د. کەماڵ سولەیمانی
Kamal Soleimani
حیزبێک کە هیچ ستراتیژیکی نییە، تەنیا سێبەرێکە لە ڕابردوویی خۆی
ئەو کۆنگرەی ١٧ حیزبی دێموکرات لە کردووە و لە تیۆریدا هێمای بوونە سێبەری ڕابردوویی خۆی بوو. بۆیە یەکێک لە چیرۆکە تازەکانی تراژیکی حیزبی کوردی، چیرۆکی تراژیکی کۆنگرەی دوایی حیزبی دێموکراتە. تراژدییەک کە لە تیرۆی دوایین ڕێبەرانی کاریزماتیکی ئەو حیزبە وەکوو د. قاسملو و د. شەرەفکەندییەوە دەستی پێکرد و بەو کۆنگرەی ئەو دواییەی– ڕۆژی ٣ی فێبرەوەری ٢٠٢٥- گەیشتە لوتکەی بێدرەتانی.
دوایی ٢ ساڵ لە تێکەڵ بوونەوە و دەیان خەتای ستراتیژیک و هاوبەش و تێکەڵاوی ڕێبەرانی ئێستای ئەو حیزبە، تازە کۆنگرەی تێکەڵ-بوونەوە دەگرن. ئەو نێوە –یانی تێکەڵ-بوونەوە- پێش ئەوەی کە نوێنای یەکگرتنەوە بێت دەرخەری ڕاستیی یەکتر-نەگرتنەوەی بەکردەوەی حیزبی دێموکراتە. زۆرتر لە دەرخستنی واقیعێکی سیاسیش، ئەو نێوە قەرەبووکردنەوەیەکی سایکۆلۆژیکە ( Psychological compensation ). پەرچەکردارێکی سایکۆلۆژیکە، فرۆید کوتەنی هەر شاردنەوەیەک و سەرکووت-کردنێک، جۆرێک لە دەرخستن و پەردە لە سەر هەڵدانەوەیە. ئەو هەوڵەی کۆنگری حیزبی دێموکراتیش کە بۆ داپۆشینی سەرلێشێواوی ستراتیژیک و چەند-گووتاری و چەند-بەرەکی نێو حیزبی دێموکرات بوو کە ئاوا بەدرەنگی دەست پێکردنی هەوڵەکەش دەکات بە دیاردەیەکی کۆمێک-تراژیک بۆ داپۆشێن. ئەو چەند ڕستەیەی کە لە بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتیشدا هاتووە بە ڕوونی ئەو سایکۆلۆژییەی پشت ئەو هەوڵە دەرخات: ”بێگومان دواکەوتنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە خۆشییەوە ناوی “یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان”ی لێ نرا و دەکرێ وەک جێبەجێبوونی یەکێک لە سەرەکیترین بەندەکانی ڕێککەوتنی نێوان دێموکراتەکان سەیری بکرێ، دڵنیگەرانیی بۆ زۆر کەس و لایەن، بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکەمان درووست کردبوو.” دەبوو دوو ساڵ بێت کە «دێموکراتەکان» نەمابایەن و تەنیا یەک دێموکراتێک هەبوایە. تازە دوای ٢ ساڵ هەواڵی دڵخۆشکەری یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بە لایەنگرانی ئەو ”حیزبانە” دەدرێت. سایکۆلۆژی پشت ئەو زمانە، سایکۆلۆژی حیزبێکی یەکگرتوو نییە. بۆیە ئەو هەوڵە وەکوو ستراتیژی داپۆشینی ڕاستیەک، زۆرتر وەکوو هەواڵی شاردنەوەی ڕاستیەک بۆ خوێنەر دەردەکەوێت، تا پێچەوانەکەی.
