نووسین بە زمانی نەتەوەیەک کە تا ئێستا خاوەن کیانێکی سەربەخۆ نییە لەوانەیە لە جیاتی خێردانەوە بۆ نووسەرەکەی کێشە و چەرمەسەریشی بەدواوە بێ،بەڵام بە خۆشییەوە زۆر تاکی خاوەن هەڵوێست و چاونەترس لە نێو کورددا هەن کە بێ گوێدانە تەنگ و چەڵەمەکان دەروەستانە بە هانای نووسینی کوردییەوە هاتوون و خزمەتی بەرچاویان بە زمانی خۆیان کردووە.یەکێک لەوخاوەن قەڵەمانە کاک عەڵی فەتحی یە.دیارە بەشێک لە کتێبەکانی کاک عەلی چاپ بوون و بەشێکیشی بە شێوەی کتێبی ئیلکترۆنی و پی دی ئێف کەوتووەتە بەردەستی خوێنەران و بەشێکیشیان تا ئێستا رۆشنایی چاپیان نەدیتووە. کاک عەلی لەدایکبووی 1960 ، شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لەو شارە تەواو کردووە. لە ساڵی 1979وە تا ساڵی 1986 وەکوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە خزمەت شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە. پاشان بورسی خوێندنی(زەمالە) لەلایەن ئەنستیتۆی کوردەوە پێدراوە و لە وڵاتی یونان سەرقاڵی خوێندن بووە. ماستێری لە بەشی مێعماری (ئارشیتێک) لە دانیشگای پۆلیتێکنیکی ئاتێن وەرگرتووە. ساڵی 1994 هاتووەتە وڵاتی سوئێد. ساڵی 1997 لە شیرکەتی ئێریکسۆن وەکوو تێکنیسیەن دامەزراوە و تاوەکوو ئێستا بەردەوام ئەو کارە دەکات. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا، بێپسانەوە خەریکی نووسین و وەرگێڕان بووە. چالاکییه‌کانی پتر نووسینی ڕۆمان و وه‌رگێڕانی ڕۆمان و سه‌رچاوه مێژووییه‌کان له زمانی یونانییه‌وه بۆسه‌ر زمانی کوردی بووە.بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوون لە گەڵ بیروڕاکانی چاوپێکەوتنێکی کورتمان لە گەڵی پێکهێناوە و هیوامان بەردەوامیەتی.
ئا:خەبات ڕەسووڵی
لە هەر چوار ڕۆمانەکەتدا مێژووی هاوچەرخی شۆڕشی کورد و ئێرانت کردووەتە هەوێنی رۆمانەکانت هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ناوەرۆکە چیە؟
ئه‌وه که ڕووداوه‌کانی مێژوویی بکرێنه هه‌وێنی ڕۆمانێک، دیارده‌یه‌کی نوێ نییه. که سه‌یری ” مناڵانی نیوه‌شه‌و ”ی سه‌ڵمان ڕوشدی یا ” سه‌مه‌رقه‌ند ” و ” لێئۆی ئه‌فریقایی”ی ئه‌مین مه‌ئلوف و زۆرانی‌تر بکه‌ین، ده‌بینین که ئه‌وانیش ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانی مێژووییان کردووه‌ته هه‌وێنی ڕۆمانه‌کانیان.
له ڕۆمانه‌کانی منیش‌دا ڕوخساره‌کان گرێدراوی ڕووداوه‌کانی ده‌وروبه‌ریان له باری زه‌مه‌نی و مه‌کانین. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه گرینگ بووه، ئاشناکردنی وه‌چه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می که‌سوکاری به‌رله‌خۆی بووه. به‌تایبه‌ت ئه‌و میلیۆن مناڵانه‌ی ئاواره‌ی هه‌نده‌ران، یا ئه‌وانه‌ی له تاراوگه له‌دایکبوونه، بۆیان گه‌لێک ناخۆشه کتێبێکی مێژووییان بده‌یه ده‌ست تا بیخوێننه‌وه، به‌ڵام ده‌کرێ له قالبی ڕۆمانێکی شیرین و سرنجڕاکێشدا هه‌مان ئه‌و مێژووه‌ی بۆ ئه‌وان به زمانێکی‌تر بڵێیه‌وه.
هەست دەکەم لە زۆر جێگا رۆمان دەبێتە قوربانی میژوو بە خۆت ئەم باسە چۆن دەبینی؟
زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه نیم و ڕه‌دیشی ناکه‌مه‌وه. کاتێک ڕوخساره‌کان خۆیان نه‌خشیان له قه‌ومانی ڕووداوه مێژووییه‌کاندا هه‌بێ، ناکرێ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆماننووسین مه‌به‌سته، ئه‌وان ونبن و هه‌ڵاوێردرێن. ئه‌وان خۆیان خوڵقێنه‌ری مێژوو و ڕه‌وته‌که بوونه.
