فرانتز فانۆن لە مەفرەقەکەی ڕەحیماوا

سیروان عەبدوللا

دەبێت ئەزموونی ئەوەت هەبێت وەک کوردێک لەناو
شاری کەرکوک ژیابیت، ئینجا دەتوانیت لەو تووڕەییە
زۆرەی ناخی کوردانی ئەو شارە تێبگەیت کە ئاوا
هێناونیەتیە سەر جادە و خۆیان بە کوشت دەدەن.

ئەوەی کە پێتوابێت ئەو خەڵکە، لەبەر فەقیرحاڵیی و
کەمیی هۆشیاریی سیاسیی، سەر لە وەزعەکە دەرناکەن
و، پێتوابێت ئەو خەڵکە تەنها بە هاندانی پارتی
دیموکراتی کوردستان ئاوا ڕیسک بە ژیانی خۆیانەوە
دەکەن، ئەوا بزانە کە ئەگەر کەسێک هەبێت لەو نێوەندەدا
کە فەقیرحاڵە و لەبەر کەمیی هۆشیاریی سیاسیی سەر
لە وەزعەکە دەرناکات، تەنها تۆیت.

٭ ٭ ٭

تا لە کەرکوک نەژیابیت نازانیت ئیحساسی چی
هێرشێکی گەورە دەدات بۆ سەر ڕێزی خۆت بۆ خۆت،
کاتێک کە لەگەڵ عەرەبێکدا قسە دەکەیت، بەدیهییترین
شت ئەوەیە کە دەبێت تۆ عەرەبیی قسە بکەیت نەک ئەو
کوردیی قسە بکات. وە ئەگەر لێت دەرکەوێت کە
چاوەڕوانییەکت هەیە ئەو بە کوردیی قسە بکات، یان
ئەگەر عەرەبییەکەت خراپ بێت، ئەوە ئیتر وەک
دەبەنگیی و بێئاگاییەکی جێگەی پێکەنین بۆ تۆ حیساب
دەبێت، نەک ئەو.

تا لە کەرکوک نەژیابیت نازانیت، وەک منداڵێکی شەش
حەوت ساڵەی کورد، چی ئیختیلالێکی ناسنامە و چی
ئازارێک دەخاتە دڵە قنجەکەی ناو سینگت و، چۆن
ناحەقانە خۆت و خانەوادەکەت و هەموو خەڵکی گەڕەکە
کوردییەکەتت لەبەرچاو دەخات و کوردبوونت لێ دەبێتە
عەیبەیەک کاتێك لە قوتابخانە بۆت دەردەکەوێت کە ئەو
زمانەی دایکت فێری کردوویت و لەگەڵ خوشک و
براکانت و هاوڕێکانت قسەی پێ دەکەیت، لەوێ
ڕەسمییەتی نییە و دەبێت بیشاریتەوە. وە ئەگەر
عەرەبییەکەشت خراپ بێت، ئەوا یان دەبێت بە مانگ و
ساڵ لە پۆلدا قسە نەکەیت و هەوڵ بدەیت لەپشت
سەری قوتابییەکانی ترەوە خۆت بشاریتەوە، یان ئەگەر
قسەت کرد و لە عەرەبییەکەتدا هەڵە هەبوو، پێش
هەرکەسێکی تر، هاوڕێ کوردەکانی خۆت بە عەیبەیەکی
شایان بە پێکەنینی تۆی دەزانن و پێت پێ دەکەنن.

تا لە کەرکوک نەژیابیت نازانیت چی هەستێکی
خۆئیهانەکردن و دووپارچەکردنی ڕۆحی خۆتت لا
دروست دەکات و هەنگاوێک لە شیزۆفیرینیا نزیکت
دەکاتەوە کاتێک وەک کرێکارێکی کورد لەگەڵ چەند
کرێکارێکی کوردی تردا خەریکی دروستکردنی
خانوویەکن بۆ خانەوادەیەکی عەرەبی ئینتیهازیی
گوندێکی ناسرییە کە دەوڵەت، وەک بەشێک لە هەوڵی
کاڵکردنەوەی ناسنامەی کوردییانەی ئێوە لە شارەکەتاندا
و لەپێناو غەریبخستنی کولتوری ئێوە لەو شارەدا،
بڕەپارەیەکی گەورەی پێداوە و ناردوویەتی لە کەرکوک
خانوو دروست بکات و ئیتر لەوێ بژی.