پێویستە ئەوەش بکوتری کە بەڕاستی، گەرچی من ئەندام یان لایەنگری حیزبی دێموکرات نیم و پەرۆشیەکەم ئی تاکی کوردە، ئەو باسی یەکگرتنەوە گەورەترین دڵنیگەرانیی ئەندامانی حیزبی دێموکراتیش نییە. گەرچی هەر ئەو ڕستەیەی بەیاننامەکە ئاشکرای دەکات کە ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات نیگەرانن کە حیزبەکەیان دوای ٢ ساڵ یەکتری نەگرتۆتەوە. بەڵکوو سیاسەتی فیفتی فیفتی لە ئوردووگاکانی هەرێمیشدا جارێکی دیکە کۆپی کراوەتەوە؛ ئەوە نیشانی دەدات کە سیاسەتی باشوور چ بڵایەکی گەورەیە بۆ کولتوری سیاسی کورد بەگشتی. جا ئەوە سەبارەت بە دەسەڵاتی ئیحتمالی ئەو حیزبانە- لە داهاتوویی ڕۆژهەڵاتدا چمان پێدەڵێت، خۆی نیگەرانی هەرە گەورەی هەر هەموومانە. دڵنیگەرانی زۆر جیددیتر لە سیاسەت حیزبی کوردی بەگشتی و لە ئی حیزبی دێموکراتیش ئەوەیە کە ئەو حیزبانە، کورد بەرەو کوێ دەبەن؟ بەتایبەت چونکە: ١) ئێستا بەڕاشکاوی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەسیری حیزبەکانی باشوورین و هیچ دەسەڵاتێکیان بە سەرخۆیان دانییە. بەڵام، سەرەرای ئەو دیلییەش، بەدڵنییایەوە لەو کۆنگرەیەدا- نە خالیدی عەزیزی و نە مستەفا هیجری، تەنانەت بە وشەیەکیش باسی ئەو ئەسارتە یان ستراتیژییەک بۆ دەرچوون لەو ئەرساتەیان نەکردووە. تەنانەت، وادیارە هەوڵیش دەدەن کە ئەو هەلومەرجە ئاوارتەیە وەکوو هەلومەرجێکی ئاسایی بنوێنن. پێموایە بۆ هەموو کوردی ڕۆژهەڵات و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانەش پرسیاری سەرەکیتر دەبێ ئەوە بێت کە ئایا هەڵسوکەوتی حیزبی کوردی هیچی پەیوەندییەکی بەو کۆدەقە و ئەو واقیعەوە ماوە کە ئەو حیزبانە و کورد بەگشتی تێیدایە؟
ئەو بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات زۆرتر وەبیرهێنەوەرەوەی ئەو حاڵەتەیە کە هێندێک حیزبی باشوور، بەتایبەت گۆڕان– دوای تێکشانی ریفراندۆم لە لایەن حەشدی شەعبی و عەببادییەوە لە سلێمانی –ڕایانگەیاند کە واباشە شاندێک پێک بنێن کە بزانێ چۆن لەگەڵ عەببادی بدوێ. ئەویش مرۆف وەبیر ئەو وتەیەی کوردی دەخستەوە کە دەڵێ: لە بێخەبەران کەشکێک سڵاوات.
٢) ڕێبەرانێک کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو هەموو خەتا ستراتیژییانەیان کردووە: لە واژۆی بەیانی پاریس ڕا بگرە تا ئەسیرکرانیان بە دەست موهتەدییەوە، تا نەبوونی خەتی سوور بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ فاشیستە شاپەرەستەکان، یان هەبوونی تەنیا کەچە مولاحەزەیەک لە سەر مەنشووری مەهسا –ئەویش لەسەر سلیبەرەتی بوونی ڕەزا پەهلەوی؛نەک لە دژایەتی لەگەڵ تێکەڵکردنی سپا و ئەرتەش بەدژی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئەگەری باسی مافی چارەی خۆنووسین ( کە خاڵێکی ستراتیژێکی ئەساسنامەی حیزبی دێموکراتە) تا بردنی حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی تا نیزیک هەڵوەشانەوە و چەککرانیان و ناردنیان بۆ ئۆردوگایی ژێر چاوەدێری پارتی و یەکیەتی یان چاوەدێری ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی، چۆن دەبێ لە پۆستی پێشوویاندا دابنرێنەوە؟ ئەو بەیانییە تەنانەت ئاماژە بەو هەموو هەڵانە نەکات؟
بەڵام، هەر لەو بەیانییەدا هاتووە کە خالید عەزیزی دەڵێ : ”وتەبێژی حیزب لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە زەروورەتی بەخۆداچوونەوە و دەستنیشانکردنی هەڵە و کەموکووڕییەکانی ڕابردوو” کردووە. کاکی بەڕێز ئەو هەموو هەڵەی کە ئەتۆ کردووتە ئەگەر لە قاوەخانەیەک کارت کردبایە ٥٠ جارییان دەردەکردی؛ ئەگەر شاگرد قەسابێک بوایەی، کوردە کوتەنێ ”لە چوارپەلان گوێت ساغ نەدەبوون.” بەڵام، ئێستاش ڕۆژانە بریار لە سەر پرسی چارەنووسازی حیزبەکەت، کە هیچ، ڕۆژهەڵاتیش دەدەی. جارێکی دیکە کورسی مادالعمرت گرتۆتەوە و ڕابردوو و ئێستا قوربانی چاوەکانت، بەڵام داهاتووشمان بۆ دەبینی؛ وەکوو بەیاننامەکە دەڵێ: ”بەڕێز عەزیزی لە پەیامەکەیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە قۆناغەکانی “دوێنێ” و “ئەمڕۆ”ی حیزبی دێموکرات و دوورە دیمەنەکانی ئەم حیزبە لە “سبەینێ”ی خەبات و تێكۆشانیدا” کرد. راپۆرتێک کە سەبارەت بە چالاکی و تێکوشانی بەڕێزت لای تاکی کوردی بیلایەنی وەکوو من هەیە، پێمان دەڵێ کە: ” زۆربەی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەت کە بەڕێزت لە سەر سکرینی تەلەڤیزیۆنێک دەبینن لە ترسی هەڵەکانی تۆی وتەبێژو و ڕێبەری حیزبی مچۆرکیان بە لەشی دادێت.”
