پێرێ ئێوارە بوو

شاهۆ مەلەکی

پێرێ ئێوارە ئەم ئێوارە سبەی ئێوارە
پێرێ ئێوارە بە بەر کتێبفرۆشییەکدا تێپەڕیم. لە پشت شووشەبەندەکەیەوە کتێبێک کە بەرگێکی سپی هەیە و بە رەنگێکی سوور لەسەری نووسراوە : “کورد کۆنترین نەتەوەی سەر زەوی/هێشتا دەوڵەتی نییە” لە نووسینی (عەلی خەزنەدار)، زەقتر لە کتێبەکانی دیکە خۆی دەنواند.
لەگەڵ ئەوەی ناونیشانی کتێبەکەم بەرچاو کەوت، بە دەم رێکردن و پڕووشەی بەفرەوە تەزوویەکم پێدا هات و خەیاڵ بردمیەوە بۆ ناو لاپەڕەکانی مێژوو؛ بۆ ناو کوشتوبڕی ئێزیدییەکان لە لایەن پاشاکۆرەوە، بۆ فەتواکەی مەلای خەتێ، بۆ خیانەتی یەزدانشێر لە میربەدرخان، بۆ لای سوارەی حەمیدیە، بۆ لای سەرۆکعەشیرەتەکانی رۆژئاوای کوردستان کە ئامادە نەبوون رێگە لە گواستنەوەی چەکوچۆڵ و هاتنی هێزەکانی تورکیا بگرن بۆ سەر شێخ سەعید و شۆڕشگێڕە کوردەکان، بۆ لای بکوژ و رادەستکەرەوەکانی سلێمانی موعینی و بۆ شەڕەکانی ناوخۆ، بۆ لای بۆینباخەکەی موهتەدی، بۆ ئەو کاتەی ئۆجەلان وتی هۆگری مێژووی تورکم و بۆ لای قسەکانی ناسر رەزازی کە هەر چی لەسەر مێژوو و سیاسەت قسە دەکات گووی تێدەکات…
هەر لەخۆوە وەک ئەوەی هۆکاری سەرەکی چێبوونی ناونیشانێکی وەها بۆ کتێبێک لەسەر کورد لە سەدەی بیست و یەکدا ، نەفرەت و شەڕەقۆچ و پێکداهەڵشاخانە ناوخۆییەکان و پوازی خۆقڵیشێن و کرمی خۆخۆر بێت؛ بیرم لە مانگەکانی ئاب و ئۆکتۆبەر و تەمووز و واتاکانیان دەکردەوە، بیرم لە نامەکەی موهتەدی کە کەوتە دەست دێمۆکڕات و لە وتەکەی قاسملوو لەسەر کۆمەڵە، لە شەڕی نەوەدەکانی پەکەکە و پارتیی و لە بنکە و بارەگاکانی ئێستای تورک لە ئامێدی و دهۆک، لە خزەی میت و ئیتلاعات، لە ئەندامە کوردەکانی تەحریرئەلشام و …دەکردەوە، تا کتوپڕ و بە توندیی شانم وەبەر سنگی یەکێک کەوت و وەستام. سەرم هەڵبڕی سەیرم کرد؛ زەلامێکی کەتەی زل بە ریشێکی پان و درێژەوە، سەر و سمێڵ لێدراو و دوو سەرکوڵمەی پڕ لە تووکی لوول، قاتێکی کوردیی و کۆتێکی شێوە خوری دروستکراوی تورکیای لەبەردا. لە سەرەوە تا خوارەوە چاوێکم پێدا گێڕا و ئەویش هەروا. شەرواڵەکەی کورت بوو. لە بری داوای لێبووردن، وەستابووین و مۆڕە و خێسەمان بوو. قسەمان نەکرد. بەرقەع و عەبایەک لە تەنیشتیەوە رووی تێکردم و تۆنێکی ژنانە لە ژێریەوە وتی: عەفووەن براکەم. دوو چاو لە دوو کونەوە دیار بوو، رشتبووی. وەڵامم دایەوە، وتم تکایە. عەباکە قۆڵی زەلامەکەی گرت و وتی: با بڕۆین عومەر گیان. رۆیشتن، منیش رۆیشتم و لەبەر خۆمەوە وتم پیاو بە پیاوەتیی خۆی بێزی لێدەکات، ئەویش دەڵێ عومەر گیان…(رضی اللە عنە). شێوەی ئەو کەرتەزەلامە زۆر لە موفتییە مهابادییەکەی دەستەی تەحریریش دەچو، لەوانەیە خزمایەتییەکیان هەبێت!