تا لە کەرکوک نەژیابیت نازانیت چی هەستێکی
زەلیلکراویی تراومادروستکەر و داڕوخێنەرە کە ببینیت
دوو گەنجی عەرەب تەنها بۆ چێژبینین لە
دەسەڵاتدارێتییان لەبەرامبەر تۆدا و، بۆ بینینی
بێدەسەڵاتیی تۆ، بە سەیارەیەکەوە بەناو گەڕەکە زۆرینە
کوردییەکاندا دەڕۆن و، پڕ بە جادەکە گۆرانیی عەرەبیی
لێدەدەن، بەڵام لەهەمانکاتدا دەزانیت ئەگەر بوێریت و
تۆش بچیت هەمانشت لە گەڕەکێکی زۆرینە عەرەب
بکەیت، هەروا بێ عاقیبەت تێناپەڕێت، چونکە ڕاسیزم
بۆتە بەشێکی ستراکتۆریی ژیانی کۆمەڵگاکە و، ئەو
تەحەمولەی بۆ ئیسراحەت-خۆ-وەرگرتنی عەرەب هەیە، بۆ
کورد نییە.

تۆ نازانیت چۆنە سەیارەی ئاگرکوژێنەوە بێت و ئاگری
نەورۆزت لێ بکوژێنێتەوە و خۆشت ڕاونێت بۆ ماڵەوە.
نازانیت چۆنە خاڵت لە گوندەوە بێت و بە حەسرەتێکی
پڕ لە تووڕەییەوە بڵێت نازانم چی بکەم، عەرەبێک
ئەرزەکەمی داگیرکردووە و هەڕەشەش دەکات.
نازانیت چۆنە بەپێچەوانەی خواستی هەر هەموو
دانیشتوانی گەڕەکەکەتەوە، دەسەڵات بۆ تەشویش-
خستنەسەر ناسنامە و بەتاڵکردنەوەی هەستی شانازیی
تۆ و دراوسێکانت، فەرزی بکات ئاڵایەکی عێراق بداتە
دەست ئەو پەیکەری پێشمەرگەیەوە کە لە گەڕەکەکەتاندا
هەیە.
نازانیت چی کوشندەیە بۆ ڕوانگەت بۆ خۆت و بۆ
تەندروستیی دەروونییت گوێت لە نوکتەیەک بێت کە
«گەمژەیی کورد» نەواتە کۆمیدییەکەیەتی.
نازانیت چی عەزابێکی ڕۆحیی و بەرچاوتاریکییەکە، لەناو
شارێکدا بژیت کە ئەگەرچی چەند پشتتی تیا ژیاوە،
کەچی هەمیشە هەستی غوربەتێک لەنێوان تۆ و جادە و
کۆڵانەکانیدا هەیە.

من لە تەجرەبەوە قسە دەکەم. لە شارێکی وادا، ئەو
لەحزەیەی لە ماڵ دەردەچیت و هەڵدەکوتیتە سەر
دەزگاکانی حوکمداریی و پیاوانی دەسەڵات و، ناچار بە
کشانەوەیان دەکەیت، ئەو لەحزەیە ئیتر جادە و کۆڵانەکان
بە جۆرێکی تر دێنە بەرچاوت و پەیوەندییەکی تەواو
جیاوازت لەگەڵیاندا بۆ دروست دەبێت. ئەو لەحزەیە
ڕادیکاڵانە ڕوانگەت بۆ قیمەتی خۆت دەگۆڕێت. بە
جۆرێک پڕ دەبیت لە شانازیی کە پێشتر قەت و قەت
تەجرەبەت نەکردووە. هیچ یەکێک لەو ئینسانانەی لە
مێژوودا لە هەڵچوون و ڕاپەڕین دژ بە ڕژێمی ڕاسیستیی
سەرکوتگەردا بەشداریان کردووە، قەت ڕۆژێک دوای
بەشداربوون لەو هاتنەسەرجادەیەدا، هەمان ئەو ئینسانە
نەبوون کە ڕۆژێک پێش ئەو هاتنەسەرجادەیە هەبوون.