رۆمانی کوردی کەمتر خۆ لە گێڕانەوەی مێژووی هاوچەرخ دەدات جەنابت ئەم دیاردەیە چۆن دەبینی؟
ڕه‌نگه ئه‌و که‌مایه‌سییه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕه‌وتێک که نووسه‌رانی کورد ڕه‌چاوی ده‌که‌ن، من به‌ش به‌حاڵی خۆم، باوه‌ڕم به ڕیالیسمێکی قووڵ له نووسینه‌کانمدا هه‌یه و هه‌ر نووسه‌رێکیش خوێنه‌ر و موخاتیبی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. مێژووی هاوچه‌رخی ئێمه، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ناوچه‌یی گه‌لێک زوڵمی لێکراوه. گه‌لی کورد هێشتا له قۆناخی ڕزگاریخوازیدا و بۆیه ئه‌گه‌ر که‌سێکیش له‌و باره‌وه بنووسێ، بێگومان هه‌ندێ لایه‌نی ڕووداوه‌کان ناتوانێ وه‌کوو خۆی باس بکا و ڕه‌نگه زیان به به‌شێکی جوڵانه‌وه‌که بگه‌یه‌نێ. به‌ڵام من خۆم هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێ‌کرد، ده‌کرێ هه‌مان ئه‌و ڕووداوانه له چوارچێوه‌ی ڕۆمان یا به‌سه‌رهاتێک یا هه‌رناوێکی لێ‌بندرێ، بێنه به‌رباس و وننهبن.
تا چەندە لە گەڵ رۆمانە جیهانی و کوردییەکان ئاشنایەتیت هەیە و پێت وایە کێ توانیویەتی زیاتر کاریگەری لە سەرت هەبێ؟
به‌دڵنیاییه‌وه منیش وه‌کوو هه‌ر ئینسانێک، به‌ر له نووسین، خوێندنه‌وه خۆزگه‌م بووه و ئه‌گه‌ر ئیغراقم نه‌کردبێ، له ته‌مه‌نی 11 – 12 ساڵییه‌وه خووم به خوێندنه‌وه گرتووه. چی به‌رده‌ست که‌وتبایه، یا به‌پێی بارودۆخی هه‌ژاری لێره و له‌وێ کتێب گه‌لێک وه‌گیرکه‌وتایه، له نووسه‌رانی کورد و ئێرانی و وه‌رگێردراوی بیانی و دواتریش یونانی، خوێندوومنه‌ته‌وه. ناکرێ بڵێم نووسه‌رێکی دیار و تایبه‌ت وه‌ها کاری تێکردووم که ته‌واوی نووسینه‌کانی خۆم مه‌دیوونی ئه‌و بزانم. له هه‌مانکاتدا ئه‌وه‌ش ڕه‌د ناکه‌مه‌وه که هه‌رکام له‌وانه کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ڕوح و زه‌ینم داناوه. له سه‌رده‌مێکدا که گه‌نج بوومه، ڕۆمانی عاشقانه کاری خۆی کردووه. دواتر شۆڕش ده‌ستی پێکردووه و چی پێوه‌ندی به بزاڤی ڕزگاریخوازی هه‌بووه، به‌لای منه‌وه وه‌کوو پێشمه‌رگه‌یه‌ک شیرین بووه. له سه‌رده‌مێکیشدا که خه‌ریکی خوێندن له دانیشگا بوومه و تێکه‌ڵاویم له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی یونانی هه‌بووه، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌ویش کارتێکه‌ری قووڵی خۆی هه‌بووه.
تەکنیکەکانی رۆماننووسینی جیهانی چۆن دەبینی و پێت وایە تا چەندە توانیوتە لەو تەکنیکانە کەڵک وەربگری؟
پێشتر ئاماژه‌م به دوو نووسه‌ری به‌توانا کرد: ئه‌مین مه‌ئلووف و سه‌ڵمان ڕوشدی. ئه‌و شێوازه‌ی که ئه‌وان له چوارچێوه‌ی ڕۆماندا، ڕووداوه‌کانیان تۆمارکردووه، به‌لامه‌وه جوان بوونه، ڕه‌نگه زۆر کتێب و بابه‌تم له سادقی هیدایه‌ت و ژان‌پۆل‌سارتێر و که‌سانیتر خوێندبێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پتر ئه‌ده‌بیاتی ڕه‌شیان ڕه‌چاوکردووه، زۆر کاریگه‌ریان له‌سه‌ر من نه‌بووبێ. له وڵامی پرسیاری چواره‌مدا هه‌ندێ ئاماژه‌م به‌و کارتێکه‌رییه کردووه، ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌رکه‌س خاوه‌ن ته‌کنیکی خۆیه‌تی، شتێکی به‌ناهه‌قم نه‌گوتووه. من خۆم له ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه و به‌پێی سه‌لیقه‌ی خۆمه‌وه ده‌نووسم و چ جارێک خۆم نه‌خستووه‌ته نێو قالبێکی دیاریکراو. قه‌رار نییه که قه‌ڵمت به‌ده‌سته‌وه گرت، حه‌تمه‌ن پێشتر مۆدێلێک هه‌ڵبژێری و ڕێچکه‌ی که‌سێک بگرییه به‌ر. هه‌ر قه‌ڵه‌مێک به چاک یا خه‌راپ خاوه‌ن که‌سایه‌تی خۆیه‌تی. لاساییکردنه‌وه نه گونجاوه و نه ده‌شتوانی جێگای خۆی له‌نێو زه‌ین و هه‌ستی خوێنه‌ردا بکاته‌وه. قه‌ڵه‌م ده‌بێ ڕه‌ها بێ و نووسه‌ریش وه‌کوو سوارچاکێک ئه‌و ڕێگه‌یه بگرێته به‌ر که کورت‌تر و ڕاحه‌تتره و سه‌ربه‌خۆیی خۆیشی له‌بیر نه‌کا.
