چۆن ئێرانییەکان شۆڕشی ژینایان دزی و فارسیزەیان کرد؟

نووسینی: پێشرەو موحەمەد

بەبۆنەی خەڵاتی نۆبڵەوە

ئێران و ساختەکردنی مێژوو:
بۆ ئەوەی لەم دۆخەی ئەمڕۆ تێبگەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ
مێژوو. ئێران تا سەرەتای دەیەی ١٩٣٠ وەک وڵاتێک بەناوی
ئێران بوونی نەبووە. ساڵی ١٩٣٥ بۆ یەکەمجار لەبری ناوی
«فارس» ئێران بەکاردێت. ڕۆشنبیرانی ناسیۆنالیستی
ئێرانیی (کە بەگشتیی خۆیان ئێرانیی نەبوون) لە کۆتاییەکانی
سەدەی نۆزدەی سەردەمی قاجار، هەوڵی نووسینی
مێژوویەکی وڵاتی فارسیان دا کە لە ڕاستییدا بوونی نەبوو و
کەرەستەکانیشی فارسیی نەبوون. بۆ نموونە هەردوو
ناسیۆنالیستی ئێرانیی، ئاخوندزادە و کرمانی، لە سەدەی
نۆزدەدا بە فراوانیی پشتیان بە سەرچاوەی ڕووسیی
(ئاخوندزادە) و فەڕەنسیی و ئینگلیزیی (کرمانی) و ئەڵمانیی
(تەقیزادە) دەبەست. ئەوان مێژوویەکیان بۆ ئێران دروستکرد
بە کەرەستەی مێژوونووسیی ئەوروپایی کە بوونی نەبوو:
نەتەوەی ئێرانی کۆنی پێش-ئیسلام. ئەوان هەموو شتێکیان
دەدایە پاڵ ئێران: ڕۆشنگەریی، مۆدێرنیتە، فیمینیزم،
مافەکانی مرۆڤ، لیبراڵیزم، سۆسیالیزم و هتد. دەیانگوت
ئێرانی کۆن هەموو ئەو شتانەی هەبووە. بەڵام بەدبەختییەکە
ئەوە بوو هیچ سەرچاوەیەکیان بۆ ئەم بانگەشەیە نەبوو. هەموو
سەرچاوەکانیان ئەوروپیی بوو و کاتێکیش لێیان دەپرسرا
بەڵگە، دەیانگوت عەرەبی موسڵمان لەناوی بردوون. کەس
نەبوو بپرسێت خێرە سەرچاوەکانی ئاڤێستا مانەوە (لەکاتێکدا
ئیسلام دەبوو یەکەمجار بیانووستێنێت) کەچی بەڵگەکانی
شارستانێتیی نەمانەوە؟

بەڕەگەزییکردنی مێژووی ئێران و نەتەوەکانی دیکە
ئێرانییەکان لەوەش تێپەڕین. مێژووی ئێرانیان بەگوێرەی
گەشەی ڕەگەزی ئاریایی لێکدەدایەوە. لە کاتێکدا هیچ
بەڵگەیەک نەبوو لە مێژووی فارسدا باس لە هەبوونی ئاریایی
وەک ڕەگەز و نەتەوە بکات و دیسان سەرچاوەکان ئەوروپیی
بوون، ئێرانییەکان پێیانوابوو ئاریاییەکان لە ئێرانەوە کۆچیان
کردووە و شارستانێتییەکانی ئەوروپایان دامەزراندووە. ئەم
ئایدیۆلۆژییە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ زیندووە و هاشمی
ڕەفسنجانیی ئیسلامیی و خامەنەییش نوێنەرایەتیی دەکەن.
کاتێکیش نێرگز محەمەدی لە پەیامی خۆیدا بۆ خەڵاتی نۆبڵ
دەڵێت «من ژنی ئێرانیی بونیادنەری شارستانێتییەکانم»
هەمان دەهۆڵ دەکوتێتەوە کە لە سەدەی نۆزدەوە بەردەوامە.
هەڵبەت لە سەرەتای سەدەی بیستدا ئەڵمانەکان ئەم
ئایدیۆلۆژییەیان هەڵگەڕاندەوە. دەیانگوت کۆچی ئاریایی
هەبووە بەڵام کۆچەکە لە ئەوروپای باکوورییەوە بووە بەرەو
ئاسیای ناوەڕاست و ئاریاییەکان لەوێ شارستانێتییان
بونیادناوە و گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەم شارستانێتییە لە ئێران
شکستی خواردووە. بۆیە هیتلەر بەڵێنی بە ڕەزا خان دابوو
شکست بە سۆڤێت بهێنێت، سەردانی ئێران دەکات.

بەخۆییکردن
پێموایە ئەم پێشەکییە کورتە بەس بێت تا لەوە تێبگەین چۆن
ئێرانییەکان هەوڵی بەخۆییکردنی هەموو شتێکیان داوە. بۆ
نموونە هەر لە سەدەی نۆزدەدا کاتێک کرمانی دەیەوێت
زمانی فارسیی لە کاریگەریی زمانی عەرەبیی پاکبکاتەوە،
پێشنیار دەکات، وشەی فەڕەنسیی بهێنرێنە ناو زمانی
فارسییەوە، چونکە فەڕەنسیی خۆی لە فارسییەوە سەرچاوەی
گرتووە و هەموو دەنگێکی «ژ»ی ناو زمانی فەڕەنسیی،
فارسییە. ئەم پرۆسەیە شکست دەهێنێت، پاشان
دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی وشە لە زمانی کوردیی و
زمانەکانی دیکە، جگە لە عەرەبیی. بە ئاشکراش دەڵێن لە
کورتمەودادا دەبنە موڵکی فارس و جیهانیش بەو ناوە
دەیناسێت. هێندە دوور ڕۆیشتن، چونکە ناسیۆنالیزمەکەیان
بێشوێن بوو، دەیانگوت تەنانەت ژەرمەن و چینیش هەر
ئێرانن. ئاغا کرمانی دەیگوت ژەرمەن بەناوی زێدی ئەو
(کرمان) کراوە. ئەوەی وا دەکات ئەم شتانە وا بە سانایی
بڕۆن، هەبوونی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران بوو و پێویستیش بوو
ئەوانیدیکەی داگیرکراو بچووک بکرێنەوە.

