موحه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی
ئه‌مرۆ 24ی ته‌مموزی 2022، 99 ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌ی شوومی لۆزان تێئه‌په‌ڕێ، كه ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌نقه‌ڕه‌ی ئه‌وكاتی توركیا به‌سه‌رۆكایه‌تی موسته‌فا كه‌مال و زلهێزان و ده‌وڵه‌تانی سه‌ركه‌وتووی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهان كه ئه‌مانه بون: بەریتانیای مەزن، فەرەنسا، ئیتاڵیا، یابان، یۆنان، سلۆڤینیا، سربۆكراتیا، رۆمانیا، له‌لایه‌كی تریش توركیا به ته‌نیا وه‌ك میراتگری پاشماوه‌ی خاكی عوسمانی له ئه‌نادۆڵ قه‌بوڵ كرابو. له ئه‌نجامدا ڕێكه‌وتننامه‌كه له ڕۆژی 24ی ته‌مموزی 1923 له وڵاتی سویسرا له شاری لۆزان مۆركرا.
توركیا له دوای گۆڕانكارییه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانییه‌وه ئه‌بینێ، ئه‌مه‌ش قووڵاییه‌كی مێژوویی هه‌یه، یه‌كه‌م: توركیا خۆی به تاكه میراتگری ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ئه‌زانێ، به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه بۆ ئه‌ڵمانه‌كان، ئیتاڵیه‌كان، یۆنانیه‌كان، به‌ریتانیه‌كان، عه‌ره‌ب و فارسه‌كانیش ڕاسته، كه سه‌رده‌مانێك له ڕێگه‌ی ئیمپراتۆرییهتهكانیان وه‌ك: بێزه‌نتی، ساسانی، خه‌لافه‌تی ئومه‌وی و عه‌بباسی، به‌ریتانی و ئه‌ڵمانی حوكمڕانی به‌شێكی زۆری خاكی داگیركراویان له كیشوه‌ره‌كانی جیهان كردوه، ئه‌بێ ئه‌وانیش داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خاكانه بكه‌ن، وه‌ك به‌ریتانیه‌كان داوای خاكی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن..! ئه‌مه بۆته مێژوو و بڕایه‌وه، چونكه له ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا سێ ئیمپراتۆرییه‌تی هاوپه‌یمان بۆ ناو ڕه‌فه‌كانی مێژوو پێچرانه‌وه ئه‌وانیش:(ئیمپراتۆریه‌تی نه‌مسا و مه‌جه‌ر، ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌ڵمانی و ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی)..كه ئه‌م خه‌ونه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی عوسمانییه نوێیه‌كان هه‌رگیز نایه‌ته‌دی..چونكه ئه‌بێ نه‌خشه‌ی جیهان سه‌رله‌به‌ری ده‌ستكاری بكرێته‌وه وه‌ك دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی دا. دووه‌م: له هاتنه سه‌ر كاری پارتی نیشتمانی دایك له توركیا له 1983 به‌سه‌رۆكایه‌تی تورگۆت ئۆزال، كه به پاڵپشتی سوپای توركیا بو، كه له‌هه‌مانكاتیشدا هاوپه‌یمانیه‌تێكی شاراوه‌یان هه‌بو، چونكه بارودۆخی دوای كوده‌تای ئه‌یلولی 1980 ده‌سه‌ڵاتی سوپای بردبوه ناو هه‌مو جومگه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا، تیۆرسێنهكانی پارتی حوكمڕان به‌سه‌رۆكایه‌تی تورگۆت ئۆزال كه‌وتنه هۆنینه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ونی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی له‌ڕووی نووسینی كتێب و كردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌رشیفی عوسمانی به‌ڕووی لێكۆڵه‌ران بۆ دووباره نووسینه‌وه‌ی میژووی سه‌روه‌رییه‌كانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و ئاشتكردنه‌وه‌ی تاكی توركیا كه بۆ ماوه‌ی هه‌شتا ساڵ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی دژ به ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی ڕاهێنرابو كه ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌وڵه‌تێكی دواكه‌وتووی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوه، دوای ئه‌م هه‌نگاوه و ته‌رجه‌مه‌كردنی ئه‌م هه‌ست و نه‌سته‌ی توركه‌كان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خاكی عوسمانی به‌تایبه‌تی ویلایه‌تی موسڵ و حه‌له‌ب بو، به‌ڵام هه‌مو ئه‌و هه‌وڵانه تا ئێستایش هه‌ر وه‌ك خۆراكێك و مادده‌ییه‌كی بێهۆشكردن بۆ گه‌لی توركیا له‌لایه‌ن حكومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان به‌كارئه‌هێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه ناوخۆییه‌كانی وه‌ك ئابووری، سیاسی و ئازادییه‌كانی پێ په‌رده‌پۆش بكه‌ن، دواترین كاریشیان هۆنینه‌وه و لێدانه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه كه دوای سه‌د ساڵ واته: له 2023 ڕێكه‌وتننامه‌كه كۆتایی دێت، ئه‌مه‌شیان هه‌ر ئه‌چێته خانه‌ی ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه باسمانكردن. به‌ڵام لێره‌دا به‌چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی و قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌خه‌ینه ڕوو بۆ هه‌مو ئه‌و قسانه‌ی له‌باره‌ی كۆتاییهاتنی ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان له 24ی ته‌مموزی 2023 دا ئه‌كرێن:
یه‌كه‌م: له ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان دا له هه‌ر 143 ماده‌كه‌ی و پاشكۆكانی هیچ بڕگه‌یه‌ك یان مادده‌یه‌كی تێیدا نییه، كه نووسرابێت له دوای سه‌د ساڵ ڕێكه‌وتننامه‌كه هه‌ڵئه‌وه‌شێته‌وه و هه‌ر یه‌ك له‌ده‌وڵه‌تانی واژۆكار ئه‌چنه‌وه سه‌رده‌می خۆیان و هه‌رچی بیانه‌وێت ئه‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن، چونكه هه‌مو ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك بۆ داهاتوه نه‌ك بۆ ڕابردوو، چونكه شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ڕوویداوه و ته‌واو بوه، خۆ قه‌رار نییه شه‌ڕه‌كه به‌هه‌مان ناو و سه‌رده‌مه‌كه‌ی هه‌ڵبگیرسێته‌وه، كه ئه‌بێ بگه‌ڕێینه دواوه و كه ئه‌مه‌ش له‌ڕووی قانوونی كات مه‌حاڵه كه كاتژمێر بۆ یه‌ك چركه بگه‌ڕێته‌وه دواوه..!
دووه‌م: له خاڵی یه‌كه‌مدا توركیا و ده‌وڵه‌تانی سه‌ركه‌وتووی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی به‌و 143 مادده‌ی ناو خودی ڕێكه‌وتننامه‌كه ڕازی بونه، هیچ كاتێكی دیاریكراوی تێیدا نییه بۆ كۆتاییهاتنی، ته‌نها له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری توركیا بۆ سه‌ر ته‌نگه‌كانی له ساڵی 1929 دا نه‌بێت، كه ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان ئه‌وكاتیش ڕه‌زامه‌ند نه‌بون تا له ساڵی 1935 ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی تهنگهكانیان بۆ توركیا گه‌ڕانده‌وه، له‌هه‌مو ڕێكه‌وتننامه‌كه‌دا هه‌ر ئه‌و كات به‌ندییه‌ی تێێدا مه‌وجوده و هیچی تری تێیدا نییه، ئه‌و كه‌سه‌ی بڵێ: ڕێكه‌وتننامه‌كه هه‌ڵئه‌وه‌شێته‌وه، دوو ئه‌گه‌ر هه‌یه: یه‌كه‌م: ده‌قی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی به‌ته‌واوی نه‌خوێندۆته‌وه، دووه‌م: شاره‌زا و پسپۆڕی ته‌واوی له مێژوو و قانوونی ده‌ولی نییه و ڕه‌دووی خه‌ونێكی هه‌رگیز به‌دینه‌هاتووی ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ر كه‌وتوه..!