، نازانم. شێوەی ئەو بەرازە یەکانەیەم بیر کەوتەوە کە لە پێشی رەوەبەرازێک، زووتر لە شارباژێڕ لە کاتی راوەماسیدا رێکەوتم کرد…
هێندێک رۆیشتم، عەرەبێک لە بەردەمم قوت بووەوە و بە عەرەبیی لێی پرسیم؛ ئوتێل بەغداد لە کوێیە؟. وتم عەرەبیی تێناگەم و رۆیشتم. بیرم کەوتەوە لەم ناوەدا تابلۆیەکم زۆر بەرچاو کەوتووە کە لێی نووسراوە (شەوانی بەغداد)، تۆ بڵێی مەبەستی ئەوە نەبووبێت!، نازانم. لەگەڵ ئەمەدا هێندێک ناوی سەیر و سەمەرەی دووکانم لەم دەوروبەرەدا وەبیر هاتەوە؛ هەر لە گەصی ئەبوزەبییەوە بۆ فلافلی سووریی و لەوانەوە بۆ لحم بعجینی ئەستەنبوڵ و سەرتاشخانەی فرانکفۆرت. ئەم ناوانە خەیاڵی بردمەوە بۆ لای ناونیشانی کتێبەکە. بەڵام هێندەی پێنەچوو گۆرانییەکی هایدە کە لە ناو دووکانێکی شریتفرۆشییەوە دەنگی درابوویە، هۆشی بردمە سەر شوناسی هایدە و مەهەستی خوشکی. ئاخۆ ئەو جووتە خوشکە کرماشانییە لەگەڵ سەوسەنی هاوشاریی و هاوپیشەیان چ پێوەندییەکیان بە شوناسی کوردیی و شوناسی فارسییەوە هەیە؟ وێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان ئەمان و تاتڵیساسی ئورفەیی و عبدالباسط عبدالصمدی دیاربەکریی چییە؟…هێندێک ئەولاتر دەنگی گۆرانییەکی ناظم الغزالی بە ناوی “قولی یا حلو”، کە لەسەر عەرەبانەیەکی شریتفرۆشی تەنیشت جادەکە بەرز لێدرابوو لەگەڵ دەنگی هاواری دووکاندارەکان: “قەمسەڵەی تورکیی…ی تورکیی…ی ئێرانیی…ئێرانیی ئەسڵ”، دەنگەکانی دیکەی ونکرد و نەیهێشت لەسەر پرسیاری شوناسەکە کۆ ببمەوە و ئەمجارەیان خەیاڵم چووە لای ئابووری و بەرهەمهێنان، هەناردەی ئەوان و هاوردەی ئێمە، ئەخلاقی بازاڕ و … بیرم لە پێوەندیی نێوان هەناردەی پیتەوا و هەناردە کەلتوورییەکان دەکردەوە. لە خۆم دەپرسی بۆ ئەم گۆرانییانە بەم زۆری و دەنگبەرزییەوە لێرە لە چەقی شار و لە دەوروبەری پەیکەرە و وێنەکانی فایەق بێکەس و عەولە سیس و سەلیم بەگ و پیرەمێردی شاعیر لێدەدرێتەوە؟…