ژن، ژیان، ئازادیی هەمان ‘زن، زندگی، ازادی’ نییە
ئێستا تێدەگەین، وەرگێڕانی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادیی»
بۆ فارسیی و بەبێ ئاماژەکردن بە سەرچاوە کوردییەکەی کە لە
ژنانی باکووری کوردستان و ڕۆژاڤای کوردستان و پاشان
هەروەها تەقینەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەمان
پرۆسەی دوور و درێژی ئایدیۆلۆژیای ئێرانییە بۆ بەخۆییکردن،
ساختەکردن و دزینی هەموو شتێک کە هی خۆیان نییە و
بەخۆیی دەکەن. لە ئەوروپا، ئێرانییەکان لە یەک کاتدا لە زیاتر
بە پەنجا زمان دروشمەکەیان دەنووسیی، بەکوردیی نەبێت.
کاتێکیش گولشیفتە فەراهانی لە مەراسیمی بەخشینی
خەڵاتی نۆبڵدا دەڵێت «شۆڕشی فارسیی» بێگومان بێ هیچ
پێچ و پەنایەک ئایدیۆلۆژیای ئێرانیی، لە ڕەزا خانەوە بۆ
خومەینیی دووبارە دەکاتەوە. دوێنێ لەگەڵ هاوڕێیەکی ئازیزم،
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەدوام، قسەیەکی نایابی کرد:
«لەناو هەر شاپەرستێکدا خومەینییەک نووستووە و لەناو هەر
هەوادارێکی خومەینییدا، ڕەزا شایەک نووستووە».

وەرگێڕانی ژن، ژیان، ئازادیی بۆ «زن، زندگی، ازادی»
سەرەڕۆیانە بێ ئەوەی ئاماژە بە ڕیشە کوردییەکەی بکرێت،
نەک تەنها لەسیاسییخستنی چەمکێکی شۆڕشگێڕانەی ناو
بزووتنەوەی کوردستانە، بەڵکو هەروەها پیشاندانی هەم
سەروەریی مرۆڤی فارسە بەسەر کورددا و هەم نیشانەی
ئەوەیە کە مرۆڤی ئێرانیی ناتوانێت دەستبەرداری مێژوویەکی
ساختەکراو بێت، کە ساڵانێکە نەوە دوای نەوە بۆی
دەگوازرێتەوە. ژن بریتی نییە لە «زن»ی فارسیی. ژن لە
کوردستان واتا مێژوویەک لە خەبات دژی داگیرکاریی،
پیاوسالاریی، کۆڵۆنیالیزم و چەوساندنەوەی ئابووریی. ژیان،
هەمان ژیانی شارە گەورەکانی فارسنشین نییە، بۆ کورد ژیان
بە درێژایی مێژووی داگیرکاریی، دابەزێنراو بووە بۆ ژیانی
ڕووتی شایانی کوشتن. ژن و ژیان لێرەدا لە دروشمەکەدا واتا
خەبات دژی هەموو ئەو شتانەی مرۆڤی کوردیان زەبوون و
زەلیل و ژێردەست کردووە. ژنێکی ئێرانیی چینی ناوەڕاست
کاتێک هەموو کێشەکەی بریتی بێت لە باڵاپۆشیی بەزۆر و
نەبوونی هۆڵەکانی سەما، ژنی کورد کێشەکانی زۆر قوڵترن:
نەتەوەیی، سایکۆلۆژیی، ئۆنتۆلۆژیی و ئابووریین. ئازادییش
هەمان ئازادیی ئێرانیی نییە. هیچ ئێرانییەک لەسەر
فارسبوون و ئێرانییبوونی ناچەوسێنرێتەوە. لەبەرئەوە
ناچەوسێنرێتەوە کە بێدەوڵەت کراوە. ئازادیی لای ژنێک یاخود
هەر تاکێکی کورد، واتا بەر لە هەرشتێک تێکشکاندنی
زنجیرەکانی داگیرکاریی و گەیشتن بە سەربەستیی و ئازادیی.

فارسیزەکردن هەمان بەڕەگەزییکردنی نەتەوەی سەردەستە
ئەم هەوڵە باس لەوە دەکات: ئێمەی فارس هەم سەردەست و
هەم خاوەن کولتوورین. بەڵام کولتوور و سەردەستیی
بەڕەگەزیی دەکرێن و بەڕەگەزییکردنیش جگە لە بنەمایەکی
ساختەی مێژوویی، هیچ زانستێکی لە پشتەوە نییە، جگە لە
وەهم و درۆ نەبێت. کاتێک شۆڕشی ژینا لەلایەن گولشیفتە
فەراهانیی بە «شۆڕشی فارسیی» لەقەڵەم دەدرێت، دەزانێت
ئەمە تەنها بەهۆی دەوڵەت-نەتەوە ڕاسیستییەکەیەوە لێی
قبووڵ دەکرێت. فەراهانیی بەبێ دەزگای ئایدیۆلۆژیی
دەوڵەتی ئێرانیی (چ شایەتیی چ ئیسلامیی) ناتوانێت ئەم
کارە بکات و جیهانیش گوێی لێناگرێت.