ئامادەکردنی دکتۆر کرمانج گوندیی
ڕەسەنێتیی زمانی کوردیی لەبەرامبەر ڕەسەنێتیی زمانی تورکیی لە کتێبی بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر
کتێبی بیرەوەرییەکانی ڕەوانشاد، موسا عەنتەر، یاداوەرییەکانی تاکە مرۆڤێک نیە کە تەنێ لە ڕەهەندی ژیاننامەی وی گوزەری کرد بی. بەڵکو تژی داستانگەلێگی خوێناوییە کە ڕژێمی شۆڤێنیزمی تورکیای داگیرکەر لە ئان و ساتی جیاواز بەسەر میللەتی ئێمەی هێناوە. موسا تاوانگەلێك باس دەکا کە لە سیمای مێژووی نەتەوایەتییمان نەبیستراون. تاونگەلێك کە هیچ دڕندەیێکی ناو جەنگەل بەرامبەر بە هیچ جانەوەرێکی دیکە ئەنجام نادا. پێموایە، بۆ هەر نیشتیمانپەروەرێکی کوردستانێ، لۆ ئەوەی زێتر بە وەحشیگەریی پێکهاتەکانی حکومەتەکانی تورکیایێ شارەزا بی گەرەکە کتێبی بیرەوەرییەکانی موسا بخوێنیتەوە. هەڵبەت، ئەو بابەتە گرینگەی خوارێ لایەنێکی شکۆداری فەرهەنگ و زمانی کوردیە کە پێویستە زۆرینەی هەر زۆری نیشتیمانپەروەرانی کوردستانێ لێی وەئاگا بن.
ڕەوانشاد موسا عەنتەر لە لاپەرە 214 -218 بیرەوەرییەکانی (وەرگێردراوی کوردیی)، وەها داستانەکە دەگێڕیتەوە. لە دەورانی جەنگی دووی جیهانگیر ڕۆشن نەبوو کە دەوڵاتی تورکیایێ دەکەوێتە بەرەی ئەڵمانێ یان بەرەی هاوپەیمانان؛ لکێکی مێدیا تێڕامانیینی وەها بوو کە تورکیا پشتگیریی لە ئەڵمانێ دەکا، و لکەکەی دیکە تێڕامانیینی وەها بوو کە تورکیا پشتگیریی لە هاوپەیمانان لەدژی ئەلمانێ دەکا. وەلێ، خودی دەوڵەتی تورکیایێ خۆی بێلایەن نیشان دەدا؛ لێ، لەبەر هۆکاری پشتگیریی تورکەکان لە ئەلمانێ لە جەنگی ئێكی جیهانگیر، زۆرینەی تێڕامانییەکان وەها بوو کە لە دوا قۆناغ تورکیا دەکەوێتە بەرەی ئەڵمانێ. بەڵام، لەبەر ئەوەی کە دەوروبەری تورکیایێ بە هێزەکانی ئینگلستانێ و سۆڤیەتێ تەنرا بوون، لۆیێ پێویستی دەکرد کە توکیا خۆی بێلایەن نیشان بدا. ئینگلستان زۆر هەولی دا کە توکیا بخاتە ناو جەنگەکە، وەلێ سەرکەوت نەبوو. جارێ لە ئەدەنە و جارێکیش لە میسرێ، عیسمەت ئینینۆ، سەرۆکی وەختی تورکیایێ [کە لە داك و باب ڕا کورد بوو] داوەت کرا بوو. چێرچڵ [سەرشالیارانی وەختی ئینگلستانێ] و ڕۆزڤێلت [سەرۆکی وەختی ئەمریکایێ] زۆر گوشاریان خستبوە سەر ئینۆنۆ بۆ ئەوەی تورکیا بە پشتیوانی هاوپەیمانان بچێتە ناو جەنگەکە؛ بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێك هەڕەشە و فرتوفێڵیان بەکار هێنا، لێ بە لێ، نەیانتوانی ئینینۆ ڕازیی بکەن. ڕەوانشاد موسا وەها باسی کۆبوونەوەکەی قاهیرە دەکا: سالێ 1956، لە شەقامی ئیستقلال لە بەیئۆغڵو، ڕیستوڕانتێکی گەورەمان بەناوی ڕیستوڕانتی بەیئۆغڵو هەبوو. ڕۆژێك دوو ئەفەندی بە تەمەن هاتنە ڕێستورانتەکە، بەرەو پیریان چووم کە لێیان نێزیك بوومەوە، هەردووکیانم ناسیەوە. ئێکەکیان تاهیر تانەریی کە لە بەشی قانوونی تاوان پڕۆفیسۆری زانستگە بوو، ئەوی دیکەش نومان مەنەمەنچیئۆغڵو، شالیاری دەرێی تورکیایێ لە زەمانی ئینونو بوو؛ ئەو دوو پیاوە دەمێك بوو دۆستی ئێکدیکە بوون، هەردووکیشیان خانەنشین ببوون. بە جێگەی گارسۆن، خۆم بە باشیی خزمەتیانم کرد؛ لە ئانی ڕۆیشتنیان، داوام لێیان کرد کە زوو زوو تەشریف بێننەوە؛ ئەوانیش ناوە ناوە دەهاتنە لامان. ئەو دوو پیاوە، هەردووکیان، لە ئانی پرۆسێسی پەیمانی لۆزان، ڕاوێژکارانی قانوونیی عیسمەت ئینونو بوون [کە ئەو کات سەرشالیارانی تورکیایێ بوو]. جارەکی دیکە کە دیسان پێکەوە هاتن بۆ ڕیستوڕانتەکەمان، مەنەمەنچیئۆغڵو، وەها باسی یاداوەرییەکی خۆی، لەبارەی کۆبوونەوەکەی قاهیرە کرد.
لە ساڵی 1943، عیسمەت ئینینۆ و منیان بانگهێشتی قاهیرە کرد. ئینینۆ نێزیکی جەنگەکە نەدەکەوتەوە، چونکە تیۆری وی لە کۆبوونەوەی ئەدەنە و قاهیرە وەها بوو، ‘حاڵی حازر سوپاکەمان لەو ئاستە نیە [کە بتانی] بەشداری لە جەنگ بکا، بۆیێ سوپاکەمان پڕ چەك بکەن و بیگەیننە ئاستی سوپاکانی خۆتان، ئەو کات بزانن چۆن دێینە ناو جەنگ.’ وەلێ، چێرچڵ و ڕۆزڤێلت باوەڕیان بە تورکان نەبوو، چونکە دەیانگۆت، ‘ئەدی ئەگەر دوای ئامادە کردن و پڕچەک کردنیان، تورکەکان بچنە پاڵ ئەڵمانێ؟’ وەلێ ئەوجارە، لەلایەکی دیکە لێمان سووڕانەوە، ئەوجارە پرسی کوردییان هێنا سەر مێزی دانوساندنەکان بۆ ئەوەی جۆرێکی دیکە چاوترسێنمان بکەن.
