چیا کاویان
سەمبۆلەکان ئامرازێکی باشن بۆ دەرکی ئێمە لە دونیای دەوروبەر، نیشاندەری شێوە ڕوانینی ئێمەن بۆ جیهان، ئاڵۆزییەکانی پێش چاومان کەم دەکەنەوە بەڵام لە هەناوی خۆیاندا هەڵگری کۆمەڵێک تێگەیشتن و ڕاڤەی جیاوازیشن. بۆ نموونە خاچی مەسیحی بۆ کەسێکی باوەڕمەند نیشانەی ئیمانی ڕاستەقینەیە بەڵام بۆ کەسێکی بێباوەڕ نیشانەی کۆنەپەرەستی و خۆرافەیە. ئاڵای شێر و خۆرشید بۆ کوردێک سەمبۆلێکە لە سەرکوت و ستەمی نەتەوەیی، بەڵام بۆ فارسێک نیشانەی سەروەری و یەکگرتوویی نەتەوەییە. کەواتە سەمبۆلەکان فرە دلالەت و فرە واتان و بۆ خەڵکانی جیاواز هەڵگری مانا و پەیامی جیاوازن. سەمبۆلەکان لە خەزێنەیەکی سەمبۆلیزمی قەومی و کولتووریی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرن، خاوەنی مێژوو و ڕەسەنایەتی تایبەت بە خۆیانن، بۆیە دەرگا لەسەر واتا و ڕاڤەی جیاواز دەکەنەوە.
لە ناوەندی هەر کێشەو پرسێکی سیاسیدا، بەر لەوەی باس لە شەڕی هەیمەنەی گوتارەکان و هێزەکان بێت لە هێڵەکانی پێشەوەی ئەم شەڕەدا شەڕێکی هێمایین بەڕێوە دەچێت. کۆمەڵێک سەمبۆل، ڕاڤە و ڕەوایەتی جۆراوجۆر لەم سەمبۆلانە بوونیان هەیە و هەر لایەک هەوڵ دەدات ڕاڤە و ڕەوایەتی خۆی لەم سەمبۆلانە هێژمۆنیک بکات و لەم ڕێگەیەوە گوتاری سەمبۆلیکی (Symbolic discourse) خۆی بە سەر بەرانبەرەکەیدا بسەپێنێت. گوتاری سەمبولیک شەڕگەی ئایدیا، ڕاڤە و ڕەوایەتی گرووپە جیاوازەکانن کە لە پێناوی کێشە سیاسییەکەیاندا خەریکی مۆبیلیزە کردنی (جماندن) خەڵکن. هەر لایەنێک ئەم شەڕە بباتەوە و هەیمەنە پەیدا بکات کێشە سیاسییەکە لە چوارچێوەی ڕەمز، سەمبۆل، ڕەوایەت، ئاڵا و بەگشتی گوتاری سەمبۆلیکی خۆیدا جومگەبەندی دەکات و لە دواڕۆژی چارەسەری ئەم کێشەیەدا ڕۆڵی کاراتر دەگێڕێت، لە بەرانبەر ئەویترەکانیدا لە پلەوپایە و دۆخێکی سەرتردا جێگە دەگرێت.