سێیه‌م: په‌یماننامه‌ی زه‌هاو له 1639 له نێوان ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و صه‌فه‌وی دا مۆركراوه، كه تێیدا كوردستانیی گه‌وره‌یان له نێوان خۆیاندا دابه‌شكرد، تا دوایین داڕشتنه‌وه‌ی سنوور له‌نێوان عێراق و ئێران، ئێران و توركیادا كاری پێكراوه و ئه‌كرێت، كه ته‌مه‌نی له چوار سه‌ده نزیك ئه‌بێته‌وه، كه‌واته: ئه‌بێ ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ش كۆتایی پێبێت و دابه‌شكردنی كوردستانی گه‌وره نه‌مێنێت، چونكه پێشتر ئه‌و خاكانه له ژێر ده‌ستی میرنشینه‌كانی كوردستان دابونه و بۆ هه‌زاران ساڵه خاكی باب و باپیرانی كورده، ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت لۆزان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، ئه‌بێ په‌یماننامه‌ی زه‌هاو و هه‌مو ڕێكه‌وتننامه‌كانی تریش له‌سه‌ر دابه‌شكردن و چاره‌نووسی خاكی كوردان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، كه ئه‌مه مافی ڕه‌وای ئێمه‌یه و هیچ داگیركه‌رێك ئه‌و مافه‌ی ناكه‌وێ خاكی ئێمه دابه‌ش بكات و مامه‌ڵه‌ی پێوه بكات.
چواره‌م: به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان، توركیا خۆی واژۆی كردوه كه كێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ بدرێته ده‌ست كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان، كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان له‌ڕێگه‌ی ناردنی كۆمیسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ، نووسینی ڕاپۆرت و به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ دادگای لاهای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وكاتیش سه‌ر به‌كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان بو، كه له ئه‌نجامدا له ڕێگه‌ی ڕاپرسی خه‌ڵكی ویلایه‌تی موسڵ، ئه‌و وه‌ڵامه‌یان هه‌ڵبژارد كه ئه‌یانه‌وێت ببنه به‌شێك له مه‌مله‌كه‌تی هاشمی عێراقی له 1925 دا، دوای ئه‌مه هه‌نگاوی دادگای لاهای نێوده‌وڵه‌تی بو له 16ی كانوونی یه‌كه‌می 1925 بۆ په‌سه‌ندكردنی دوایین ڕاپۆرت و ڕاپرسی خه‌ڵكی ویلایه‌تی موسڵ به‌هه‌مو پێكهاته‌كانیه‌وه كه له 90% زیاتری كورد بون، دوای ئه‌مه‌ش ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان له 25ی كانوونی یه‌كه‌می 1925 هه‌ردوو بڕیارنامه‌كه ڕاپرسیه‌كه‌ی خه‌ڵكی ویلایه‌تی موسڵ و دادگای لاهای نێوده‌وڵه‌تی په‌سه‌ند كرد، ویلایه‌تی موسڵ كه زۆرینه‌ی هه‌ره ڕه‌های كورد بو به مه‌مله‌كه‌تی هاشمی عێراقیه‌وه لێكندرا، له‌و بڕیاره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لاندا هیچ مافێك یان كاتێك بۆ هیچ لایه‌نێك دیاری نه‌كراوه، كه به‌شێك له خاكی ده‌وڵه‌تی عێراق كه كوردستان دوای سه‌د ساڵ به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك دابهشئهكرێت یان ده‌وڵه‌تی توركیا مافی داوا كردنه‌وه‌ی هه‌بێت..!