ئیدی یان ئەو حیزبانە کەسییان تێدانییە کە بزانێ–وەکوو وتەبێژی ئێستای حیزبی دێموکرات– بە هەڵەش بێت ماوەیەک وتەبێژی بکات یان ئەو حیزبە زۆر پوکاوترە لەوەی کە چاوەروان بی کە کەسێک بوێری لێپێجانەوە لە هەڵەی ڕێبەرانی بکات و پێیان بڵێت کە سەرەکیترین مەرجی پێداچوونەوە بە هەڵەکاندا ئەوەیە کە لانیکەم نابی ئەندامانی ئەو حیزبە بە هەر قسەکردنی وتەبێژ ڕووحییان بێتە سەر لێویان. وێدەچێ بکوترێ کە ئەو سایکۆلۆژییە ئەو هەلومەرجە تراژیک-کۆمێکە بەتەنیا دەرخەری سایکۆلۆژی و هەلومەرجی حیزبی دێموکرات نییە، بەڵکوو ئی هەموو حیزبێکی کوردییە و بەگشتی. کە بە ڕاستی هەرواشە و ئەو حیزبە شایەت تەنیا حیزبێک بێ کە ئەندامەکانی دەوێرن هێندێک ڕەخنە بگرن. بەڵام، ئەوەیکە ئێستا ئەو سرنجە تایبەتە دەخاتە سەرحیزبی دێموکرات ئەو کۆنگرەیەی دواییە.
لە جێگایەکی دیکەی ئەو بیانییەدا هاتووە کە وتەبێژی حیزبی دێموکرات: ”پێداگریی لەسەر ئەرکی ئەندامانی حیزب و چالاکانی نێوخۆی وڵاتی لە هێنانەئارای ئیدە و داهێنانی نوێ، پاراستنی یەکریزی و بەهێزکردنی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵاتدا کرد.” ئەگەر جیدییەتێک لەو قسەدا هەبوایە، هەموو ئامادەبووانی ئەو کۆنگرەیە دەبوو بە وتەیەیەی بەڕێز وتەبێژ پێ بکەنن. ئەگەر ئەو قسەیان جیدی گرتبایە لە بەڕێزیان دەپرسی ئەتۆ کە ئەوەندت ڕێز بۆ بیروڕای خەڵکی ڕۆژهەڵات هەیە، چۆنە کە ئاسیمیلاسیۆنی کوردیش بە ئاسایی و یاسایی دەزانی؟ یان چۆنە کە مەشرووعییەتی دەدی بە ژینا بکووترێ مەهسا؟ ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەیکە ژینا دوای فەتحی کوردستان و جیهادی خومەینی دژ بە کورد لە دایک بووە و شناسنامەکەی بەرهەمی سیاسەتی فەتح و جیهادی خومەینییە و بە کوشتار بەسەر کوردیدا سەپاندووە؟ چۆن سەنەدێک–وەکوو شناسنامەی ژینا و ژیناکان– کە مەشرووعییەتی بیری ئاسیمیلە کردنی کورد و ڕەوایی فەتحی کوردستانە و سەنەدییەت دەدات بە نێوی داسەپاوی مەهسا، بۆ تۆی وتەبێژی حیزبی کوردیش سەنەدیەتی هەیە. تازە بەتابیەت کە ئەسنامەی حیزبەکەی تۆ دەڵێ سەروەری مافە نەک تاوان؟ بەڕێزت وەکوو خاوەن کورسی وتەبێژی میژووییترین حیزبی کوردی، تەنانەت دەنگی بە کۆمەڵی کورد لە دوای شۆڕشی ٥٧یشدا—کە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ڕەتکردووەــبەکردەوە بە نایاسایی دەزانێ؛ دەنگی شۆڕشی ژیناش بە شایەنی سرنج نابینی، چۆن دەتوانی باس لە خەبات مەدەنی کورد بکەی؟ ئایا شۆڕشی ژینا نامەدەنی بوو؟ دەنگی ئەو خەباتە هاواری مەدەنی کورد بە دژایەتی لەگەڵ سەروەری فارس لە کوردستان نەبوو؟ ئەوە شۆڕشێکی مەدەنی دژ بە دەسەڵاتی غەیرە کورد لە کوردستان نەبوو؟ ئەو دەنگە، بەکردەوە حوکمی کورد دژ بە سەبتی ناڕەوا و بەزۆری نێوی ژینا وەکوو مەهسا بوو —کە کورد لە شەقام سیستەمی پشت ئەو سیاسەتەی بە فاشیزم و داگیرکەری هێنایە ئەژمار. بەڵام جەنابت دەڵێی ژینا مەهسایە، چونکە لە شناسنامەی کۆماری ئیسلامیدا بە مەهسا سەبت کراوە. کاتێک بەڕێزت ئەو سەرەوەرییەی کە نێوی کوردی دەسرێتەوە و هەوڵ زمانکۆژی و نەتەوەکوژی کورد دەدات بە مەشرووع دەزانی، لە هەمانکاتێشدا باس لە ” تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵاتدا” دەکەی، لایەنگرانی شۆڕشی ژینا دەبێ بپرسن کام وڵات؟ خەباتی مەدەنی بەگوێرە یاسای کێ؟ یان لە ڕوانگەی چ دەسەڵات و هێزێکەوە؟ ئەگەر مەبەستتان تێکوشانی ئیسلاحتەلەبی و گونجاو لەگەڵ یاسایی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامییە کە ئەوە باسێکی دیکەیە. بەڵام، ئەگەر مەبەستت لە تێکۆشانی مەدەنی کوردییە، هێمای شۆرشی مەدەنی کورد شۆرشی ژینا بوو. ئەو شۆڕشە کە فارسی حاکم بە تۆپ و تانک وڵامی دایەوە و کوردستانی لێکرد بە بەرەی شەڕ. فارسی دەرەوی حاکمیەتیش، خۆ-گێڕانەوەی کوردی و مافی خۆ- پێناسە کردنی کورد و پێناسەکردنی شۆڕشەکەی ڕەتکردەوە. بۆیە نێوی نا شۆڕشی مەهسا. جەنابیشت ئەو نێولێنانەی غەیرە کوردت تا ئێستا بە ڕەوا زانیوە؛ ئەو نێونانە کە لەگەڵ سەروەری کۆماری ئیسلامی و تاقانەی فارس گونجاو و بە شناسنامەی مەهساش بەڵگێندراوە؛ تۆش بە گونجاوت لە قەڵەم داوە. بەپێچەوانەی جەنابت و موهتەدی، کورد لەسەر شەقام و بەشێوەیەکی مەدەنی هاواری یەکسانی ژن و پێاو و مافی سەرەوەری کوردییان بە سەر کوردستاندا بەرز کردەوە. لە دەرەوەی ئەو جۆرە دیتنەی شۆڕشی ژینا بۆ کوردی سەر شەقام —یانی خەمڵاندنی هەلومەرجی کوردستان جگە لە داگیرکراوی—بە مانای پشتیوانی لە فاشیزم و داگیرکەری و ئێرانچییەتییە. بۆیە، کاتێک کەسانی وەکوو وتەبیژی حیزبی دێموکرات، باس لە خەباتی مەدەنی دەکەن، دیتتنەوەی کەلێنێک لە نێوان تێگەیشتن ئەو و تێگەیشتنی سادقی زیباکەلام لە خەباتی مەدەنی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات زۆر ئاسان نییە.
