‌مڕۆدا زیاتر به‌شوێن نه‌ته‌وه سازییهوهن، واته ده‌یانهه‌وێت “نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیهان نیشتمان” دروست بكه‌ن كه تێكه‌ڵه‌یه‌ك له كولتووره‌كان ده‌گرێته‌وه و به‌م شێوه‌یه ده‌توانێت له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تردا په‌یوه‌ندی ساز بكات. به‌م پێیه من خۆم نه‌ته‌وه، ته‌نیا به “نه‌ته‌وه ئایینییه‌كان” یان ئهتنیكێك كه خۆی ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی ئایین یان قهومییهتێكی تایبه‌ته‌وه پێناسه ده‌كات، نازانم. به‌ڕای من پێویسته روانینێكی جیهان نیشتمانانهتر بۆ نه‌ته‌وه له‌ئارادا هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مڕۆ به‌شوێن پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌گه‌لی نه‌ریتیشه‌وه نین. به وته‌یه‌كی تر له ئه‌فغانستان یان كۆسۆڤۆ و یان هه‌ر شوێنێكی تر كه به‌ڕێوه بردنه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانییه (و پێده‌چێ ده‌بێ هێزه نانهتهوهییهكان ئاماده‌ییه‌كی پته‌ویان له‌وێدا هه‌بێت) ته‌نیا به‌شوێن ده‌وڵه‌تێكی كاتییه‌وه نین.
دێڤید هێڵد: ئه‌گه‌ر بكرێت به پرسیارێك درێژه به‌م بابه‌ته ده‌ده‌م. پرۆسه‌ی سیكۆلاریزاسیۆن ، جیاكاریی دامه‌زراوه‌ی ئایین و ده‌وڵه‌ت و جودایی ئایین و سیاسه‌ت یه‌كێكه له مه‌رجه بنه‌ڕه‌تی و كلیلییهكانی گه‌شه‌پێدانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی مۆدێرن. ئه‌م مه‌رجه، جگه له‌وه بناغه‌ی هه‌ڵكردنی ئایینی و هه‌لی به‌دواداچوونی به‌رفراوانی جۆره جیاوازه‌كانی خێری تایبه‌تی و گشتی و هه‌روه‌ها بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتدارێتیی یاسایه. ئه‌مڕۆكه به سه‌رنجدان به رووداوگه‌لی وه‌ك یازده‌ی سیپته‌مبه‌ر، ده‌بینین كه ئه‌و جوداییه ده‌ستكه‌وتێكی جیهانی نییه و مشتومڕی له‌سه‌ره. گه‌لێك كولتوور و وڵات هه‌ن كه له به‌رانبه‌ر سیكۆلاریزاسیۆن له‌لایه‌كه‌وه و جیاكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی ئایین و ده‌وڵه‌ت یان ئایین و سیاسه‌تدا له‌لایه‌كی تره‌وه به‌ره‌نگاری ده‌كه‌ن. ئایا به‌ڕای ئێوه پرۆژه‌ی مۆدێرنیته، ده‌سه‌ڵاتدارێتیی یاسا، مافی مرۆڤ و دیموكراسی، په‌یوه‌سته به‌م جوداییه‌وه؟ و له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه نه‌ك ته‌نیا ئه‌م جوداییه بوونی نییه، به‌ڵكوو خه‌ڵكانێك له كولتوورگهلی جیاوازه‌وه له بناغه‌وه ئاماده نین ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه قبووڵ بكه‌ن، چی روو ده‌دات و چ كێشه‌گه‌لێك دروست ده‌بن؟
تۆنی گیدێنز: ئه‌و پرسیاره كه دێڤید پرسی، به‌ڕاستی پرسێكی سه‌ره‌كییه له سه‌رده‌می ئێمه‌دا و هیوادارم جیا له‌و وه‌ڵامه كورته‌ی من بۆ ئه‌م ۆپرسیاره ده‌یده‌مه‌وه، هه‌موان به‌دوای وهڵامهكهیهوه بن. ئه‌م پرسه كه‌مێك ئاڵۆزتره له‌و شته‌ی كه دێڤید به ژێرپێستی ئاماژه‌ی پێكرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ڕاستیدا نه‌ریته جۆراوجۆره ئایینییه‌كان رۆڵیان هه‌بووه له پێكهاتنی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا كه گونجاون له‌گه‌ڵ به‌ها لیبراڵه‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بۆ وێنه له مه‌سیحییه‌تدا ته‌نیا شاهیدی پاشه‌كشێ و كشانه‌وه‌ی كڵێسا له ده‌وڵه‌ت نه‌بووین، به‌ڵكوو هه‌ندێ له به‌هاكانی مه‌سیحییه‌ت ده‌خیل بوون له په‌ره‌سه‌ندنی مافه لیبراڵه‌كاندا. ئه‌وه ده‌توانێت له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كانیش راست بێت. ئیسلام له سه‌ره‌تادا وه‌ك ئایینێكی زۆر لیبراڵ ده‌ركه‌وت و هه‌ندێ له‌و بیر و باوه‌ڕانه‌ی له وڵاته خۆراواییهكاندا هه‌بوون له ئیسلامیشدا ده‌یانبینین. به‌و پێیه ده‌توانرێت پرۆسه‌یه‌كی گشتی‌تر له په‌ره‌سه‌ندنی لیبراڵ دیموكراسی وێنا بكه‌ین كه ناته‌باییه‌كی له‌گه‌ڵ فرهكولتووری و هه‌روه‌ها فره ئایینی‌دا نییه و ئه‌وه‌ش ئامانجێكه كه ده‌بێ به‌ره‌و رووی هه‌نگاو بنێین.
سه‌رچاوه: چشم اندازهای جهانی, انتونی گیدنز,ت:محمدرضا جلایی پوور
- هەڵبژاردنه پووچەڵەکەی باشوور - 10/26/2024
- ئاغاشڕەی ئیناخی کێ بوو؟ - 10/20/2024
- برخی اصول جدایی طلبی - 10/16/2024