پێنجه‌م: له ئه‌نجامی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق و په‌یماننامه‌ی لۆزان له دوای ساڵی 1921-1925 و به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی سیڤر له 1920دا، ده‌وڵه‌تی عێراقی نوێ چوه ژێر باری دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی به‌پێی ئه‌و به‌ركه‌وته‌ی به‌ری كه‌وتبو له قه‌رزه‌كانی عوسمانی، چونكه به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی سیڤر خاكی عوسمانی بۆ نزیكه‌ی 39 ده‌وڵه‌تی نوێ دابه‌شكرا كه 40 مین ده‌وڵه‌ت كوردستان بو، به‌ڵام ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان له باری برد، یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌ته نوێیانه عێراق بو، قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیش وه‌ك به‌شێك له سیاده‌ی ده‌وڵه‌تی و خودی ده‌وڵه‌ته‌كه هه‌ژمار ئه‌كرێت، كه سیاده‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی دابه‌شكرا ئه‌وا قه‌رزه‌كانیشی دابهشئهبن به‌سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته نوێیانه‌ی له‌سه‌ر خاك و سیاده‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی دروست بون، بۆیه عێراق نزیكه‌ی له سه‌دا 2.5% زیاتری قه‌رزه‌كانی عوسمانی دایه‌وه، كه‌واته: عێراق ئه‌و خاكه‌ی به‌ری كه‌وتوه له سیاده‌ی عوسمانی به پاره‌ی گه‌له‌كه‌ی كڕییویهتیهوه به‌كورد و عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی تریشه‌وه، كه‌وایه مافی چ ده‌وڵه‌تێكه داوای به‌شێك له خاكی ده‌وڵه‌تێكی تر بكات كه خاوه‌ن سیاده‌ی خۆیه‌تی..بۆیه توركیا له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ته‌نها كات به‌فیڕۆدانی بۆ ئه‌مێنێته‌وه.
شه‌شه‌م: به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان، توركیا له 10% نه‌وتی ویلایه‌تی موسڵ بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌رئه‌گرێ، به‌ڵام توركیا هه‌ر زوو له 10% نه‌وته‌كه‌ی فرۆشته به‌ریتانیای مه‌زن، به‌بڕی 27 ملیۆن جونه‌یهی ئیسته‌رلینی، به‌ریتانیاش هه‌ر به پاره‌ی عێراق ئه‌و نه‌وته‌ی كڕیوه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و كاتی جیهان و به‌ریتانیا له قه‌یرانی دارایی دابون، به‌تایبه‌تی له به‌ریتانیا باجده‌ره‌كان(كۆمپانیا گه‌وره‌كان) ئاماده نه‌بون باجی زیاتر بده‌نه ئیمپراتۆرییه‌تی به‌ریتانی بۆ مانه‌وه‌ی زیاتر له عێراقدا، بۆیه توركیا له سامانی ژێر زه‌وی ویلایه‌تی موسڵ به‌تایبه‌تی كه‌ركوك به‌شی خۆی بردووه، ئه‌و هه‌قه‌ی له‌لای ده‌وڵه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه، ئه‌مه بێجگه‌له‌وه‌ی به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی زانستی وه‌ك ئیریك زۆرچهر، باس له‌وه ئه‌كات كه توركیا بێجگه له‌وه‌رگرتنی ئه‌م بڕه پاره‌یه تا ساڵانی 1952-1956 بڕی له 10% نه‌وتی پارێزگاكانی كه‌ركوك و موسڵی له ویلایه‌تی موسڵی جاران بردووه، كه‌واته: دووجار پارووی له ڕۆنه‌كه داوه، ئایا هه‌قی له‌وه زیاتری هه‌یه یان نا، به‌ڵكو جاری یه‌كه‌میش ئه‌و