مێژووی نەنووسراوی کوردستان
دوای شکستەکەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران،
لە ساڵی ١۹٢۹ کۆمەڵێک سەرکردە کۆبوونەوە لەپارێزگای ئاگری بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم پاشای سەرۆکی هۆزی جەلالی بڕیاریاندا شەڕی چەکداری دژی دەوڵەتی تورک بەرپابکەن، ئیحسان نوری پاشا کە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، خۆی گەیاندە پارێزگای ئاگری و بەشداری لە شۆڕشەکەدا کرد، بەهۆی ئەزموونی لە بواری سەربازیدا، ئیحسان نوری پاشا وەک فەرماندەی گشتی شۆڕشی ئاگری هەڵبژێردرا،
شەڕی شۆڕشگێرەکانی باکووری کوردستان نزیکەی ساڵێک بەردەوام بوو، لەمانگی ئەیلولی ١٩٣٠دا دەوڵەتی ئێران و تورکیا ڕێکەوتن پەلاماری ئاگری-یاندا و شۆڕشەکەیان سەرکوتکرد، نزیکەی ٣٤ سەرکردەی شۆڕشی ئاگری دەستبەسەرکران و لەسێدارەدران،
بەڵام تورکیا تەنها بەکوشتنی شۆڕشگێرەکانهوه نەوەستا، بە بیانووی هاوکاریکردنی شۆڕش، سوپای تورکیا و ژمارەیەک جاش دەستیان بە کۆمەڵکوژیی هاوڵاتیە مەدەنیەکانی باکووری کوردستان کرد،
ئۆپەراسیۆنەکە لەنێوان پارێزگای وان و ئاگری تا سەر سنوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام قوربانی یەکەم خەڵکی گوندەکانی دۆڵی زیلانی سەر بەپارێزگای وان بوون،
ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک چەند مانگێک بەردەوام بوو، لە تەمموزی ١٩٣٠ سەرباز و جاشەکان هەموو رێگەکانی دۆلی زیلانیان داخست و دەستیان بە کوشتنی کورد و سوتاندن و تاڵانکردنی گوند و ماڵهكانیان کرد،
سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورک (ڕۆژنامەی حوریەت – ڕۆژنامەی جمهوریەت) دانیان بە کوشتنی ١٥ هەزار کەسدا ناوە، بەڵام نووسەری کورد حەسەن هوشیار سەردی کە خۆی شایەتحاڵی کۆمەڵکوژیەکەیە دەڵێت “لە هێرشەکاندا ١٨٠ گوند سوتێنران و ٤٥ هەزار مرۆڤی بێتاوان لە ژن و منداڵ و پیر کۆمەڵکوژ کراون، ئەوانەشی لە کۆمەڵکوژییەکە رزگاریان بوو راگوێزران،
کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، دوای دامەزراندنی تورکیا، دووەم گەورەترین کۆمەڵکوژییە بەرامبەر بە گەلی کورد کرابێت، یەکەم کۆمەڵکوژی لەساڵی ١۹٢١ لە کۆچگری کرا،
لەو پڕۆسەیەدا تورکیا تەنها بەکۆمەڵکوژی دۆڵی زیلانهوه نەوەستا، هەزاران کوردی لە سەرتاسەری باکووری کوردستان کۆمەڵکوژ کرد،
جێگای ئاماژەیە جگە لە تورکیا، ئێران و سوریا و عێراقیش بە پیلانگێری بەریتانیا دەستیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەبوو، دوای شکستپێهێنانی شۆڕشی ئاگری و کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان، نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیا سەردانی هەر یەک لەئێران سوریا و عێراقیان كرد و هەوڵیاندا ئەو شۆڕشگێرانەش دەستگیربکەن کە خۆیان گەیاندبووە دەرەوەی سنورەکانی تورکیا، بەو هۆیەوە هەر سێ دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستان لەدەستگیرکردنی شۆڕشگێران ڕۆڵیان دەبێت و ژمارەیەک شۆڕشگێر دەستگیردهكرێن و لەسێدارەیان دەدەن.
- بەشداری سەرژمێری نەکەن تاماددەی ١٤٠ جێ بەجێ نەکرێت - 11/17/2024
- هەڵبژاردنه پووچەڵەکەی باشوور - 10/26/2024
- ئاغاشڕەی ئیناخی کێ بوو؟ - 10/20/2024