بێجگە لە نووسین کاری وەرگێڕانیش دەکەی چۆن کتێبێک دەستنیشان دەکەی بۆ وەرگێڕان و پێوەرەکانت بۆ ئەم هەڵبژاردنە چین؟
سه‌باره‌ت به وه‌رگێران، سه‌ره‌تا با ئه‌وه‌نده بڵێم که سێ بوارم بۆ وه‌رگێڕان هه‌ڵبژاردووه که بریتین له : کتێبی مێژوویی، ڕۆمان و شێعر.به‌دڵنیاییه‌وه بۆ هه‌رسێک بوار، ڕوانگه‌ی تایبه‌تم هه‌بووه. سه‌باره‌ت به کتێبه مێژووییه‌کان: هه‌روه‌ک ده‌بینن، پتر ئه‌و سه‌رچاوانن که له سه‌رده‌می باستان له‌لایه‌ن یونانییه‌کانه‌وه نووسراون و باسی کورد و ناوچه‌ی نیشته‌جێیی کورده‌کان ده‌که‌ن. ئێمه خۆمان به نووسراو هیچمان نییه و ناچارین که‌ڵک له سه‌رچاوه بیانییه‌کان وه‌رگرین. له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێنه‌ر و نووسه‌رانی کورد، خۆیان توانایی خوێندنه‌وه و وه‌رگێرانی ڕاسته‌وخۆیان له زمانی یونانییه‌وه نه‌بووه، ئه‌و سه‌رچاوانه‌یان ته‌نیا به زمانه‌کانی فارسی و تورکی و عه‌ڕه‌بی خوێندووه‌ته‌وه و که‌ڵکیان لێوه‌رگرتوون، زۆر جار تووشی هه‌ڵه‌ی گه‌وره هاتوون. چونکه ده‌قه فارسی و تورکی و عه‌ره‌بییه‌کانیش وه‌رگێراوی ئینگلیزی و زمانهکانیتری جیا له یونانی بوونه. ئه‌وه‌ش ناشارمه‌وه، به ئه‌زموونێکی ده‌ستم که‌وتووه، به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و وه‌رگێڕدراوانه و به‌تایبه‌تی فارسییه‌کان، ته‌واو ده‌ستکاری کراون و به‌قازانجی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست نووسراونه‌وه، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ته‌حریف نه‌بێ، چۆن گزنفۆن له ته‌واوی کتێبه‌که‌یدا ده‌ڵێ له‌شکری یونانی دژی له‌شکری به‌ربه‌ر له شه‌ڕدا بووه، به‌ڵام له وه‌رگێڕانی فارسی‌دا، ئه‌وه‌نده‌ی شه‌ڕه‌که له ناوچه فارسنشینه‌کان بووه، خێرا ده‌قه‌که گۆڕاوه به‌وه که له‌شکری یونانی دژی له‌شکری ئێرانی شه‌ڕی کردووه و کاتێکیش شه‌ڕه‌که گه‌یشتووه‌ته ناوچه کوردنشینه‌کان، دوباره قسه‌ی گزنفۆن وه‌کوو خۆی نووسراوه‌ته‌وه و له‌شکری یونانی دژی له‌شکری به‌ربه‌ره‌کان شه‌ڕی کردووه!!! ئه‌وه پێمانده‌ڵێ که به‌لای وه‌رگێڕی فارسه‌وه، سه‌ربازانی فارس له‌شکری ئێرانین، به‌ڵام کورد نه‌ک کورد نین، وه‌ک ئێرانیش حیسابی بۆ نه‌کردوون و قسه‌که‌ی گزنفۆنی پێڕاسته و به‌ربه‌رن. جیاله‌وه که ئێجگار هه‌ڵه‌ی زه‌قیشیان تێدا به‌رچاو ده‌که‌وێ. به‌واتایه‌ک ده‌بێ بڵێم ته‌حریف کراون و هیچیتر. تازه له‌و دواییانه‌دا ده‌رکه‌وتووه که وه‌رگێڕدراوه ئینگلیزییه‌کانیش زۆر جێگای ئیعتبار و باوه‌ڕپێکردن نین، به‌ڵکوو