هه‌قه‌ی نه‌كه‌وتوه، به‌ڵام بۆیان مه‌یسه‌ر كردوه، به‌هه‌ر حاڵ به‌پێی ڕێكه‌وتننامه و به‌پیاوه‌تی ده‌وڵه‌تانیش بێت توركیا هه‌قی خۆی له سامانی سروشتی ئه‌و ویلایه‌ته بردووه، كه پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه ئه‌كات كه به‌شێكه له خاكه مێژووییه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر توركیا ڕاستی ئه‌كرد خاكی خۆیه‌تی بۆ ئه‌وكاتی به‌رگری لێناكرد و بۆ ئه‌یخسته سه‌روسه‌ودای ده‌وڵه‌تانی زلهێز و هه‌رێمی و به پاره و نه‌وت ئه‌یفرۆشت..؟ كه‌وایه: مه‌مله‌كه‌تی هاشمی عێراقی هه‌م پاره‌ی قه‌رزی عوسمانی وه‌ك به‌شبوونی خاكه‌كه‌ی كه‌وتۆته ئه‌ستۆی و به بانكه‌كانی جیهانی داوه‌ته‌وه، هه‌میش به‌شێكی زۆر له سامانی ژێر زه‌وییه‌كه‌ی داوه‌ته ده‌وڵه‌تی میراتگری عوسمانی كه توركیایه، چی ماوه‌ته‌وه تا ده‌وڵه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك كیانێكی ده‌ستووری بیدنهوه به توركیا، مه‌گه‌ر مرۆڤه‌كانی سه‌ر خاكه‌كه‌ی نه‌بێت، ئه‌مانیش(مرۆڤه‌كانی كوردستان و عێراق) توركیا ڕۆژانه به چه‌ند شێوازێك گیانیان لێئهسێنێت..!
حه‌وته‌م: توركیا یه‌ك تا دوو جار له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی وتویه‌تی: ئه‌بێ ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، دواتر ئه‌مه دووباره نه‌كرده‌وه، ئه‌گه‌ر توركیا پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان بكات، ئه‌وا توركیا دابه‌شی سه‌ر شه‌ش تا هه‌شت پارچه ئه‌بێت، چونكه ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان سیاده‌ی ئێستای ده‌وڵه‌تی توركیای پێكهێنا و كردی به‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه ئێستا له‌سه‌ر شانۆ و نه‌خشه‌ی سیاسی جیهان هه‌یه، دانانی پایته‌ختیشیان له ئه‌نقه‌ڕه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی زلهێزی ئه‌وكات هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بو، كه توركیای نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌وبینین به‌دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی له پایته‌خته له‌مێژینه‌كه‌ی بێزهنتیان و عوسمانیه‌كانی دوای ساڵی 1453 زائینی، ئه‌گه‌ر توركیا پێداگری له نه‌مانی ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان بكات، ئه‌وا نه‌خشه‌كه‌ی وه‌ك ئێستا نامێنێت و كورد، یۆنانیه‌كان، ئه‌رمه‌نییه‌كان و عه‌ره‌به‌كان داوای خاكی خۆیان ئه‌كه‌نه‌وه، به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی سیڤر خاكی ئێستا توركیا دابه‌شی نۆ به‌ش كرابو كه به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه بو:
ناوچه‌ی یه‌كه‌م: ڕه‌نگی سه‌وزباو، ئه‌رمه‌نییه‌كان له به‌شێكی خۆرهه‌ڵات و باكوری خۆرهه‌ڵاتی توركیا دا.
ناوچه‌ی دووه‌م: ڕه‌نگی شین: یۆنانیه‌كان، له خۆرئاوا و باشووری خۆرئاوای توركیا دا.
ناوچه‌ی سێیه‌م: ڕه‌نگی مۆر، فه‌ره‌نسیه‌كان، له به‌شێكی كه‌می خۆرهه‌ڵات و باشووری توركیا دا.
ناوچه‌ی چواره‌م: ڕه‌نگی سوور، به‌ریتانیه‌كان، له به‌شێكی باشووری خۆرهه‌ڵاتی توركیا دا.