لە لایەنی دیکەشەوە، کە لەو بەیاننامە باسی خەباتی مەدەنی و خەباتی ناوخۆ دەکرێت، بەلام هیچ پەیوەندییەکی جیدیی و بەکردەوە لە ڕێزدانان و بۆ ئەو خەباتە و گرنگیدان بە دەنگی ئەو خەباتە لەو کۆنگرەدا نابیندرێت. ئەو بەیاننامەی حیزبی دێموکرات نەبوونی ڕاستەقینەی ئەو پەیوەندییە ئاشکرا دەکات، بەتایبەت کە دەڵێ: ”بە بەشداریی سەرجەم ئەندامانی کۆنگرە (ئەندامانی ڕێبەری، نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئەندامان، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و هەرێمی کوردستان)، کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی “کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان”دا کارەکانی خۆی دەست پێ کرد.” ڕاستە لە بەیاننامەیەکی ئاوادا ناکرێ بە ئاشکرا باسی بوونی نوێنەرانی خەلکی نێوخۆ بکەیت. بەڵام، بە دڵنیاوەیە هیچ مکانیزمێکیش بۆ ئەو نوێنەرایەتییە باس نەکراوە. کەسانی وەکوو ئێوەش وەکوو شتێکی سرووشتی بەمافی خۆتانی دەزانن کە بەبێ گوێدان بە ڕای خەڵک، خۆتان وەکوو نوێنەران و دەنگی ئەوان بناسێنن. نوێنەرایەتی نێوخۆ بەو کەسانە ناکرێ کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە دەیان جۆر و بە قسە و بە کردەوە، ڕووحی شۆرش ژینایان ئینکار کردووە و لە یەکەم ڕۆژەکانیش ڕا ویستوویانە بۆ ڕەزایەتی ئیران ئێترناشناڵ تی.ڤی و سەڵتەنەتخوازان تایبەتمەندیی کوردستانی و جیاوازیەکانی شۆرش ژینا لە کوردستان و مەهسا لە ئێران ئینکار بکەن. یان بۆ بەئێرانی ناساندنی ئەو شۆڕشە، داخوازی نەتەوەیی و ویست و دروشمەکانی شەقامی کوردستان بشارنەوە.
ئەگەر ئەو کۆنگرەیە و بەشدارانی بە وردی بیریان لە پەیامی ئەو شۆڕشە و گرنگی و شەرعییەتییەکەی کردبایەوە، هێمای پیرە پیاوی هەژمونیخواز ئەو کۆنگرەیان دەگۆڕی؛ ڕێژەی ژن و گەنجییان دەیگاندە ئاستێکی چاوەڕوان نەکراو؛ کۆرسی قۆرخکراویان دەشکاندن؛ سۆرانیگەری و موکریانبازیان دەناشت و بەهێنانی ئەندامی کەڵهور و هەورامی و کرماشانی و شیعە و یارسان و تەنانەت خۆراسانی دەیانکردە بە نوێنای شۆڕشی ژینا. بەجێگای گرێی سایکۆلۆژیکی کە ئاکامی یەکنەگرتنەوەی تیۆرێک و پراتیکی دوور لە ڕاستی و دووساڵی پێش هێندێک ڕندێن سپی مادالعمرە، دەیانکرد بە هێمای دەنگی پلۆڕاڵ و فرەجنیسیەتی و فرەڕەهەند و فرەناوچەیی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵات. بۆ جارێیش بێتحیزبێکی کوردی خۆی لە فۆرمەکانی شۆڕشی سەردەمی شێخ سەعید و سمکۆ و مەلا مەستەفا ڕزگار دەکرد. بەجێگا دیتنی چەند پیرەپیاوی حیزبی وەکوو نوێنای دەنگی هەموو نەتەوەی کورد، حیزبەکەی دەکرد بە پلاتفۆرمێکی ملکەچ بۆ داخوازی نەتەوەیی و هەوڵی دەدا کە بزانێ جەماوەری کوردی چ جۆرە نوێنەرایەتیەکی بەکردەوەی دەوێت و لە چ فۆرمێکدا ئەو جۆرە نوێنەرایەتی بە بەدیهاتوو دەبینی.