وه‌رگێڕاوه ئاڵمانییه‌کان دروستتر و باوه‌ڕپیکراوترن. له وه‌رگێردراوە فارسییه‌کاندا که من پتر سه‌یریان ده‌که‌م، سه‌ره‌تا ده‌بێ بڵیم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌کانیان له ئینگلیزی‌را وه‌رگرتووه و ئه‌وانیش له یونانییه‌وه وەریانگرتووە، ئه‌و ناوانه به‌ڵایه‌کی وه‌هایان به‌سه‌رهاتووه هه‌ر ناناسرێنه‌وه. یا ده‌بینی له ده‌قی یونانیدا ده‌ڵێ شاری فڵان 15 ستادیۆ (پێوانه‌ی مه‌ودا له‌و سه‌رده‌مدا) له ده‌ریا یا ڕووبار دووره ، کابرای فارس کردوویه به 150 ستادیۆ. بیری لێبکه‌وه که سبهیڕۆژ که‌سێکی که‌ونارناس دێت و ده‌خوازێ شوێنی ئه‌و شاره بدۆزێته‌وه، ده‌بێ چۆن بزانێ ئه‌و شاره که هیچ ئاسه‌وارێکی دیار نه‌ماوه و له‌ژێر خاک‌دا نوقمبووه، له‌کوێ هه‌ڵکه‌وتووه. به‌گشتی هه‌ڵه له‌و باره‌وه ئه‌وه‌نده زۆره که ئیتر بۆ باسکردن نابێ. له‌بابه‌تێک نه‌گه‌یشتوون، کابرای وه‌رگێڕ هه‌روا له یه‌خه‌ی خۆی کردووه‌ته‌وه، چونکه پێش ئه‌ویش وه‌رگێڕی ئینگلیسی لێیتێنهگهیشتووه، ئیتر هه‌ڵه به‌دوای هه‌ڵه‌دا هاتووه و نموونه‌م زۆرن. باوه‌ڕ بفه‌رموو له ده‌یان جێگا هێرۆدۆت، گزنفۆن یا ستراڤۆن که باسی شوێنێک ده‌که‌ن، بۆ وێنه ده‌ڵێن ئه‌و ڕووباره یا ڕێگایه به‌ره‌و خۆرئاوا ده‌ڕوا، ئه‌وان له وه‌رگێڕاندا نووسیویانه به‌ره‌و خۆرهه‌ڵات ده‌چێ. که‌وابوو له وڵامی پرسیاره‌که‌دا ده‌توانم بڵێم، خزمه‌تکردن به کتێبخانه‌ی کوردی و توێژه‌ر و نووسه‌رانی کورد، له‌مه‌ر دهستپێراگهیشتنیان به سه‌رچاوه‌ی دروست، واته وه‌رگێڕاوی ده‌قه‌کان به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له یونانییه‌وه بۆ کوردی، ئامانجی سه‌ره‌کی من بووه.
له به‌شی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌کانیش، هه‌وڵمداوه، پتر ئه‌و ڕۆمانانه بن که له‌گه‌ڵ ڕوح و ئازاره‌کانی کوردی مه‌ینه‌ت‌چێشتوو یه‌کتر ده‌خوێننه‌وه و کوردیش ده‌بێ تێ‌بگا که ته‌نیا هه‌ر ئه‌وان نین که خه‌بات ده‌که‌ن و ژیانیان ناسازگاره، به‌ڵکوو خه‌ڵکانی دیکه‌ش له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاریدا خوێنیانداوه و گیانیان به‌ختکردووه. پتر ئه‌و بابه‌تانه‌م هه‌ڵبژاردووه که له‌گه‌ڵ نووسین و شێوازی خۆم ڕێکن. له چوارچێوه‌ی وه‌رگێڕانی شێعریشدا پتر ڕه‌چاوی گه‌شبینیم کردووه. کورد له قۆناخی ڕزگاریخوازی و به‌رخۆداندا و بژارده‌کانی منیش له شاعیرانی یونانی و شێعره‌کانیان، پتر له مایه‌ی خۆڕاگری‌دا. به‌واتایه‌ک ئه‌ده‌بیاتی خۆڕاگری و به‌رگری مه‌به‌ستی من بووه.
