دەستبەرداربوون لە چەک بۆ کورد خۆکوژییە

د. لوقمان ڕادپەی

عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری کورد کە لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردووەوە لە دوورگەی ئیمڕاڵی تورکیا زیندانییە، لە 29ـی دێسامبری 2024 و لە درێژەی دیدار لەگەڵ پەروین بوڵدان سری سووریا ئۆندر -دوو ئەندام پارلێمانی پاڵپشتی کورد- ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ «هەڵگرتنی هەنگاوگەلی ئەرێیی و ڕاگەیاندنی بانگەوازی پێویست.» سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە)، دەوڵەت باخچەلی کە هاوپەیمانی نزیکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە، پێشتر ئەم هەنگاوانەی وەکوو هەڵوەشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەککردنی پێناسەی کردووە. بەهەمان شێوە لە 25ـی دێسامبری 2024 ئەردۆغان ڕوو بە شەڕڤانانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەریی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئۆلتیماتۆمی دەرکرد کە یان چەکەکانیان دانێن یان “دەنێژرێن”. تورکیا داخوازییەکی هاوشێوەی لە ساڵانی 2015 و 2018ـەش هەبوو.

لە کاتی دابەشبوونی کوردستان بەسەر وڵاتانی جیاواز لە ڕێگەی دەسەڵاتگەلی کۆڵۆنیاڵیست کە سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنیان بنیات ناوە، بەردەوام کوردەکان لە خۆیان بەرگرییان کردووە و چارەی-خۆنووسینیان پاراستووە. بەرخۆدانی کوردەکان لە تورکیا سەرەتا لە دووای دامەزراندنی کۆماری تورکیای مۆدێرن لە ساڵی 1924 دەستی پێکرد بەڵام لە ساڵی 1984 بە بنیاتنانی پەکەکەوە، خێرایی بە خۆیەوە گرت. سەرەتای 2011 و شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، بۆشاییەک لە ناوچەکە درووستبوو کە کوردەکان توانییان دەرفەتەکە لە 2012ـەوە و لە ڕێگەی دامەزراندنی زۆنێکی خودموختار بقۆزنەوە. ئەوان هێزی سەربازییان ڕێکخست -یەکێنەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکێنەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)- کە هەر دووکیان لە ژێر ئاڵای هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک (SDF) هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە شەڕ دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). ئەم جیاکردنەوەیە بۆ تورکیا بێ واتا بووە: تورکەکان هەر کوردێک وا ملکەچی ئانکارا نەبێت بە درێژکراوی پەکەکە ناو دەبەن.

تورکیا لە ساڵی 2018ـەوە بە بەردەوامی هێرشی کردووەتەوە سەر هەسەدە. لە درێژەی ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد لە سووریا، گرووپەکانی سەر بە تورکیا وەکوو تەحریر ئەلشام و سوپای نەتەوەیی سووریا دەستدرێژییان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان. هەڕەشەی تورکیا بۆ چەککردنی هەسەدە لە ڕاستیدا لە دووای زۆرتر لە 20 ڕۆژ هەوڵی ناسەرکەوتوو لە ڕێگەی پرۆکسییەکانی بۆ کۆنترۆڵی بەنداوی تەشرین لە فورات، دەستی پێکرد.

ئەم ئۆلتیماتۆمەی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ دەسپێشخەریی بۆ “ئاشتی” و دەسەڵاتی ئانکارا بانگەشەی ئەوە دەکات کە کێشەی درێژمەودای ناوخۆیی پرسی کورد چارەسەر دەکات. بەڵام ئەمە جێی باوەڕ نییە. لە هەمانکاتدا داگیرکردن و بەتورککردنی ناوچە کوردییەکان لە سووریا، ئاوارەکردنی کوردەکان و پاکتاویی ئێتنیکی لە لایەن تورکیاوە بەردەوامە.

لە کاتێکدا وا ئۆجالان بانگەشەی “برایەتی” لە نێوان کورد و تورک دەکات، دەستەبەرکردنی وەها ئامانجێک پێویستی بە ڕێفۆڕمێکی هەمەلایەنە هەیە. لانیکەم دەبێت تورکیا ئەو دەستوورەی بگۆڕێت کە تێیدا بوونی ناسنامە نەتەوەییە نا-تورکییەکان ڕەد دەکاتەوە. ئەم کارە هەروەها پێویستی بە چاککردنەوە و سەرلەبەر گۆڕینی یەک سەدە لە مێژووگرافی ناسیۆناڵیستی، لابردنی ئێتنۆسێنتێریزمی دەوڵەتی و هەروەها ڕازیکردنی لایەنە ناسیۆناڵیستەکانی تورکیای هەیە.