بزووتنەوەی ژینا وەکوو تەواوی بزووتنەوە هاوشێوەکانی لە جیهانی مودێرندا، لە شەڕ و ململانێی نێوان گوتارە سەمبۆلیکەکان بێبەری نییە. ئەم بزوتنەوەیە بەر لەوەی شەڕی بەدەستهێنانی کۆمەڵێک مافی زەوتکراو بکات، بەر لەوەی کۆلۆنیالیزم (ئێستێعمار) بێچەک بکات، بەر لەوەی کێشە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد لابەلا بکاتەوە شەڕی سەمبۆلەکان دەکات. بزوتنەوەی ژینا بەر لەوەی مەیدانی شەڕی داگیرکەر و داگیرکراو، ستەمکار و ستەملێکراو بێت شەڕگەی ڕەوایەت و سەمبۆلەکانە. ئەم شەڕە سەمبۆلیکە بەڕوونی لەسەر شەقامەکانی کوردستان، گڵکۆی شەهیدان، ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی گیانبەختکراوان و خۆپیشاندانەکانی کوردانی تاراوگە دەبینرێت. کاتێک “ژن، ژیان، ئازادی” دەکرێت بە “زن، زندگی، آزادی”، “ژینا” دەبێت بە “مهسا”، لە میدیا فارسییەکاندا “کۆمار” لە واتاو و دەلالەتە مێژوویەکانی دادەماڵرێت و دەبێ بە “کومار”، سەرچاوەدانی باوک و بنەماڵەی شەهیدان بە نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان دەگۆڕدرێت بۆ ئێران و خاکی ئێران و دەیان نموونەی دیکە لەم گۆڕانی واتا و دەلالەتی هێماکان دەرخەری بوونی شەڕێکی گەورە و بێوچانە، شەڕێکی یەکلاکەرەوە لە بەرەی پێشەوەی ئەم بزووتنەوەیەدا، شەڕی سیاسەتی سەمبۆلیک (Symbolic politics) و ململانێی گوتارە سەمبۆلیکەکان.
خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان لە شەڕگەی سیاسەتی سەمبۆلیکدا، لە نێوان ململانێ گوتارە سەمبۆلیکەکاندا لە بەرەی پێشەوەی ئەم شەڕەن، بە باشی لە هەستیاری و کارتێکەری ئەم مەیدانە تێگەیشتوون. دەزانن کە لە بیچمگرتن و مانەوەی کۆمەڵگایەکی سیاسیدا، لە ڕێکخستن و مۆبیلیزە کردنی خەڵکدا سەمبۆلەکان ڕٶڵێکی کارا دەگێڕن و بۆ دەستەبەرکردنی ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ بێجێگرەوەن، بۆیە تا ئێستە ئەم شەڕەیان نەدۆڕاندووە. ئەوان تێدەگەن کە کوردستان گۆڕستانی فاشیستانە، شوێنی لەگۆڕنانی تاج و عەمامەیە، نەک بەڵاگەردانیی باڵای ئێران، “ژن، ژیان، ئازادی” هەوڵێکە بۆ لە نێوبردنی هاوکاتیی پیاوسالاری و ستەمی نەتەوایەتی نەک هاوتەریب کردنەوەی لەگەڵ درووشمی فاشیستیانەی “مرد، میهن، آبادی”؛ “هەتا کوردێک بمێنێ کوردستانیش دەمێنێ” گرێدانی ڕۆحی ئینسانی کوردە بە خاک و قوربانیکردنی گیانە لە پێناوی نیشتمان بۆ بەدەستهێنانی سەروەری نەک “از کوردستان تا تهران جانم فدای ایران” کە بە فیداکردنی ئینسانی کوردە لە پێناوی ئێران بەخۆڕایی. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرسووڕمانە تێنەگەیشتنی بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی کوردە لە گرینگی و هەستیاری ئەم شەڕگەیە. ئەوان شەڕکەری مەیدانی سیاسەتی سەمبۆلیک نین و لە سروشتی ململانێی گوتارە سەمبۆلیکەکان تێناگەن. ئەوان لە رێگەی بانگەواز بۆ ڕێکخستنی درووشمەکان، ڕەمز و سەمبۆلەکان خەریکن لەم شەڕە یەکلاکەروەدا ئاشبەتاڵ بە خەلک دەکەن.