لە وەرگێڕاندا چ ستایلێک ڕەچاو دەکەی؟
له کاتی وه‌رگێڕاندا، جیاوازی هه‌یه له‌نێوان بابه‌ته‌کاندا. که بابه‌تێکی مێژوویی زانستی بێ، وه‌رگێڕ ده‌ست و باڵی کراوه نییه به‌دڵی خۆی چۆنی حه‌زی لێیه ده‌قه‌که داڕێژێ. ده‌بێ ئه‌مانه‌تی بابه‌ته‌که پارێزراو بێ، بۆیه وه‌رگێڕ ناچاره ڕسته به ڕسته و وشه به وشه‌ی بابه‌ته‌که وه‌به‌رچاو بگرێ. له وه‌رگێڕانی ڕۆماندا، ئازادی پتر له‌گۆڕێدایە. بابه‌ته‌که زانستی نییه و وه‌رگێڕ هه‌وڵده‌دا ئه‌دیبانه‌تر بیخاته به‌رچاوی خوێنه‌ر. له وه‌رگێرانی شێعردا، ئیتر وه‌رگێر مانا و مه‌فهووم و په‌یامی شێعره‌که وه‌رده‌گرێ و به‌شێوه و ستایلێک که خۆی لێی شاره‌زایه، دایده‌ڕێژێته‌وه. لیره‌دا ئیتر زمانی ڕه‌وان و پاراو ڕۆڵی کاریگه‌ری هه‌یه.
بەشێک لەو کتێبانەی وەرتگێڕاون باسی مێژووی کۆنی یۆنانە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بەشە لە مێژوو چیە؟
هه‌رچه‌ند پێشتر وڵامی ئه‌و پرسیارم تا ڕاده‌یه‌ک داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌توانم ئه‌وه‌نده‌ی پێوه زیادبکه‌م که یونانییه‌کان، چ وه‌کوو گه‌ڕیده، چ وه‌کوو له‌شکری به‌کرێگیراو، ته‌نانه‌ت دواتر وه‌کوو داگیرکه‌ریش، له فه‌تره‌یه‌کی زه‌مه‌نی دیاریکراودا نه‌خشی به‌رچاویان له ئاڵوگۆڕه‌کانی ئاسیادا به‌گشتی و مێسۆپۆتامیادا به‌تایبه‌تی هه‌بووه و ڕووداوه‌کانیان تۆمارکردوون و بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ توێژینه‌وه‌ی مێژوو. ده‌کرێ بڵێم هیچکام له گه‌لانی ناوچه به‌قه‌را یونانییه‌کان به‌ڵگه‌ی نووسراویان سه‌باره‌ت به‌و سه‌رده‌مه له‌دوای خۆیان جێنه‌هێشتووه. کوردیش که هیچکات خۆی به نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌که‌ی ماندوو نه‌کردووه، ئه‌مڕۆ ناچاره که‌ڵک له‌و سه‌رچاوانه وه‌رگرێ. منیش هه‌ر له‌و ڕاستایه‌دا خۆم سه‌رقاڵی وه‌رگێرانی ده‌قه یونانییه‌کان کردووه، بۆوه‌ی لانیکه‌م له‌و به‌شه‌دا چیتر موحتاجی ده‌ستی وه‌رگێڕاوه ته‌حریف کراوه‌کانی دراوسێیه‌کانمان نه‌بین.
بێجگە لە مێژوو خەریکی وەرگێڕانی شیعریشی ئەم شێعرانە چۆن هەڵدەبژێری بە چ مەبەستێک وەریاندەگێڕی؟
له شێعریشدا، وه‌کوو ڕۆمانه‌کان، پتر ڕوانگه‌ی به‌رگری و خۆڕاگریم وه‌به‌رچاو گرتووه. کورد شاعیری زۆره و شێعریش فراوان، به‌ڵام من بۆیه ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌م کرده‌وه، تا خوێنه‌ری کورد له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیات و شێعری یونانی ئاشنا بکه‌م. ئه‌ده‌بیاتی به‌رگری ئه‌وان که 500 ساڵ له‌ژێر سه‌یته‌ره‌ی تورک و گهلانیتردا بوون، ئیجگار ده‌وڵه‌مه‌نده. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه له شێعره‌کانیاندا، شاعیری یونانی زۆربه‌ی کات شتێکی رێئالی و دوور له فانتازی و خه‌یاڵی هه‌یه به خوێنه‌ر بڵێ. که‌سانی ناسراوی وه‌کوو یورغۆس سێفێریس (براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بی)، یانیس ڕیچۆس (خاوه‌نی زۆرترین به‌رهه‌می شێعریی له جیهاندا) ، کهڤافیس، ساپفۆ (شاعیری سه‌رده‌می باستان)، کاترێرینا غۆغوو و کیکی دیمولا و زۆرانی‌تر، شێعره‌کانیان بۆ به‌رگری له خاک و نیشتمان، بۆ مافی ئینسان و پشتیوانی له هه‌ژار و چه‌وساوه‌کان نووسیوه، نه‌ده‌کرا له‌لای کورد نه‌ناسراو بمێننه‌وه. با ڕوانگه‌یه‌کی‌تریش له شێوازی شێعر هۆنینه‌وه وه‌به‌رچاوبگرین. با هه‌ندێ بچینه نێو دنیای فه‌لسه‌فی ئه‌وانیش که ته‌واو لێی‌شاره‌زان.