هێدی هێدی تووڕەیی و بێزاریی بەدەم رێکردنەوە هەناسەی سوار دەکردم، تا دەنگێکی دڵڕفێن لە چایخانەیەکی بچووکەوە ئۆخژنێکی پێبەخشیم؛ حەسەن زیرەک بوو، گۆرانی (رەزیەکەی)بوو: ” ئایایااااییی ئای تۆم دارە بییەکەی / گیانە شین بووی لە دێبەر / دە مەڕۆ ئەمنیش نەخۆشم / خانم سایەی تۆم لە سەر / رەزیە تۆم دارە بەنی / گیانە ریشەی دڵکەنی / خۆ من دەستهەڵگیر نیم قەت / خانم لەو مێخەکبەنی”. سەیرێکی ناو چایخانەکەم کرد کۆمەڵێک پیرەپیاوی لێبوو؛ چەماوە و چاوئەبڵەقماو، کۆخە و فینگە و لوشە و قرخەیان تێکەڵی چریکەی حەسەن زیرەک و زرینگەی پیاڵەی چا ببوو…
لەگەڵ ئەو ئۆخژن و هێورییەدا، هروژمێکی رەهەندە جوانەکانی کەلتوور و مێژووی کوردیی خەیاڵی گرتمەوە؛ هەر لە قوڕگی دڕ و سروشتییەوە بۆ دەربڕینی بێپەردە و زمانی دەوڵەمەند و لەمانەوە بۆ ژیانویستیی و گیانی بەرگریی و نیشتمانویستیی… لەم سۆنگەیەوە خەیاڵم چووەوە سەر ناونیشانی کتێبەکە:(کورد کۆنترین نەتەوەی سەر زەوی / هێشتا دەوڵەتی نییە)… وەک هەمیشە بیرم بۆ ئەوە دەچوو کە دەبێ هۆکاری سەرەکی بەدەوڵەتنەبوونی کورد و گەشەنەکردن و پەرەنەستاندنی کۆمەڵی کوردەواریی، هۆکارە دەرەکییەکان بێت نەک خۆییەکان، دەبێ کەمتیار و چەقەڵی دەوروبەر بێت نەک کرم و مڵەی ناوخۆیی… ئەمەش نابێ وەک پێشگریمانەی بیرکردنەوە و نووسینمان بێت، بەڵکو دەبێ وەک بەڵگەنەویستێک لەم راستییەوە دەستپێبکەین و بکۆڵینەوە…
ئۆخژنی گۆرین زۆری نەخایاند؛ لەسەر سوچی چوارڕێیانەکەی لای ژوور/ماڵەکەم، لای ئەو عەرەبانەی کە بەردەوام چایەکی سەر خەڵوزم لا دەخواردەوە، داوای چایەکم کرد. چاوەڕێ بووم چا تۆزێک سارد بێتەوە. لە پشتی عەرەبانەکەوە دووکانێکی کوتاڵفرۆشیی بوو، کوڕێکی قژ ماشوبرنجی کاوبۆ لە پێ بە سەریەوە بوو . گوێم لێبوو ژنێکی تەمەن مامناوەندی شیرینی کوڵم سوورهەڵگەڕاو و خۆشدووی کوردیوێژ و کوردیپۆش کە پێدەچوو گوندیی بێت، مامەڵەی لەگەڵ دووکاندارەکە دەکرد. دووکاندار وتی: نیهایەتیەتی و تەواو، لەوە کەمتر نابێ دادە. ژنە وتی: لە سەرەوەتر هەرزانتر دەیاندا، بۆ ئەمەی تۆ گرانترە ئاخر؟. دووکاندارەکە وتی دە بچۆ هەر لەوێ بیکڕە. ژنە چوو. کوڕە بە دەنگێکی نە بەرز و نە نزم، رووی لە دراوسێدووکانەکەی کرد و وتی: با بڕوا سەرسواڵکەری حیز، لەو قوزە چرچەت بم. هێشتا چایەکەم تەواو نەخواردبووەوە زەلامێکی عەرەب بە دزداشەیەکی ئەستوور لەبەردا و ژنێکی موحەجەبە لەگەڵیدا، سەلامونعەلەیکومێکیان بە دووکانداری گۆرین وت و چوونە ناو دووکانەکە و کوڕەش وەڵامی دانەوە: عەلەیکومەسەلاموڕەحمەتوڵڵاهیوەبەڕەکاتوهووو. پاشان بەدەم وتنەوەی پەیتاپەیتای ئەهلەن وە سەهلەن و عەلا عەینی عەلا رەئسی، کەوتە دوایان بۆ ناو دووکانەکەی…