ئەوجارە [ئەمریکا و ئینگلستان] هاتبوونە نێو جیهانی ئیسلامیی، بۆیێ ژمارەیێك ڕۆژهەڵاتناسیان دەگەڵ خۆیان هێنا بوو کە شارەزاییان [لە زمانەکانی میللەتانی خاوەری ناڤین] هەبوو. چێرچڵ ڕووی لە ئینینۆ کرد و گۆتی: “پاشا تۆ کوردیی دەزانی؟ عیسمەت ئینینۆ سەری سوڕ ما. چونکە، نەیدەزانی چ بڵێ! پێش ئەوەی ئینینۆ وەرام بدا، ئەمن سەری قسەکانم وەرگرت و گۆتم: گەورەم، ئێمە کوردیی نازانین، لەلای ئێمە بە کوردیی قسە ناکرێ، و زمانێکی ئەوهاش لە تورکیایێ نیە. چێرچڵ لە ئێکەك لەو ڕۆژهەڵاتناسانەی لە شاندەکە بوو، پرسیاری کرد، ئایا ئەو قسە ڕاستە؟ ئایا لە تورکیایێ زمانێك نیە بەناو زمانی کوردیی؟ چێرچڵ کە ئەو پرسیارەی لەو پیاوە کرد بە مستەر بانگی کرد؛ دیار بوو پێشتر ئامادەکارییان بۆ ئەو سێناریۆیە کرد بوو، بۆیێ ڕۆژهەڵاتناسەکە هەستاوە و گۆتی: چۆن ئەو زمانە نیە، ئەو زمانە هەیە و ئەدەبێکی زۆر دەوڵەمەندییشیان هەیە. ئەگەر بتانەوێ شیعڕێکتان لە دیوانی [مەلای] جزیری بۆ دەخوێمەوە. چێرچڵ کوتی، بیخوێنەوە. هیچ [کەس لە وێ] لە شیعرەکە تێنەدەگەیشت، بەڵام زمانەکە لە زمانی فارسیی نێزیك بوو، و ئاوازێکی بە ئاهەنگیشی هەبوو؛ کە مستەر لە شیعر خوێندنەوە بۆوە، گوتی، ئەوە شیعرێکی کوردیی بوو. چێرچڵ کوتی، مادام وایە، شیعرەکەمان بۆ بنووسەوە و وەریشیبگێرە بۆ سەر زمانی ئینگلیزیی. لە ماوەێیکی کێم وەرگێڕانەکە تەواو بوو. ئەوجارە، سەرشالیارانی بەریتانیا گوتی، دە بۆ سەر فەڕنسییش وەریبگێڕن، شیعرەکە بۆسەر زمانی فەڕنسیی وەرگێردرا؛ دوایی وەرگێردرا سەر زمانی تورکییش. ئەنجا، چێرچڵ ئاوها قسەکانی خۆی [لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناسەکە] درێژە پێ دا. جەناب، پێم بڵێ لەو سێ زمانە بۆ ئەوەی هەمان هەستی زمانە ڕەسەنەکەی تێدا دەرببڕدرێ، ئایا وەرگێر ناچار بوە کە چەند وشەی بێگانە لە دەقە وەرگێردراوەکە بەکار بهێنێت؟
بۆ ئەو مەبەستە، دەستیان کرد بە هەژماردنی وشەکانی بێگانە. لە وەرگێڕدراوەکەی فەڕەنسیی، هیچ وشەیێکی بێگانە نەبوو؛ لە ئینگلیزییەکە چارــ پێنج وشەی بنەچە لاتینیی تێدا هەبوو؛ لە تێکستە کوردییە ڕەسەنەکە سێ ــ چار وشەی عارەبیی تێدا هەبوو. بەڵام کە هاتینە سەر وەرگێڕانەکەی زمانی تورکیی جگە لە ئامرازەکانی لکاندن، هیچ وشەیێکی تورکیی تێدا نەبوو. بەڵکو هەموو وشەکان بریتیی بوون لە وشەگەلێکی عارەبیی، فارسیی، و زمانەکانی دیکەی ئۆروپایێ. چێرچڵ، هەر چار وەرگێڕانەکەی لەسەر چار پەڕ لە پێش ئێمە دانا، و گۆتی، ئێوە شەرم ناکەن؟ سەیر کەن، ئەوەتا دەوڵەمەندیی زمانی کوردیی دەبینن [و ئەو زمانە] زمانی دایکیی ڕێژەیێکی زۆر لە میللەتەکەتانە، وەلێ ئێوە دەڵێن ئەو زمانە بوونی نیە!
موسا لە کۆتایی ئەو بابەتە، نووسیتی،’دواتر مەنەمەنچیئۆغڵۆ پێیمی گۆت، لەو ماوەی شالیاری دەرێی تورکیایێ بووم، هیچ ڕۆژەك هێندەی ئەو ڕۆژ بەسەر خۆم نەشکامەوە و بێزار نەبووم؛ بە بیریشم نایێ کە ڕۆژێکی دیکەی ئاوهام بەسەر هاتبێ.