ئاستی وەرگێڕان لە زمانی کوردی‌دا چۆن دەبینی؟و گرفتەکانی بەردەم وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی چین؟
هیچ شتێ ناتوانین موتڵه‌ق بیری لێبکه‌ینه‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه کوردیش وه‌کوو گهلانیتر، مرۆڤی گه‌لێک به‌توانای له‌و بواره‌دا هه‌یه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو بێ‌ئیمکاناتییه‌ک و نه‌بوونی نێوه‌ندێکی حکوومی که بتوانێ پشتیوان و یارمه‌تیده‌ر بێ، به‌تایبه‌ت بۆ ڕاهێنانی زانستیانه له‌و به‌ستێنه‌دا. وه‌رگێڕی کورد، که‌سێکه خۆی خۆی پێگه‌یاندووه. قوتابخانه‌یه‌ک نه‌بووه تێیدا په‌روه‌رده بێ. به‌ڵێ کورد به‌رهه‌می وه‌رگێڕاوی هه‌یه که قه‌ره له قه‌ره‌ی وه‌رگێڕاوه جیهانییه‌کان ده‌دا، به‌ڵام که خاوه‌ن کیانی ئازادی خۆت نه‌بووی، وه‌کوو پاڵه‌ی بێ مووچه که‌س هه‌ست به بوونت ناکا.
بۆچی تا ئێستا رۆمانەکانت رۆشنایی چاپیان نەدیتووە؟
به‌داخه‌وه خۆم توانایی ماڵیی چاپم نه‌بووه، کوردیش به‌پانه‌وه ئه‌وه‌نده ئه‌هلی خوێندنه‌وه و کتێب کڕین نییه، تا بکرێ پاره‌ی کتێبێک بۆ چاپی کتێبێکی دیکه خه‌رج بکه‌م. له باشووری کوردستانیش به‌داخه‌وه ئیمکانی چاپم به‌و شێوه‌یه نه‌بووه. خۆشم له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان نیم و له‌وێ ناژیم تا بتوانم به‌رهه‌مه‌کانم چاپ‌بکه‌م، هه‌رچه‌ند هیچکات ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ڕێگه به چاپی به‌رهه‌می له‌شێوه‌ی نووسینه‌کانی من ناده‌ن. ئه‌وه‌نده‌ی بۆم ڕه‌خسابێ له ده‌ره‌وه هه‌وڵمداوه.
چەند کتێبت هەیە و تا ئێستا چەند دانەیان چاپ کراوە؟
خاوه‌ن 14 کتێبم. 3 کتێبی مێژوویی، 5 کتێبی ڕۆمانی خۆم و وه‌رگێڕاو چاپکراون. 5 کتێبیش ئاماده‌ی چاپن و چاوه‌ڕوانی مه‌جالێکم بڵاویان بکه‌مه‌وه.کتێبەکانم بریتین لە:
• ئازاری خه‌ونه‌کان. ڕۆمان
• ته‌سلیم یا مه‌رگ. ڕۆمان
• مۆمه‌کانی سپێده، ڕۆمان
• باره‌گای حاجی ڕه‌شید. ڕۆمان
ڕۆمانی وه‌رگێڕاو:
• گوڵه‌به‌فرینه‌ی خوێناوی، جه‌میل توران.
• بیره‌وه‌ری کۆیله‌یه‌ک، ستراتیس دوکا.
• ژماره 31328، ئیلیا ڤێنێزی.
• ژنی خەیانەتلێکراو، سیمین دوبووار
• پەڕاوی شاراوە، ئاڵبا دێ سێس پێدێس
کتێبه مێژووییه‌کان:
• مێژووی هێرۆدۆت، نووسینی هێرۆدۆت.
• ئاناباس، نووسینی گزنفۆن.
• کورد و کوردستان، کەماڵ بورکای
• جۆغرافیای ستراڤۆن، به‌رگی 16، نووسینی ستراڤۆن.
کۆمەڵە شێعر لە شاعیرانی یونانی و شاعیرانی‌ترەوە:
پەنجەرەکان
ژیانی تاراوگە تا چەندە یارمەتیدەر بووە بۆ بەردەوامی نووسینەکانت؟
ژیان له تاراوگه گه‌لێک دژواره. ئینسان ده‌بێ بۆ دابین کردنی بژی‌و به‌رده‌وام کاربکا. جیا له ئه‌رکی ڕۆژانه و کار بۆ بژی‌و، ئه‌گه‌ر کات مایه‌وه، ئه‌وجار سه‌رقاڵی نووسین بی. ئه‌وه‌ش بۆ که‌سێک بخوازێ به‌شێوه‌ی پرۆفیشناڵ بنووسێ و چاپ‌بکا، زۆر زه‌حمه‌ته.