ئەم هەفتەیە چوار گەنجی کورد، لەو شەڕی گێڕانەوەیەی
کەرامەتەدا بۆ خۆیان و بۆ ئێمە، نەک لەپێناو خزمەتکردن
بە حیزبێکی گەندەڵ و سەرکوتگەری وەک پارتییدا، بە
دەستی بەتاڵەوە چوونە بەر ڕێژنەی گوللە و ژیانیان بۆ
ئێمە بەخت کرد.

٭ ٭ ٭

پۆینتەکە ئەوەیە کە هاتنەسەرجادەی خەڵکی کورد لە
کەرکوک، سەبارەت بە شتی زۆر گەورەتر و وجودییترە
لەوەی تەنها سەبارەت بەو نیفاقەی مەسعود بازرانیی
بێت کە لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ هەر هەموو
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیینواندنێکی دژ بە حیزب و
بنەماڵەکەی خۆی قەدەغە و سزادار کردووە، بەڵام لە
کەرکوک وا پیشان دەدات کە گوایە لای ئەو کوشتنی
خۆپیشاندەر «بە هیچ جۆرێک جێگەی قبوڵ نییە». یان
سەبارەت بەو نیفاقەی سەرانی یەکێتیی نیشتیمانیی
بێت کە لە سلێمانیی بە ئەعسابێکی ساردەوە لەسەر
خۆپیشاندان «کوڕی خەڵک» دەکوژن، بەڵام لە هەڵپەی
ڕاگرتنی زیادبوونی لایەنگریی بۆ پدک، خۆیان وەک
داکۆکییکاری ڕۆحی «کوڕی خەڵک» لە کەرکوک پیشان
دەدەن.

شەش دەیە پێش ئێستا، فەیلەسوف و دەرونشناس و
شۆڕشگێڕی فەڕەنسیی فرانتز فانۆن، لە کتێبی
«زەلیلکراوەکانی دونیا»دا ئەو جۆرە ڕاپەڕینەی نەتەوەی
داگیرکراو بە ڕووی داگیرکەردا وەک وەسیلەیەک بۆ
تەراپیی دەروونیی و گێڕانەوەی تەندروستیی دەروونیی
بۆ تاکەکان تەشخیس داوە. ئەو پێیوایە تەفرەقە و
سەرکوتکردنی کولتوریی، بۆ نموونە فەزڵدانی زمانێك
بەسەر زمانی دایکی تۆدا، بەدوای خۆیدا گرفتی
دەروونیی ئاڵۆز و هەستی ئیغتیراب و پەراوێزخراویی
دەهێنێت. ژان پۆل سارتەر لەو پێشەکییەدا کە بۆ ئەو
کتێبەی نووسیوە، لە باسی گرنگیی دەستکەوتەکانی
ڕاپەڕین بە ڕووی تەفرەقەدا، تەنانەت تا ئەو ئاستە
ڕادیکاڵە دەڕوات کە دەڵێت «کاتێک داگیرکراوێک
ڕادەپەڕێت و داگیرکارێک دەکوژێت، بەوە تەنها
داگیرکارێک ناکوژێت، بەڵکو داگیرکراوێکیش
دەکوژێت»، بەو مانایەی کە وەک داگیرکراوێک لەناوی
دەبات و ئیتر دەیکاتە ئینسانێکی دەروون تەندروست و
ئازاد.

فانۆن لە باسی کارکردە خراپەکانی خۆفەرزکردنی
نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی تردا، باسی ئەو شکان و
خۆلەبەرچاوکەوتن و شەرمنییە دەکات کە لە دەروونی
تاکەکانی نەتەوە زەلیلکراوەکەدا دروست دەبێت. ئەو
دەڵێت ئەو شکان و شەرمنییە وای لە زۆرێک لە پیاوانی
جەزائیریی کردبوو کە تەنانەت لەوە کەوتبوون بتوانن
بوێرن هەستی خۆشەویستی خۆیان بۆ کچێک بەیان
بکەن، وە ژمارەیەکیان ئەوەندە متمانەیان بە خۆیان
شکابوو کە کاتێک زەواجیان دەکرد نەیاندەتوانی
سێکس بکەن. زۆرێکیان لەپێناو ڕاکردن لەو هەستی
زەلیلییە کە پرسیاری لەسەر قیمەتی خۆیان بۆ دروست
دەکردن، بۆ قەرەبوونکردنەوەی ئەو بێدەسەڵاتییە و
گەڕانەوەی ئۆتۆنۆمیی شەخسیی و بینینی قیمەتێک بۆ
خۆیان لەڕێگەی بینینی خۆیان لە پێگەیەکی
دەسەڵاتدارییدا، پەنایان دەبردە بەر توندوتیژیی بەرامبەر
بە هاونەتەوەکانی خۆیان و ئەندامانی خانەوادەکەی
خۆیان. لەم قوڵاییەدایە کە کەسێك دەتوانێت ڕەگێک بۆ
ئەو کۆنفلیکتە زۆر و پەرتەوازییە سەرتاپاگیرەی ناو
کۆمەڵگای کوردیی و، بۆ ئەو ژنکوژیی و توندوتیژییە
زۆرەی پیاوانی ناو خانەوادەکان ببینێت.