ناوچه‌ی پێنجه‌م: ڕه‌نگی مۆری خه‌تدار: نفوزی فه‌ره‌نسیه‌كان، له به‌شێكی باشووری و ناوه‌ڕاستی توركیا دا.
ناوچه‌ی شه‌شه‌م: ڕه‌نگی خه‌تداری سوور: نفوزی به‌ریتانیه‌كان، له‌به‌شێكی خۆرهه‌ڵات و باشووری خۆرهه‌ڵاتی توركیا دا.
ناوچه‌ی حه‌وته‌م: ڕه‌نگی خه‌تداری سه‌وز: نفوزی ئیتاڵییه‌كان، له‌به‌شێكی باشوور، ناوه‌ڕاست و ناوه‌ڕاستی خۆرئاوای توركیادا.
ناوچه‌ی هه‌شته‌م: ڕه‌نگی خه‌تداری پرته‌قاڵی: ناوچه‌ی داماڵراو له چه‌ك، كه ئیستانبوڵ و خۆرئاوای توركیای ئه‌گرته‌وه، بێجگه له شاری ئه‌درنه كه له ژێر ده‌ستی یۆنانیه‌كان داب‌و.
دوای ئه‌وه‌ی كه شه‌رحی ته‌واوی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌مان كرد، جا توركه‌كان تێگه‌یشتون و ناڵێن په‌یماننامه‌ی لۆزان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و به‌ڵكو ئه‌ڵێن: لۆزان دوای سه‌د ساڵ ته‌واو ئه‌بێت و خاكه له دهستچوهكانمان كه مه‌به‌ستیان زیاتر (ویلایه‌تی موسڵ)ی جارانه، كه ئه‌گه‌ڕێـته‌وه باوه‌شی توركیا، مێژوو سه‌لماندوویه‌تی له چه‌نده‌ها كێشه‌ی وادا، كه هه‌ره نزیكترینیان له عێراق و توركیا مه‌سه‌له‌ی كوێته، كه چه‌نده ده‌وڵه‌تی كوێت له‌سه‌رده‌می مه‌لیك غازی كوڕی مه‌لیك فه‌یصه‌ڵی یه‌كه‌م، عه‌بدولكه‌ریم قاسم و سه‌ددام حوسێن كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ئه‌كرد كه كوێت به‌شێك بوه له عێراق و كه له ئه‌نجامدا به داگیركاری عێراقیش له 2ی ئابی 1990 هه‌ر نه‌گه‌ڕایه‌وه سه‌ر عێراق، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ویلایه‌تی موسڵی جاران ئه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خاكی توركیا، خه‌ونێكی به‌دینه‌هاتووی زۆر ناخۆشه بۆ داگیركه‌ری تورك، وه‌ك له‌سه‌ره‌تادا وتمان قانوونی كات ڕێگه به‌مه نادات ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، ویلایه‌تی موسڵ و هه‌ڵایسانه‌وه‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی دروست ببنه‌وه واته: كات بگه‌ڕێته‌وه دواوه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر ویلایه‌تی موسڵ به‌شێك بێت له خاكی توركه عوسمانییه‌كان..ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی هه‌مو جوڵه‌كانی كاته له مێژوودا..!
