سلاڤۆی ژیژەك
و. ڕاڤین کامەران
سەد ساڵ لەمەوبەر، کارڵ مای کتێبە پڕفرۆشەکەی بە ناونیشانی “بەرەو کوردستانی کێوی[1]” نووسی. کتێبەکە دەربارەی سەرکێشییەکانی پاڵەوانێکی ئەڵمانییە لەو بەشەی جیهان [کوردستان] بە ناوی کارا بێن نێمسی. ئەم کتێبە زۆر بەناوبانگە، لە دروستکردنی درکپێکردنێکی سەنتەری ئەورووپا یارمەتیدەر بوو سەبارەت بە کوردستان وەک شوێنێکی خێڵە وەحشییەکان، ڕاستگۆیی دڵسافی و شەرەف، هەروەها خەڵکانێکی وەهماوی، خیانەتکار و دڕندەیەکی هەمیشە شەڕخواز – [بە کورتی] وەک بەربەرییەکی کاریکاتێری ئەوی تری شارستانێتیی ئەورووپی. ئەگەر تەماشای ئەمڕۆی کوردستان بکەین، ناتوانین بەرانبەر بەم کڵێشەیە تووشی سەرسووڕمان نەبین. کاتێک من لە تورکیا بووم، کە دەزانم بە ڕێژەیی بارودۆخەکە باشە، تێبینیی کەمینەی کوردەکانم کرد، ئەوان مۆدێرنترین و سیکۆلارترین بەشی کۆمەڵگەن، ئەوپەڕی لە هەر فەندەمێنتاڵیزمێکی ئایینییەوە دوورن و گەشەپێدەری فیمینیزمیشن.
کاتێک لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ـدا دۆناڵد ترەمپ ڕێگەی بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی باکووری سوریا دا، “بلیمەتی تەوێڵە”ـەکانی [کابینەی ترەمپ] ئەو پاساوەیان هێنایەوە کە کوردەکان “فریشتە نین[2]“. بێگومان بۆ ئەو تەنها فریشتەیەک لەو ناوچەیەدا هەبێت ئیسرائیلە (بەتایبەتی کەناری ڕۆژئاوا) و عەرەبی سعودیە (بەتایبەتی لە یەمەن). هەرچۆنێک بێت، بە مانایەک لە ماناکان کوردەکان تاکە فریشتەی ئەو بەشەی جیهانن. چارەنووسی کوردەکان ئەوان دەکات بە نموونەی قوربانیی دەست گەمەی جیۆپۆلەتیکی داگیرکاری: [کوردستان] هاوسنوورە لەگەڵ چوار دەوڵەتی دراوسێدا (تورکیا، سوریا، عێراق، ئێران)، ئۆتۆنۆمیی تەواوەتی (کە زۆر لەوە زیاتریشیان شایەنە) بۆ هیچ کەسێک گرنگ نییە، ئەوانیش لەو پێناوەدا هەموو قوربانییەکیان داوە. ئایا ئێمە هێشتا بۆمببارانە چڕ و غازە ژەهراوییەکانی سەدام حوسەینمان لەبیرە کە لە کۆتایی هەشتاکاندا بەسەر کوردانی باکووری عێراقدا باراندی؟ هەر بەم دواییە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ تورکیا پلانێکی وردداڕێژراوی گەمەی سیاسی-سەربازیی داڕشت، کە بە فەرمی وا دەردەکەوت دژ بە داعش شەڕ دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا بۆمببارانی ئەو کوردانەی دەکرد کە بەڕاستی دژ بە داعش شەڕیان دەکرد.
لەم دەیەی کۆتاییدا، توانای کوردەکان لە هەلومەرجێکی ڕوون و ڕەوانی ئەزموونیدا ڕێکخستنی ژیانێکی هاوبەشانەیان تاقی کردەوە. هەر کاتێک بۆشاییەکیان پێ درابێت و بە ئازادانە لە دەرەوەی پێکدادانی دەوڵەتەکانی دەوروبەریان هەناسەیان دابێت، جیهانیان سەرسام کردووە. لە دوای ڕووخانی سەدامەوە، ناوچە کوردییەکانی باکووری عێراق بوونە تاکە شوێن و جێگەی سەلامەتیی عێراق، دامودەزگایان دروست کرد، تەنانەت گەشتی فڕۆکەی یاسایی ئەورووپاش. لە باکووری سوریا، ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاڤا لە ئاژاوەی جیۆپۆلەتیکیی ئەمڕۆ شوێنێکی بێهاوتایە. هەر ئەوەندەی کوردەکان دەرفەتێکیان هەبووبێت و لە هەڕەشەی دراوسێ گەورەکانیان دوور بن، خێرا کۆمەڵگەیەکیان بونیاد ناوە کە تەنها لە یۆتۆپیایەکی ڕاستەقینەدا دروست دەکرێت.
وەک خولیا پسپۆڕییەکەی خۆم، کۆمەڵگەی ڕۆشنبیریی ڕۆژئاڤا سەرنجی ڕاکێشام، کە بەردەوام بانگهێشت دەکرام بۆ ئەوەی لەوێ وانە بڵێمەوە (ئەم پلانە بە هۆی گرژیی سەربازیی ناوچەکەوە نەهاتە دی).