٭ ٭ ٭

بە هیچ جۆرێک بێ موناسەبە و تەنها ڕێکەوت نییە کە
دووان لەو چوار کوردەی کەرکوک کە پۆلیسی عێراق
تەقەی لێكردن و ژیانی لێ سەندنەوە ئەوانە بوون کە
ئاڵای کوردستانیان بەدەستەوە بوو. لەبەرامبەردا بۆ من
هیچ جێگەی سەرسوڕمان نابێت ئەگەر ئەو پۆلیسانەی
تەقەیان لەو کەسانە کرد، لەو جۆرە کەسانە بن کە ڕۆژانە
دەڵێن ”ئێمە هەموومان براین” و ”ئێمە و برا
کوردەکانمان لە شیمال” هەموومان هاوڵاتی یەکسانی
ناو ”یەک شەعب”ین.

ڕاسیزم کە بووە ڕاسیزمێکی ستراکتۆریی ناو
سیستەمێک، ئیتر دەچێتە قوڵاییەکی زیهنی تاکەکانەوە
کە مومارەسەکردنی، هیچ گڵۆپێکی سوور لە زیهنی
کەسەکەدا هەڵناکات. تاکەکان و کۆمەڵگاکە زۆر
بەئاسانیی دەتوانن ”ڕق لە جیاوازیی” و ”دروشمی
برایەتیی” لە خۆیاندا کۆبکەنەوە و، هەست نەکەن کە
ڕقەکەیان تیایە و پێشیان وابێت بەڕاستیی باوەڕیان بە
برایەتیی و یەکسانییەکە هەیە.

ئەو ڕاسیزمەی لە عێراقدا بەرامبەر بە کورد هەیە،
ڕاسیزمێکی ستراکتۆریی پەنهانە (Latent) کە لە سەد
ساڵی ڕابردوودا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە
کە بکرێت ناو بنرێت گۆڕانکاریی. تەنها ئەوەندەیە کە لە
هەندێک سیاقدا جار هەبووە ئەو ڕاسیزمە زۆر کەم خۆی
مانیفێست کردووە و، لە هەندێک سیاقیشدا لە فۆرمە
هەرە بەربەرییەکەیدا خۆی مانیفێست کردووە.

خۆمانیفێستنەکردنی ئەو ڕاسیزمە هەمیشە و لە هەموو
سیاقێکدا لەسەر ئەو مەرجە کەوتووە کە کورد برابچوکیی
قبوڵ بێت و لەبەرامبەر ئەواندا ڕەنگی زەرد هەڵگەڕێت و
لە هەر بەیەکگەشتنێکدا هیچ برینێک نەکولێنێتەوە و،
تەنها دەست بداتە ووتنەوەی ئەو دروشمە پێ لە هەوایانە
کە گوایە ”هەموومان براین” و ”هەموومان یەک
شەعبین”. لەو حاڵەتەدا تۆڵێڕانسی زۆر بۆ کورد و
کوردبوون هەیە. ئەم جۆرە تۆڵێڕانسە پێی دەوترێت
تۆڵێڕانسی نواندن (Performative toleranse). ئەم
دیاردەیە هەمیشە لەنێوان سەرکوتکراو و سەرکوتکاردا
ڕوو دەدات کە لەڕێگەی دەستەواژەی کلێشەیی و
ڕستەی موئەدەبانەوە، خۆیان لە قسەکردن لەو
زیادەڕۆییانە دەپارێزن کە ئەنجام دراون و ئەنجام
دەدرێن. سەیری چۆن بە چەند ڕۆژێک هیچ قسەیەک
لەسەر دۆزینەوەی ئەوانەی فەرمانی کوشتنی
خۆپیشاندەرانی کەرکویان دا و ئەوانەی تەقەیان لێکردن،
نەما.