هه‌شته‌م: هه‌تا ئێستا كه‌مترین زانیاری له باره‌ی شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی به خوێنه‌ری كورد زمان گه‌یشتوه، چونكه له‌شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی توركه‌كاندا موسته‌فا كه‌مال پێویستی به خوارده‌مه‌نی و چه‌ك بو بۆ سه‌ربازه‌كانی، بۆیه دوای كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆ له‌لایه‌ن ڕووسه‌كانه‌وه، لێكتێگه‌یشتن و دواتر ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌لیكسه‌نده‌ری پولی به‌دوای خۆیدا هێنا له ئاداری 1921 دا، به‌پێی ئه‌و ڕێكه‌وتنه موسته‌فا كه‌مال ناوچه‌كانی ناشیزڤان، باتوم و ته‌رابزۆنی له‌سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش دایه ڕووسه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بده‌ن له دابینكردنی چه‌ك و خوارده‌مه‌نی، كه چۆن توركه‌كان ناوچه‌كانی خۆیان دا به ڕووسیا بۆ خوارده‌مه‌نی و چه‌ك، له‌كاتێكدا خاكی ویلایه‌تی موسڵ وه‌ك له خاڵه‌كانی پێشووتردا باسمان كرد، كه خاكی خۆیان نییه و هی كورده و كه چۆنیش خۆیان ڕه‌زامه‌ند بون به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان ببێته به‌شێك له خاكی عێراق، له‌به‌رانبه‌ر خاكی ویلایه‌تی موسڵیشدا پاره و نه‌وتیان وه‌رگرت بۆ ماوه‌ی بیست و پێنج ساڵ، هه‌روه‌ها ویلایه‌تی ئهسكهندهڕۆنهشیان پێدانه‌وه له‌به‌رانبه‌ر دهستهههڵگرتنی له ویلایه‌تی حه‌له‌ب و موسڵدا..ئه‌رێ گه‌لۆ چ هه‌قێك له‌م داواكارییه هه‌یه، كه ڕووقایمی و بێشهرمییهكی بێ ئه‌ندازه نه‌بێت..
نۆیه‌م: توركیا ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌نقه‌ڕه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌مله‌كه‌تی هاشمی عێراقی و به‌ریتانیای مه‌زن له 1ی حوزه‌یرانی 1926 دا مۆركردووه، له‌هه‌ردوو پارله‌مانی عێراق و توركیادا له‌هه‌مان مانگی حوزه‌یرانی 1926دا په‌سه‌ندكراون و تا ئێستا به‌ركاره و كاری پێئه‌كرێت، ئه‌م ڕێكه‌وتنه دوای شه‌ش مانگ له لكاندنی ویلایه‌تی موسڵ بوه به عێراق، توركیا دانی به سه‌روه‌ری مه‌مله‌كه‌تی هاشمی عێراق ناوه وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واو، له‌هه‌مو به‌نده‌كانی ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌دا باسی دواڕۆژی ویلایه‌تی موسڵ نه‌كراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێك بوه له عێراق، كه یه‌كه‌مین ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته زیاتر ڕه‌هه‌ندێكی ئاسایشی و هاوكاری نێوانیان هه‌یه، كه هه‌مو ڕێككه‌وتنه‌كانی تری نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ڕێكهوتننامهیهی ئه‌نقه‌ڕه كراون، كه هیچ به‌ند و مادده‌یه‌كی تێیدا نییه كه عێراق و دواتر كه هه‌رێمی كوردستان له 1991 دروستبو پابه‌ند بكات به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شێكی خاكی خۆیان بۆ سه‌ر توركیا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ته‌واو بونی كاتی ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزانیش نه‌كراوه..!
ده‌یه‌م: ئه‌گه‌ر توركیا بیه‌وێت په‌یماننامه‌ی لۆزان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، ئه‌بێت ئه‌م ڕووداوانه ڕووبده‌ن یان ئه‌م كارانه بكات..گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، روونه‌دانی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی، نه‌ڕووخانی سێ ئیمپراتۆرییه‌ته هاوپهیمانهكه: ئه‌ڵمانی، نه‌مسا-مه‌جه‌ر و عوسمانی، نه‌به‌ستنی كۆنفرانسه‌كانی ئاشتی له پاریس، سانریمۆن، لۆزان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌ڵێنی به‌لفۆر بۆ جوله‌كه‌كان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی 39 ده‌وڵه‌ت كه له سه‌ر خاكی عوسمانی له به‌شێكی خاكی باكووری ئه‌فه‌ریقا، ئاسیا و خۆرهه‌ڵات و باشووری ئه‌وروپا له به‌ڵقان دروستبون، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕاپرسی خه‌ڵكی ویلایه‌تی موسڵ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه به‌شێك له عێراق، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیارنامه‌ی دادگای لاهای نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌نقه‌ڕه‌ی 1926، دانه‌وه‌ی قه‌رزی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی كه هه‌ر 39 ده‌وڵه‌ته‌كه قه‌رزه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه به‌پێی به‌ركه‌وته‌یان له‌وانه عێراق، دانه‌وه‌ی بڕی له 10% نه‌وتی فرۆشراوی ویلایه‌تی موسڵ، دانه‌وه‌ی بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی به پیاوه‌تی ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا 1927-1956 دا له عێراقدا له نه‌وتی كه‌ركوك به توركیای داوه..كه ئه‌م ڕووداوانه هه‌موی به‌یه‌كه‌وه یه‌ك زنجیری به ئه‌ڵقه به‌ستراوی یه‌كترین، بۆیه له مه‌حاڵ مه‌حاڵتر بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا هیچی تر نه‌بێت نامێنێته‌وه.