ئایا بەڕاستی لە کردەوەدا، ئەو کۆنگرەیە هیچ پەیوەندییەکی بەوخەباتەی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتەوە هەبوو؟ یانی ئەو ڕۆژهەڵات— کە لە دیمنەکانی شۆڕشی ژینا و لە نەوڕۆزی ساڵی پاردا دیتمان—هەبوو . ئایا ئەو دیمەنی ئەو شۆرشە هەر ئەوەیە کە لیستی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتدا بەدی دەکرێت؟ بۆیە کاتێک کە لەو کۆنگرەیەدا یەکێک لە خاوەنەکانی کورسی مادالعمری ئەو حیزبە دەڵێ کە: ”پێداگری لەسەر خۆئامادەکردنی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و ئەندامانی حیزبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەر و سێناریۆکانی پێش و پاش ڕووخانی ڕێژیم وەک ئەرک و زەروورەتێکی ئێستای خەبات کردەوە”، زۆرتر کلیشەیەکە کە هیچ پەیوەندیەکی نە بە واقیعی حیزبی دێموکرات و نە بە واقیعی کوردستانەوە هەیە. ئەگەر خۆتان بۆ سناریۆگەلێ جۆراجۆر ئامادە کردووە، خۆ ئامادە کردنەکە بۆ خۆتان، بەڵام تەنیا باس لەسەر چەند سناریۆ ئیحتمالی بڵاوبکەنە. فەوریترین سناریۆ بۆ هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە خۆیان لە تێلدرووی پارتی و یەکیەتی ڕزگار بکەن. بەڕاستی لانیکەم باستان لەوە کردبایە کە کێ بەرپرسیارە لەوەیکە میژووییترین حیزبی کوردی –بە نیزیک هەشتا ساڵ تەمەنییەوە–ئێستا بەکردەوە زیندانییە؟ کێ پرسیاری کرد کە وتەبێژ و بەرپرسی حیزبی دێموکرات چ ڕوونکردنەوەیەکیان هەیە بۆ ئەو هەلومەرجە؟ چۆنە دوای ٨ دەیە حیزبێک وای لێ دێت کە تەنانەت بڕیاری هاتووچۆی ئەندامانیشی لە دەست خۆیدا نەبێت؟ ئاوا چۆن دەکرێ کە باس لە خەباتی مەدەنی و دێموکراسی و هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام تاکەکەێک لە ڕێبەراتیی حیزبە لێپێچانەوەی ناکرێت و کورسییەکەی لەدەست نادات؟ هەمان ڕۆڵی ڕێبەریشیان پێبدرێتەوە. بۆیە سیاسەتی حیزبی کوردی بەڕاستی تراژیدی-کۆمیدییە. هەر ئەو کولتورە ستالینیستییەیە کە وای کردووە پیرەپیاوێکی وەکوو ئۆجەلان دەگیرێ، بە ساڵان تاقە مرۆڤێکی غەیرە کورد و غەیرەمیت نابنیێ و دەڵێ ئامادەی خزمەت بە دەوڵەتی تورکم. بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەنووسێ هەر وەکوو لە ڕابردوو بە سەرکەتنەوە ئەو پێشەواییەی کوردم بردۆتە پێش، لە داهاتووشدا بە سەرکەوتنەوە دەیبەمە پێش. ستراتیژی بۆ چوار هێزی چەکداری لەچوار بەشی کوردستان، لە ژێر چاوەدێری دەوڵەت و میت و لە زینداندادادەڕێژێ. دەشنوسێ کە خۆی بە تاکەکەسی دوایین مەرجەعی بڕیارە و ئۆرگانی ڕێبەراتییە. بۆیە نازانی بۆ عەقلی سیاسی-ستالینیستی کورد بگری یان پێی پێ بکەنی.
تازە کە بێینەوە سەر ئەو کۆنگرەی حیزبی دێموکرات، کۆنگرەیان گرتووە، کۆمیتەی ناوەندی بەیانییەی دەکردووە، نە ئەسناسنامەیەکی نوێنیان نووسیوە، نە تەنانەت ڕاشیانگەیاندووە کە ئەو حیزبە ئەسناسنامەی حدک پەیڕەو دەکات یان ئی حدکا؟ ئێستا دەبێ بپرسی کە بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە ئەساسی ستراتیژیی ئەو حیزبە چییە؟ جگە لەوەیکە ئەوانەی حدک، ئەسناسنامەی حدک و ئەوانەی حدکاش ئەسناسنامەی حدکا پەیڕەو دەکەن؟ دیارە، لە ڕاستیدا، هیچ حیزبێکی کوردی هیچ ئەسناسنامەیەکی بەلاوە گرنگ نییە، بۆیەشە لە حاڵێکدا ئەساسنامەی حیزبی دێموکرات دەڵێ: سەروەری مافی نەک تاوان، وتەبێژەکەی مولاحەزەیەکی چوکەشی لەسەر تێکەڵکردنی سپا و ئەرتەش دژبە سەروەری کورد نییە. ئەوانە، هەموو جێگای خۆی، بەڵام تەنانەت لە باری تەبیلیغاتیشەوە گرنگییان بەوە نەداوە کە باشە ئەو حیزبە بەپێی چ ئەسناسنامەیەک تا کۆنگرەی داهاتوو سیاسەت دەکات.