چایەکەم خواردەوە و شۆڕ بوومەوە بەرەو کۆڵانی ژوورەکەم. لە دوورەوە چاوم لێبوو، لەسەر سوچی کۆڵانەکە کچێکی ژیکەڵەی رۆژئاوایی دەرزەنێک بنێشتی بەدەستەوە بوو و بەرامبەر دوو گەنج رایگرتبوو و قسەیان دەکرد. نزیکتر بوومەوە گوێم لێبوو گەنجێکیان پێی دەوت: لێت دەکڕین بەڵام تۆش دەبێ هەڵیبگری؟ پێتهەڵدەگیرێ؟. گەنجەکەی دیکەش پێدەکەنی. هەنگاوەکانم کەمێک خاو کردەوە. کچە بە کرمانجییەکی شیرین وەڵامی دەدایەوە، وتی: تە چ دەبێژی؟!… کەمێک ئەوانم تێپەڕاندبوو، گەڕامەوە. لەگەڵ گەڕانەوەی مندا، کچە سەری داخست و دوور کەوتەوە. رووم کردە گەنجەکە و وتم دە تۆ واز لەو بێنە، بیڵێ بزانم خۆت پێتهەڵدەگیرێ یان هەر دەیمژی؟. وەڵامی دامەوە: ئەو قسانە جوان نییە مامە، ئێمە مەبەستمان ئەوە نەبوو…
دیسان ناونیشانی کتێبەکە و دیسان کرم و مڵە و کۆمەڵێک جڕوجانەوەری دیکەی وەکوو گەنەکەوڵە و گەنەگولە و سەگگڵاوی و بەراز، هاوڕێ لەگەڵ چەند جۆرێکی نەخۆشین وەکوو مایەسیریی و سکچوون و رشانەوە و گولیی و گەڕیی و شێرپەنجە و مازۆخیسم و سادیسم لەگەڵ چەند بۆنێکی وەکوو سووتاویی و بۆگنخ و بۆنسارد و بۆنی گوو، خەیاڵ و لووتمی داگیر کرد و وەها سەرکەوتم و چوومە ژوورەکەم، ژوورێکی بچووک و دنیایەک کتێب. نەدەکرا وەها بچمەوە پشت مێزەکەم و دابنیشم. لەسەر کتێبەکان بۆنێکم هەڵگرت و پژاندم، چاوێکم بە نەخشەی کوردستانەکەدا گێڕا، چاوێکم بە ناو کتێبەکاندا گێڕا: مێژووی کۆنی کورد – کورتەیەکی مێژوویی و ئێتنۆگرافی کورد – هێڵێک بە نێو لمدا – دەربارەی جووڵانەوەی کورد لە بەڵگەنامەکانی فەڕەنسادا – کورد لە سووریا – گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیی بەرگی پێنجەم – گەشتەکانی ئەنفالستان – مرۆڤناسیی – تییۆرییەکانی سیستەمە سیاسییەکان…، کتێبوێنەی ئێزیدییەکانی رۆستەم ئاغالەم دەرهێنا و چاوێکم لە وێنەکانی کردەوە کە بە جوانترین شێوە چرکاندبووی و چاپی کردبوو. زۆپاکەم پێکرد و جلەکانی دەرەوەم داکەند و لای زۆپاکە هەڵمخست. گیرفانەکانم بەتاڵ کرد؛ پاکەت و چەرخ، مۆبایل، مۆڵەتی نیشتەجێبوون لە کوردستان، پارە. پارەکەم ژمارد، ٦٧٥٠دینار بوو. بەشی رۆژێکی دیکەی دەکرد، دەبوو دووسبەی کار بکەم، ئەگەر هەبێ. لەبەر خۆمەوە وتم هەر دەبێ، جارێ ئەمشەو و سبەینێشم دەرفەتە. چاویلکەکەم سڕی و چوومە پشت مێزەکەم و کۆمپیوتەرەکەم هەڵکرد. فایلی بابەتی (دەسەڵاتی ناسۆمەریی و نابابلیی و نائاشووریی لە سۆمەر و بابل و ئاشووردا)م کردەوە. خێرا پەژیوان بوومەوە و دامخستەوە: لەمێژە لەسەر ئەمە کار دەکەم و دەرفەت بۆ ئەمە زۆرە، خۆی