بیرەوەری وەک ڕەگەزی سەرەکی ڕۆمانەکانت دەبینرێ هۆکاری ئەوەی کە زۆرت کەڵک لە بیرەوەری وەرگرتووە چیە؟
ئه‌زموونی ژیان هه‌میشه له ئاوێنه‌ی هزر و زه‌ینی نووسه‌ردا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، ته‌نانه‌ت نووسه‌رانی ناسراوی جیهانیش، له نووسینه‌کانیاندا که‌وتوونه ژێر ته‌ئسیری ڕووداوه‌کانی ده‌وروبه‌ریان. جا چ بگا به کوردی ماڵ‌وێران که به‌رده‌وام له‌ژێر زه‌خت و گوشار و شه‌ڕ و ئاواره‌ییدا بووە. نووسه‌ری کوردیش یه‌ک له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌تی. کاتێک ده‌بینم ته‌مه‌نم پڕبووه له ئاواره‌یی، شه‌ڕ و ماڵوێرانی، گه‌لێک سروشتییه به‌شێوه‌یه‌کی ڕێئالیستی ڕووداوه‌کان له قالبی ڕۆماندا بێنمه به‌رباس. که‌وابوو چۆن ده‌توانم له دنیایه‌کی خه‌یاڵیدا بیر له ته‌کنۆلۆژیای سه‌رده‌م بکه‌مه‌وه و شه‌ڕی هه‌ساره‌کان بکه‌مه هه‌وێنی نووسین.
لە زۆربەی نووسینەکانتدا باسی ژنان و لەدایک بوونی منداڵ و ئازارەکانی لە دایک بوونی منداڵ دەکەی ،ئایا ئەوە عەمدییە ، یان بەرێکەوت زۆر ئەم باسە هاتووەتە گۆڕێ؟
به‌ڵێ، ده‌کرێ بڵێم له هه‌موو ڕۆمانه‌کانمدا ، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌ی وه‌رگێڕاویشن، ژن ڕۆڵی سه‌ره‌کیان بینیوه. ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر باوه‌ڕه‌کانی من سه‌باره‌ت به نیوه‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگاکه‌م. به‌دڵنیاییه‌وه ناتوانم چاوپۆشیان لێبکه‌م، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌م بۆ دادپه‌روه‌رییه‌ک که ئه‌وانیش وه‌کوو پیاوان هه‌ست به سه‌ربه‌ستی و سه‌روه‌ری خۆیان بکه‌ن. من که باسی ئازاره‌کانیان ده‌که‌م، هاوشان وریایی و خۆڕاگریشیان وێناده‌که‌م و قاره‌مانه‌کانم له‌نێو ئه‌وان هه‌ڵده‌بژێرم. ئه‌وان جیا له ژیانی پڕ له مه‌ینه‌تی کۆمه‌ڵگای داخراوی کوردستان، ده‌بێ سه‌دان ئازاری‌تر، جا له منداڵبوونه‌وه بگره تا ده‌گاته سه‌رپه‌رشتی و به‌خێوکردنی جگه‌رگۆشه‌کانیان، چیها ئازاری‌تر قبوڵبکه‌ن. ده‌کرێ بڵێم نووسینه‌کانم ڕاسان دژ به سیسته‌می نادادپه‌روه‌رانه‌ی کورده له سه‌ده‌ی 21دا.
