مامەند جەهانمیهەن
گوندەکە مزگەوتی نەبوو، لەم ساڵانەی دواییدا ڕیزێک ئاودەستێان بۆ پیاوان لە شیوی بەرماڵان بە ویشکەبەرد دروست کردبوو، هەر لە شیوەکەوە ئاوەکەیان بۆ سوار کردبوو و بە جۆگەیەکدا بەبەر چاوەی ئاودەستەکاندا بەخوڕ تێدەپەڕی، زۆرجار سەرەبەهار ماسی گەورە و چووکیشی پێدا دەهات.
چاوەی ئاودەستەکان لە تەنیشت یەک و لە نێوانیاندا تەنیا بە بەرزی دوو بست بە تەیمان لەیەک جیا کرابوونەوە. لە ژێرەوەش کە جۆگە بوو قاز و مراوی دەهاتن و دەچوون، هەر کە کەسێک لەسەر ئاودەست دادەنیشت و شتێکی لێ بەردەبۆوە ئیتر لەبەر باڵەفڕکە و قاو و قیژی مراوی کەس هیچی تری نەدەبیست.
مەلا ئاورەحمان کە لە هیچ حوجرەیەک نەیخوێندبوو و تەنانەت ئەلف و بێی لەیەک نەدەکردەوە، زارەکی چەند ئایەتی لەبەر کردبوو و دەیکوتەوە، بەوە ئیتر وەک مەلای ئاوایی ناوی دەرکردبوو، بەڵام بەوەشەوە بۆ یاسین و تەڵقین و مارەبڕین و دووعا و نوشتوونووسین پەکی نەکەوتبوو.
گۆیا شەوێک شوان پێش شەوێن دەسبێنی لە دەست داماڵدرابوو و ڕان بەخڕی گوم ببوو، چاری ناچار دەستەوداوێنی مامۆستا ببوون کە زاری گورگیان بۆ ببەستێت. مەلا ئاوڕەحمان هەر چەند خۆی باوەڕی بەوە نەبوو و کوتبووی گورگ زیانەخرۆ و دڕ و هارە و دووعا و نزا کاری لێناکا بەڵام دیسان دەستبەرداری نەببوون و بەزۆر دەمی گورگیان پێ بەستبوو، بەڵام کە زەردەی دابوو و ڕووناک ببۆوە کوڕگەل بە سەر کەلاکی مێگەل داکەوتبوون کە گەلەگورک ئەو شەوە شڕ و وڕی کردبوون.
مەلا ئاوڕەحمان کوڕێکی کاڵ و فەریک و دەڵەمەی هەبوو کە هەموو گیانی هێز و وزە و گزە و بزۆزی لێدەباری، دیار بوو ئەو کوڕ و باوکە ئاویان بە ئاوەرۆیەکدا نەدەڕۆیشت، بەپەلە وەخۆ کەوتبوو و کوتبووی باوکم زۆر خۆش خەوە و هەرگیز نەمبینیوە بۆ جارێکیش بۆ نوێژی بەیانیان هەستێتەوە، بێگومان خەواڵوو بووە و لێی تێکچووە و شتێکی تری خوێندووە.
ماوەیەک لە سەرپاکی گوند و لادییەکانی ئەو بنارە دەنگ داکەوت کە مەلا ئاورەحمان لەگەل بینایی چاوان گفت و گۆی کردووە، گۆیا مەلا رۆژێکی سەرەبەهار لەگەڵ دەستێک کوڕ و کاڵ بۆ هێنانی کارگ و ڕیواس و گژ و گیای کوێستان چووبوونە بەرزایییەکان، یەکناگا بە گرمەی هەورەبروسکە ڕاچڵەکاون و هەر کەس لە لایەک خۆی بە زەوییەوە نووساندوە، کەچی مەلایان بینیوە بەپاوە وەستاوە و دەستەکانی هەڵبڕیوە و لەگەڵ کەسێک قسەی کردووە و هەرچەند بانگیان کردووە گوێی لێنەبووە و نەیبیستووە.
کەچی کوڕی لاسار و لابەلای مەلا کە هەرگیز لەگەڵ بابی دانوویان بەیەکەوە نەدەکوڵا کوتبووی: باوکم ترساوە و حەبەساوە و دووعای خوێندووە، جگە لەوش کەس لەخۆی نەبیستووە کە لەگەڵ بینایی چاوان دواوە و وتوێژی کردووە.
ئەم ڕۆژە لە ئاوایی زەماوەندی دوو ئامۆزا بوو کە مامۆستا مارەی بڕیبوون، مەلا خۆی شایی دەگێڕا و چەلەنگی دەکوتا و بەندی دەکوت و بە بەژن و باڵای شۆڕەژن و کەزیە و پرچی گەورەکچی هەڵدەکوت.
