براكانمان لە رۆژهەڵات لێی وشیار بنەوە
د. كامەران مەنتك
9\9\2023
رەنگ بێت لەكێشە گەورەكانی تاكی كورد، تەنانەت تاكی زۆربەی كۆمەڵگاكانی ئەو وڵاتانەی پێیان دەگوترێن جیهانی سێیەم، ئەگەر بەرادەیەكی جیاوازتریش بێت، ئەوەیە، كە هێندەی راستییەكان لەدەمی میدیاكان وخەڵكانی ترەوە وەردەگرن، هێندە خۆیان ماندوو ناكەن، بۆئەوەی وەك خۆیان شتەكان ببینن وبیری لێبكەنەوە، ئەمە بۆتە سۆنگەی ئەوەی خودی پڕۆسەی بیر كردنەوە بوونی خۆی لەدەست بدات وەلاوەبنرێت.
تێگەیشتن وبینینی رووداوەكان لەدیدی پروپاگەندەومیدیاكانەوە، جۆرە متمانەیەكی نامۆ وسەیر دروست دەكات، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بنەمایەكی گەمژەیی وا دەخولقێنێت، كە ئامادەبێت زۆر بەئاسانی وەك راستەقینەیەكی رەها مامەڵە لەگەڵ ئەو دروشم وناڕاستی ووێنانە بكات، كە بۆی وێنا دەكرێت! تەنانەت توانای ئەوەی نەمێنێت سەركەوتن وژێركەوتنەكانیش لەیەكتر جیابكاتەوە ودركیان پێبكات، ئەمەیە وا دەكات ئەمجۆرە كۆمەڵگایانە نەتوانێت تاقە هەنگاوێكیش بۆ پێشەوە هەڵێنێت ولەشوێنی خۆیدا بخولێتەوە.
رۆژهەڵاتی كوردستان رەنگ بێت، وەك باشووری كوردستان، نمونەیەكی گونجاو بێت بۆ ئەو شرۆڤە كردنە، لە رۆژهەڵاتیش كۆمەڵێك حیزبی كلاسیكی، بەناوی كوردایەتی وبە بەكارهێنانی هەست وسۆزی خەڵك، نزیكەی زیاتر لە هەشتا ساڵە، واتە لەدوای كۆماری مهابادەوە، ئەو كۆمارەی، تاوەكو ئێستا لەروانگەی هەمان ئەو حیزبانە پێناسە كراوەو زۆر لەخۆی گەورەتر كراوە، یاری لەسەر هەست و سۆزی نەتەوەیی تاكی كورد دەكەن وئەو زوڵم وزۆرە دەقۆزنەوە، كە خەڵكی كوردستان لەلایەن سیستەمە یەك لەدوای یەكەكانی ئێران رووبەڕووی دەبێتەوەو لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكاریدەهێنن.
بەداخەوە ئەوەی پێی دەڵێن بزووتنەوەی روگاریخوازی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، هاوشێوەی باشووی هیچ پەیوەندییەكی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی ونیشتمانی كوردەوە نییەو، بزووتنەوەیەكی فیوداڵی نیمچە مۆدێرنە، كە دەڵێم نیمچە مۆدێرنە مەبەستم ئەوەیە منداڵە ئاغاو دەرەبەگان لەجیاتی ئەوەی یاری لەسەر پەیوەستەی خوێنی هۆزەكانیان هەستی هۆزگەرایی بكەن، بەشێوەیەكی گشتگیرتر پەنا بۆ هەستی نیشتمانی ونەتەوەیی دەبەن، واتە جۆرە فیوداڵێكی سیاسین، دەیانەوێت، مەسەلەی رەوای میللەتەكەیان بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكاربێنن، ئەوانیش هاوشێوەی هێزەكانی باشوور، هیچ ستراتیژێكی نەتەوەییان نییەو كۆمەڵێك خەڵكی مشەخۆرن ولەسەر خوێنی ئەو گەنجە دڵسۆزانە دەژین، كە هیوایان رزگاركردنی گەلەكەیانە لەژێر دەستی داگیركەران.
ماقووڵ نییە بزووتنەوەیەك، یاخود هێزێكی سیاسی، كە خۆی بە پێشكەونوخوازو رزگاریخوازو ….. كۆمەڵیك دروشمی بریقەداری تر بزانێت، نەتوانێت لە هەستیارترین وچارەنووس ئامێزترین چركەساتدا سادەترین یەكێتی، نەك نیشتمانی، تەنانەت حیزبیش دروست بكات! دیموكراتێك، كە خۆی بەخاوەنی مێژووێك لەخەبات وتێكۆشان دەزانێت، بۆتە چەند پارچەیەك،. كۆمەڵە بە هەمان شێوە، ئەوانە، هاوشێوەی حیزبە تەقلیدییەكانی باشوور، كەنەتوانن لەناو خۆیاندا یەكێتییەك دروست بكەن، چۆن ئومێدی ئەوەیان لێدەكرێت ئەو یەكێتییە لەناو میللەتێكدا دروست بكەن، كە جۆرەها ئەزموونی لەسەر تاقیكراوەتەوە وبۆتە كێڵگەیەك بە تاقیكردنەوەی دوژمنانی كورد!.
