مێژووی کورد و ئارامییەکان و سریان و ئەرمەن لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و کوردستان

نووسینی: مەهدی كاكەيی


وەرگێڕانی لە عەربییەوە: شوان خۆشناو


سەبارەت بە سوریای ئێستا، لە سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایینەوە، دانیشتوانەکەی لە باب و باپیرانی کوردانی خۆرییەکان – میتانیەکان پێکهاتبوو کە لە ڕۆژئاوای کوردستانی ئێستا دەژیان. شاری (واشوکانی) پایتەختی شانشینی میتانی بوو، کە دەکەوێتە ناوچەی جەزیرە. هەروەها پێکهاتبوو لە فینیقییەکان، کە لە کەناراوەکانی سوریا و لوبنان دەژیان و لە ئەمورییەکان کە لە ناوەڕاست و باشووری سوریای ئێستا دەژیان .[1] باب وباپیرانی گەلی کورد، سوباری (گوتییەکان، لولوبییەکان ، خۆرییەکان ، هیتییەکان ، و ئارارتییەکان) فەرمانڕەوایی باشوور و باکووری کوردستانیان دەکرد، لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان شێوە.
1- ئارامییەکان: ڕەچەلەکی ئارامییەکان نادیارە لەبەر ئەوەی زێدە بنەڕەتییەکەیان نەزانراوە [2] [3] [4]، بەڵام دکتۆر (عەبدولحەمید زاید) وا دادەنێت کە ئەوان لە سەرەتای مێژوویاندا له بیابانی سووریای ئێستادا ژیاون [5]، بەڵام ئارامییەکان لە بنەڕەتدا دانیشتووی ڕۆژئاوای کوردستان نەبوون. ئەمە تەنها گریمانەیەکی دکتۆر (عەبدولحەمید زایدە)، بەڵام ئەگەری زۆرە کە بیابانی ئێستای عەرەبی زێدی ڕەسەنی ئارامییەکان بێت و لەوێوە ئاوارەبوونە بۆ بیابانی سوریا کە لە تەنیشت زێدی ڕەسەنی خۆیانەوەیە. ئارامییەکان شانشینی باب وباپیرانی کوردانی میتانییان داگیرکرد [3] [6] دوای ئەوەی ئاشوورییەکان و هیتییەکان شانشینی میتانییان لەناوبرد. مێژوونووسی بەریتانی (ئارنۆڵد تۆینبی) باس لەوە دەکات کە بە درێژایی ماوەی نێوان ساڵی (950) پێش زایین و (1250) پێش زایین، ئارامییەکان لە وڵاتی میتانی نیشتەجێ بوون [7]. ئارامییەکان لە سەدەی بیست و یەکی پێش زایین چوونە ناو سەنتەری شانشینی میتانی خۆری ( ناوچەی دورگەی ئێستا – منطقة الجزیرة الحالیة) *، کە دواتر بە (بیابانی سوریا) ناسرا [8[ .[9]داگیرکردنی وڵاتی میتانی لە لایەن ئاشوورییەکان نەبووە هۆی قڕکردنی خۆرییەکان – میتانییەکان، بەو پێیەی باوباپیرانی کوردانی سوباری (گوتییەکان، لولوبیەکان و خۆرییەکان) زۆرینەی گەلی ئاشووریان پێکدەهێنا[a] ، و ئاشوورییەکان زۆرینەی گەل نەبوون، هەر بۆیەش نەیانتوانی بۆشایی دانیشتووان لە وڵاتی میتانی پڕبکەنەوە [8[9] [.