بووک کە دەتکوت فریشتە و پەری دەستیان بە ڕوویدا کێشاوە بە دوو چاوی بادامی وەک مامزێکی سرک بە چواردەوریدا دەیڕوانی، لێوەکانی خونچە کردبوو و جارجار وەک سروەی بەیان پەلکی گوڵێک ببزێوێت بە زەردەیەک لەبەریەکی دەترازاند، دەمەوئێوارە بوو و تیشکی خۆرەتاو بە نێوان تاری قژ و زولفی خاو و پەرێشان و شێواویدا شانەوشانی دەکرد.
من زۆر بەند نەبووم و بەدوای ڕاسپاردەیەکدا بۆ گوندێکی دراوسێ چووم، لە گەڕانەوەدا تاوێک لەسەر کانی و ئاوێک لاماندا، زۆری پێنەچوو شەو کل و کلدان و کلچووکی دەرهێنا و چاوەکانی ڕشت و لەژیرەوە سێبەری بۆ کێشا ، مانگ وەک دەمەداسێکی تەنک و ناسک سەری دەرهێنا و تریفەی دا و لە دەوری ئاسۆدا سورمەی کێشا و لەناو ئاوی کانییەکەشدا درەوشایەوە و بریسکەی دا.
چەند خڕکەبەرد لەداوێنی کژەکە خوللۆر بوونەوە، ئێسترەکە سڵ بوو و پڕماندی و گوێچکەکانی لە چەرمەوە برد و دوو سێ جار سمی بە زەویدا کێشا.
کوتیان دەبێت ورچ بێت، چەند کەس بەسپایی بە لاپاڵەکاندا هەڵگەڕان، پاش ماوەیک گەڕانەوە و کوڕ و کچێکیان لەگەڵ خۆیان هێنا، کە لێم ڕوانین و بەوردی سرنجم دان، بووکم بە سوور و سپیاوەوە ناسێوە و ئیتر گومانم نەما و زانیم کە ڕەدوو کەوتووە.
زۆر بەپەلە بوون، پرسیارمان لێکردن کە بەرەو کوێ بەرێوە بوون، کوتیان پەنا بۆ ماڵی کوێخای ئەو گوندە دەبەین و چاوەرێ دەبین تا مەسڵەتمان بۆ دەکەن. ئیتر زۆرمان ڕانەگرتن و بەڕێمان کردن.
ئاوایی شڵەژاوی پێوە دیار بوو، پۆلێک سەریان لەبن گوێی یەک دەنا و بە سرتە بە یەکەوە دەدوان، لە کۆڵانێک دوو برا، باوکی بووک و بابی زاوا مەلایان وەک جاوی جوو هەڵپێچابوو، ئەوجار زانیمان ئەو کوڕەی بووکی هەڵگرتبوو کوڕەکەی مەلا ئاورەحمان بوو.
مەلا پیشی دەخواردەوە و لێکدالێکدا بە مژی سیگارەکەی خەم و خەفەتی قانگ دەدا و دەیکوت: هەتیوی وا هیچ و پووچ و چەقاوەسوو بە منداڵی لێم بار بوو و ئێستاش ئەوە بەجارێک لێم هار بووە، ئەم هەتیوە هەرگیز ڕەچاوی منی نەکردووە، نەیزانیوە پارسەنگی نێوان چاکە و خراپە ڕابگرێت و لەنگەر بگرێت، کەسێک کە بەم جۆرە بێ بەهرە بێت و هیچی لەباراندا نەبێت جا با کوڕی مەلای ئاوەدانیش بێت، بەزۆری نایەتە سەر ڕاستەڕێ.
چەند ڕۆژ دواتر بیستمانەوە کە هەر دوو لا بێ کێشە و هەرا سازاون و ڕێک کەوتوون و مەلا کیژۆلەیەکی خۆی لەبری بووک لە زاوا مارە کردبوو.
گۆیا کچەکە زۆر کرچ و کاڵ و منداڵ بوو و لە تاوان خەریک بوو لە کەژ و کێوی دەدا، بەڵام لە کۆتاییدا وەک نەمامێکی شلک و ساوا لەبەر هەڕەشەی ڕەشەبا بەرگەی نەگرت و بە ناچاری ملی بۆ نیر و کەڵەوەی ژیان نەوی کرد.
.
- رهبران عزیز! قرصهایتان را به موقع بخورید! - 02/15/2025
- پێرێ ئێوارە بوو - 02/11/2025
- مەلا ئاورەحمان - 02/10/2025