ئەگەر گریمانی ئەوە بكەین، ئێستا ولەو چركەساتەدا رژێمی ئێران دەڕوخێت، ئەوان چ ئامادەكارییەكیان كردووە، چ پڕۆژەیەكی نیشتمانی سەرتاپاگیرییان پێیە، بۆئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن وژێرخانێكی لەبار بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی نەتەوەیی ونیشتمانی كوردی دابمەزرێنن؟! لەكاتێكدا ئەوان نەیانتوانیبێت پڕۆژەیەك بۆ یەكگرتنەوەی خۆیان دابڕێژن!
سەیر لەوەدایە، هاوشێوەی حیزبە گەندەڵەكانی باشوور، كە ماوەیەكی زۆر ببوونە پیاوی ئێران وبەناوی كوردایەتییەوە كوردەكانی رۆژهەڵاتیان رەشەكوژ دەكرد، حیزبەكانی رۆژهەڵاتیش،تەوەزەلانە لە باشووری كوردستان كەمپیان دروست كردووەو چاویان بڕیوەتە ئەو زەكات وفەردە برنجانەی، یەكێتی وپارتی، كە خۆیان لەباشوور ریسوابووینە، وەك دیارییەك پێیان ببەخشن، هەر كاتێكیش ویستیان وەك قوربانییەك بازرگانیان پێوەبكەن، كەم نین ئەو گەنجە كوردە دڵسۆزانەی رۆژهەڵات، كە لەسەر دەستی یەكێتی وپارتی دراونەتە دەست رژێمی ئێران، كەچی بەرپرسەكانیان وەك ئەوەی نەبایان دیبێت ونەباران، دانیشتوون و بەردەوامن لە وەرگرتنی ئەو یارمەتییە دزێوە وهاوشێوەی بەرپرسەكانی نابەرپرسەكانی باشوور، مناڵ وكەس وكاری خۆیان ناردووەتە وڵاتان بۆ خوێندن وبەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز، كەچی مناڵی هەژاریش بەناوی كوردایەتیەوە بازرگانی پێوە دەكرێت بەكوشت دەدرێت.
چەند ساڵێك بەر لەئێستا چوومە باشووری لوبنان، لەشوفێرێكم پرسی كوا بارەگاكان، هێزەكانی حیزب الله، لە وەڵامدا گوتی هیچیان دیارنین، شوێنەكانیان هەموی نهێنیەو ئەوان وەك پارتیزان شەڕ دەكەن، لە راستیدا خەباتی شۆڕشگێڕی چەكداری دەبێت ئاوا بێت، نەك بەرانبەر دوژمنەكەت راكشابێت وچاوەڕوانی مەرحەمەتی خەڵكانی تر بكەی بتپارێن.
جێگەی داخە، هێزەكانی رۆژهەڵاتیش وەك هێزەكانی باشوور، نەیانتوانیوە لە بەكارت بوون خۆیان رزگار بكەن وئێستاش ئێران دەیەوێت وەك كارتێك بەكاریانبێنێت بۆ پەلاماردانی هەرێمی كوردستان، دەبێت خەڵكی رۆژهەڵات بیر لەوە بكاتەوە وبپرسێت، لەماوەی هەشتا ساڵی رابردوودا ئەو حیزبانە جگە لەدروشمی گەورەو بەكوشتدانی منداڵی خەڵك چ سوودێكیان بۆ مەسەلەی كورد هەبووە، ئایا نەبوونیان لە هەبوونیان زۆر باشتر نەبووە!؟ ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستان لەكێشەكەی خۆی تێبگات ورێگە نەدات چیتر كەسانی ناپاك ومشەخۆر بازرگانی بە مەسەلەكەیەوە بكەن! ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە ئەو مۆدیڵە شكست خواردوەی كوردایەتی لەباشوورو رۆژهەڵاتی كوردستان فڕی بدرێتە ناو زبڵدانی مێژوو وكورد لەسەر بنەمایەكی ئاوەزمەنداندانەو دەمودەزگایی ولە رەهەندە جیۆستراتیژییەكەوە سەیری مەسەلەكەی خۆی بكات رێكخستنێكی نوێی نەتەوەیی دابمەزرێنێت؟ئەمە ئەو پرسیارگەلەیە، كە دەبێت، نەك تەنیا رۆڵەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەڵكو لەهەموو بەشەكانیتر بەهەندی وەربگرن ولێی بكۆڵنەوە.
- دەستبەرداربوون لە چەک بۆ کورد خۆکوژییە - 01/21/2025
- پارێزگاسازکردن پلانی تورکیاوئێران - 01/20/2025
- اسلام بدیل خدا/خلیفه - 01/20/2025