لە زۆربەی نووسینەکانتدا دنیایەکی ڕەش وێنا دەکەی زیندان و هەڵات هەڵات و مردن و خەم و فرمێسک و خوێن پێت وانییە زۆر رەشبینانە دەڕوانییە دنیا؟ یان دنیا بەراستی ئاوایە تەنیا وێنات کردووە؟
ئه‌وه که ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان به‌چه‌شنێک بووه که زیندان و ده‌ربه‌ده‌ری و مه‌رگ و خه‌می لێکه‌وتووه‌ته‌وه، خوڵقاوی خه‌یاڵی من نه‌بووه. ڕووداوه‌کان به‌و ئاقاره‌دا هاتوون و منیش وه‌کوو نووسه‌رێک نه‌مویستووه درۆ له‌گه‌ڵ قه‌ومانه‌کان بکه‌م. با نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه: کاتێک ئیلیاس وێنێزیسی نووسه‌ری یونانی خۆی یه‌ک له‌و که‌سانه بووه که له‌کاتی ڕه‌شه‌کوژی ئه‌رمه‌نی و یونانییه‌کان به‌ده‌ست تورکه‌کان، به‌زۆره‌ملی ڕاگوێزراوه بۆ ئۆردوگای بێگاری له قوڵایی خاکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌کان و هه‌زاران قوڕبه‌سه‌ری دیتووه، مه‌رگی ئازیزانی دیتووه و زۆر ڕووداوی دڵته‌زێنی دیکه، ئایا ده‌یتوانی له ڕۆمانه‌که‌یدا باسی ژیانێکی پڕ له به‌خته‌وه‌ری خۆی له کۆشکه‌کانی سوڵتانی عوسمانی‌دا بکا…. به‌دڵنیاییه‌وه نا. چی‌دیتووه، ئه‌وه‌ی هێناوه‌ته به‌رباس. منیش و هه‌مووی ئه‌وانه‌ی له ڕۆمانه‌کانمدا نه‌خشیان هه‌بووه، به‌داخه‌وه تووشی خۆشی نه‌هاتووین و چی به‌سه‌رمان هاتووه، له نووسینه‌کاندا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه. به‌ڵام، سه‌ره‌ڕای ئه‌و گشته نه‌هامه‌تییانه وره‌مان له جێگای خۆی بووه و به‌ره‌و خۆزگه‌کان هه‌نگاومان ناوه‌ته‌وه. چی بکه‌ین که له سه‌رده‌مێکدا ژیاوین و ده‌ژین که خۆشی باری کردووه و قۆناخ، قۆناخی ڕزگاریخوازییه و ده‌بێ نرخی بۆ بدرێت.
ژیانی پێشمەرگایەتی پڕە لە بەسەرهات ، جەنابت هەوڵت داوە وەک کەرەسەیەکی خاو کەڵک لەم بەسەرهاتانە وەربگری ، یان تێکەڵ خەیاڵت کردوون؟
هه‌ر چرکه‌یه‌ک له ژیانی تاکی کورد، خۆی سووژه و که‌ره‌سه‌یه بۆ خوڵقانی ڕۆمانێک. به‌باوه‌ڕی من نووسه‌ر هیچ پێویست ناکا به‌دوای بابه‌تی خه‌یاڵیدا بگه‌ڕێ. به‌ڵێ، منیش تاکێکم له‌و کۆمه‌ڵگایه. هه‌موو ئاڵ‌وگۆڕێک به چاک و خه‌راپ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕوح و زه‌ینمدا هه‌بووه و ده‌یبێ. کاتێک پێشمه‌رگه بوومه، هه‌موو ساتێکی ژیانم مه‌ترسییه‌ک بووه بۆ نه‌مانم، ده‌ی چۆن ئه‌وه کاریگه‌ری له‌سه‌ر نووسینه‌کانم نابێ. به‌رده‌وام تووشی ڕووداوی سه‌یروسه‌مه‌ره و خۆش و ناخۆش هاتووین. مرۆڤی خاوه‌ن خوو و ڕه‌وشتی جیاواز به‌ده‌وری یه‌کتره‌وه بووینه و ژیانی هه‌رکامه‌یان ڕۆمانێک بووه. چۆن ده‌کرا ئه‌و مرۆڤانه له‌بیربکرێن؟
بە سەرنجدان بە دنیای ئەمڕۆ کتێب خوێندنەوە هەست ناکەی لە کزی داوە؟یان پێت وایە روو لە گەشەیە؟ بە گشتی چۆنی هەڵدەسەنگێنی؟
ئینترنێت وه‌کوو ئامرازێک، باشی و خه‌راپی خۆی هه‌یه. به‌ڵێ کتێب خوێندنه‌وه له کهمیداوه. هه‌ڵبه‌ت لای ئورووپییه‌کان نه‌ریتی خوێندنه‌وه‌ی کتێب هێشتا خۆی پاراستووه، چونکه وه‌کوو فه‌رهه‌نگ نه‌هادینه بووه، ئه‌وان کتێب وه‌کوو کتێب ده‌بینن و ئینترنێت وه‌کوو ئینترنێت، بۆ ڕۆژنامه‌ش به هه‌مانشێوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاکی کورد هه‌ر به‌رله بوونی ئینترنێتیش که‌متر خوێنه‌ر بووه، جا چ بگا به ئێستا. ئه‌و، کتێبی له ماڵه‌وه هه‌بووه نه‌یخوێندووه‌ته‌وه، چۆن ئێستا پاره ده‌دا و له کتێبخانه‌ی ئێلێکترۆنیدا ده‌یخوێنێته‌وه!! من له‌و باوه‌ڕه‌دام که ده‌بێ پتر هه‌وڵبدرێت نه‌ریتی بێزاری له کتێب چاره‌سه‌رێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه.
- دۆزەخ دەروازەی کرانەوەی کوردستان - 12/18/2024
- نقشه جهنمی - 12/13/2024
- نەخشەیەکی جەهەنەمی - 12/13/2024