کە بێینەوە سەر ئەو خۆ ئامادەکردی حیزبی دێموکرات بۆ سناریۆکانی ئیحتمالی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، ئێوە لە کاتی شۆڕشی ژینادا ئامادەییتان تا چ ڕادەیەک بوو، بەداخەوە دیتمان. دیتمان کە تازە دەپاڕانەوە لە هێزێکی فاشیست کە ٤٦ ساڵ پێش نەتەوەکانی جوگرافیای ئێران وەدەریانون کە ڕێی هاوپەیمانیتان پێدەن. ئێوە ئینکاری کوردستانبوونی شۆڕش ژیناتان دەکرد بە بیانوویی ئەوەیکە ئەو باسانە زەرەری بۆ هاوپەیمانیتان لەگەڵ سەلتەنەتخوازان هەیە. تەنانەت، دوای ئەوەیکە شاپەرەستەکان موهتەدیشیان دەرکرد و کوتیان هەر کوردێکی تیرۆریستە، ئێوە دەتانگوت مەڵێن ئێمە ئێرانی نین، عەیبە. ئەو هەموو ستراتیژی و خۆ ئامادەکردنێکە کە بۆ سیناریۆکانی ئیحتمالی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، کوردی ڕۆژهەڵات لە ئێوەی دیوە. تەنیا سناریۆتان تا ئێستا چاوەڕوانی بووە بۆ یەدێکی بەیزا کە کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ. هەوڵیشتان ئەوە بووە کە بەڵکوو سەلتەنخوازان بۆ سناریۆیەکی ئاوا لە هاوپەیمانییەکدا ڕێگەی ئێوەش بدەن.
لە کاتی شۆڕشی ژینا کەسانێکی وەکوو من هاوارییان دەکرد کە ئێوە دەبێ قسە و مەرجتان هەبێ لە سەر مەشرووعییەتی سەڵتەنەتخوازان ، نەک بە پێچەوانەکەی. کورد دەبێ چەند خاڵ ستراتیژیکی هاوبەشی نێوخۆی هەبێ و لەسەری پێک و بە پێیەش لەگەڵ خەڵکانی دیکە پێک بێت؛ نەک حیزبەکان بە تاک بچن بۆ بەردەکی ئەم و ئەو. کەسانی وەکوو من هاوارییان دەکرد کە نەبوونی ئالترنەتیڤی کوردی لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەنیا ماڵوێرانییە بۆ کورد. دوای دوو ساڵ گرنگی ئەو باسە ئێستا دەبوو بۆ هەموو کەس ڕوون ببێتەوە. بەتایبەت کە دیتمان چۆن لە سووریا و لە چەند ڕۆژێکدا، تیرۆریستێکی ئیسلامیستی عەرەب بوو بە هێمای دەوڵەتی سووریا و بە پێگەی سەروەری وڵات و حکوومەتی مەکەزی. تەقریبەن عەرەب-بوون و سەروەر-بوون، بۆ جیهان دوو چەمکی هاومانان. پێشینەی سەرەوەری و مەشرووعییەتی سەروەری عەرەب، لە زەینی جیهاندا، سەقامگیر بووە. لە چاوی سیاسەتی نێونەتەوەیە، کورد لە باشترین حالەتدا، جەنگاوەری کوردە. باشترین و ڕەواترین جێگەی شەروان، ڕاوەستانە لە سەفی پشتەوەی هێزێکی «مەشرووعی مەرکەزی و سەروەر» و ئەویش بە ئەمری ئەو هێزە. بلوتفی سیاسەتی ئۆپۆزسیۆن و کەمینەی مەحەللی-بوونی حیزبی کوردی، شەرعییەتی کورد و دەسەڵاتی کورد تا ئەو جێیەیە کە هێزی «سەروەری» نەتەوەسەروەر و غەیرە کورد پێی دەبخشیت؛ بڵێین ئەگەر ئەولوتفەی لەگەڵ بکات . چاو لێ بکەین، لە مەشرووعییەتی شۆرشی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان: لە کاتی ئەسەددا یان لە سەردەمی سەروەری تێرۆریستێکی وەکوو ئەلجۆلانیدا ئالینگاری سیاسەتی کوردی زۆرتر بووە. ئەگەر بە تێگەیشتنێکی گشتی چاوی لێبکەین دەبوو ئێستا کورد لە سووریا کێشەی زۆر کەمتر بووایە. بەڵام، لە ڕاستیدا ئەو عەقلییەتە، نە سیاسەتی نێونەتەوەیی و نە گرنگی مانای سەرەوەری و نە گرنگی ناسرانی نەتەوەییەک بە خاوەنی مافی سەروەری دەرک دەکات.
حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی موهتەدی ٢ ساڵ پێش ئێستا خۆیان ئامادە کردبوو کە لە سەفی پشتەوەی سەربازانی سەڵتەنەتدا جێیەکیان بدەنێ. بۆ جێگاکەش بە وتەی وتەبێژی حیزبی دێموکرات هیچ هێڵێکی سووریشیان نەبوو. تەنانەت، موهتەدی دەیویست کورد فریودا–کە گوایە وەکوو سیاسەتمەداری قەڕن بە پێناسەی مەنسووری سوهرابی– دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، فارس بە فیدرالیزم فانیع بکات؛ لە حالێکدا نەیتوانی پێش ڕووخانی کۆماری ئیسلامییش، تەنانەت بە شارەپەرستانی هاوپەیمان بسەلمێنێ کە کوردێکی ئەشکەوت نشین و تیرۆریست نییە.
با بۆ چرکەساتێک ڕەزا پەهلەوی لەگەڵ محمەد ئەلجۆلانی بەروارد بکەین. جا ئەو جار دەزانین کە لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا، پشتیوانی جیهانی لە کەسێکی وەکوو ڕەزا پەهلەوی تا چ ڕادەیەک دەبێت. کەسێکی کە پێشتر باوکی شا و خۆی و باوکی پەسەندی دنیای ڕۆژئاوا و گوایە سیکۆلەر و دژەمەلایە؛ ئەو کەسەش بێت جێی کۆماری ئیسلامیش بگرێتەوە. حیزبی سەرلێشێواوی و بیرسواوی کورد بەو دووربینی و ئامادەیی ستراتیژیک و هێزی سناریۆسازی ئێستای–کە بۆ کورد خۆی ڕوون نییە کە ئیسلاحتەڵەبە یان سەڵتەنەتەڵەب،–چۆن بەربەرەکانی لەگەڵ حکومەتی ئیحتمالی ڕەزا پەهلەوی پێدەکرێت؟ تازە ئەوە لە حاڵێکدایە کە ناسیۆنالیزمی فارس سەدان بەرابەر بەتواناتر و ڕاسیستر و دژەکوردترە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی؛ کوردستان بە سەدان بەرانبەر زۆرتر میلیتاریزە کراوە؛ هێزی نیزامی پارێزەری ناسیۆنالیزم و فاشیزمی فارس دەیان بەرانبەر شێلگێرترە بۆ مانەوەی لە کوردستان و کۆمەڵکوژی کورد. بەڵام، تەنیا سناریۆی ئێوە و کۆمەڵەی موهتەدی چی بوو؟ داوا بکەن سەڵتەنەتخوازان ڕێتان بدەن-ئەگەر بکرێ حیزب زوودایی نەکەن– بۆ هاوپەیمانی لە دژی کۆماری ئیسلامی. ئەدی دوای ئەو خوا گەورەیە. یان دەبوو هیوامان بە موهتەدی بوایە کە دوای تێکەڵکردنی سپا و ئەرتەش بۆ بەرگری لە تەمامییەت سەرزمینی، سپا و ئەرتەش تێکەڵاو ڕەزای بکات بە سیستەمێکی فێدراڵ. ئەوەش ستراتیژی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی موهتەدی بوو. بۆیە ئەو سناریۆیانەی کە وتەبێژی حیزبی دێموکرات و کۆنگرەکەی باسی دەکەن نابێ لە هێنانە سەر زمانی وشەی سناریۆ بەولاترەوە چووبێت. ئەگەر چاوەدیری گووتار و سیاسەتی ڕۆژانەی حیزبی کوردیی لە ٢-٣ ساڵی ڕابردوودا، شتێکمان پێت بڵێت ئەو ئیدیعایەی من بێ بنەما نییە. بۆیە، حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەش، نەتەنیا هیچ ستراتیژییەکییان نییە و وزەی خۆگۆرینیان بەکردووە لە خۆیاندا کووشتووە. بۆیە ڕێبەرانێک کە ئەو حیزبانەیان تا ئاستی هەڵدێر بردووە لە جێگە و پۆستی خۆیان دەدانێنەوە و تا مردنیش مافی تەحەکوومیان پێدەدن؛ هەر بۆیەش، ئەو جۆرە سیاسەتە و بوونەیان شتێک نییە جگە لە دەرکەوتن وەکوو سێبەری ڕابردووی خۆیان.
دەبێ ئەو خاڵەش زیاد بکەم کە دوای خوێندنەوەی پۆستەکەی کاک محەمەد ساڵح– وەکوو ئەندامێکی ناسراوی حیزبی دێموکرات، کە ئێستا لای برد.
هەر سەرم سۆرما.
- چرا سپاه و اطلاعات با پهلوی همپیمان است؟ - 03/13/2025
- دینیار کینه توز، زرتشت - 02/23/2025
- زمان له پێگهیاندنەوە ههتا تێگهیاندن! - 02/22/2025