٭ ٭ ٭

کە دەڵێم ئەوەی لە عێراق هەیە دژ بە کورد ڕاسیزمێکی
ستراکتۆریی پەنهانە، ئەوە بەو مانایەیە کە ئەو لەحزەیەی
کوردێک لەو مەرجانە لا دەدات و دەست لەو موجامەلانە
هەڵدەگرێت و پێداگریی لەسەر قیمەت و دیگنیتیی
(Dignity) خۆی دەکات، ئەو ڕاسیزمە لە خەو
هەڵدەستێت و پیشانی دەدات کە تەحەمولی ئەو ئاستە
لە پیداگریی لەسەر یەکسانیی و هاوقیمەتیی ناکات. بۆ
تێگەیشتن لەم میکانیزمە، هەوڵدە کەیسێکی وا بهێنیتە
پێش چاوی خۆت کە لە تکریت دوو کورد لە دائیرەی
کاروباری مەدەنیین و چاوەڕوانی ڕاییکردنی
مەعامەلەکەیانن، بەڵام ناحەقانە چەندین سەعات
مەعامەلەکەیان تاخیر دەکرێت و دەستیی دەستییان پێ
دەکرێت. لەهەمانکاتدا دوو عەرەب لە دائیرەی کاروباری
مەدەنیین لە سلێمانیی و چاوەڕوانی ڕاییکردنی
مەعامەلەکەیانن، بەڵام ناحەقانە چەندین سەعات
مەعامەلەکەیان تاخیر دەکرێت و دەستیی دەستییان پێ
دەکرێت. ئینجا پرسیار لە خۆت بکە: ئایا تا چەند
ئیحتیمالی زۆرترە دوو عەرەبەکە لە سلێمانیی بیکەنە شەڕ
و دەنگە دەنگ لەناو دائیرەکەدا و پێداگریی لەسەر مافی
خۆیان بکەن، تا ئەوەی دوو کوردەکە بیکەنە شەڕ و دەنگە
دەنگ لەناو دائیرەکەی تکریتدا و پێداگریی لەسەر مافی
خۆیان بکەن؟ یان ئەگەر هەردوولا ئەوەیان کرد: ئایا شەڕ
و هەڵا و جنێودانی دوو عەرەب بە دشداشەوە لەناو
دائیرەیەکی سلێمانییدا تا چەند مومکینە تەحەمول
بکرێت لەلایەن کارمەندەکانەوە و، بەراوردی بکە بەوەی
شەڕ و هەڵا و جنێودانی دوو کورد بە جلی کوردیی و
زمانێکی عەرەبیی خراپەوە لەناو دائیرەیەکی تکریتدا تا
چەند مومکینە تەحەمول بکرێت لەلایەن کارمەندەکانەوە؟

بۆ ئەوەی پۆینتەکە تێبگەیت و تەواو دەرک بە وجودی ئەو
ڕاسیزمە خەوتووە و کارکردە بەرچاوەکانی بکەیت، ئەو
پرسیارە لە خۆت بکە کە ئەسڵەن تا چەند ئیحتیمالی
هەیە مەعامەلەی دوو کورد تاخیر بکرێت ئەگەر بە
لوتبەرزییەکەوە کاغەزەکانیان تەسلیم بە کارمەندە
عەرەبەکە کردبێت، تا ئەوەی مەعامەلەی دوو عەرەب
تاخیر بکرێت کە لوتبەرزییەکەوە کاغەزەکانیان تەسلیم بە
کارمەندە کوردەکە کردبێت. یان ئەسڵەن تا چەند
ئیحتیمالی هەیە دوو کورد بڕیار بدەن بە جلی کوردییەوە
بڕۆن بۆ دائیرەیەکی تکریت تا ئەوەی دوو عەرەب بڕیار
بدەن بە دشداشەوە بڕۆن بۆ دائیرەیەکی سلێمانیی.
ئەوەی کە ئیحتیمالی ئەوەی کوردەکان ئەوە بکەن نزیک
بە سفرە، وە لەبەرامبەردا لە دیمەنە هەرە نۆرماڵەکانە
ئەگەر عەرەبەکان ئەوە بکەن، ئەوە ڕێک ئەو پەیماننامە
نەنووسراو بەڵام مۆرکراوە پیشان دەدات کە کۆمەڵگای
ڕاسیستیی لەنێوان دوو تەرەفەکەدا بەرقەراری دەکات،
وە ئەو فیلتەرە پیشان دەدات کە تاکی سەرکوتکراو،
لەپێناو لەخەوهەڵنەساندنی ڕاسیزمی پەنهاندا، لەسەر
خۆی دایدەنێت.