بابەتەکە کۆنە و کۆنتر نابێت. فایلی بابەتی (رۆژئاوای نیشتمان و رۆژئاوای فوڕات)م کردەوە: دەبێ لەسەر ئەمە کار بکەم و زیاتر بخوێنمەوە، بەڕۆژ و هەنووکەییە. دەبوو لەو لۆژیکە تێبگەم کە پێیوایە کورد دەکرێ و دەبێ و رەوایە واز لە رۆژئاوای فوڕات بهێنێت… دەبێ ئەم بابەتە و بابەتی (دەوڵەت و لامەرکەزیی) زووتر تەواو بکەم. دەبوو لەو لۆژیکەش تێبگەم کە پێیوایە ناڕەوا و نائەخلاقییە کورد باسی دەوڵەت و بنیاتنانی لە کوردستاندا بکات. ئاخر ئەو دوو بابەتە بێپێوەندیی نین بە یەکدییەوە، پێکەوەپەیوەستن. مەرج نییە چون دوو بابەتن، دوو لۆژیکیش بن… هەر بەتەنیا لۆژیک نییە، گوتاریشە، سیاسەتیشە. هەر بەتەنیا گوتارێکی ناکوردیی نییە، هاوکات گوتار و سیاسەتێکی کوردیشە، کوردیی!…
دیسان کرم و مڵە و بۆگنخ و ناونیشانی کتێبەکەی خەزنەداری سادەنووس و ئامادەکار، بردمی. لەگەڵ ئەو بردن و راکێشانە، بە وێناکردنی پشتوێن و جامانە و گوڵوەنیی، بە وێناکردنی سەیدڕەزا و مووسا عەنتەر و دینۆی گۆرانیبێژ و جیهان و نازمی پەیامنێر، بە وێناکردنی شەڕڤان و شەهید و بەڕوو و فوڕات و بۆنی کولێرەی گەرمی تەندوورێک لە عەفرین، ململانێم دەکرد تا نەبرێم و بەرچاوم رەش نەبێ و دەستم نەلەرزێ و نەڕشێمەوە. نەڕشامەوە، جگەرەیەکم داگیرساند و لەو پاژەی بابەتەکەوە کە باسی “چاکسازیی کشتوکاڵ وەک ئامرازێکی تەعریب لە عەفرین” بوو، دەستم پێکرد و بەپێی سەرچاوەکەی (موحەمەد عەلی عەبدۆ) بەردەوام بووم و نووسیم: ساڵی ١٩٧٧بەهۆی بڕیاری ژمارە ٥٨٠ی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ناوی ١٩٠ ناوچەی عەفرین گۆڕدرا بۆ عەرەبیی…
شەو خەوتم، بەڵام تا بەیانی بۆگنخ و بۆنسارد لە لووتمدا خەویان لێ کردمە زڕەخەون و مۆتەکە، هەستی خنکانیان پێدەدام. کرم و مڵە لە خەونمدا کرمەکرم و تەراتێنی خزە و خشەیان بوو.
ئەوە پێرێ ئێوارە بوو؛ جیاواز بوو، پڕووشەی بەفر بوو. ئەمڕۆ جیاوازە؛ ٦٧٥٠دینارەکەم بووە بە ١٧٥٠، من هاتوومە سەر کار و لەبەر سەرماش کار نەکرا. بەفریش نییه، نە بە پڕووشە و نە داکردن. لەبەر ئاگری تەختەپالێتی کۆن لەسەر بینای نیوەکارە دانیشتووم و بە مۆبایلەکەم ئەمە دەنووسم و دڵم خۆشە بەوەی بە پێیان دەگەڕێمەوە و پارەی چای سەر خەڵوزم پێیە و لە ژوورەکەم دەتوانم بخوێنمەوە و بە بابەتانەوە خەریک بم. سبەی ئێوارە جیاواز دەبێ؛ لەوانەیە من هەمدیس بابەتێک تەواو بکەم و وەک هەمیشە بڵاوی نەکەمەوە و لەگەڵ کرم و مڵە و بۆنی گنخاو رابێم!.
جیاواز دەبێ!