2- سریان: لە ماوەی سەدەی پێنجەمی پێش زایین، ناوی (سوریا) لە سەرچاوە یۆنانییەکاندا بەسترابۆوە بە ناوی ئاشوورییەکان و ئارامییەکان، چوونکە ئاشوورییەکان لە نزیکەی ساڵی (1200) پێش زایین، شانشینی میتانییان کۆنتڕۆڵ کردبوو. یۆنانییەکان ناوی (سُريان)یان نا (ئارامییەکان) و دواتر ڕۆمانەکان هەمان ناویان پێدا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نیشتەجێبوونیان لە (سوریا). دواتر ئەم ناوە بووە باو دوای ئەوەی ئایینی کریستیان (مەسیحی) لە باوەشگرت، بەو پێیەی ناوی (سُرياني) جێگەی ناوی (ئارامی) گرتەوە .[10]
بەم شێوەیە دەبینین کە ناوی (سوریا) کۆنترە لە نیشتەجێبوونی ئارامییەکان لە وڵاتی میتانییەکان و ناوی (سُريان) لە ناوی (سوریا)ەوە وەرگیراوە دوای ئەوەی تێیدا نیشتەجێ بوون و تێیدا ژیان. ناوی (سوریا) لە ناوی (سریان) وەرنەگیراوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ناوی ( سریان) لە ناوی (سوریا)وە وەرگیراوە. ناوی (سوریا) لە ناوی خوداوەندی باب وباپیرانی کوردانی سوباریەوە هاتووە، کە خوداوەندی خۆر (سوریا، ئاسورا، یان ئاهورا)یە، کە ناوەکەی تا ئێستاش لە زمانی کوردی (خۆر – ڕۆژ) یان (هۆر Hor)دا ماوەتەوە. بەمجۆرە وشەی (سوری) بە واتای کەسێک دێت کە باوەڕی بە بیروباوەڕی خۆر هەیە. باپیرانی کوردە هیتییەکان پێش زیاتر لە چوار هەزار ساڵ حوکمڕانی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووە، هەروەها دوای ئەوان باپیرانی گەلی کورد، مادەکان، خۆری – میتانییەکان و مادەکان و پاشان باپیرانی کوردە ساسانییەکان حوکمڕانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووە .بەم شێوەیە دەبینین کە کوردستان زێدی ڕەسەنی گەلی کوردە و بیابانی سوریا زێدی ڕەسەنی ئارامییەکان و سریانەکانە، ئەوەی شایانی باسە کە سریانییەکانی ئێستا ئارامی نین، بەڵکو کوردی مەسیحین، کە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ئاینە لە کوردستاندا بوونەتە مەسیحی و زمانی کەنیسەیان وەک زمانی خۆیان گرتەبەر. هەروەها ئەوانەی لە ئێستادا بانگەشەی ئاشووری و کلدان دەکەن، لە ڕاستیدا کوردی مەسیحی نێستۆرین.
3 – ئەرمەنییەکان: گەلی ئەرمەنی هیچ بوونێکی نەبووە لە ڕۆژئاوای ئاسیادا، کاتێک کە ئاشوورییەکان وەک زلهێزێکی ناوچەیی لە سەدەی هەژدەی پێش زایین سەریان هەڵدا. (مەروان مودەور) باس لەوە دەکات کە (هێرۆدۆت) دەڵێت ئەرمەنەکان گەلێکی هیندۆئەوروپین (ئاری ڕۆژئاوا)ین، کە ناوچەی بەڵقانیان لە سەدەی دوانزەی پێش زایین بەجێهێشتوە بۆ ئاسیای بچووک لە ڕێگەی بۆسفۆر و دەردنێلەوە، پاشان بە قۆناغ بەرەو ڕۆژهەڵات چووینە ناوەوە، تا لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی پێش زایین گەیشتنە ئارارات، وە دوای لەناوچوونی دەوڵەتی ئۆرارتۆ بە ماوەیەکی کەم، گەیشتنە ئەرمینیای ئێستا [11]، کە لەلایەن باو باپیرانی کوردەوە دامەزرابوو. شانشینی ئۆرارتو بەردەوام بوو تا ساڵی 625 پێش زایین .دوای ئەوە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ لەژێر پاراستنی مادەکاندا بوو تا لەناوچوو کاتێک خێڵە کوردە گوتییەکان هەڵسان بە شۆرش لە ساڵی 585 پێش زایین دوای ئەوەی ئەرمنەکان دەستیان بەسەرداگرت، کە نیشتەجێبوون لە ڕۆژئاوای وڵاتی ئۆرارتییەکان. (مەروان ئەلمودەور) دەشڵێت، لە ڕاستیدا ئەرمینیا بەم ناوە نەناسرابوو، بەو پێیەی ناوی (ئەرمینیا) کە وەک ئەمڕۆ دەیزانین. ناوی ئرمینیا لە ساڵانی (٥٥٠ – ٥٢١ پێش زایین) دەرکەوت. هەروەک دەبینین لە سەردەمی باوباپیرانی کوردانی خۆری – میتانییەکان و هیتی و ئۆرارتی و ماد، ئەرمەنییەکان هیچ بوونێکیان نەبوو لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیادا، بەڵکو دوای نەمانی ئەو وڵاتانەی کە باو باپیرانی کوردانی زاگرۆس دایانمەزراندبوو، کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکە .
شایانی باسە تەنانەت کەمتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر کورد لە ئەرمینیا و ئازەربایجانی ئێستادا، شانشینی و میرنشینی هەبووە، ئەمەش هەروەک لە خوارەوە دیارە درێژایی مێژووبوونی کورد لە ناوچەکەدا پشتڕاست دەکاتەوە. هەروەها زمانی ئەرمەنی ژمارەیەکی زۆر لە وشەسازیی کوردی لە خۆگرتووە، کە تا ئێستاش بەکاری دەهێنن.
میرنشینە کوردیەکان
ا – میرنشینی رەوادیی (948 – 1071 زاینی): ناوچەی مەراغە و تەبرێز و ئازربێجان و ورمێ و خوی و سەلماس و ئەرمینیای لە خۆ دەگرت .
ب – میرنشینی شەدادی (951 – 1198 زاینی): ناوچەی ئەڕان و شارەکانی بەردعە و دبیل و گەنجە و باکۆ (ئەو شوێنانە دەکەونە ئەرمینیا و کۆماری ئازەر بێجانی ئێستا)، کە دڕێژ دەبۆوە بۆ شاری رواندزو هەتا شاری گەنجە ” Ganja ” لە ئازربێجانی ئێستا .
پ – کۆماری کوردستانی سوور (1923 زاینی): کوردستان دابەش کراوە بۆ پێنج پارچە، هەر پارچەیەکی لکێنراوە بە هەریەک لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا و ئەرمینیا. لینین هەڵسا بە ئاشکراکردنی نهێنییەکانی ڕێککەوتنامەی سایکس – پیکۆ، بۆیە رووسیا زۆربەی “پشکەکەی” لە باکووری کوردستان لە کیس چوو و لکێنرا بە تورکیاوە. بەشێکی بچووک لە کوردستان ماوە سەربە یەکێتی سۆڤیەت، کە بووە کۆمارێک بەناوی (کۆماری کوردستانی سوور)، کە لە 7 ی مانگی گەڵاوێژی ساڵی 1923 زاینی، ئەو ناوچانەی گرتەوە کە زۆرینەی کورد بوون، کە دەکەوێتە نزیک هەرێمی (ناگۆرنۆ – قەرەباغ)، کە سەر بە ئازربێجانە و هاوسنوورە لەگەڵ ئازربێجان و ئەرمینیاو جۆرجیایە. ڕووبەرەکەی (6210 ) کێلۆمەتری چوارگۆشەیە وە دانیشتوانەکەشی لە ساڵی 1926 نزیکەی (51426) کەس بووە، لە ناویاندا (37182 ) کەس (72.2%) کورد بوون و ئەوانیتر ئازەری بوون (27.2%).
بەهۆی خۆبەکەمزانین، تێڕوانینی زۆرێک لە کورد بەرامبەر بە گەلی خۆیان و شارستانییەتەکەیان و شکۆمەندکردنی داگیرکارانی کوردستان و ئەوانەی ڕق و کینەیان لە گەلی کوردە و باوەڕبوون بە مێژووی ساختەیان، دەرئەنجامی داگیرکاریی نیشتەجێی کوردستان و حوکمڕانیکردنی گەلی کورد لەلایەن داگیرکەرانی وڵاتەکەیان بۆ ماوەیەکی زۆر، لەو ماوەیەدا مێشکی تاکی کورد لەڕێگەی ڕاگەیاندن و قوتابخانە و زانکۆ و چەندان شتی ترەوەو پڕ بووە لە درۆ و بەلاڕێدابردن .پێویستە لەسەر گەلی کورد خۆی لەو کۆت و زنجیرەی کە دووچاری بووە ڕزگار بکات و بگەڕێتەوە بۆ زمان و کولتووری ڕەسەن و میراتی دەوڵەمەندی خۆی و زانیاری لە مێژووی کۆن و شارستانیيەتە مەزنەکەی خۆی بزانێت .ئەوکات مرۆڤی کورد ناسنامە و کەسایەتی ڕەسەنی خۆی و ئازادیە زەوتکراوەکەی بەدەست دەهێنێتەوە، و گەلی کوردستان لە کۆت و بەندەکانی کۆلۆنیالیزم و کۆیلایەتی، ڕزگاری دەبێت و کوردستانیش سەربەخۆ دەبێت.

( ناوچەی دورگەی ئێستا)، (نیمچە دورگەی فورات)، لە ڕووی مێژووییەوە پێى دەلێن (ناوچەی ئاقوور)، کە دەکەوێتە نێوان لوبنان، عێراق و ئەنادۆڵ. ئەمڕۆ ناوچەکە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و باکووری ڕۆژئاوای عێراق و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا لە خۆدەگرێت و بەشی باکووری میزۆپۆتامیا پێکدەهێنێت (وەرگێڕ).