بەڵام ئەوەی بەتایبەتی بێتاقەتم دەکات، کاردانەوەی هەندێک لە هاوکارە “چەپەکان”ـمە کە بەو ڕاستییە نیگەرانن کەوا کوردەکان پشت بە پارێزگاریی سەربازیی ئەمریکا دەبەستن، بەڵام ئەی دەبێت چییان بکردایە، بکەوتنایەتە گرژیی نێوان تورکیا، جەنگی ناوخۆی سوریا و ئەو ئاژاوەیەی عێراق و ئێران؟
ئایا هیچ هەڵبژاردنێکی تریان هەیە؟ ئایا دەبێت خۆیان لەپێناو خەباتی دژەئیمپڕالیستیدا بکەن بە قوربانی؟ ئەم ڕەخنەلەدوورەوەی “چەپانە” هیچ نییە جگە لە پەردەپۆشکردنی ئەو شتەی لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ئەنجامیان دا، کاتێک یۆنان و کۆماری مەقدۆنیا بۆ چارەسەری مشتومڕەکانیان سەبارەت بە ناوەکانیان گەیشتنە ڕێکەوتنێک. چارەسەرەکە بریتی بوو لەوەی مەقدۆنیا ناوی خۆی بە باکووری مەقدۆنیا بگۆڕێت، کە بە بەردەوامی لە لایەن توندڕەوەکانی هەردوو وڵاتەوە هێرش دەکرایە سەر ئەم گۆڕانکارییە. ڕکابەرە یۆنانییەکان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە ئەو “مەقدۆنیا”ـیە ناوێکی یۆنانیی کۆنە و ڕکابەرە مەقدۆنییەکانیش هەستیان بە سوکایەتی دەکرد کە کورت کراونەتەوە بۆ ناوچەی “باکوور”، لە کاتێکدا ئەوان تاکە خەڵکێکن بە خۆیان بڵێن “مەقدۆنی”.
ئەم چارەسەرە کۆتایی بەو پێکدادان و ناکۆکییە بێمانایەی هەردووکیان هێنا، بەڵام ئەمەش کەوتە ناو “دژوازییەکی”ـی دیکە: بەربەرەکانێی دوو دەسەڵاتی زلهێز (یەکێتیی ئەورووپا لە لایەک و ڕووسیا لە لایەکی دیکە).
خۆرئاوا فشاری دەکرد تا هەردوولا چارەسەرەکە قبووڵ بکەن و خێرا مەقدۆنیا ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ، لە کاتێکدا لەبەر هەندێک هۆکار (ترسی لەدەستدانی کاریگەری لە ناوچەی بەڵقان)، ڕووسیا دژایەتیی دەکرد و پشتیوانییەکی سەختی هێزە ناسیۆنالیستە کۆنزەرڤاتیڤەکانی دەکرد. کەواتە دەبێت لێرەدا چ لایەنێک هەڵبژێرین؟ پێم وایە دەبێت بڕیاری چارەسەرکردنەکە هەڵبژێرین، ئەویش لەبەر هۆکارێکی سادە، چونکە ئەمە تەنها چارەسەرێکی ڕیاڵیستانەی کێشەکەیە. لێرەدا پشتیوانیی ڕووسیا بە واتای قووربانیدانی چارەسەرێکی عەقڵانییە لەپێناو تاکە کێشەی پەیوەندیی نێوان مەقدۆنیا و یۆنان بۆ خولیا ئینتەرناسیۆنالە جیۆپۆلەتیکییەکان. ئایا دەبوایە کوردەکانیش هەمان مامەڵەی دژەئیمپڕیاڵیستی “چەپەکان”ـمانیان بکردایە؟
هەر بۆیە ئەرکی ئێمە ئەوەیە بە تەواوەتی پشتگیریی بەرخۆدانی کوردان دژ بە داگیرکاریی تورکیا و دژایەتیی گەمە پیسەکانی هێزەکان خۆرئاوا بکەین. لە کاتێکدا دەسەڵاتی دەوڵەتەکانی دەوروبەری کوردستان لەناو بەربەریزمێکی نوێدا نووقم دەبن، کوردەکان تاکە ترووسکەی هیوان، هەروەها ئەم خەمخواردنە تەنها بۆ کوردەکان نییە، بەڵکو بۆ خودی خۆشمان و دروستبوونی نەزمێکی نوێی جیهانییە. ئەگەر کوردەکان جێ هێڵرابن، نەزمێکی نوێ دروست دەبێت و هیچ کام لە میراتە بەبەهاکەی ڕزگاریخوازیی ئەورووپی نامێنێت. ئەگەر ئەورووپا لە ئاست کورداندا چاوەکانی خۆی دابخات، ئەوا خیانەت لە خۆی دەکات و دەبێت بە ئەورووپاستانێکی ڕاستەقینە.
- هەڵبژاردنه پووچەڵەکەی باشوور - 10/26/2024
- ئاغاشڕەی ئیناخی کێ بوو؟ - 10/20/2024
- برخی اصول جدایی طلبی - 10/16/2024