داخوازی تورکیا بۆ چەککردنی کوردەکان هەم پێشوەختە هەم عەیبدارە. لە پێش هەرجۆرە چەک داماڵینێک، ئانکارا دەبێت پاشەکشە بکات لە هەموو ناوچە کوردییەکان کە لە ژێر بانگەشەی شەڕ لەگەڵ “تێرۆریزم” لە ڕۆژاوا و باشووری کوردستان داگیری کردووە.

تورکیا دەبێت کۆتایی بێنێت بە پاکتاویی ئێتنیکی و ئەندازیاری دێمۆگرافیک لە قەڵمڕەوی کورد و هەروەهاش سیاسەتی سەرکوتی نوێنەرە سیاسییەکانی کورد ڕابگرێت؛ وەکوو لەسەرکارلابردنی شارەوانە هەڵبژاردراوەکان، سڕینەوەی پارێزبەندی پارلێمانی لە نوێنەرانی کورد و تومەتبارکردنیان بە پاڵپشتی لە “تێرۆریزم”.

تورکیا هەروەها دەبێت وڵامدەری بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە ئازادکردنی ئەندامانی کوردیی پارلمانی تورکیا بێت، بۆ نموونە سەلاحەدین دێمیرتاش کەوا لە ساڵی 2016ـەوە زیندانییە. بۆ هەرجۆرە ڕەوتێکی ئاشتی ڕاستەقینە، ڕێفۆڕم لە نێو یاسای بنەڕەتی کە کوردەکان وەکوو نەتەوەیەکی جیاواز لە نێو تورکیا بە فەرمی بناسێت، پێویستییەکی تەواو و ڕیشەیی هەیە.

ڕێگەدان بە ئۆجالان بۆ سەردانە سیاسییەکان لە دووای زیندانی تاکەکەسی لە ساڵی 2019ـەوە بڕیارێکی گوماناوییە. ئامانجی تورکیا کەمتر پەیوەندی بە چارەسەری پرسی کوردەوە هەیە و زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەفەرمی ناسینی ئۆتۆنۆمی کوردەکان لە سووریا. سەرهەڵدانی هەرێمیکی دووەمی کوردی یان توانستی کوردستانێکی سەربەخۆ و سەروەر کە خاوەن سوپایەکی ڕاهێنراو بێت، لە دووای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە ڕوانینی تورکەکانەوە وەکوو مەترسییەک بۆ قەڵەمڕەوی سیاسی خۆیان دەزانرێت کە سەرووی 25 میلیۆن کورد تێیدا دەژین.

تا کاتێکە تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان دەرنەخات، ئەوە داخوازییەکەی بۆ چەکدانانی کورد گاڵتەجاڕییە. هەر ئەو جۆرەی کە ئۆجالان لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی داوە، دەوڵەتی تورکیا دەبێت «بنیاتنەرانە کار بکات و بەشدارییەکی ئەرێیی هەبێت» بەرەو «وەرچەرخانێکی دێمۆکراتیکی» کۆنکرێت و واقعی. بەفەرمی ناسینی مافی چارەی-خۆنووسین بۆ کوردەکان لە چوارچێوەی خودموختاری، خۆ-بەڕێوبەری و تەنانەت سەربەخۆیی کوردستان، بنەمایەکی گرنگە بۆ وەها گۆڕانێکی بنەڕەتی. وازهێنانی پێشوەختە لە چەک بۆ کورد لە سەرانسەری کوردستاندا کارەساتبار دەبێت: ئەمە دەیانخاتە بەردەم دەستدڕێژی و هێرشی تورکیا، ئۆتۆنۆمییان لاواز دەکات و پەرە دەدات بە هەژموونی ئانکارا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


سەرچاوە:

https://www.meforum.org/mef-observer/disarming-would-be-suicidal-for-the-kurdsد. لوقمان ڕادپەی کارناسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەندامی هاوکاری “کۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” (Middle East Forum) و نووسەری کتێبی “بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: مافی چارەیخۆنوسین لە یاسای نێونەتەوەییدا“. ڕادپەی لە درێژەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەسەر دۆخی یاسایی پرسی کوردستان و ڕەهەندە یاساییە نێونەتەوەییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکان نووسیویەتی.