لەو باسە مێژووییە، چەند راستییەک بۆ ئێمەی کوردستانیی خویا دەبن:
ئێکەکیان، زمانی کوردیی تەسکەرە، ڕیشەیێکی مێژوویی، و کەوناری هەیە؛ ئەوەتا بە گۆتەی خودی مەنەمەنچیئۆغڵۆ لەو زمانە تێنەگەیشتوون، و دانیش بەو ڕاستییە ناوە کە ئەو زمان ئاوازێکی تایبەت بەخۆی هەبوو. ئەنجا، دەبینین کە لە سەردەمی ئێساتکانێش، لە ژێر ئەو هەموو چەوساندنەوە و هەول دانی داگیر کەران بۆ نەهێشتنی زمانەکەمان، زمانی کوردیی لە زمانەکانی فارسیی و تورکیی پاراو ترە، و بە لە چاو گرتنی پیتەکان، لە زمانی عارەبیی کامڵترە. وەکی دیارە، لە زمانی ئینگلیزییش کێمتر وشەی بیگانەی تێدا دیترایە. ئەو ڕاستییە گەرەکە لۆ هەر هاوڵاتییەکی نێشتیمانپەروەر وەکی بەڵگەیێکی مێژوویی ڕەچاو بکرێ، و هەرگیز زمانی کوردیی لەبەرامبەر زمانگەلی فارسیی، تورکیی، و عارەبیی کێماس و لاواز نەبینێ.
ئێکەکی دیکە، ئەگەر چی دەوڵەتی توکیا، لە ساڵی 1924، دوای نووسینی دەستووری تورکیایێ نکۆڵی لە بوونی کورد و کوردستان کرد، و تەواوی پێکاهەتکانی قەزایی، پۆلیسیی، سەربازیی، و سیخوڕیی بەکار هێنراوە بۆ نابوود کردنی تەسکەرەی کوردیی، وەلێ دۆزی کوردان هەمیشە لە زهنیەتی شۆڤێنیزمی تورك بوونی هەبوە. هەڵبەت، پاش ئەوەی پەکەکە، لە ساڵی 1984، خەباتی چەکداریی دەست پێکرد کە هەتا ئەلئانەکانێش چۆك ئەستوورانە درێژەی هەیە، دۆزی کوردان لەو ئاستە دەرچوە کە چیدیکە شۆڤێنزمی تورك بتانی نکۆڵی لێ بکا.
ئەویدیکە، چێرچڵی ڕەوان ڕەش و ناشاد، لە کاتێك ئەو راستییە مێژووییەی لەمەڕ زمان و فەرهەنگی میللەتی کورد دەزانی، خودی وی کوردستانی بندەستی ئیمپراتۆرێتیی عوسمانیی کردە سێ بەش، و سەرنوێشت و ئایندەی ئەو میللەتەی ڕادەستی شۆڤێنزمی تورکیی و عارەبیی کرد بەبێ ئەوەی گچکەترین گەرەنتی بۆ پاراستنی تەسکەرەی کوردیی لەو وڵاتانە دەستەبەر بکا. لە لایێکی دیکە، ئەو داستانە، ئەو ڕاستییەشمان وەبیر دینیتەوە کە وڵاتانی زلهێز/کۆلۆنیالیست، بۆ مەرامنامە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، نەتەوەی کوردستانێیان بەو جۆرە دابەشکرد ــ بە جۆرێك نەهێڵن کە مەیللەتی کوردستانێ بگاتە ئامانج؛ لەلایێکی تر هەر کاتێك ویستبێتیان گوشار بخەنە سەر ئێکەك لە وڵاتەکانی داگیرکەری کوردستانێ، کارتی کوردییان بەکار هینایە، و هەر کاتێكیش گرفتیان دەگەر وڵاتەکە نەما بی، کارتی کوردیان سووتاندیە؛ هەرگیز بەلاشیان گرینگ نەبوە کە لەو گەمە نامرۆڤانەیان، میللەت کوردستانێ چەند قوربانیی بە ژیان، موڵك، و بژێویی خۆیاندا بێ.
سەرچاوە: وتاریکورد
- سقوط پول شوروی و تکرار در ایران امروز - 12/21/2024
- دۆزەخ دەروازەی کرانەوەی کوردستان - 12/18/2024
- نقشه جهنمی - 12/13/2024