د، كامەران مەنتك
١٢-٩-٢٠٢٣
بەشی یەكەم
نوسەری داغستانی، رەسول هەمزەتۆڤ، لەكتێبی داغستانی مندا، بەسەرهاتێك دەگێڕێتەوە، كە رەنگ بێت گێڕانەوەی لێرەدا، خزمەت بەو زنجیرە وتارە بكات، كە بەنیازم بینووسم، هەمزە تۆڤ دەڵێت، كاتێك لەشار بەرەو گوندەكەم دەگەڕامەوە، لەنزیك گوندی، شوانێك مەڕی دەڵەوەڕاند، كاتێك لێیان نزیك بوومەوە، چەند سەگێكی دڕی شوانەكە بۆم هاتن، منیش رامكردو ئەوانیش دوام كەوتن، تاوەكو كەوتم، شوانەكە گەیشتە لام، سەگەكانی لێ پاسكردم ومنی ناسییەوە، راستەو راست گوتی رەسول ئەوە تۆی، دەتەوێ ببیە شاعیرو لەو سەگانەش دەترسی، دڵنیابە ئەو رێگەیەی تۆ گرتووتە بەر، سەگی زۆر لەوە دڕترت دێتە رێگەو پێت دەوەڕێت.
لە هەوڵێك بۆ تێكشكاندی بیركردنەوەیەك وستایلێك لە كاركردنی پڕ لەشكست وریسوایی، كە هەزاران مرۆڤی كراوەتە قوربانی ورەگ وبنچینەی لەهەست وسۆزی ژمارەیەكی ئێجگار زۆری خەڵك داگیر كردووە، بێگومان رووبەڕووی زۆر سەگی دڕتر لەسەگەكانی هەمزەتۆڤ دەبینەوە، بەڵام لەجیاتی پەلار تێگرتن، بەزەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین، وەك قوربانی و ژەنگاوی سەدەیەك لەشێوازی بیركردنەوەیەك سەیریان دەكەین، كە لەسەر لاسایكردنەوەو تێنەگەیشتن وفریوخواردنەوە بونیاتنراوە. قوربانی بەناو بیركردنەوەیەك، كە لەبنەڕەتدا بیری تیا نەكراوەتەوە!.
زیاتر لە سەد ساڵە كورد بەناو خەبات دەكات وقوربانی دەدات، كەچی نەك نەیتوانیوە تاقە هەنگاوێك هەڵێنێت، بگرە بەشی شكست لەدوای شكست بووە و لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی سەركەوتنێكی ساختەی لەسەر بینای ئەو شكستانە هەڵچنیوە، كۆمەڵێك دۆنكیشۆتی وەك پاڵەوانی نەتەوەیی وێنا كردووەو كۆمەڵێك گردبوونەوەی خێڵەكی وەك حیزبی سیاسی پێناسە كردووە، بۆیە سەرباری ئەوەی سەدەی بیستەم سەدەی شكست وجینۆسایدی كوردە، وەك مێژووێكی پڕ لەشانازی تۆماری كردووە، هەموو دەنگێك، كە هەوڵی دابێت، پەردە لەسەر ئەو گەمە قێزەونە هەڵماڵێت، ئەوا لەلایەن پاڵەوانە نەزۆكەكانی ئەو شكستە تیرۆری جەستەیی، یاخود هزری كراوە! بۆیە لەو ماوە درێژەدا، مێللەتێك سیتەمدیدەی وەكو كورد، بەخۆشحاڵییەوە لەنێو زەلكاوی شكستەكاندا یاری بەروحی خۆی كردووە، بەهیوای هێنانەدی خەونێك بووە، كە خودی یارییە ساویلكانەكە خۆی، لە هاتنە دی ئەو خەونەی دوورتر خستۆتەوە.
جێگەی داخە تاوەكو ئێستاش، ئیلیت ودەستەبژێری كوردی، نەزانانە بەشوێن ئەو گەڕەلاوژەیە كەوتووەو وەكو بەناو سەركردە سیاسی و قارەمانە كارتۆنییەكانی كوردایەتی، دوای هەست وسۆزی نەتەوەیی كەوتووەو نەیتوانیوە، بەوریاییەوە پێگەی خۆی لەناو ئەو یارییە قێزەونە جیهانییەدا ببینێت، کە هەرگیز جێگەی هەست وسۆزی تیادا نابێتەوە، بوێری، یاخود هوشیاری بەخۆداچوونەوەی نەبووەو لەژێر سایەی پڕوپاگەندەو یاریكردن لەسەر هەستی نەتەوایەتی بەردەوام بووە لەو خوێن لێچۆڕانەوەیەو هەموو شكستەكانیشی وەك سەركەوتن وقارەمانی سەیركردووە وبەمجۆرە مێژوو كورد پڕبووە لە پاڵەوانی دۆنكیشۆتی وتەنانەت وایلێهاتووە گڵینەی چاوی تاكی كوردیش بە پیرۆزییەوە لەو پاڵەوانانە بڕوانێت ونەتوانێت رووی راستەقینەی ئەو كرێگرتەو ناپاک و وڵات فرۆشانە ببینێت، كە لەبەرگی ئەو قارەمانانەدا خۆیان حەشارداوە.
ئەو پاڵەوانەی لەگەرمەی رووبەڕووبوونەوەكاندا مییلەتی خۆیان كردۆتە قەڵغان ولەشەڕەكانیش خۆیان لەپشت ئافرەت و پیرومنداڵەكانی گوندەكان حەشارداوە و دواتر ئەوانیان خستۆتە بەردەمی دوژمنە دڕندەكان وخۆشیان وەك بەرزەكی بانان رایانكردووە!.