ئەوان دەبێت تێبگەن کە کورد ئەگەر ئەم شەڕە بدۆڕێنێت مردووەکانیشمان پارێزراو نابن. کاتێک میدیا فارسییەکان ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی شەهیدێک لە هەموو سەمبۆل و دەلالەتێکی کوردانە دادەماڵێت و سەمبۆل و دەلالەتەکانی خۆی لە جێگەی دادەنێت یان ئەو کاتەی دەسەڵات هەوڵ دەدات دەست بە سەر جەستەی بێ گیانی شۆڕشگێڕێکدا بگرێت و بەدزییەوە بینێژێت واتای ئەوەیە ئەوان لە گرینگی سیاسەتی سەمبۆلیک تێدەگەن. ئەوان هەوڵ دەدەن مردووەکانیشمان تێنەگەن کە لە پیناوی چیدا دەمرن، بەڵام کاتێک خەڵک تەرمەکە لە دەستی دەسەڵات دەردێنن و بە درووشم و سەمبۆلەکانی خۆیانەوە بە خاکی دەسپێرن خەڵک بە شێوەیەکی سەمبۆلیک لە ڕابردوویەکی لێوانلێو لە ستەم دادەبڕن و داهاتوویەکی ئازاد لە ئامێز دەگرن. لەم شەڕگەیەدایە کە مردوەکانیشمان ژیانێکی سیاسی نوێ وەردەگرن. لێرەدایە لە واتای ئەو دیڕەی کە دەڵێت “ئەوە خەڵکن کە پێشەنگی ئەم شۆڕشەن” باشتر تێدەگەین. هەوڵدان بۆ یەکخستنی درووشمەکان و سەمبۆلەکان هەرچەند دەکرێت وەکوو نییەت چاکەی هێزە سیاسییەکای کورد ببینرێت بۆ هێشتنەوەی یەکگرتوویی لەگەڵ ناوەند، سڕینەوەی نادڵنیاییەکانی ئەوان لە کورد بەڵام پێویستە دەرک بە تێچووی ماڵوێرانکەری ئەم هەڵە گەورەیە بکەن. ئەم هەوڵە پێشکەشییەکی خۆڕاییە، ئەسپێکی تڕۆوایە کە ئەگەر وەریبگرین لە ناوەوە ئێمە دادەماڵێت لە هەموو دەلالەتەکانی کوردبوون، سەپاندنی خۆبەخشانەی سەمبۆل و ڕەمزەکانی ئەوانە، هێژمۆنیک کردنی گوتاری سەمبۆلیکی ئەوانە بە سەر گوتاری سەمبۆلیکی خۆمان، تەسلیم بوونە لە شەڕگەی سیاسەتی سەمبۆلیک و جۆرێکە لە ئۆتۆ ئاسیمیلاسیۆن (تواندنەوەی خۆبەخشانە) لەناو گوتاری سەمبۆلیکی سەردەستدا. ئاکامەکەی وادەکات ئیدی کوردێک ئاڵای شێر و خۆرشید بە سەمبۆلی سەرکوت نەزانێت، لە خەیاڵدانی خۆیدا باوەڕ دەکات کە ئەم شێرە شمشێر بە دەستە چیدی جەرگی لاوێکی هەژاری کورد ورد ورد ناجنێت!
سیاسەتی کوردی دەبێ لە بایەخی سیاسەتی سەمبۆلیک تێبگات. ئەگەر سیاسەت بە واتای بە قەناعەت گەیاندن بێت ئەوا خەڵکی ئاسایی لە ڕێگەی دڵیانەوە باشتر بە قەناعەت دەگەن تا مێشکیان. سەمبۆلەکان لە پێشدا دڵ بە ئامانج دەگرن، فەتحی قلووب دەکەن، لە گەڵ دڵ دەدوێن، ئیمان و باوەڕ دەکەن بە ڕەفتار. سیاسەتی سەمبۆلیک مکانیزمێکی کاریگەرە کە لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لە هێماکان، درووشمەکان و ڕەوایەتەکان وشیاریی ئێمە دەگۆڕێ و دەبێتە هۆی کردەوەی سیاسیی بەکۆمەڵ و بنجبەستنی ناسنامەی بەکۆمەڵ. بنەمای سیاسەتی مودێرن لەسەر زانست، عەقلانییەت و ماتریالیزم دانراوە بۆیە لە لایەنە سەمبۆلیکەکانی سیاسەت تێناگات. بکەر و سوژەی شۆڕش جگە لەوەی بە دوای ژیانێکی باشترە، شوێن بەرژەوەندییە ماددییەکانی دەکەوێ و لە هەمان کاتدا کەیلی مانا بەخشینیشە بە ژیانی.