٭ ٭ ٭

عێراق زیاتر لە سەد ساڵە تەنها کاتی ئەو شەرمنیی و
سەرکزیی و چاوترساوییەی کورد دەستی لە وەستانەوە
لەبەرامبەر کورددا گرتۆتەوە و نەکەوتۆتە خۆی بۆ
ڕامکردنی.

ئەو زەلیلییەیە کوردانی کەرکوک لەم هەفتەیەدا بە ڕوویدا
ڕاپەڕین و ویستیان شتێکی لەگەڵدا بکەن. ئەو
کەمتەحەمولییەیە بۆ ئەو جۆرە ڕاپەڕێنە لە زەلیلیی کە
وایکرد پۆلیس و سوپای عێراق کەوتنە خۆ بۆ
سەرکوتکردنیان.

ئەوەی کە کوردێک بیت بەڵام ئەم قوڵاییەی ئەو ناحەقییە
نەبینیت کە بە تۆ و ئەو کەسانە دەکرێت کە هەمان زمانی
تۆ قسە دەکەن، وە لەناو جەریمەی کوشتنی
خۆپیشاندەردا، تۆ بەشێکی خەتای ئەو قەتڵە بدەیت
بەسەر خەڵکەکە خۆیداو بڵێیت گێلن یان
ناشیوناڵیستن، ئەوە ڕێک نیشانەی ئەو سیندرۆمەیە کە
فرانتز فانۆن بە «بردنەناوەوەی سەرکوت»
(Internalized oppression) ناوی دەبات، وەک
شتێک پۆلیس و سوپای عێراق یەکجار زۆر ناحەقیان
نەبێت تەقە لەو خەڵکە بکەن. لەمەدا کوردێکی ئالودە بەم
دەردە و ڕاسیستێکی سەرسەختی عەرەب خاڵی
هاوبەشیان هەیە و ئاسان دەتوانن لەسەر ئەرزی ئەو خاڵە
هاوبەشە ڕاسیستییەی ناخی هەردوولایان و لەسەر
حیسابی قبوڵکردنی سەرکزیی بۆ کوردەکان، ژیانی
ئاشیی و هارمۆنیی کۆمەڵایەتیی نێوان کورد و عەرەب
لە عێراقدا دابین بکەن. بە درێژایی مێژووی عێراق
هەمیشە ئەم جۆرە ئاشتەواییە نیشتیمانییە ئەنجام دراوە.

بردنەناوەوەی سەرکوت تەنانەت ئەو دیاردەیەی بەدوای
خۆیدا هێناوە کە خەڵکی کورد هەن کە داخوازیی
زۆرینەی خەڵکی کورد بۆ جیابوونەوە لە عێراق وەک
ڕاسیزم و فاشیزم ناو دەبەن، لەکاتێکدا لە کرداردا، ئەو
ڕووبەڕە ئەرزەی کە کوردزمانانی لەسەر دەژین، بە
پێناسەی ورد، ڕووبەڕە ئەرزی کۆلۆنیزەکراون. ئەم پۆینتە
وردەکاریی و تەبریرکردنی زۆرتری دەوێت و من لە
داهاتوویەکدا دێمەوە سەری.