*پوختەی ئەنجام:
لەنوێترین لێكۆڵینەوە مێژووییەكان دەركەتووە، پەیمانی لۆزان 1923، ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك بوه دژ به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان بوه به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی سیڤردا 1920، چونكە موستەفا كەمال، لە بارودۆخێكی سەختی شەرەكەی كه بەناوی (سەربەخۆیی) ملكەچی بۆ دەوڵەتانی سەركەوتووی جەنگی جیهانی یەكەم و دەوڵەتی عوسمانی نەنواند، خۆڕاگری توركە نەتەوە پەرستەكان بۆ دروستكردنی نیشتیمانێكی گەورەی تورك و دابینكردنی مافی هەموو نەتەوەكانی نێو ئەم نیشتیمانە، لەسەر خاك و رەنجی كوردانی باكووری كوردستان بو، كە توانی باشووری توركیای ئێستا لە نفوزی فه‌ره‌نسایی و ئیتاڵییه‌كان، باكووری خۆرهەڵات لە ڕووس و ئەرمەنەكان، باشووری خۆرهەڵات لە نفوزی ئینگلیزەكان بپارێزێت، هه‌روه‌ها باشووری خۆرئاوا و خۆرئاوای ئەنادۆڵ لە یۆنانیەكان پاك بكاتەوە، كە ئەمە بوو بەسەرەتای بناغەیەكی گەورەی بەهێز بۆ دەركەوتنی حكومەتی ئەنقەرە لەسەر شانۆی سیاسی و پەیوەندی نێودەوڵەتی لە ته‌شرینی دووەمی 1922 تاوەكو ئەمرۆ. كە یەكەم بەرهەمی پەیماننامەی لۆزان بو، كه بو به‌هۆی كوشتنی خەونی دەوڵەتی كوردستان، كە پەیماننامەی سیڤەر لە سێ مادە بەنێوبانگەكەی لە سەر 20% خاكی كوردستانی گەورەی نەخشاندبووی، كه‌واته؛ ڕۆژی 24ی ته‌مموزی 1923 ڕۆژی كۆتاییهێنان بو به‌و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كورد كه ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی له‌سه‌ره‌تادا كوردستانی باكوور و دواتر به‌شه‌كانی تری كوردستان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌ڕێی ڕاپرسی ببنه به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كوردستان، ئه‌مه‌ش به‌پێی به‌نده‌كانی په‌یماننامه‌ی سیڤر بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر كرابو.
*مامۆستا له به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له زانكۆی سۆران
تێبینی: ئه‌م وتاره زانستییه له بنه‌ڕه‌تدا به‌ناونیشانی(لۆزان..ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك دژ به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان) له ته‌شرینی یه‌كه‌می 2022 بڵاوئه‌بێته‌وه.
- هەڵبژاردنه پووچەڵەکەی باشوور - 10/26/2024
- ئاغاشڕەی ئیناخی کێ بوو؟ - 10/20/2024
- برخی اصول جدایی طلبی - 10/16/2024