بۆیە سیاسەتی کوردی دەبێ لە گرینگی سەمبۆلەکان تێبگات، پێویستە بزانین کە ئەم شەڕە بەر لەوەی لە سەر شەقامەکانی کوردستان و تاراندا یەکلا بکرێتە و لە ئاستی سەمبۆلیکدا یەکلایی دەکرێتەوە. سەمبۆلەکان خەزێنەیەکی گرینگن بۆ مۆبیلیزە کردنی خەڵک، گاندی بە کەڵک وەرگرتن لە کۆمەڵیک سەمبۆل وەکوو “چەرخە”، “خوێ”، “خۆر” و “جل و بەرگی وەرزێڕی” پشتی ئەمپریالیزمی بریتانیای شکاند یان بە هەمان شێوە دایکانی بێ سەر و شوێنکراوەکان لە ئارژانتین و مارتین لۆترکینگ لە ئامریکا بە کەڵکوەرگرتن لەم خەزێنە سەمبۆلیستییە توانیان کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت و ڕەگەزپەرەستی بێنن. کورد دەبێ بزانێ بۆ لەنێوبردنی دەسەڵات و مسۆگەرکردنی پێگەیەکی یاسایی_سیاسی لە داهاتووی ئێراندا دەبێ سەرەتا شەری سەمبۆلەکان بباتەوە. کورد گەر دەیهەوێ لە دواڕۆژی سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیەدا بە ڕەسمییەت بناسرێ دەبێت سەرەتا ئەم شەڕە نەدۆڕێنێت، چونکە سەمبۆلەکانن دەسەڵات و هێز بەرهەم دێنن؛ ئەگەر بە سەمبۆل و گوتاری سەمبۆلیکی ئەویترەوە دەربکەوین ئەوا دەبین بە بەشێک لە جەستەی ئەویتر، کە ئێمە لەناو گیانی ئەویتردا تواینەوە چۆن دەتوانین جیاواز بوونی خۆمان بسەلمێنین؟ شێرە شمشێر بە دەستەکەی ئاڵای ئێران، ئێمە بێبەری دەکات لە تیشکی خۆر! بەڵام خۆری نێو ئاڵای کوردستان بە بێجیاوازی هەموو کوردێک دەخاتە بەر ڕۆشنایی تیشکی خۆی. بزووتنەوەی ژینا دەریخست کە کورد زمانێکی سەمبۆلیکی بەهێزی هەیە کە لە خەزێنەیەکی سەمبۆلیکی دەوڵەمەندەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم خەزێنەیە ئامرازێکی گرینگە بۆ وشیاریی نەتەوەیی، بۆ دەستەبەرکردنی ناسنامەی بەکۆمەڵ و بۆ مۆبیلیزە کردنی خەڵک. ئەم شێوە تێگەیشتنە ئەگەری قووڵکردنەوەی کەلێنەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هەیە، بەڵام توانایەکی زۆر چاکیشی بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە تێگەیشتن و بەڕەسمییەت ناسینی دوولایەنەی تێدایە. هەر بۆیە هێزە کوردییەکان دەبێ لە گرینگی ئەم شەڕە تێبگەن و نابێ کورد لەم چەکە ستراتیژیکە بێبەری بکرێ.
سەرچاوە
- سقوط پول شوروی و تکرار در ایران امروز - 12/21/2024
- دۆزەخ دەروازەی کرانەوەی کوردستان - 12/18/2024
- نقشه جهنمی - 12/13/2024