٭ ٭ ٭

من دەزانم ئەو سەنگەرگیریی و خۆپیشاندانەی کورد،
جەمسەرگیرییەک دروست دەکات لەنێوان کورد و
عەرەب و تورکماندا کە هێزی ڕەشی وەک پدک و ینک و
حیزب و گروپ و میلیشیا فاشستییە عەرەبییەکان و
ئینجا ڕژێمی ڕاسیستیی و تۆتالیتاریی وەک تورکیا و
ئێران قازانجی لێ دەکەن. بەڵام پۆینتەکە ئەوەیە کە ئەوە
ڕێک ئەو پلەدووییەیە کە کوردانی کەرکوک لەبەرامبەریدا
هەستاون کە زەمینەی ئەو قازانج و سوئیستیفادەیە بۆ
ئەو تەرەفانە دەڕەخسێنێت. بەو ئەندازەیەی پەرچەکردار
لەو پلەدوییە وەربگیرێت و کەم بکرێتەوە، بەو ئەندازەیە
زەمینە بۆ ئەو قازانج و سوئیستیفادەیەی ئەو هێزە
ڕەشانە نامێنێت. بە مانایەکی تر، چارەسەری گرفتەکە
بەناچاریی بەوێدا تێدەپەڕێت کە پاڵپشتیی هەر
ڕاپەڕینێک بکەیت کە کوردان لەپێناو دەستکردن بە
کەرامەتی خۆیان و ڕێگەگرتن لە خۆلەبەرچاوکەوتن و
گرێی خۆبەکامزانین دەیکەن.

ئەسڵەن گرفتەکە ئەوەیە کە ئەگەر تۆ پاڵپشتیی ئەو
بزوتنەوەی داکۆکییکردن لە کەرامەتە ناکەیت، ئەوا جێی
دەهێڵیت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تووڕەیی ئەو
خەڵکە بباتە سەر مێزی دانوستان لەپێناو قازانجی
حیزبیی خۆیدا. لەبەرامبەردا، هەر بەشدارییەک بۆ
بەئیشکالکردنی ڕاسیزمی عێراقیی دژ بە کورد، تێکدانی
زەمینەی ئەو موجامەلە و تۆڵێڕانسی نواندنەیە
(Performative toleranse) کە نوخبەی سیاسیی
کوردیی و عەرەبیی و تورکمانیی لەسەر حیسابی
درێژەدان بە تێکشکاویی دەروونیی خەڵکی کورد
سەرمایەگوزاریی ماددی و بەشەریی لەسەر دەکەن.

٭ ٭ ٭

لە ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکاندا ژمارەیەکی
زۆری جەزائیرییەکان ئەوەندە داگیرکاریی
فەڕەنسییەکانیان لێ ببووە حاڵەتە ڕەوا و نۆرماڵەکە و
لەڕوانگەی ڕاسیستە فەڕەنسییەکانەوە سەیری خۆیانیان
دەکرد کە وەک فەڕەنسییە داگیرکارەکان ئەوانیش ڕایان
وابوو کە جەزائیر بەشێکە لە فەڕەنسا و، هەر داوایەکی
سەربەخۆیی بۆ جەزائیر دژایەتیی ژیانی ئاشتییانە و
هێرشە بۆ سەر سەروەریی فەڕەنسا. تەنانەت هێزە
سۆشیالیستەکانی فەڕەنساش کاتێک لە ١٩٥٦
حکومەتیان گرتە دەست، پێداگر بوون لەسەر ئەوەی کە
وڵاتێک وجودی نییە بەناوی جەزائیر و ئەوەی هەیە
بەشێکە لە وڵاتی فەڕەنسا. لەبەرامبەر ئەمەدا بوو سارتەر
بە هەموو سەنگی خۆیەوە چووە پشت جەزائیرییەکان و،
فرانتز فانۆن چووە ناو بزوتنەوەی بەرەی ڕزگاریی
نەتەوەیی جەزائیر (FLN)ەوە دژ بە وڵاتەکەی خۆی.

فانۆن دەیزانی ڕێگەی چارەسەر تەنها و تەنها بەوێدا
دەڕوات و بەو جۆرە مومکین دەبێت کە جەزائیرییەکان
لەو نەخۆشیی ”بەفەڕەنسییبوون” و لەو گومانە ڕزگار
بکرێن کە بەشێکیان بەرامبەر بە ڕەوایی ڕاپەڕینەکەی
خۆیان هەیانبوو.

بەبەرچاومەوەیە، ئەگەر فانۆن لە سەردەمی ئێستادا لێرە
بوایە و لەبەردەم ئیشکالییەتی خۆپیشاندانی کوردانی
کەرکوک و زیادبوونی جەمسەرگیریی تائیفیی لە عێراقدا
دابنرایە، بێ دوودڵیی بە ئاڵایەکی کوردستانەوە لە
مەفرەقەکەی ڕەحیماوا دەبوو.