لەماوەی یەك سەدە لە شكستدا، هیچ لایەك بوێری ئەوەی نەبووە، بۆ تەنیا یەك جاریش بەرپرسیاریەتی مێژوویی هەڵگرێت وددان بەهەڵەو كەموكوڕییەكانی خۆیدا بنێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەمیشە بۆ پاساو هێنانەوە، بۆ شكستەكان، بەدوای هۆكاری دەرەكی گەڕاون وتاوانی نەزانی وكەمتەرخەمی وخیانەتەكانی خۆیان بە ئێخەی كەسانی ترەوە هەڵواسیوە!.
ئەم شیوازە بیركردنەوەیە بۆتە هۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا، سەرباری ئەو هەموو قوربانیدانە، تەنانەت نەگەیشتبێتە قۆناغی بە خۆداچوونەوەیەكی راستگۆیانەو هەوڵبدات لەسەر بنەمایەكی نوێ خویندنەوە بۆ كێشەكەی خۆی و ئەو سەرئەنجامانە بكات، كە لەئەنجامی ئەو مێژووە ساختەیەدا پێی گەیشتووە، وەك لە نووسینێكی تری پێشوومدا ئاماژەم پیكرد، دووچاری مێژووێكی سیزیڤی بووە ولەكاتێكدا لە لوتكەی سەركەوتندا بووە، لەجیاتی هەنگاونان بۆ پێشەوە بیری لەشكست وراكردن، یاخود خۆ هەڵدیڕاندن بۆ خوارەوە كردۆتەوە.
مێژووی سیزیڤی دەرئەنجامی ئەوەیە تاوەكو ئێستا كورد وەكو نەتەوە لەكێشەكەی خۆی نەگەیشتووە، لەپاڵ ئەمەش نەیتوانیوە ستراتیژێكی نیشتمانی ونەتەوەیی بۆ خۆی دابڕێژێت، ئەمەش سەرئەنجامێكی ئاساییە، كاتیك تۆ نەتوانی لەكێشەكەی خۆت تێبگەیت، چۆن دەتوانی ستراتیژێك دابنێیت، یاخود هەر ستراتیژێكیش دابنێیت، بنەما دەبێت لەسەر پووچگەرایی و ئەوەی لەسەر پووچگەراییش بونیات بنرێت پووچ دەردەچێ.
ستراتیژی نەتەوەیی لەسەر بنەمایی خێڵگەرایی مۆدێرن وغیابی بیركردنەوە دانانرێت، كەسانێك، كە نەزانی سیاسی بن و رۆڵی قارەمان وسەركردەیان پێدرابێت، نەخویان دەتوانن ستراتیژێك دابنێن، چونكە جگە لە جوینەوەی زاراوەكە لەخودی ستراتیژیش نەگەیشتوون، نە رێگەیان داوە رۆشنبیران وخەمخۆرانی وڵاتیش كار لەسەر ئەو بابەتە بكەن، لەبەرئەوەی بەدرێژایی ئەو سەدەیە، خەڵكانی رۆشنبیرو راستگۆو وڵاتپارێز، لەلایەن ئەو بازرگانە سیاسیانەوە، قبووڵ نەكراو دزێو بووینە!
بزووتنەوەی نەتەوایەتی لە هیچ پارچەیەكی كوردستان، تا ئێستا نەكەوتۆتە سەر رێچكە خۆی، بۆیە دەبێت ئەو بۆچوونە نا ئاوەزامەندانەی، بەدرێژایی مێژووی نوێ لەناو كورددا رەگی داكوتاوە، لەرەگەوە دەربهێنرێت وبنەمای بیركردنەوەی كوردی، بەشێوەیەكی هێمنانە بخرێتە سەر رێچكە راستەقینەی خۆی، كە دیارە ئەمەش كارێكی ئاسان نییە، لەبەرئەوەی ئەو هێزانەی لەو ماوەیەدا كاوێژیان لەسەر خەباتی نەتەوەیی كردووە، بوونەتە قوتابخانەیەكی رەسەنی دژ بە بیركردنەوەو بەرهەمهێنانی كۆمەڵێك قوربانی جنێوفرۆش، كە تاوەكو ئێستا نەیانتوانبوە لەژێر دێوجامەی ئەو وەهم وخەیاڵاتە خۆیان رزگار بكەن، كە لەرێگەی داگیرکەران وكرێگرتەی داگیركەرانی كوردستانەوە لەگوێچكەیان ئاخنراوە.
تێكشكاندنی بیركردنەوەی یەك سەدە، كە هەزاران مرۆڤی تیادا بە قوربانی كراوە، بەكوژراوو جەللادەوە، شتێك نییە بە ئاسانی قبووڵ بكرێت، لەكاتێكدا بەرژەوەندی دەیان و سەدان كەس دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام كارێكە هەر دەبێت بكرێت وهەردەبێت سەركەوتنیش بەدەست بێنێت، لەبەرئەوەی لە پێناو رزگاركردنی گیان وئایندەی ئەو میللەتە، جگە لەسەركەوتن هیچ رێگە چارەیەكی تر لەبەردەمدا نییە!
سەرچاوه
https://t.me/kameranmentk1
- سقوط پول شوروی و تکرار در ایران امروز - 12/21/2024
- دۆزەخ دەروازەی کرانەوەی کوردستان - 12/18/2024
- نقشه جهنمی - 12/13/2024